شۆڕشی شێخ عوبەیدوڵڵا نەهری

کاتێک شەڕی نێوان ڕووسیە و عوسمانییەکان لە ساڵانی ١٨٧٧-١٨٧٨ دەستی پێ کرد، سوڵتانی عوسمانی ویستی شێخ بە لەشکرێکەوە بچێتە بەرەی بازیدەوە. بەڵام شێخ عوبەیدوڵڵا پلانێکی تری هەبوو و ئەو پلانە ڕزگارکردنی کوردستان و میللەتەکەی لەژێر زوڵم و چەوساندنەوەی دەوڵەتانی قاجاڕ و عوسمانیدا بوو، بۆیە داواکاریی سوڵتانی عوسمانیی پشتگوێ خست.

سۆلین ورمێ

کوردشۆپ- شێخ عوبەیدوڵڵا نەهری کوڕی شێخ تەها نەهرییە کە یەکێک بوو لە سەرکردە بەناوبانگ و بەهێزەکانی تەریقەتی نەقشبەندی لە کوردستان و ساڵی ١٨٣٠ لەدایک بووە.

شێخ تەهای باوکی شێخ عوبەیدوڵڵا ساڵی ١٨٥٣، کۆچی دوایی کرد و شێخ ساڵحی برای، جێگای گرتەوە و ئەویش ساڵی ١٨٦٥ کۆچی دوایی کرد و شێخ عوبەیدوڵڵا لە تەمەنی ٣٤ ساڵیدا بوو بە بەڕێوەبەری تەریقەتەکە. شێخ عوبەیدوڵڵا ڕۆشنبیر و زانا و شاعیر بوو.

ناوبراو گەنجییەتیی خۆی لە میرنشینی بۆتان بەسەر برد و شاهیدی ڕووخانی گەورەترین میرنشینی کوردستان بووە. ئەوان بە چاوی خۆیان هەڵە و کەموکوڕییەکانی ئیدارەی ئەم میرنشینەیان بینیوە. ئەو ڕووداوانە کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر کەسایەتیی ئەو هەبوو.

لەگەڵ کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی میرەکان و شکستیان لەلایەن عوسمانییەکانەوە، هیچ دەسەڵاتێک لە کوردستاندا نەما. شێخ عوبەیدوڵڵا نەهری لە هەموو لایەکەوە کوردستانی باش ناسیوە. لە سەردەمی شێخ نەهریدا کوردەکان لە دەوری یەک کۆ بوونەوە.

کاتێک شەڕی نێوان ڕووسیە و عوسمانییەکان لە ساڵانی ١٨٧٧-١٨٧٨ دەستی پێ کرد، سوڵتانی عوسمانی ویستی شێخ بە لەشکرێکەوە بچێتە بەرەی بازیدەوە. بەڵام شێخ عوبەیدوڵڵا پلانێکی تری هەبوو و ئەو پلانە ڕزگارکردنی کوردستان و میللەتەکەی لەژێر زوڵم و چەوساندنەوەی دەوڵەتانی قاجاڕ و عوسمانیدا بوو، بۆیە داواکاریی سوڵتانی عوسمانیی پشتگوێ خست.

پاشان لە کۆتا مانگی شەڕدا، هێزێکی نزیکەی ١٤٠٠ کەسی بە سەرکردایەتیی ئەو، ٨٥٠ کەس بە فەرماندەیی شێخ جەلالەدین و ٤٠٠ کەسیش بە فەرماندەیی شێخ حەمزە بەشداری شەڕەکە بوون.

بەڵام چونکە نەیاندەویست شەڕ بکەن و هەڵسوکەوتی فەرماندەی سپای عوسمانی لەو بەرەیەدا لەگەڵیان توند و نامرۆڤانە بوو، بە چەکوچۆڵێک کە لە عوسمانییەکانیان وەرگرتبوو، گەڕانەوە شاری وان.

بەپێی هەندێک سەرچاوە، ژمارەی ئەو چەکانە چوار هەزار بووە و بەپێی هەندێک سەرچاوەی دیکەش، زیاتر لە دوو هەزار چەک بووە.

