بەسەرهاتی برۆیێ حەسکێ و کۆماری ئاگری - بەشی یەکەم

کەیهان محەممەدی‌نژاد

 برۆیێ حەسکێ یەکێکە لەو سەرکردە و شۆڕشگێڕانەی کورد کە چەند ساڵێک دژی داگیرکەرانی کوردستان خەباتی کردووە و یەکێکە لە دامەزرێنەرانی کۆماری ئارارات.

برۆیێ حەسکێ تێلی لە عەشیرەتی جەلالی، سەرۆکی هۆزی هێسێسۆریان و دانیشتووی ناوچەی ئاگری بوو.

ناوبراو لە سەردەمی گەنجیەتیدا کەسێکی بەتوانا بوو.

دوای شکستی حکوومەتی عوسمانی و دامەزراندنی حکوومەتی نوێی تورکیا و دوای سەرکوتکردنی ڕاپەڕینی شێخ سەعیدی پیران لە باکووری کوردستان، حکوومەتی تورکیا دەستی کرد بە گواستنەوە و دەربەدەرکردنی زۆرەملێی کورد بۆ ناوچە دوورەدەستەکانی تورکیا؛ برۆیێ حەسکێ تێلی یەکێک بوو لە بەڕێوەبەرانی عەشیرەتی جەلالی و دانیشتووی ناوچەی ئاگری بوو.

ڕاپەڕینی برۆیێ حەسکێ وەها دەستی پێ کرد:

دەوڵەتی تورک لە سەردەمی کەمالیستەکاندا، دوای سەرکوتکردنی ڕاپەڕینی شێخ سەعید، دەستی کرد بە گواستنەوەی کورد لە شوێن و زێدی خۆی بۆ شوێنە دوورەکان. یەکێک لەو ناوچانەی کە خەڵکەکەی لەلایەن کەمالیستەکانەوە دەرکران، ناوچەی ئاگری بوو. سوپای تورکیا هێرشی کردە سەر کەسانی کاریگەر بۆ ئەوەی لە ناوچەکانیان دووریان بخاتەوە، بۆ ئەوەی نەتوانن ڕاپەڕینێکی دیکە دەست پێ بکەن. یەکێک لەو کەسانە برۆیێ حەسکێ بوو، ئاگادار کرایەوە کە هێزەکانی تورکیا بڕیاریان داوە بە زۆر لە زێدەکەی دووری بخەنەوە. لە ١٦ی ئایاری ساڵی ١٩٢٥، سەربازانی تورکیا هێرشیان کردە سەر ماڵەکەی بۆ دەسبەسەرکردن و دوورخستنەوەی، بەڵام ئەو لەو کاتەدا لە ماڵەوە نەبوو.

زانراوە لەو کاتەدا برۆیێ حەسکێ بە کەسوکارەکەی گوتووە، داگیرکەران دەستمان لێ هەڵناگرن، ئیدی بەسە، تفەنگ و ئەسپەکەم بۆ بهێنن. سەرچاوەکان دەڵێن، لەو کاتەدا هەندێک دەنگی تەقە بیستراوە.

دوای ئەوەی برۆیێ حەسکێ لەگەڵ ٣٠ کەس لە خزمەکانی دەچێتە شاخی ئاگری، چەندین شەڕ لەنێوان ئەوان و هێزەکانی سوپای تورکیا ڕوویدا. لەو شەڕانەدا سەربازانی تورکیا شکستیان دەخوارد و ناچار دەبوون پاشەکشە بکەن؛ شەڕڤانانی برۆیێ حەسکێ لەو شەڕانەدا زۆرێک چەک و تەقەمەنییان دەست کەوت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە کتێبی "عمەرخانی شکاک"دا هاتووە (لە نووسینی محەممەدساڵح قادری)، دوای ئەو پێکدادانانە، لە گوندی جەبێ کومەت کۆبوونەوەیەک لەنێوان فەرماندەکانی تورکیا و برۆیێ حەسکێ پێک هێنرا و فەرماندەکانی تورکیا داوای تەسلیمبوونیان لە برۆیێ کرد، بەڵام ئەو داواکارییەکەی ئەوان بۆ تەسلیمبوونی قەبووڵ نەکرد.

دوای ئەوەی برۆیێ حەسکێ ڕاپەڕینی خۆی لە دژی داگیرکاریی تورکیا دەست پێ کرد، زۆری پێ نەچوو کە "فەرزەندە بەگی حەسەنی" کوڕی سلێمان ئەحمەد لەگەڵ خالس بەگ، عەبدولقادر، کازم بەگ، تاجدین بەگ و ئەیووب ئاغا و چەندین پیاوی ناودار و ئازا لەو کاتەدا، پەیوەندییان بە هێزی برۆیێ حەسکێوە کرد.

بەپێی زانیارییەکانی کتێبی "عمەرخانی شکاک"، لەنێویاندا جەنگاوەری هۆزەکانی کەسکۆیی، ساکان و شەمسکانیش هەبوون. ئەواڵ لەگەڵ خێزانەکانیان چووبوونە ئاگری و ئاگری ببوو بە قیبلەی بەرخۆدان.

