شێخ مەحموود پادشای کوردستان و گەمەکانی بریتانیا

ڕۆڵی بریتانیا لە لکاندنی باشووری کوردستان بە عێراق - بەشی3

 

 

وەک لەبەشی پێشوودا باس کرا  ئینگلیسییەکان و لە سەرووی هەمووانەوە سێر پێرسی کاکس بە دوای ڕێبەرێکەوە بوون پێشوازیی جەماوەریی لێ بکرێ. هەر بۆیە کاکس ڕوو دەکاتە شێخ مەحموود. بۆخۆشی دەڵێ هێنانەوەی "شێخ مەحموود" ویستی دڵی نەبووە، بەڵام  ئەو کارە خەڵکی سلێمانی بەسەریاندا سەپاندووە. واتە شێخ مەحموود هێزێکی جەماوەریی گەورەی لە پشت بووە و ئەوان پێیان وا بووە ئاڵۆزی و پشێویی ناوچە بە ڕێبەرێکی وەک ئەو نەبێ چارەسەر ناکرێ.  بەڵام لە هەمان کاتیشدا  "سێر پێرسی کاکس" پێی وایە ئەوە ئەزموونێکە، یان ئەوەیە سەردەکەوێ و شێخ مەحموود جڵەوی دەسەڵات دەگرێتە دەست و دۆخەکە ئارام دەکاتەوە و یان ئەوەی بۆ جارێکی دی لەسەر کار  لادەدرێ.

شێخ مە حموود وەکی "کریس کۆچێرا" باس دەکا  لە کاتی گەڕانەوەی بۆ کوردستان و شاری سلێمانی، لە ساڵی ١٩٢٢دا پیاوێکی چل و چوارساڵە بووە و دواتر دەبێتە یەکێک لە دوژمنە سەرەکییەکانی بریتانیا. کۆچێرا شێخ مەحموود بە پیاوێکی چاونەترس و  ئازا دەناسێنێ و دەڵێ تیرئەندازێکی کەم وێنە و شەڕکەرێکی کارامە بوو. هەموو تایبەتمەندییەکانی سەرۆکێکی کوردی هەبوو. دمەوەر بوو. دەنگ خۆش و بە هەیبەت بوو . کاریگەرییەکی زۆری لەسەر لایەنگرانی هەبوو.

زۆربەی ئەو بریتانییانەی لەمەڕ شێخ مەحموودەوە نووسیویانە و بۆ وێنە ئەفسەرێک بە ناوی "سوون" لە نووسراوەیەکدا بە ناوی "سەفەر بۆ کوردستان لە جلکی شاراوەدا" و ئەفسەرێکی دی لە نووسراوە یەکدا بە  ناوی "کورتەیەک لە  بارودۆخی باشووری کوردستان" ددانی بەخێریان بە شێخ مەحمووددا نەناوە و  لە چاونەترسی و  بەرزەفڕیی شێخ مەحموود بێزار بوون.

پرسیار ئەوەیە؛ ئەگەر وایە بۆ  کاکس شێخ مەحموودی هێنایەوە سلێمانی و جڵەوی دەسەڵاتی بەو سپاردەوە. وڵامی توێژەران ئەوەیە: ئەگەر بریتانیا بیویستبایە بە هێزی خۆی سلێمانی و دەوروبەری لەدەست تورکان دەربێنێ پێویست بوو پادگان و جبەخانەیەکی گەورە لەوێ دابنێ و ئەوەی بۆ موکین نەبوو، هەر بۆیە دەیتوانی  لە هێزی ڕۆحیی شێخ  مەحموود و دەست و تفەنگی چەکدارەکانی کەڵک وەرگرێ و هەر واشی کرد .

پاش ئەوەی شێخ مەحموود دەگەڕێتەوە سلێمانی، چاوەڕێی ئەمر و فەرمانی ئینگلیسییەکان نابێ. چون ئەو پێشتریش هەر ڕێبەرایەتیی شۆڕشی کوردانی لە ئەستۆ بووە و ئاسۆ و ئاراستەی ئەو دیار  بوو کە دەیهەوێ ڕۆڵی سەرۆکێکی سەربەخۆییخواز بۆ کوردان بگێڕێ، هەر بۆیە لە ١٠ ی ئۆکتۆبەری ١٩٢٢دا لە  شاری سلێمانیی پایتەختی خۆیەوە، فەرمانێک دەردەکا و کابینەی حکوومەتی خۆی دەستنیشان دەکا.

كەریمی ئەلەکە - وەزیری دارایی لە  کابینەی شێخ مەحموود

 

 کابینەی حکوومەتی شێخ مەحموود  لە هەشت وەزیر پێک دێ کە خۆی سەرۆکایەتییان دەکات.

وەزیرەکانی شێخ مەحموود بریتین  لە "شێخ قادر" لە پلەی سەرۆک وەزیراندا، "شێخ مەحموود" وەزیری بەرگری، "کەریمی ئەلەکە" کە مەسیحی بووە وەزیری دارایی، "شێخ موحەممەدی غاڵب" وەزیری ناوخۆ،  "حەمەد ئاغا" وەزیری  کاروباری گشتی، "شێخ عەلی کەلداری" وەزیری داد، "سەید ئەحمەد" سەرۆک پۆلیس و "حاجی موستەفا پاشا" وەزیری پەروەردە.