لەو سەردەمەدا بارودۆخی دەوڵەتی قاجاڕ و عوسمانی باش نەبوو. هەردوو دەوڵەت بەرەوڕووی چەند قەیرانێک ببوونەوە و باری ئابووریشیان خراپ بوو و هەردوو دەوڵەت سەرقاڵی شەڕ بوون: قاجاڕ لەگەڵ تورکمانەکان و عوسمانییەکان لەگەڵ ڕووسەکان و باڵکانەکان.

هەموو ئەو ڕووداوانە وای لە شێخ عوبەیدوڵڵا کرد بیر لە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی و یەکخستنی هەردوو پارچەی کوردستان بکاتەوە و گەیشتە ئەو بڕوایەی کە هەرچی زووە گرینگترین هەنگاوەکان هەڵبگرێت.

شێخ عوبەدوڵڵا بۆ ئەوەی بتوانێت مافی نەتەوەیی گەلەکەی بەدەست بهێنێت و کوردستانێکی سەربەخۆ دابمەزرێنێت، لەگەڵ زۆرێک لە لایەنە سیاسییەکان لە پەیوەندیدا بوو.

ناوبراو نامە دەنێرێت و لە ڕێگەی نێردراوەکانییەوە لەگەڵ کونسوڵەکانی بریتانیا و ڕووسیە لە وان، ئەرزەروم و تەورێز و میسیۆنێرەکانیان لە ورمێ و شوێنەکانی دیکە، پەیوەندی دروست دەکات. لەو نامانەدا بە ئاشکرا بارودۆخی گەلی کورد و نیازی ڕاپەڕین دەگەیەنێت.

شێخ عوبەیدوڵڵا دەست دەکات بە دانوستان و لەگەڵ پارتەکان کۆ دەبێتەوە و تەنانەت لەگەڵ دژبەرەکانیشی دادەنیشێت و باسی ئازادیی کوردستان دەکات.

دوای ئەو هەموو هەوڵ و دانوستانە، شێخ عوبەیدوڵا ویستی هەموو خەلیفەکانی تەریقەت و شێخ و ئاغا و هەموو سەرۆک عەشیرەتەکانی کوردستان لە هەورامانەوە تا ئەرزەروم بۆ ڕاوێژ و هاوکاری بۆ دۆخی کوردستان بانگ بکات و ئەنجومەنێکی پێک هێنا و لەگەڵیان باسی لە ستراتیژی و تاکتیکی ڕاپەڕین کرد.

بەپێی ئەو سەرچاوە و لێکۆڵینەوەیانەی لەسەر ئەو ڕاپەڕینە کراوە، بە بەشداریی ٥ شێخ و ٢١ خەلیفە و ٤٢ میرزادە، لە مانگی تەموزی ساڵی ١٨٨٠ تا سەرەتای مانگی ئابی هەمان ساڵ لە نەهریە لە بنکەی شێخ عوبەیدوڵڵا، کۆبوونەوە ئەنجام دراوە. ستراتیژی و تاکتیکی ڕاپەڕین بۆ ماوەیەکی زۆر مشتومڕی لەسەر بووە. هەندێک ئۆرگان دامەزراون و کەسانی ناسراوی کوردستان بۆ سەرکردایەتیی ئەو ئۆرگانانە هەڵبژێردراون.

لە ئەنجامدا بڕیار و دەرئەنجامەکانی ئەم ئەنجومەنە، یان بەپێی هەندێک سەرچاوە،"کۆمەڵەی کوردستان"، بەم شێوەیە بوو:

١- شێخ عوبەیدوڵڵا نەهری خۆی بوو بە سەرۆکی ئەم ناوەندە.

٢- بەهری بەگ، کوڕی بەدرخانی گەورە، بوو بە بەڕێوەبەر.

ئامانجەکانیشی بریتی بوون لە:

١- ڕزگارکردنی کوردستان لەژێر زوڵمی عوسمانییەکان و قاجاڕەکاندا.

٢- دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانی یەکگرتوو لە هەردوو بەشی قاجاڕ و عوسمانی.

٣- هەڵبژاردنی شێخ عوبەدوڵڵا نەهری وەک حوکمڕانی کوردستان.

٤- هاوپەیمانی لەگەڵ ئەرمەنەکانی کوردستان.

٥- لقەکانی کۆمەڵە لە هەموو شارەکانی کوردستان هەبن.

٦- ئەم کۆمەڵەیە خاوەنی چوار هەزار تفەنگی مارتینییە کە دووسەد تفەنگی ئێرانین و ئەوانی تر تورکن.

