میرنشینی ئەردەڵان، بەتەمەنترین دەسەڵاتی کوردی

 

لە سەروبەندی قۆناغی مێژووی نوێی کورددا، میرنشینی ئەردەڵان بە یەکەمین دەسەڵاتی کوردی دادەنرێت. بەپێی زۆرێک لە سەرچاوە مێژووییەکان، دەسەڵاتی میرنشینی ئەردەڵان بۆ نێوان ساڵەکانی ١١٦٩- ١٨٦٢ی زایینی دەگەڕێتەوە. هەر بەپێی ئەم مێژووە، لە هەردوو قۆناغی مێژووی سەدەکانی ناوەڕاست و مێژووی نوێدا، میرنشینی ئەردەڵان بەتەمەنترین دەسەڵاتی کوردی بووە. لەو ماوەیەشدا نزیکەی ٥٨ کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی ئەردەڵانییەکان، گەیشتنە دەسەڵات و ڕۆڵی مێژووییی خۆیان گێڕا.

سەبارەت بە مێژووی دەرکەوتنی بنەماڵەی ئەردەڵانییەکان و دامەزرێنەری میرنشینەکە (بابا ئەردەڵان)، بۆچوونی جیاواز هەن. "مەئمون بەگی کوڕی بیگەبەگ" (١٤٩٦- ١٥٣٨)، یازدەهەمین میری میرنشینی ئەردەڵان، ئاماژەی بەوە داوە کە "بابا ئەردەڵان" دامەزرێنەری میرنشینەکە نەبووە، بەڵکوو پێش ئەو چەندین ئەندامی بنەماڵەکەیان گەیشتوونەتە دەسەڵات، بەڵام "بابا ئەردەڵان" ئەو کەسە بووە کە لە کۆتایی سەدەکانی ناوەڕاستدا، بنەماڵەکەیانی گەیاندووەتە دەسەڵاتێکی خۆجێیی سیاسی.

لەمبارەوە "محەممەد ئەمین زەکی بەگ"، بابا ئەردەڵانی بە دامەزرێنەری حکوومەتی ئەردەڵان ناو بردووە. ئاماژەشی بەوە داوە کە دوای ئەوەی لە سەردەمی دەسەڵاتی "چەنگیز خان"دا دەستی بەسەر ناوچەکانی شارەزوور و ئەردەڵاندا گرتووە و بووە بە ملکەچی چەنگیزخان، لەسەر فەرمانی ئەو وەک دەسەڵاتداری ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی ماوەتەوە.

ئەمانوڵلاخانی ئەردەڵان

 

لەلایەکی دیکەوە ئەگەر مێژووی ئەم بنەماڵە و میرنشینی ئەردەڵان بۆ سەردەمانێکی دوورتر یان نزیکتر بگێڕینەوە، هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕن کە کەسایەتییەک بە ناوی بابا ئەردەڵان، کە بووەتە نازناوی خۆی و بنەماڵەکەی لە مێژوودا، هەبووە و دامەزرێنەری میرنشینەکە بووە. هەروەها ئەو کەسایەتییە لە سەردەمی ساسانییەکان و دواتر عەباسییەکاندا نەبووە، چونکە سەرچاوە ڕەسەنەکان، باسیان لە بوونی کەسێک بە ناوی بابا ئەردەڵان نەکردووە. بۆیە ئەو کەسایەتییەی بە ناوی بابا ئەردەڵان کەوتە نێو ناوان، لە ڕاستیدا ناوی "خسرۆ خان" بووە و لە دەوروبەری ساڵی ١١٦٩ فەرمانڕەوایەتیی ناوچەکانی شارەزوور و هەورامانی کردووە. دیارە ئەوەش کە یارمەتیی دەرکەوتنی ئەو کەسایەتییەی داوە تا فەرمانڕەوایەتیی ناوچەکانی هەورامان و شارەزوور بکات، گرێدراوبوونی ئەو ناوچانە بووە بە دەوڵەتی ئەییووبی لە میسر و شام لەنێوان ساڵانی ١١٤٦- ١١٩٠ کە لەلایەن سوڵتان سەلاحەدینی ئەیووبییەوە بەڕێوە دەبرا.

