پەرستگەی ئاناهیتا، شوێنەوارێک بۆ خوداوەندی کانی و باران

هەڵکەوتەی پەرستگەی ئاناهیتا

پەرستگەی ئاناهیتا لە شاری کەنگاوەری پارێزگای کرماشان هەڵکەوتووە و 94 کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری کرماشانەوە دوورە. ڕێگای کرماشان بەرەو هەمەدان بە لای ڕۆژئاوای پەرستگەکەدا تێدەپەڕێ. کەنگاوەر ڕۆژهەڵاتیترین شاری پارێزگای کرماشانە و زۆرینەی دانیشتووانی ئەم شارە کوردن و بە زاراوەی لەکی قسە دەکەن.

پەرستگەی ئاناهیتا بینایەکی گەورەی بەردینە کە لەسەر تەپۆڵکەیەک لە دەشتی کەنگاوەر هەڵکەوتووە. ئەو پەرستگەیە کە بەشی زۆری داڕماوە، بۆ ستایشی خواوەندی کانی و باران، ئاناهیتا دروست کراوە و هێندێک کەسیش پێیان وایە یەکێک لە کۆشکە ناتەواوەکانی خەسرەوپەرویزی، دوایین پاشای ئمپراتۆریی ساسانییە.

پەرستگەی ئاناهیتا گەورەترین بینای بەردینی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە بە داخەوە بەهۆی بوومەلەرزەیەک لە ساڵی 1957دا بەشێکی زۆری وێران بووە بەڵام هێشتاش دیارە کە یەکێک لە پڕشکۆترین بیناکانی سەردەمی خۆی بووە.

لە دوو کیلۆمەتریی ئەو پرستگەیە کانگایەکی بەرد هەڵکەوتووە کە بەردی پێویست بۆ دروستکردنی ئەو پەرستگەیە لەو کانگایەوە دابین کراوە.

مێژووی پەرستگەی ئاناهینا

بە گوێرەی هەموو نیشانەکانی بەجێماو لەو پەرستگەیە و بە تایبەت کە بۆ ئیلاهەی ئاو و کانی و باران، ئاناهیتا، دروستکراوە، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی  ئایینی میترا و لە سەدەکانی بەر لە زایینی مەسیحدا دروست کراوە. بە دروستی دیار نییە بەردی بناغەی ئەو پەرستگەیە لە چ ساڵێکدا دانراوە. هێندێک لە توێژەران دەڵێن دروستکردنی لە سەردەمی هەخامەنەشییەکانەوە دەستی پێ کردووە. هێندێکی دیکەش بە پشتبەستن بە نووسراوەی مێژوونووسانی عەرەب و ئێڕانی، دانانی بەردی بناغەی ئەو پەرستگەیە دەگەڕێننەوە بۆ سەردەمی خەسرەو پەرویزی ساسانی و ژمارەیەک لە توێژەرانیش پێیان وایە لە سەدەی سێی بەر لە زایینی مەسیح دەست بە دروستکردنی ئەم بینایە کراوە. بەڵام هەموو توێژەران لەسەر ئەو ڕایەن کە لە دوایین ساڵەکانی ئیمپراتۆریی ساسانیدا تەواو بووە. ئەو پەرستگەیە لە دوای گەیشتنی ئایینی ئیسلام بە ناوچەکە گۆڕانی بەسەردا هات و لە لای باکووری ڕۆژئاوایەوە بینای ئیمامزادە ئیبراهیم، مزگەوتێک و بازاڕێک دروست کراوە. هەر لە جێی پەرستگەکە پاشماوەکانی ئاسەواری هێندێک بینای تایبەت بە سەردەمی دەسەڵاتداریی سەلجووقییەکانیش دۆزراوەتەوە.

دواتر بە درێژاییی ساڵەکان و بە داڕمانی بەشێکی زۆر لە پەرستگەکە، خەڵکی ناوچەکە، خانووەکانی خۆیان لەسەر بناغەی پەرستگەکە دروست کرد و بەم شێوەیەش، بەشێک لە پەرستگەکە کەوتووەتە ژێر خانووەکانی گوندێک بە ناوی "گەچکەن" کە تا نیو سەدە لەمەوبەریش ئەم گوندە هەر مابوو و دواتر خەڵکەکەی گوازرانەوە بۆ شوێنێکی دیکە بۆ ئەوەی شوێنەواری پەرستگەی ئاناهیتا بپارێزرێ.

لە ساڵی 37ی زایینیدا ئیزیدۆر خاراکسی، جوگرافینووسی یۆنانی، لە یەکێک لە کتێبەکانی خۆیدا بە ناوی "وێستگەکانی پارت" بۆ یەکەم جار ناوی پەرستگەی ئاناهیتای هێناوە کە لە ناوچەی کەنگاوەر هەڵکەوتووە و ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەمە پەرستگەی ئارتمیس بووە کە لە ئوستوورە یۆنانییەکاندا هاوتای ئاناهیتای میترایییە. هەر بۆیە لەو کاتەوە ئەم پەرستگەیە بە ناوی پەرستگەی ئاناهیتا ناسراوە.