٧- زۆربەی سەرۆکەکانی هەموو کوردستان دەتوانن ئەندامی ئەم کۆمەڵەیە بن.

بە بڕوای توێژەران، ئەم کۆمەڵەیە یەکەم کۆمەڵەی سیاسیی کوردییە لە مێژووی کۆمەڵە و ڕێکخراو و حیزبە کوردییەکان.

بەپێی بەڵگەنامە و لێکۆڵینەوە و سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان، شێخ عوبەیدوڵڵا نەهری لەو کۆمەڵەیەدا چەند گوتارێکی پێشکەش کردووە و بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

"ڕۆڵە ئازیزەکانم!

پێویستە گوێ لە ئامۆژگارییەکانی باوک و باپیرانمان بگرین. بەسە، ئیتر نابێ بچینە ژێر باری زوڵمی تورکەکان. پێویستە خۆمان ڕزگار بکەین. نەک هەر ئێمەی کورد لە تورکیای عوسمانی، بەڵکوو دەبێ برا کوردەکانیشمان لەژێر دەسەڵاتی قاجاڕ ڕزگار بکەین. ئەو دوو حکوومەتە ڕێگەی گەشەسەندنیان لە نەتەوەکەمان گرتووە. باوک و باپیرانمان داوامان لێ دەکەن لە ڕێگای ئایین و ئازادیی میللەتەکەمان خوێنی خۆمان ببەخشین.

زانایان گوتوویانە کە کەڵکوەرگرتن لە دەرفەتەکانی ئێستا زانین و حیکمەتە. قاجاڕ لە ئێستادا سەرقاڵی شەڕ دژی تورکمانەکانە، هەموو هێزەکانی خۆی ڕەوانەی بەرەی شەڕ دژی تورکمانەکان کردووە، ئەمەش بەو مانایەیە کە ئێستا دەرفەتێکی باشە بۆ چالاکی لە دژی حکوومەتی قاجاڕ. هەرچەندە ئێمە لە فارسەکان ناترسین، چونکە ئەگەر خەریکی شەڕیش نەبن، هەرچەندە هێزی گەورەی شەڕیش کۆ بکەنەوە، لە سەد هەزار چەکدار تێناپەڕن و زیاتر لە نیوەیان برا کوردەکانمانن کە قاجاڕ هەوڵی لەنێوبردنیان دەدات و ئەوانیش هەمان ڕۆح و هەستی ئێمەیان هەیە. بەشێکی دەوڵەمەندی خاکی بەپیتی کوردستان لەژێر دەسەڵاتی قاجاڕدایە، دەبێ هەنگاو بنێین، دەبێ شەڕی دژ بە دوژمنمان دەست پێ بکەین. پێویستە براکانمان و میللەتەکەمان لەو بەشەی کوردستان ڕزگار بکەین. ئەمەش سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندمان بۆ دابین دەکات. ئەوان بۆ وەستانەوە بەرامبەر دوژمنەکەی ترمان، دوژمنە بەهێزترەکەمان، تورکەکانی عوسمانی، یارمەتیمان دەدەن".

دوای ئەو ئامادەکارییانە، بڕیار درا شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەژێر دەسەڵاتی قاجاڕدا دەست پێ بکات. لەوێ دوو بەرە پێک هێنرا، بەرەیەک بە فەرماندەیی شێخ عەبدولقادری کوڕی شێخ عوبەیدوڵڵا و حەمزە ئاغای مەنگوڕ لە شنۆ، مەهاباد و میاندوواو و بەرەکەی دیکەش ڕاستەوخۆ لەژێر فەرماندەیی شێخ عوبەیدوڵڵا لە ورمێ.

هێزەکانی هێڵی پێشەوە بە فەرماندەیی شێخ عەبدولقادر و حەمزە ئاغای مەنگوڕ، شنۆ، مەهاباد و میاندوواو و ئەو شوێنانەی بەو ناوچانەوە بەسترابوونەوە، لەژێر دەستی دوژمن ڕزگاریان کرد.

ئەو هێزە پاشنیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە 29/9/1880 گەیشتە سابڵاغ و ڕۆژێک دوای ئەوە، ڕۆژی پێنجشەممە 30/9/1880، خان باباخان کوڕی مەجیدخان کرا بە فەرماندەی سابڵاغ.

