شاری دێرینی دارا لە شاری مێردین لە باکووری کوردستان

لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین، ساڵانە هەزاران گەشتیار سەردانی کەنیسە، کۆشک، بازاڕ، زیندان و تۆپخانە و چەند شوێنێکی دیکەی شاری دارا دەکەن.

شادی

کوردشۆپ- لە شارستانییەتی میزۆپۆتامیادا، هەزاران شوێن و ناوچەی کۆن هەتا ئەمڕۆش وەک ناوچەیەکی ڕۆشنبیری، مێژوویی و گەشتیاری ماونەتەوە. یەکێک لەو شوێنانە شاری دێرینی دارایە.

شاری مێژوویی دارا یان دێرا، دەکەوێتە گوندی دارا سەر بە پارێزگای مێردین لە باکووری کوردستان و ٣٠ کیلۆمەتر لە ناوەندی شارەوە دوورە و لەسەر ڕێگای ناوچەی نسێبینە. مێژووی شاری دارا دەگەڕێتەوە بۆ ٢٣٠٠ ساڵ پێش ئێستا.

ئەم شارە مێژووییە لە سەردەمی ڕۆمییەکاندا وەک بنکەیەکی سەربازی دروست کراوە بۆ پاراستنی سنوورەکانی ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمی ڕۆژهەڵات لە بەرامبەر ساسانییەکان. لە سەردەمی خۆیدا چونکە لەسەر جادەی ئاوریشم بووە، لە ڕووی ئایین و کۆمەڵگە و بازرگانییەوە پێگەیەکی گرینگی هەبووە. هەروەها بە مێژوو و دیمەنەکانی، سەرنجی هەمووان ڕادەکێشێت؛ هەر بۆیە ساڵانە هەزاران کەس سەردانی شاری مێژوویی دارا دەکەن و بە دیمەنە ناوازەکانی سەرسام دەبن.

لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین، ساڵانە هەزاران گەشتیار سەردانی کەنیسە، کۆشک، بازاڕ، زیندان و تۆپخانە و چەند شوێنێکی دیکەی شارەکە دەکەن.

لە شاری مێژوویی دارا کەرەستەی بەردین دروست دەکرا و زیندان و شوێنی ئاو هەیە. لە هەمووی گرینگتر باڵەخانە لەوێ دروست کراوە و بەپێی زانیارییەکان گۆڕستانی ٣ نهۆمی لەوێ هەیە کە ٥٠٠ ساڵ پێش زایین و لە سەردەمی ڕۆمییەکان دروست کراون. بەپێی زانیارییەکان، نهۆمی یەکەم بۆ گۆڕستان بەکار هاتووە، نهۆمی دووەم شوێنی ناشتنی کەسوکاری بەڕێوەبەرەکان بووە، نهۆمی سێیەمیش گۆڕێکی بەکۆمەڵی هەیە کە گریمانە دەکرێت بۆ خەڵکی ئاسایی بەکار هێنرابێت.

بۆ یەکەمجار هەڵکۆڵین و لێکۆڵینەوە لەسەر شاری دارا، ساڵی ١٩٨٦ دەستی پێ کرد. لە ماوەی ئەم ٣٤ ساڵەی لێکۆڵینەوە و هەڵکەندنەدا، چەندین شوێنەواری مێژووییی سەردەمی جیاواز دۆزراونەتەوە. دەگوترێت بەهۆی نەبوونی پاڵپشتیی دارایی بەهێزەوە، تا ئێستا لەسەتا ١٠ی سایتی شارەکە کراوەتەوە.

شاری دارا لە سەردەمی بیزانسیان، ناوی ئاناستاسیۆپۆلیس بوو، لە ساڵی ١٩٥٠شدا ناوی بۆ ئۆگوز گۆڕدرا. ساڵی ٢٠١٠یش دوای کۆمەڵێک لێکۆڵینەوە، ناوی بۆ دارا گۆڕدرا.

دەگوترێت شاری دارا لەلایەن فەرمانڕەوای فارس، داریۆشی سێیەمەوە دروست کراوە. هەروەها هەتا چەند سەدەیەک دوای زایین، شارەکە هەندێک جار لەژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆرییەتی ڕۆم و هەندێک جار لەژێر دەسەڵاتی فارسەکاندا بووە. لە سەدەی حەوتەمدا کەوتە دەستی عەرەبەکان و تا سەدەی پازدەهەم لەژێر دەسەڵاتی فەرمانڕەواکانی ناوخۆدا مایەوە. دوای سەدەی ١٥ کەوتە دەستی عوسمانییەکان.

