ڕێوشوێنی دژە بوومەلەرزە لە قەڵایەکی ئورارتییەکان دۆزرایەوە

بەپێی هەڵکۆڵین و لێکۆڵینەوە لەسەر قەڵایەکی ئورارتییەکان، دەرکەوتووە کە ئەوان بۆ پارێزگاری لە قەڵاکە، دیوار و بەرهەیوانگەلێکیان بە پانایی ٢ مەتر و درێژایی ٢٠ مەتر دروست کردووە.

کوردشۆپ- لە قەڵای "چاڤوشتەپە" لە ناوچەی پایزاڤا سەر بە پارێزگای وان لە باکووری کوردستان، کاری لێکۆڵینەوە و هەڵکۆڵان سەبارەت بە ئورارتییەکان بەردەوامن و لەو قەڵایەشدا چالاکییەکی ئورارتییەکان لە دژی بوومەلەرزە دۆزرایەوە. بەپێی لێکۆڵینەوەکان، ئورارتییەکان بۆ پاراستنی قەڵاکە لە ڕوودانی بوومەلەرزە، دیواری پاڵپشتیی دیکەیان لە دیواری ناوەوە و دەرەوە دروست کردووە.

قەڵای چاڤوشتەپە لە سەردەمی شا ساردوری دووەمی ئورارتییەکان، ٧٥٠ ساڵ پێش زایین، دروست کراوە. لە ئاکامی هەڵکۆڵین و لێکۆڵینەوەکان لە قەڵاکە و لە ناوچەی نەکرۆپۆل، واتە لە شارە کۆنەکان، گۆڕستانەکانی ئێستا و گۆڕستانە بەکۆمەڵەکان، چەندین شتی نوێ دۆزراونەتەوە.

بەپێی هەڵکۆڵین و لێکۆڵینەوە لەسەر قەڵایەکی ئورارتییەکان، دەرکەوتووە کە ئەوان بۆ پارێزگاری لە قەڵاکە، دیوار و بەرهەیوانگەلێکیان بە پانایی ٢ مەتر و درێژایی ٢٠ مەتر دروست کردووە.

بە سەرپەرشتیی پڕۆفیسۆر د. ڕافەت چاڤوش‌ئۆغڵو، ڕاگری فاکەڵتی ئەدەبیی زانکۆی "Yuzinci Yil"ی وان، تیمێکی ٢٤ کەسی پێکهاتوو لە مرۆڤناس، شارەزای کانزا، شوێنەوارناس، شارەزای شار، مێژوونووسی هونەر، تەلارساز و کەسانی شارەزای دیکە، دوای ئەوەی لە قەڵاکە کۆڵینەوە، گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە ئورارتییەکان هەزاران ساڵ لەمەوبەر بۆ پاراستنی خۆیان لە بوومەلەرزە، ڕێوشوێنی تایبەتیان گرتووەتە پێش. ئەوان بۆ پارێزگاری لە قەڵاکە، دیوار و بەرهەیوانگەلێکیان بە پانایی ٢ مەتر و درێژایی ٢٠ مەتر دروست کردووە.

لەوبارەوە پڕۆفیسۆر د. ڕافەت چاڤوش‌ئۆغڵو گوتی کە ماوەی ٣٥ ساڵە لە هەڵکۆڵین و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و ساڵانە زانیاری و شتی نوێیان دەست دەکەوێت. ناوبراو باسی لەوە کرد کە لە سەدەی حەوتەمی پێش زایین بوومەلەرزەیەک ڕوویدا و زیادی کرد: "دوای بوومەلەرزەکە تێدەگەین کە دیسانەوە ئاوەدان کراوەتەوە. دیوار و پێکهاتەی نێو قەڵاکە، هەمووی پێکەوە گرێ دراون. لەنێوان دیوارەکانی قەڵاکەدا دیواری ڕاگرتنیان دروست کردووە. هێشتا زۆر پرسیاری تر هەن سەبارەت بە لایەنە شاراوە و نهێنییەکانی قەڵاکە، بەڵام دەتوانین بڵێین هەموو نهێنییەکانی بوومەلەرزە و شێوازی پاراستنی قەڵاکەمان لە بوومەلەرزە ڕوون کردووەتەوە و ئەمەش شتێکی نوێیە."

هەروەها د. ڕافەت چاڤوش‌ئۆغڵو ڕوونی کرده‌وه: "له دوایین هەڵکۆڵین و لێکۆڵینەوەکان گەیشتینە ئەو ئه‌نجامه‌ی که پێشتر له‌م قه‌ڵایه‌دا ئاگردان بۆ چێشتلێنان هه‌بووه و دوای ئەوە ئاگری تێبەربووە و سووتاوە، دیسانه‌وه کاری بیناسازیی تێدا کراوەتەوە و نۆژەن کراوەتەوە. هەروەها لە باکووری قەڵاکە، لە ناوچەی نەکرۆپۆل، زانیارییەکی زۆر نوێمان سەبارەت بە شێوازی ناشتنی مردووەکانی ئورارتییەکان وەدەست کەوت."

د. ڕافەت چاڤوش‌ئۆغڵو گوتیشی: "ساڵانە شتی نوێ و سەرسوڕهێنەر لە نەکرۆپۆلدا دەبینینەوە. زۆر زانیاریی گرینگمان وەدەست کەوتووە. بە تایبەتی لە مەنجەڵی سووتاندن (کە بۆ سوتاندنی تەرمی مردووەکان لە پلەی گەرمیی ٩٠٠ بۆ ١٢٠٠ و بۆ ماوەی نزیکەی ٧٠ خولەک، کەڵکی لێ وەرگیراوە)، ئێسکی ئافرەتان و مۆر و... دۆزراوەتەوە. ئەمەش بەو مانایە دێت کە ئەم ناوچەیە سەر بە چینی بەڕێوەبەر بووە. هەروەها ئەمە چەندین زانیاریی گرینگمان پیشان دەدات، بەتایبەتی سەبارەت بە ژیانی کۆمەڵایەتی و بازرگانیی ژنان. هەروەها بۆ شاردنەوەی تەرمی مردووەکان دوو نەریت هەبووە: یەکێکیان سووتاندن و ئەوی دیکەیان بە خاک سپاردن. تا ئێستا تووشی چەندین جۆر گۆڕ بووین و لێکۆڵینەوەکان هێشتا بەردەوامن."

 

KURDŞOP
535 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!