جەجۆ خان، سەرکردەیەکی قارەمانی بزووتنەوەی ئازادیی کورد لە خوراسان

جەجۆ خان سەرکردەیەکی قارەمانی کورد بوو لە ناوچەی خوراسان کە چەند ساڵێک لەگەڵ ڕووسەکان و قاجاڕەکان شەڕی کرد و دەسەڵاتەکەی هەموو خوراسانی گرتەوە.

ن: کەیهان محەممەدی‌نژاد

جەجۆ خان سەرکردەیەکی قارەمانی کورد بوو لە ناوچەی خوراسان کە چەند ساڵێک لەگەڵ ڕووسەکان و قاجاڕەکان شەڕی کرد و دەسەڵاتەکەی هەموو خوراسانی گرتەوە.

ئەو سەرکردەیەکی کورد بوو کە بۆ کوردەکانی خوراسان و بۆ کوردستانێکی سەربەخۆ لەو ناوچەیە خەباتی دەکرد.

پێش ئەوەی بزانین ئەو سەرکردە کوردە کێ بووە و چۆن شەڕی کردووە و دەسەڵاتەکەی چەندە بەرفراوان بووە، دەبێ بزانین کە کوردەکانی خوراسان چۆن و کەی بۆ خوراسان دوور خرانەوە و چۆن لەوێ نیشتەجێ بوون و پێشتر لە کام ناوچەی کوردستان بوون.

شەڕی چاڵدران کە بە شەڕی ئیمپراتۆریی عوسمانی و سەفەوی دەناسرێت، ساڵی ١٥١٤ لەنێوان ئەو دوو دەوڵەتەدا ڕوویدا. پاش ئەو شەڕە ئاڵوگۆڕێکی زۆر بەسەر کوردستاندا هات و کوردستان بەسەر دوو وڵاتی عوسمانی و سەفەوی دابەش کرا.

لەو کاتەدا ئاڵوگۆڕێکی دیکە هاتە ئاراوە، ئەویش دوورخستنەوەی کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو. لەنێوان ساڵەکانی ١٥٩٨- ١٦٠٢، شا عەباس فەرمانی دا کە کوردەکانی ئەو ناوچەیە بۆ خوراسان دوور بخرێنەوە.

پاش ئیمپراتۆریی سەفەوییەکان و هاتنە سەر دەسەڵاتی چەندین حکوومەتداری دیکە لە ئێراندا، لە ئاکامدا بە هاتنی قاجاڕەکان بۆ سەر دەسەڵات، دیسانەوە دەستیان بە سەرکوتی کوردەکان و بە تایبەت کوردەکانی خوراسان کرد.

بنەماڵەیەک لە خوراساندا هەبوو کە دژی ئەو سەرکوتە وەستانەوە، ئەویش بنەماڵەی ئەڵڵاوێردی بەگ باوکی جەجۆ خان بوو. ئەو بنەماڵەیە یەکێک لە گەورەترین و بوێرترین بنەماڵەی کوردەکانی خوراسان بوو. لەو بنەماڵەیە کەسێک لەدایک بوو کە ئەفسانەیەکی بە ناوی بنەماڵەی و نەتەوەی خۆی خولقاند. ئەو کەسێک بوو بە ناوی جەجۆ خان و لە گوندی هساری سەر بە شاری دەرەگەزی خوراسان لەدایک بوو. باوکی جەجۆ خان بە ناوی ئەڵڵاوێردی بەگ کاتێک کە وەکوو حاکمی ناوچەی میانکۆ‌هـ دیاری کرا، ئەوکات جەجۆ خان لەگەڵ باوکی چووە ئەو ناوچەیە و لە گوندی کەبکان و لە ناوچەی میانکۆهـ مانەوە. جەجۆ خان کەسێکی سیاسەتمەدار، ڕۆشنبیر و زانا بوو، هەر بۆیە باوکی ئەوی وەک پاڵپشتی خۆی دەزانی و هەمووکات پێکەوە بوون و لە تەنیشت باوکی وەکوو چیایەک پشتیوانیی لە دەسەڵاتەکەی دەکرد.

کاتێک کە باوکی کۆچی دوایی کرد، جەجۆ خان بووە جێگری و بەڕێوەبەریی ئەو ناوچەیەی دەکرد. ئەو، دوای کۆچی دوایی باوکی بەڕێوه‌بەرێکی باش بوو و خەڵکی ئەو ناوچەیە لێی ڕازی بوون.

دەیهەویست هەموو ناوچە کوردنشینەکانی خوراسان بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆی و کوردەکان لە بندەستی داگیرکەران ڕزگار بکات. هەر بۆیە دەسەڵاتی قاجاڕ لە دژی ئەو بڕیارەی بوو و گوشاری دەخستە سەر دەسەڵاتی ئەو ناوچە و خەڵکی خوراسان.

