دوو قەڵای مێژووییی پارێزگای ئیلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

 

- ڕۆژ قادری

 

پارێزگای ئیلام

پارێزگای ئیلام یەکێکە لە پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ٤٢٥ کیلۆمەتر لەگەڵ عێراق سنووری هاوبەشی هەیە. ئەم پارێزگایە لەگەڵ پارێزگاکانی کرماشان، لوڕستان و خووزستان هاوسنوورە. ناوەندی ئەم پارێزگایە شاری ئیلامە کە هاوکات گەورەترین شاری ئەم پارێزگایەشە. بەپێی سەرژمێریی ساڵی ٢٠١٦ی زایینی، ژمارەی دانیشتووانی ئەم پارێزگایە نزیکەی ٥٨١ هەزار کەس بووە.

پارێزگای ئیلام ناوچەیەکی خۆش ئاو و هەوا و چوار وەرزی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە لە سەردەمی کۆن ئاسەوارێکی زۆری لێ بەجێ ماوە و خاوەن دەیان شوێنی گەشتیاریی سروشتی و مێژووییە. "قەڵای سام" و "قەڵای والی"، لە قەڵا مێژووییەکانی ئیلامن.

قەڵای سام لە شاری چرداوڵ

"قەڵای سام" یەکێک لە قەڵا مێژووییەکانی ئیلامە کە لە شاری "چرداوڵ" هەڵکەوتووە.

"قەڵای سام" لە ڕاستیدا گۆڕەپانێکی مێژووییە کە لە نزیک گوندی "چم بور" هەڵکەوتووە و لە نزیکیدا دارێکی چناری ٥٠٠ ساڵە هەیە. ئەم قەڵایە لە سێ بەشی پەیوەندیدار پێکەوە کە مەودایەکیش لەنێوانیانە، پێک هاتووە و هەندێک بەڵگەی مێژوویی باس لەوە دەکەن لە کۆتایی سەردەمی پارتەکان و سەرەتای سەردەمی ساسانییەکان ساز کراوە.

ئاسەوارناسان باس لەوە دەکەن کە "ئەم قەڵایە تەلارسازییەکی سەربازی و بەرگریی هەیە. قەڵاکە لە سەختترین بەرزییەکانی کێوەکە ساز کراوە و چێکەری سەرەکیی ئەو قەڵایە بە سەرنجدان بە شوێنگەی سروشتیی ڕەوەزەکان، ژوورەکان و دەرگاکانی، ئەو قەڵایەی ساز کردووە. بەگشتی تەلارسازیی قەڵاکە بە شێوەی تەلارسازیی سەردەمی ساسانییەکان ساز کراوە".

لە بەشی باشووری ڕۆژاوای ئەم قەڵایە ئاسەواری ئاگردان دەبینرێت کە لە سەردەمی پەلاماری عەرەبەکان وەکوو مزگەوتیان لێ کردووە.

قەڵای والی لە ئیلام

قەڵای "والی"ی ئیلام، لە دەشتی "میان کوهی"ی ئیلام و لەسەر تەپەی "چگا میرک"ی شاری ئیلام هەڵکەوتووە و لە ساڵی ١٢٨٧ی هەتاوی و لە سەردەمی "قاجاڕ"دا، ساز کراوە. کانیی "بی‌بی"، ئاوی ئەم قەڵایەی دابین کردووە کە بە شێوازی ڕابردوو، بە کەڵکوەرگرتن لە "بۆڕیی گڵی"، ئاوی کانی دەنێردرایە حەوشەی ناوەندیی قەڵاکەوە. ئەم میراتە، ڕێکەوتی ١٩ی بانەمەڕی ١٣٧٦ی هەتاوی، بە ژمارەی "١٧٩٨"، وەکوو میراتێکی نەتەوەیی ئێران، تۆمار کراوە.

قەڵای والی لە بەشی باکووری شەقامی "پاسداران" لە ناوەندی ئیلام هەڵکەوتووە و نۆژەن کراوەتەوە. ئەم بینا مێژووییە لە شوێنە گرینگە گەشتیارییەکانی شاری ئیلام و کوردستانە و مۆزەی خەڵکناسیی ئیلام لەوێدایە. قەڵای والی وەک زۆرینەی قەڵاکانی دیکەی کوردستان بە فەرامۆشی سپێردراوە و لەلایەن حکوومەتی ئێرانیشەوە بایەخی پێ نادرێت.

قەڵای والی یەکێک لە بینا فەرهەنگی- مێژووییە گرینگەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. ساڵی ١٢٨٧ی هەتاوی بە فەرمانی "غوڵامڕەزا خانی فەیلی" لە گەڕەکێک بە ناوی "حوسەین ئاوای فەیلی" کە بە "گوندی سەروو" ناوبانگی هەبووە، ساز کراوە. "غوڵامڕەزا خانی والیی فەیلی"، ئەم شوێنەی بۆ مانەوەی خۆی لە وەرزی هاویندا هەڵبژاردووە و قەڵاکەی لەسەر تەپەیەک ساز کردووە.

قەڵای والی لە زەوییەک بە گەورەیی ٤٦٨٧ مەتری چوارگۆشە ساز کراوە کە لەم ڕێژەیە، فەزایەکی سەوز بە گەورەیی ١٧٩٢ مەتری چوارگۆشە لە بەشی باشوور ماوەتەوە. ژێرخانی ئەم قەڵایە ١٤٦٦ مەتری چووارگۆشەیە و گەورەیی حەوشی نێو قەڵاکە ١٣٦٣ مەتری چوارگۆشەیە. درەختگەلێکی بەرز و کۆن و حەوزێک لە بەشی پێشەوە، دیمەنێکی جوانی بەم قەڵایە بەخشیوە.

قەڵای والی لە کاتی دروستکردنیدا لە فەزایەکی بەتەواوی کراوەدا ساز کراوە، بەڵام دواتر پاش پێشکەوتنی شارنشینی، دەوروبەری بە بینای ئیداری و خانووی هاووڵاتییان گەمارۆ دراوە.

لە بەشی باکووری ئەم قەڵایەدا تەلارێکی (شانشین) جوان بوونی هەیە کە ئەندازەی نێوەوەی گەورەتر لە ژوورەکانی دیکەی قەڵاکەیە. لە نێوەڕاستی تەلارەکەدا حەوزێکی گچکە بوونی هەیە کە بە بەردی "مەڕمەڕ" ڕازێندراوەتەوە. ئەم حەوزەیە لە تەنیشت کانییەک کە لەو کاتەدا پڕئاو بووە، ساز کراوە، بەڵام دوای تێپەڕینی کات ئەم کانییە وشک بووە و بۆ ئەوەی جوانیی ئەو سەردەمەی بمێنێتەوە، لە کاتی نۆژەنکردنەوەدا بۆڕیی ئاویان بۆ ڕاکێشاوە.

شایانی باسە کە ئەم قەڵایە لە کاتی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراقدا، ٥٠ لەسەدی وێران کرا و لە دوای شەڕ، کۆمەڵێک لە بەشەکانی نۆژەن کرایەوە کە بە ڕادەی پێویست نییە.

KURDŞOP
437 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!