هەر بۆیە لە ماوەی دەسەڵاتدارێتیی ئەیووبییەکان لەو ناوچانە، بوار بۆ دەرکەوتنی بابا ئەردەڵان و بنەماڵەکەی ڕەخسا، تاکوو دەسەڵاتێکی نیمچەسەربەخۆ لە دەوڵەتی ئەیووبی و گرێدراو پێوەی، بەڕێوە ببەن. لە ماوەی ئەم دەسەڵاتەشدا "قەڵای زەڵم"ی لە ناوچەی هەورامان دروست کرد و کردی بە پایتەختی دەسەڵاتەکەی و تا ئەو کاتەی لە ساڵی ١٢٠٨ کۆچی دوایی کرد، دەستی بەسەر ناوچەی شارەزووردا گرت و فەرمانڕەوایەتیی میرنشینی ئەردەڵانی کرد.

دوای خۆیشی، کوڕەکەی بە ناوی "کڵۆڵ" جێی گرتەوە و لەنێوان ساڵانی ١٢٠٨- ١٢٣١ فەرمانڕەوایی گرتە دەست. لە سەردەمی ئەویشدا میرنشینەکە دەسەڵاتی گەیشتە سەقز، زەرین کەمەر، گەڕووس، سیاکێو و تەنانەت قەڵای هەولێریش.

عیمارەتی خەسرەو - شوێنی حوکمڕانیی خەرسرەوخانی ئەردەڵان

 

لە سەردەمی ئەم میرەشدا شاڵاوی بنەماڵەی مەغۆل گەیشتە کوردستان و ناوچەی ئەردەڵان. ئەم میرە سیاسەتی خۆی گرتە بەر و بۆ ئەوەی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی لە تاڵان و وێرانکاری بپارێزێت. هەر بۆیە لە دەسەڵاتداری مەغۆل نزیک بووەوە و متمانەی ئەوان بۆ هێرش نەکردنە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەدەست هێنا.

کاتێکیش کڵۆڵ کۆچی دواییی کرد، کوڕەکەی بە ناوی "خدر" جێی گرتەوە و لەنێوان ساڵەکانی ١٢٣١- ١٢٦٤دا فەرمانڕەوایەتیی کرد. ئەویش بە یەکێک لە میرە بەخشندە و لێهاتووەکان بەناوبانگە و دەگوترێت کە لە سه‌ردەمی ئەودا ئارامی و ئاسایش دەستی بەسەر ناوچەکەدا گرتووە.

دوای خدر، "ئەلیاس"ی کوڕی جێی گرتەوە و لەنێوان ساڵەکانی ١٢٦٤- ١٣١٠دا فەرمانڕاوەیەتیی کرد. ئەویش وەک باوکی کەسێکی بەخشندە و دادپەروەر بووە.

دوای ئەلیاس، کوڕەکەی بە ناوی خدری دووەم جێی گرتەوە (١٣١٠- ١٣٤٥). ئەو لە ماوەی دەسەڵاتدارێتیی خۆیدا دەستی بەسەر ناوچەکانی "کۆیە، حەریر، هەولێر، ڕەواندوز و ئامێدی" لە باشووری کوردستاندا گرت.

"هەڵۆ خان"یش یەکێکی تر بوو لە میرە بەتواناکانی ئەم میرنشینە کە قەڵای زڵمی لە ناوچەی هەورامان کردە پایتەختی میرنشینەکەی. دوای ئەو، "خان ئەحمەد خان"ی کوڕی جێی گرتەوە و ساڵی ١٦٣٤ پایتەختی خۆی بۆ سنە گواستەوە.

پاشماوەی قەڵای هەڵۆخان

 

لە ئەنجامی پەیماننامەی زەهاو (١٦٣٩) هێزی ئەم میرنشینە بەرەو کزی چوو.

قەڵاکانی حەسەن‌ئاوا، پلەکان و قەڵای مەریوان، لە شاکارەکانی میرەکانی میرنشینی ئەرەڵانن.

 

سەرچاوەکان:

چەردەیەک لە مێژووی کورد، دکتۆر کەیوان ئازاد ئەنوەر، سلێمانی، ٢٠٢١

میرنشینە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات، نەوشیروان مستەفا ئەمین، سلێمانی، ٢٠٠٦

KURDŞOP
2286 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!