نیوەڕۆی ٢٠ی خەزەڵوەری ١٨٨٠، شێخ عوبەیدوڵڵا خۆی لە مەرگەوەڕەوە گەیشتە نزیک ورمێ و سەرەتا لە بەراندز چاوەڕێی هاتن و یەکگرتنی هێزەکانی کرد. دوای چەند کاتژمێرێک کە هێزەکانی تر گەیشتنە شێخ عوبەیدوڵڵا، بەرەو ورمێ ڕێ کەوتن.

ژمارەی ئەو هێزانەی لەگەڵ شێخ بوو، ١٢ هەزار کەس بوو. مەبەستی شێخ لە پێکهێنانی دوو هێز ئەوە بوو:

١- ئازادکردنی ورمێ و دەوروبەری.

٢- کەمکردنەوەی گوشاری هێزەکانی قاجاڕ لەسەر هێزەکانی شێخ عەبدولقادر و حەمزە ئاغا و ناچارکردنی بەشێک لە هێزەکانی قاجاڕ کە بەرەو ورمێ بچن.

هێزەکەی شێخ بۆ ئەوەی گەورەیی خۆیان بە خەڵکی ورمێ نیشان بدەن، لەسەر بەرزاییەکانی دەوروبەری شار، ئاگرگەلێکی گەورەیان کردەوە.

دوای شەڕی قارەمانانەی میاندوواو، هێزە کوردییەکان لە میاندوواو سەدان سەربازی قاجاڕیان کوشت؛ بەپێی هەندێک سەرچاوە، دوو هەزار چەکداری قاجاڕ لە میاندوواو لەلایەن هێزە کوردییەکانەوە کوژران. لە ئەنجامدا هێزەکانی شای قاجاڕ هێرشیان کردە سەر میاندوواو و زۆرێک لە گوندەکانی کوردستانیان سووتاند و وێرانیان کرد.

شێخ عوبەیدوڵڵاش چەندین جار هێرشی کردە سەر ورمێ، بەڵام نەیتوانی ڕزگاری بکات. هێزە کوردییەکان لە ناوچەی مەرگەوڕەوە بەرەو ورمێ ڕۆیشتن. هەرچەند چەند جارێک ورمێیان گەمارۆ دا، بەڵام نەیانتوانی ورمێ ڕزگار بکەن و هێزە کوردییەکان شکستیان خوارد.

شێخ عوبەیدوڵڵا دوای ئەو شکستە گەڕایەوە بۆ نەهری. دیپلۆماسیی قاجاڕ یەکەم هۆکار بوو کە شێخ نەیتوانی ورمێ ڕزگار بکات. بەهۆی هاوکاریی ڕووسەکان و ئینگلیزەکان و عوسمانییەکان لەگەڵ قاجاڕەکان، کوردەکان سەرکەوتوو نەبوون.

دوای ئەوە عوسمانییەکان شێخ عوبەیدوڵڵایان بۆ شاری وان بانگ کرد بۆ ئەوەی باسی ناوچەکە بکەن و یارمەتیی شێخ بدەن، بەڵام لەوێ دەسبەسەریان کرد و ڕەوانەی ستەنبوڵیان کرد. لە مانگی تەموزی ساڵی ١٨٨٢ شێخ عوبەیدوڵڵا جارێکی تر بزووتنەوەی خۆی دەست پێ کردەوە. بۆ درێژەدان بە ڕاپەڕین، لەشکرێکی ٥ هەزار کەسیی پێک هێنا. شێخ عوبەیدوڵڵا و سوپاکەی تا ئەیلولی ١٨٨٢ لە قەڵای ئۆرەمار لە بەرخۆدان بەردەوام بوون. بەڵام عوسمانییەکان سوپایەکی زۆریان بۆ سەر هێزەکانی شێخ برد و هێزەکەیان لەنێو برد و شێخیان لە وڵاتەکەی دوور خستەوە بۆ حیجاز لە عەرەبستان.

شێخ عوبەیدوڵڵا تا ساڵی ١٨٨٣ لە شاری مەککە لە عەرەبستان ژیا و لە هەمان ساڵدا لە شاری مەککە کۆچی دوایی کرد و ناوی خۆی بۆ هەمیشە لە لاپەڕەکانی مێژووی کورددا تۆمار کرد.

 

KURDŞOP
559 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!