حەمەدئاغا - وەزیری کاروباری گشتی لە کابینەی شێخ مەحموود

 

مانگێک دوای ئەوەی کابینەکەی لە ١٨ی نۆڤامبەری ١ ٩٢٢دا ڕادەگەیەنێ، خۆی وەک "پادشای کوردستان" دەناسێنێ.

پاش ئەو ڕووداوانە شێخ مەحموود گۆڤارێک بە ناوی "رۆژی کورد" دادەنێ . لەو گۆڤارەدا کەسانی وەک "عارف سائیب" و "رەفیق حیلمی" هاوکاریی چالاکانەی دەکەن .

شێخ مەحموود ئەگەرچی سەرەتا بەڵێنی بە کاکس دابوو دەست لە کاروباری کەرکووک و هەولێر وەرنەدا، بەڵام لەو کاتەدا کەرکووک دۆخێکی تایبەتی بوو، تورکەکان بە هی خۆیان دەزانێ و  مەلیک فەیسەڵ وەک بەشێک  لە عێراق باسی دەکرد و شێخ مەحمودیش  بە هەڵبژارادنی دوو کەسی  کەرکووکی وەک جێگری خۆی وای نواند کە کەرکووک بە بەشێکی خاکی کوردستان دەزانێ و ئەوەش  بارودۆخی بۆ هەموو  لایەک ئاڵۆز کردبوو.

ڕەفیق حیلمی - نووسەر

شێخ مە حموود بۆ بزواندنی ئینگلیسییەکان  لەگەڵ ڕاسپێردراوی تورکەکان بە ناوی "ئۆزدەمیر" دەکەوێتە نامە گۆڕینەوە و لەو ڕێیەوە دەیهەوێ گوشار بخاتە سەر بریتانیا.  بەڵام  تورکەکان شێخ بە دەستنیشانکراو و کاربەڕیکەری ئینگلیسییەکان دەناسێنن و هاوکاریی ناکەن. هەرچەند شێخ دڵنیای کردبوونەوە  کە حازرە هەموو هاوکارییەکی ئەوان بکا .

لە لایەکی دیکەوە بریتانیا و عەرەبەکان دەکەونە کار بۆوەی ڕێگایەکی دیکە  بۆ کێشەی  ئاڵۆزی  کورد  ببیننەوە بێ ئەوەی کورد داوای  سەربەخۆیی  بکا و یان ئەوان دان بە سەربەخۆییی کورداندا بنێنن و حکوومەتەکەیان بە فەرمی بناسن. ئەوان دەیانویست  لە ناوچەی سلێمانی بەڕێوەبەرییەکی ناوخۆیی  بە کوردان بدەن و چاوەڕوانی ئەوە نەبوون ویستی کورد لەوە بترازێ و داوای دەوڵەت و سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە عێڕاق بکا . کەچی گۆڤارەکەی شێخ مەحموود بە فەرمی باسی جیرانەتیی عەرەب و کوردی وەک دوو نەتەوە و دەوڵەتی سەربەخۆ کردبوو. هەر بۆیە بریتانیا بەدەر کردنی بڵاوکراوەیەک لە ساڵی ١٩٢٢دا، داوا دەکەن شێخ و هەموو وەزیرەکانی بۆ  تاوتوێ کردنی بابەتەکانی پێوەندیدار بە  کێشەی کورد و  مافەکانی بچنە بەغدا.

لە لایەکی دیکەشەوە کۆنفرانسی لۆزان بە ئاکام ناگا و شێخ مەحموود  بە دوور لە ویستی  عەرەبە سووننەکان و مەلیک فەیسەڵ و بریتانیا، دەکەوێتە حەولی ساز کردنی  بەرەیەکی گەورە و دەیهەوێ لە گەڵ شیعەکانی باشووری عێڕاق هاوکاری بکا و بە دژی  بریتانیا و دەوڵەتی پاشایەتیی عێراق جووڵەیەکی گەورە ساز  بکا.

پێنج مانگ دوای  ڕاگەیاندنی پاشایەتیی  شێخ  مەحموود ، بریتانیا  دوایین هۆشداریی پێ دەدا و ڕادەگەیەنێ ئەگەر وێڕای وەزیرەکانی نەچنە بەغدا، ئەوە شاری سلێمانی لە لایەن فڕۆکەکانی ئینگلیسەوە بۆمباران دەکرێ.

شێخ مەحموود مل بۆ ئەو داوایەی بریتانیا نادا و هەر بۆیە شاری سلێمانی بۆمباران دەکرێ و شێخ مەحموود پادشای کوردستان سلێمانی بەجێ دیڵێ و ڕوو دەکاتە ئەشکەوتی سوورداش و لەوێوە بەرگری درێژە پێدەدا. بەو شێوەیە حکوومەتی ساوای شێخ مەحموود دوایی پێ دێ. بریتانیا وەکی پێشتر کوتمان لە  هەموو وردە ڕووداوەکانیشدا دەست تێوەردانی هەبووە و هەر بۆیە جودا لەوەی ڕێبەرایەتیی کورد لەو دۆخەدا چەندە واقیع بینانە و سیاسییانە جووڵاوەتەوە، بەڵام دەکرێ بگوترێ "کار کاری ئینگلیسییەکان بوو".  

KURDŞOP
611 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!