شاری دارا کە بە یەکێک لە شوێنەوارە کۆنەکانی باکووری کوردستان دادەنرێت، وەک مۆزەخانەیەک وایە و بە دیوارێکی ٥ کیلۆمەتری دەورە دراوە.

شاری ڕەسەنی دارا:

شاری دارا بە دیوارێکی ٥ کیلۆمەتری دەورە دراوە. ئەم دیوارە دوو دەرگای هەیە، یەکێکیان ڕووی لە باکوورە و یەکێکیان ڕووی لە باشوورە. دیواری شارەکە لە ڕۆژهەڵاتی دەروازەی باکوورەوە دەست پێ دەکات و بە ناوچەی زێلاس دەگاتە ڕووبارەکە و دوای چوونە ناو دۆڵی ئەشکەوتەکان دەگاتە تۆپخانەکان. لەوێ لە بەردەم سێڕێیانی بەرتەڤیل لەگەڵ دەروازەی باشوور یەک دەگرێتەوە. ئەو دیوارەی کە لە ڕۆژاوای دەروازەی باشوورەوە دەست پێ دەکات، دەچێتە نێو مەکبەزە (گۆڕستانی کۆن). پاشان لە ناوچەی جرگان بەسەر بەردی بڕاودا تێدەپەڕێت و دەگاتە هاکنی و بەلای سارینجان تێدەپەڕێت. دوای تێپەڕین لە یوونس و قەڵای ناوەوە، دەگاتە پشتی مزگەوتەکە و لەگەڵ دەروازەی باکوور تێکەڵ دەبێت. لەم دیوارەدا کە درێژییەکەی زیاتر لە ٥ کیلۆمەترە، هێشتا چەندین وێرانەی کەنیسە، سەرا، مزگەوت، بازاڕ و پرد ماونەتەوە.

قەڵای ناوەوە:

لەسەر گردێک لە باکووری شارەکە دروست کراوە و بەرزییەکەی نزیکەی ٥٠ مەتر دەبێت. بەڵام ئەمڕۆ جگە لە بنکەی قەڵاکە هیچی تر نەماوە و لەبری بیناکانی سەر گردەکە خەڵکی ناوچەکە خانوویان بۆ خۆیان دروست کردووە.

هەروەها ژمارەی گەشتیاران کە سەردانی شاری دارا دەکەن لە زیادبووندایە. بەپێی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی گەشتوگوزاری تورکیا، ئەمساڵ خواستێکی زۆر بۆ سەردانکردنی ئەو شارە هەبووە و بەپێی دوو ساڵی ڕابردوو هاتنی گەشتیار بۆ ئەم ناوچەیە بە ڕێژەی ٥٠٠ لەسەد زیادی کردووە.

کەناڵە ئاوییەکان شاری دارای دێرین بە یەکەم سیستەم دادەنرێت لە هەموو جیهاندا. دارا لە ٤ بەش پێک دێت: گەڕەکی هەجاجیان، گەڕەکی کەلێ، گەڕەکی ئاخێ و گەڕەکی فلەهان. هەروه‌ها له هه‌موو گه‌ڕه‌ک و ژێر هه‌موو ماڵه‌کاندا ئاسه‌واری مێژووییی هه‌زاران ساڵە ده‌بینرێت.

دەگوترێت کە بناغەی ئەم شارە دێرینە لەلایەن ئەسکەندەری مەقدوونی، دوای شەڕی گاگمەلا (٣٣١ ساڵ پێش زایین)، دانراوە. بەڵام شوێنی ئەو شارە کۆنەی کە ئەمڕۆ لە دارا دەبینرێت لەلایەن ئیمپراتۆرییەتی بیزانسەوە لە ساڵانی ٤٩١-٥١٨ی زایینی دروست کراوە و ناوی ئاناستاسیۆپۆلیس بووە. لە کۆتاییدا لە ساڵی ٥٣٠ لەلایەن ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمەوە بە تەلارسازییەکی هەلەنیستیک دروست کرایەوە. واتە ئەو شارەی کە فارسەکان دروستیان کردووە وێران کراوە و بەردەکانی بۆ شاری نوێی دارا کە لەلایەن ڕۆمەکانەوە دروست کراوە، بەکار هێنراوە.

KURDŞOP
608 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!