گردی دێرینی "تل براک" لە ڕۆژاوای کوردستان

شادی

کوردشۆپ- گردی تل براک، مێژوویەکی ٦ هەزار ساڵەی هەیە. لە مێژووی کۆندا جزیرە بەهۆی پێگەی ستراتیژییەوە، ئامانجی زلهێزەکان بووە.

ناوچەی جزیرە لە ڕۆژاوای کوردستان، بە گردە مێژووییەکانی ناسراوە. گردە کۆنەکانی ناوچەکە چەندین شوێنەواری تێدایە و ئەمەش ڕۆڵی ئەوان لە مێژووی کۆندا پشتڕاست دەکاتەوە. تل براک یەکێکە لەو شوێنانەی کە ڕۆڵی بینیوە و جێ‌پەنجەی خۆی لە مێژوودا بەجێ هێشتووە.

تل براک دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری حەسەکە لە ڕۆژاوای کوردستان و ٤٠ کیلۆمەتر لە ناوەندی شارەوە دوورە. هەروەها ٤٥ کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژاوای قامیشلۆوە دوورە. ئەم گردە لەسەر ڕێگای نێوان شارەکانی حەسەکە و قامیشلۆ، لە کەناری ڕووباری جەق، هەڵکەوتووە.

تل براک گەورەترین گردە لە ناوچەی جزیرەدا. درێژیی گردەکە ٨٠٠ مەتر و پانییەکەی ٦٠٠ مەترە. لە دەوروبەری ئەم گردە گەورەیە، چەندین گردی بچووک هەن کە مێژوویان دەگەڕێتەوە بۆ ٤ هەزار ساڵ پێش زایین. ٤٠٠٠ ساڵ پێش زایین، ڕووبەری تل براک وەک شارێک، هەزار هێکتار بووە. بەڵام شارەکە لەوە کۆنترە، چونکە ئەو ئاسەوارانەی کە دۆزراونەتەوە، مێژووەکەیان بۆ ٦ هەزار ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە.

ئەم شوێنە لە کۆندا پێگەیەکی ستراتیژیی هەبووە، بۆیە بووە بە ناوەندی بازرگانیی نێوان ناوچەی ڕۆژهەڵاتی کۆن و سووریە و ئەنادۆڵ و میزۆپۆتامیا.

کۆنترین لێکۆڵینەوە لە تل براک، لەلایەن شوێنەوارناسی فەڕەنسی، پیێر بۆدەبارد، لەنێوان ساڵانی ١٩٢٧-١٩٢٨ ئەنجام دراوە.

ساڵی ١٩٧٦ وەفدێکی بەریتانیا بە ناوی زانکۆی لەندەن بە سەرپەرشتیی "دەیڤید ئۆتس"، لە تل براک دەستیان بە توێژینەوە کرد. ئاسەوارەکانی تل براک مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ ٤٠٠٠ تا ٦٠٠٠ ساڵ پێش زایین. لە سەرەتای شەش هەزار ساڵ پێش زایینەوە، شارستانییەتی کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی کۆن، جیاوازیی خۆیان نیشان دا. هەموو کۆمەڵگەیەک بە شێوەیەکی تایبەت گەشەی کردووە. لە تل براک ئاسەوارگەلێک دۆزرایەوە کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی کولتووری تل خەلەفیان. بەپێی ئەو ئاسەوارانەی دۆزراونەتەوە، ڕوونە کە ئەم گوندە گوندێکی گرینگی تل خەلەف بووە. هەروەها باس لەوە دەکات کە پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ میزۆپۆتامیا هەبووە.

ناوی خەلەف دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ناوچەیەی کە پێی دەگوترێت تل خەلەف لە باکووری ڕۆژاوای سەرێکانی لە کەناری ڕووباری خابوور. شارستانییەتی ئەو ناوچەیە لەلایەن شوێنەوارناسی ئاڵمانی، Fon Omen Hi دۆزرایەوە. مێژووی ئەم شارستانییەتە دەگەڕێتەوە بۆ پێنج تا شەش هەزار ساڵ پێش زایین. ئەم ناوچەیە لە ڕووباری فوراتەوە لە ڕۆژاوا تا ڕووباری گەورەی زاپ لە ڕۆژهەڵاتەوە درێژ بووەتەوە. وەک کەوانەیەک کە سنووری باکووری چیای تۆرۆس بوو.

