ئەشکەوتی شانەدەری کوردستان، شوێنی ژیانی مرۆڤی نیاندرتاڵ

هانی

 

ئەشکەوتی شانەدەر یەکێکە لەو ئەشکەوتە مێژوویی و دێرینانەی لە باشوری کوردستان هەڵکەوتووە. ئەم ئەشکەوتە نەک تەنها لەسەر ئاستی هەرێم بە یەکێک کۆنترین ئەشکەوتەکان دادەنرێت، بەڵکو لەسەر ئاستی جیهانیش یەکێکە لە کۆنترین شوێنەوارە مێژووییەکان کە مرۆڤی لێ نشتەجێ بووە. ئەشکەوتەکە دەکەوێتە داوێنی چیای برادۆست لە دەڤەری بارزان کە لە سنووری قەزای مێرگەسووردایە و سەر بە پارێزگای هەولێرە. لە ڕووی هەڵکەوتەشەوە بە نزیکەی ٨٢٢ پێ لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە و لە 145 کیلۆمەتریی ئەوپەری باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری هەولێر هەوڵکەوتووە.

شانەدەر دەکەوێتە بەشی سەرەوەی ناوچەیەکی نیمچە دۆڵی. دەروازەی ئەشکەوتەکە کە شێوەی سێگۆشەیە بەرزییەکەی ١٨مەتر و پانییەکەی ٢٥مەترە و تیشکی خۆر زۆر بە ئاسانی دێتە ژوورەوە. هەر چەندە بەرەو باکوور بڕۆین تەسک دەبێتەوە، لە دەرگەی ناوەوەی ئەشکەوتەکە دەبێ لە سەر سک پاڵکەویتە سەر زەوی و ئینجا بچیتە ژوورەوە. لە دەرگەی دەرەوەی ئەشکەوتەکە دار و درەخت و گژوگیای لێیە، چیای پێرس و گوندی نەزاری دەکەونە بەرانبەری ئەشکەوتی شانەدەر.

مێژووی ئەشکەوتی شانەدەر

وەک دەزانین ئەشکەوتی شانەدەر مێژوویەکی دێرینی هەیە و چەندەها مێژووناسی وڵاتانی ئەورووپی و ئەمریکی  لێکۆڵینەوەیان لەسەر ئەم ئەشکەوتە کردووە و بۆیان دەرکەوتووە کە مێژووی ئەشکەوتەکە دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی ٨٠٠٠٠ ساڵ بەر لە زایین و لە عێراقدا بە کۆنترین و گەورەترین ئەشکەوت دادەنرێت.

لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەم چەند کرێکارێک لە شاری دیوسلدۆرفی ئەڵمانیا بەڕێکەووت هەندێ ئێسک و پروسکیان دۆزییەوە. مامۆستایەکی بایۆلۆجی درکی بە گرینگیی ئەم ئێسکانە کرد و ناوی لێ نان :نیاندەرتاڵ".‌  وشەی "نیاندەر"  لە ناوی قەشەیەکی میوزیکژەنی ئاڵمانی وەرگیراوە و‌ "تاڵ"ەکەش لە زمانی ئەڵمانیدا مانای دۆڵ دەدا و‌ ئاماژەیە بۆ ئەو دۆڵەی‌ ئێسکەکانی لێ دۆزرایەو. بۆم شێوەیە وشەی نیاندەرتال پەیدا بوو. ئیمڕۆ دەزانرێ کە ڕەچەڵەکی نیاندەرتال لەگەڵ مرۆڤی - هۆمۆ ساپیس - چەند سەد هەزار ساڵ هاوچەرخی یەکتر بوون و نزیکەی سی هەزار ساڵێکیشە ڕەچەڵەکی نیاندەرتال لەناوچوون.

لە ساڵی ١٩٥٣ تا ساڵی١٩٦٠ تیمێکی ئەمریکی لەژێر چاودێریی پسپۆڕی شوێنەوارناس "ڕالف سۆلیکی"، ئەشکەوتی شانەدەریان بە بەردەوامی دەپشکنی و هەڵدەکەند. ئەوان توانیان چەندەها ئێسکی کۆن بدۆزنەوە کە تەمەنی ئەم ئێسکانە دەگەڕێنەوە بۆ شەست تاوەکو ٣٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر.