بیناسازیی پەرستگەی ئاناهیتا

پەرستگەی ئاناهیتا لەسەر گردێک بە بەرزایی 32 مەتر کە لە دەشتی کەنگاوەر هەڵکەوتووە، دروست کراوە. دەوروبەری پەرستگەکە بە دیواری بەردین دەورە دراوە و هەر بە بەردیش چەندین سەکۆ دروستکراون بۆ ئەوەی ناڕێکیی سەر گردەکە ڕاست بکەنەوە. ڕووکاری سەرەکیی پەرستگەکە لە لای باشووری گردەکە هەڵکەوتووە. هەر لە دەرگای چوونە ژوورەوە، دوو ڕیز پلیکان خەڵکەکەیان دەگەیاندە ناو پەرستگەکە.

یەکەم کەسانێک کە سەبارەت بە شێوازی بیناسازیی پەرستگەی ئاناهیتا لێکۆڵینەوەیان کرد، "ئۆژن فلاندن" و "پاسکاڵ کست"، دوو ڕۆژهەڵاتناسی ئەورووپی بوون کە پێیان وا بوو پەرستگەکە لەسەر شێوازی تەلارسازیی یۆنانی دروست کراوە. بۆ سەلماندنی ئەو گریمانەیەش، پەرستگەی پالمیرای سووریایان وەک نموونە دێنایەوە. توێژەرانی ئەورووپی پێیان وایە لە سەردەمی ئەشکانییەکان و ساسانییەکاندا ئاڵوگۆڕی کەلتووری لەگەڵ یۆنانی ئەوکات هەبووە و ئەو بینایانەی لەسەر شێوازی تەلارسازیی یۆنانی دروست کراون بەرهەمی ئەو ئاڵوگۆڕە کەلتوورییەن.

 

بەشە سەرەکییەکانی پەرستگەکە کە هێشتا ماونەتەوە

دیوار و سەکۆکانی دەوروپشتی بینا

بۆ ڕێک کردن و هاوئاست کردنی سەر ئەو گردەی پەرستگەکەی لەسەر دروست کراوە، دروستکەرانی ئەو بینایە بە کەڵک وەرگرتن لە گاشەبەرد و تێکەڵەی گەچ، دیوار و سەکۆی بەردینییان بە ئەستووریی 18 مەتر دروست کردووە. لەسەر ئەو سەکۆیە چەندین ستوونی گەورەی بەردین دانراون و هەتا ئێستاش بەرچاو دەکەون.

پلیکانی چوونەژوورەوە

لە هەردوو لای ڕووکاری باشووری بیناکە، دوو ڕیز پلیکان هەڵکەوتووە کە درێژیی هەر پلیکانێک 1.54 مەترە و کە لە کۆتاییدا دەگەیشتنە بەر هەیوانێک کە هاوئاستی پەرستگەکە بوو. ئەو بەرهەیوانە ستوونی نەبووە. لە سەردەمی ئیسلامیدا بۆ ئاسانکاری بۆ هاتوچۆی ئەسپ و ماین، ڕووی ئەو پلیکانانەیان بە خشت داپۆشیوە هەر بۆیە لە چاو بەشەکانی دیکەی پەرستگەکە باشتر ماونەتەوە.

لای ڕۆژهەڵات 26 پلیکان و لای ڕۆژئاوا 21 پلیکانی هەبووە.

ستوونەکان

لەسەر هەرکام لە دیوارەکانی پەرستگەکە ڕیزێک ستوونی بەردینی گەورە هەڵکەوتوون کە بەرزیی هەرکامیان سێ ئەوەندەی ئەستوورییەکەی بووە و ئەمە یەکێک لە تایبەتمەندییە ناوازەکانی تەلارسازیی ئەم پەرستگەیە بووە و هیچ پەرستگەیەکی دیکە لە جیهاندا نییە کە بەرزیی ستوونەکانی سێ ئەوەندەی ئەستوورییەکەی بێت.

ستوونەکان لە سێ بەش پێکهاتوون. زۆربەی پسپۆڕان پێیان وایە جیاوازیی نێوان ئەم ستوونانە و ستوونەکانی دیکە لە بینا مێژووییەکانی سەرانسەری جیهان لەبەر ئەوەیە کە ئەم ستوونانە بۆ ئەوە دروست نەکراون، سەربانیان لەسەر دابنرێ و تەنیا بۆ دیاریکردنی سنووری پەرستگەکە دانراون و هیچ شتێکیان لەسەر دانەنراوە.

بیناسازیی سەلجووقی

لە رووکاری باشووری پەرستگەکە، چەند دیوارێکی خشت دۆزراوەتەوە کە تەلارسازییەکەیان جیاواز لە تەلارسازیی پەرستگەی بەردینی ئاناهیتایە و لە یەک کاتیشدا دروست نەکراون. بە گوێرەی لێکۆڵینەوەکان، ئەوانە پاشماوەی بەشێک لەو بینایانەن کە لە سەردەمی سەلجووقییەکاندا دروست کراوە، لە خانوو، کارگەی گۆزەگەری، حەمام و سیستەمی ئاو و ئاوەڕۆ پێکهاتبوو.

KURDŞOP
476 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!