لەگەڵ سەرەتای ٤ هەزار ساڵ پێش زایین، سەردەمێکی نوێ بە ناوی سەردەمی ئوروک لە تل براک دەستی پێ کرد. ئەم شارستانییەتە کە بە بەرەبەیانی مێژووش ناسراوە، دەکەوێتە سەر ڕووباری فورات بە دووریی ٣٠ کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری سەماوە لە باشووری عێراق، کە بۆ یەکەمجار ئاسەوارەکانی ئەو شارستانییەتە لەوێ دۆزرایەوە. گرینگیی ئەم قۆناغە دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕانی شێوازی ژیانی شارستانییەتە کۆنەکان. چونکە لەو سەردەمەدا نووسراوی مەدەنی و ئایینی و مۆری خڕ بەکار دەهێنرا و بۆ یەکەمجار بڕۆنز وەک چەک و کەرەستەی جۆراوجۆر بەکار هێنرا.

بەشێک لە مێژووی تل براک دەگەڕێتەوە بۆ شارستانییەتی نەینەوا کە ٥ گردی لێیە و شارستانییەتی خابوور هەبووە. بەڵام شوێنی ستراتیژی لە شارستانییەتی نەینەوادا گردی لەیلانە کە ئێستا لە سنووری ڕۆژاوای کوردستاندایە. لە ڕابردوودا چەندین شارستانییەت هاتنە ناوچەکە، یەکێک لەوانە شارستانییەتی ئاکادی بوو. ئاکادیان ئیمپراتۆرییەتی خۆیان لەوێ دامەزراند و دەستیان بەسەر سووریە و باکووری میزۆپۆتامیادا گرت. هەروەها تل براک یەکێک بوو لە ناوەندە گرینگەکانی ئاکادیان. هەروەها زۆرێک لە ئاسەوارەکانیان دۆزرایەوە کە سەرنجڕاکێشترینیان کۆشکی ئاکادیان بوو.

بە گوتەی ئەو شاندە بەریتانیایەی کە لێکۆڵینەوەیان لە تل براک کردووە، ناسنامە و ناوی تل براک لەو سەردەمەدا ناگارەیە. ئەو نووسراوانەی لە تل لەیلان دۆزراونەتەوە ئاماژەن بۆ ناگار. بەپێی ئەو دەقانە، ڕێکەوتنێک لەنێوان پاشای تل لەیلان یان گردی لەیلان و پاشای کەختدا هەبووە.

کەخت کە ئێستا ناوی تل بەرییە، لە نزیک تل براکە. هەروەها ناوی ناگار لە نووسینەکانی ئێبلادا هاتووە. ئەم دەقانە ئاماژە بە پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ئێبلا و ناگار دەکەن. تل براک بە گرینگییەکەی ناسرابوو و هاوشانی ئۆرکێش یان گردی مۆزان و تل بێدەر، ڕۆڵێکی گرینگی لە مێژووی سیاسی و شارستانییەتی ناوچەی جەزیرە و فوراتدا هەبووە.

لێکۆڵینەوەکان لە ناوچە جیاجیاکانی جزیرە پشتڕاستیان کردووەتەوە کە ئەم ناوچەیە لەژێر دەسەڵاتی میتانییەکاندا بووە. هەڵکەندنی شوێنەکانی تل براک پشتڕاستی کردەوە کە ئەم شوێنە یەکێک بووە لە شارە سەرەکییەکانی ئیمپراتۆرییەتی میتانی.

زۆربەی ئەو پەیکەرانەی لەوێ دۆزراونەتەوە، نوێنەرایەتیی ئەو خوداوەندانە دەکەن کە نیشاندەری جوانیی ژنانی ئەو سەردەمەن. هەروەها زۆربەی ئەو پەیکەرانەی کە دۆزراونەتەوە لە کانزا دروست کراون و زۆربەی ئەو پەیکەرانە ئێستا لە مۆزەخانەکانی حەلەب و دێرەزۆر و بەریتانیادان.

KURDŞOP
775 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!