لە کاتی پشکنین و هەڵکەندن، سۆلیکی تێبینیی کرد کە لە چینێک لە چینەکانی خۆڵەکە، چەند ئێسکێکی نیاندرتاڵی گەنج و بەتوانا لەبەر کونی ئەشکەوتەکە بوون و هەندێک ئێسکی بچووکی نێچیریان لا بوو. لە بنەبانی ئەشکەوتەکەش ئێسکی چەند کەسێکی بەساڵاچوو دۆزرایەوە کە بەرماوەی خواردنەکانیان زۆرتر بوو لە بەرماوەی خواردنی گەنجەکان.

ئەم دۆزینەوەیە گرنگییەکی تایبەتی بە ئەشکەوتی شانەدەر دا و بوو بە بابەتێکی لێکۆڵینەوە لە مێژووی مرۆڤایەتی و چەندەها لایەنی نەزانراوی ئەم مێژووەی تێدا خوێندرایەوە. مێژووی ئەشکەوتەکە بووەتە وڵام بۆ بەشێک لە پرسیارە مێژووییەکانی زانایان.

دواتر ماوەی پێنج ساڵە تیمێکی کامبریجی بریتانی کاری گەڕان و کنە و پشکنین لە ئەشکەوتی مێژوویی شانەدەر دەکات کە شوێنی ژیانی مرۆڤەکانی نیاندەرتاڵ بووە . ساڵی ٢٠١٨ ئێسکی سەری مرۆڤی نیاندەرتاڵ لەو ئەشکەوتە دۆزرایەوە.

لە ساڵی ٢٠١٩ش هەمان تیم بەردەوام بوو لە کاری کنە و پشکنین و پارچەیەکی دیکەی ئێسکەپەیکەری مرۆڤی نیاندەرتاڵ دۆزرایەوە.

بە گوتەی شارەزایان دۆزینەوەی ئەو پارچانەی پەیکەری مرۆڤی نیاندەرتاڵ دەسکەوتێکی گرنگی مێژویی و شوێنەراییە و بە هۆیەوە دەکرێت داتای نوێ لەبارەی مێژووی ئەشکەوتی شانەدەرەوە بخرێتە ڕوو.

دۆزینەوەی پاشماوەی مرۆڤی نیاندەرتاڵ لە ئەشکەوتەکەدا، بە چەند قۆناغێکدا تێپەریوە

سەرەتا دۆزینەوەی یەک پیاوی نیاندەرتاڵ بوو کە بە "ناندی" ناسراوە و لە لایەن هەڵکۆڵەرەکانەوە دەگوترێت تەمەنی لە نێوان ٣٠-٤٥ دا بووە.

دواتر پاشماوەی پیاوێکی تر دۆزرایەوە کە تەمەنی بە ٣٠ ساڵ دانراوە و باوەڕ وایە بەرزیی باڵای ١٥٧ سم بووە و هۆکاری مردنەکەشی ڕوون کراوەتەوە کە بەهۆی کەوتنە خوارەوەی بەردەوە بووە.

 لە پاشماوەی شانەدەری ٣ دا پاشماوەی پیاوێکی تر دۆزرایەوە کە تەمەنی لە نێوان ٤٠-٥٠ ساڵ بووە و دەردەکەوێت کە بەهۆی برینەوە مردبێت. سەرەڕای هەبوونی برینەکەی و بوونی تەنەکە لەگەڵیدا تەنانەت تاوەکوو ٢ حەفتەش ژیاوە.

وشەی شانەدەر

شانەدەر بریتییە لە دوو وشەی لێکدراوی "شانە" کە بە واتای خانە دێت و "دەر" کە بە واتای کرانەوە یان دەرگە دێت؛ کە کۆی وشەکە بە واتای "دەرگەی خانە" دێت. لە هەندێک سەرچاوەشدا باس دەکرێت کە بۆیە ئەو ناوەی لێ نراوە، چونکە لە شانەی هەنگ دەچێت. بۆچوونێکی تر هەیە کە ناوی شانەدەر بۆ ئەو دێیە دەگەڕێنێتەوە کە لێیەوە نزیکە. بۆچونێکی لاوازیش هەیە کە دەڵێ وشەی شانەدەر بە واتای شوێنی خۆ حەشاردانی پاشاکان دێت.

ئەشکەوتی شانەدەر ئێستا یەکێک لە شوێنەوارە مێژوویییە بەناوبانگەکانی کوردستان و ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی وکوردستان و گەشتیاران بە مەبەستی بینینی ئەشکەوتەکە و هەروەها خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان و بە تایبەتیش خوێندکارانی بەشی مێژوو بە مەبەستی گەشتی زانستی، سەردانی ئەشکەوتی شانەدەر دەکەن.

 

 

KURDŞOP
687 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!