لە بەهاری ساڵی ١٩٢٧، شۆڕشگێڕانی ئاگری چەند جارێک هێرشیان کردە سەر سوپای تورکیا و جارێکیان ناوچەی بازیدیان ئازاد کرد.

پشتیوانیی خۆیبوون لە ڕاپەڕینی ئارارات

لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت کە خویبوون چۆن پاڵپشتیی ڕاپەڕینی ئاگریی کردووە و چ کەسایەتییەک دەستی لەو ڕاپەڕینەدا هەبووە.

کاتێک ڕاپەڕینی ئاگری دەنگدانەوەیەکی گەورەی لێ کەوتەوە، ئێحسان نووری پاشا ئاگادار بووەوە و لەسەر بڕیاری ڕێکخراوی نەتەوەیی "خۆیبوون" گەیشتە چیای ئاگری؛ چەند حەوتوویەک دواتر و لە ١٣ی ئەیلوولی ١٩٢٧، سوپای تورکیا هێرشێکی هەمەلایەنەی بۆ سەر ئاگری دەست پێ کرد. هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن کە ژمارەی سەربازانی تورکیا لەو کاتەدا زیاتر لە ١٠ هەزار سەرباز بووە. لە باکووری شاخەوە یەکەیەکی سەربازی گەورەیان لەنێوان ئاگریی گەورە و ئاگریی بچووک جێگیر کرد و دەستیان بە هێرشێکی گەورە کرد.

بەپێی کتێبی "عمەرخانی شکاک" لە نووسینی "محەممەدساڵح قادری": دوای ئەوەی سەربازانی تورکیا بە چەکی قورس دەستیان بە بۆردومان کرد، شەڕڤانانی عەشیرەتی ساکان کە لەودیوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوون، بەدەم داوای شۆڕشگێڕانی ئاگرییەوە هاتن و شەڕە توندەکانی نێوان ئەوان و هێزەکانی سوپای تورکیا و ململانێکان چەند ڕۆژێکی خایاند. لە ئەنجامدا سەدان سەرباز و فەرماندەی تورکیا کوژران و بەدیل گیران و چەندین چەک و تەقەمەنی کەوتنە دەستی شەڕڤانانی کورد و پاشەکشەیان کرد.

زانراوە کە دوای ئەم شەڕە گەورەیە، ئێحسان نووری دەستی کرد بە ڕێکخستنی هێزی شەڕڤانان لە چیای ئاگری. کۆمەڵەی خویبوونیش بۆ ئەو مەبەستە ئەندامانی خۆی ڕەوانەی ئاگری کرد.

لەگەڵ تێپەڕبوونی کات خەڵکێکی زۆرتر دەچوونە ڕیزەکانی شەڕڤانانی ئاگری. دوای سەرکەوتنە سەربازی و سیاسییە گەورەکانی شۆڕشگێڕانی ئاگری، "کۆماری ئارارات" بە بڕیاری ڕێکخستنی خویبوون لە ناوچەی ئازادکراوی ئاگری دامەزرا.

دامەزراندنی "کۆماری ئارارات" چۆن بوو؟

دوای ئەوەی ئێحسان نووری و برۆیێ حەسکێ یەکیان گرت، زۆر شتی سەرنجڕاکێش لە ئاگری ڕوویدا. زانراوە کە بۆ یەکەمجار شۆڕشگێڕانی ئاگری جلوبەرگی سەربازییان لەبەر کرد و کڵاوی سەربازیی فەرمییان لەسەر سەریان دانا. وێنەی ئاگریی گەورە و بچووک بە قەڵغانەکانیانەوە بوو. یەکپۆشی ئەفسەرەکانیش لۆگۆی خویبوونیان لەسەر بوو و بۆ جیاکردنەوەیان، پلە و قەڵەم و هێمای گەنم و خەنجەر و خۆر بەکار دەهێنرا. ئاڵای کوردستان لەو ناوچانە هەڵ کرا کە لەدەست داگیرکەر ڕزگار کران.

بەپێی سەرچاوەکان، ساڵی ١٩٢٧ سەرکردەکانی ڕاپەڕینی ئاگری، کۆبوونەوەی نیشتمانییان لەسەر چیای ئاگری بەڕێوە بردووە. ئەو کۆبوونەوەیە ئەرکی بەڕێوەبردنی سەربەخۆ و ئازادی لە ناوچەی ئاگری بە ڕێکخستنی خۆی دا. ئەوان لە ئاگری دەستەی بەڕێوەبەریی خۆیان هەڵبژارد.

هەروەها برۆیێ حەسکێ و ئێحسان نووری پاشا وەک سەرکردەی گشتی هەڵبژێردران و برۆیێ حەسکێ بوو بە سەرکردەی گشتیی ڕاپەڕینی ئاگری و ئێحسان نووریش بوو بە فەرماندەی گشتیی شەڕڤانانی ئاگری. لەلایەکی ترەوە سروودێکی نەتەوەیی بە ناوی "هلبە ئاگری" دانرا و دواتر ڕۆژنامەیەک بە ناوی "ئاگری" دەرچوو.

KURDŞOP
569 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!