چیرۆکی قارەمانیەتیی جەجۆ خان لەوێوە دەستی پێ کرد؛ ڕۆژێک لە ناوچەی خوراسان دەنگی قیژەی منداڵان و ژنان دەبیسترێت، ئاخ و ناڵینی منداڵ و ژن لە چیاکاندا چەند جارێک دەنگ دەداتەوە. ئەو دەنگە هاواری هاوکارییە و بانگی جەجۆ دەکەن. ئەویش بە بیستنی قیژە و هاوار، تووڕە دەبێت و سواری ئەسپەکەی دەبێت و چەند چەکدارێک لەگەڵ خۆی دەبات. کاتێک کە لە دوورەوە سەیری گوندەکان دەکات، دووکەڵێک بەرز بووەتەوە و کادان و گالێش کە خەڵک بۆ ئاژەڵەکانیان ئەنباریان کردبوو، هەمووی دەسووتان.

کاتێک کە دەگاتە ئەو ناوچەیە، تەنیا گوندی سووتاو دەبینێت. ئەو گوندانە لەلایەن لەشکەری قاجاڕەوە کۆمەڵکوژ و سووتێندرابوون. ئەو نەیدەتوانی ئەو کۆمەڵکوژییە قەبووڵ بکات. لەلایەکی دیکەوە بە هەمان شێوە ڕووسەکان هێرشیان دەکردە سەر ئەو ناوچانە و سەرکوتیان دەکردن، ئەمە دەنگدانەوەیەکی زۆری لە دوای خۆی هێنا. دژایەتیی جەجۆ خان بە دژی قاجاڕ و ڕووسەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەبوو و خۆی ئامادە دەکرد بۆ ئەوەی کە لە دژی ئەو سەرکوتکارییانە بووەستێتەوە و خەڵکەکەی لەژێر زوڵم و ستەم ڕزگار بکات.

ئەو لە کاتێکی کەمدا هێزی خۆی ئامادە کرد. لەگەڵ براکانی (عیسوو خان، عەلووخان و مەمۆ خان) و هەروەها ژژمارەیەک لە شەڕکەری قارەمان سەرهەڵدانی خۆیان دەست پێ کرد. ئەوان بە هێرش کردنە سەر دوژمن لەو ناوچەدا توانییان بە شێوەیەکی قارەمانانە ئەم دەڤەرە تا شاری دەرەگەز ڕزگار بکەن و بە سەدان سەربازی دوژمن بکوژن. بەم شێوەیە ناوی جەجۆ خان کەوتە سەر زاری خەڵکی دەرەگەز و گوندەکانی دەوروبەری ئەم شارە و خەڵکێکی یەکجار زۆر پەیوەست بە ‌هێزەکانییەوە بوون.

مەنسووروڵ موڵک یەکێک لە فەرماندەکانی قاجاڕ بوو و لەلایەن هێزەکانی جەجۆ خانەوە شکستی خواردبوو، جارێکی دیکە بە هێزێکی چەند هەزار کەسییەوە هێرشی کردە سەر دەسەڵاتی. بەڵام هێزەکانی ناوبراو لەلایەن جەجۆ خانەوە دیسان تووشی شکست بوون. ئەو پەرەی بە دەسەڵاتی خۆی دا و تاکوو شاری قووچانی خوراسانی خستە ژێر دەسەڵاتی خۆی.

ئەمە بۆ حکوومەتی ناوەندی جێگای قەبووڵکردن نەبوو و لە دژی ئەم دەسەڵاتدارییەی کوردەکان داوای یارمەتییان لە ڕووسەکان کرد. ڕووسەکان؛ چەند لەشکەر و هێزی سوار بۆ یارمەتیی هێزەکانی قاجاڕ نارد و ئەو جار دەبوایە جەجۆ هاوکات لەگەڵ هێزەکانی ڕووس و قاجاڕ شەڕی کردایەت.

ئامانجی، ڕزگارکردنی ناوچە کوردنشینەکانی خوراسان لەژێر دەسەڵاتی داگیرکەر بوو و دەیویست دەوڵەتێکی کوردیی سەربەخۆ دابمەزرێنێت و نەهێڵێت چیتر کوردەکانی خوراسان سەرکوت بکرێن.

هێزەکانی قاجاڕ و ڕووس چەندین جار هێرشیان کردە سەر دەسەڵاتی، بەڵام ئەوان ئەو چەند جارە تووشی شکست بوون. ئەو ببووە مۆتەکەیەک بۆ دوژمن. ڕووسەکان بۆ دەسبەسەرکردنی، خەڵاتیان دیاری کردبوو.

هێزەکانی جەجۆ خانیش ڕۆژ بە ڕۆژ بەهێزتر دەبوون و هێزە پارتیزان و شەڕڤانەکانی لە چیا و دەشت، شار و گوند و ناوچەکانی خوراسان بەربڵاو ببوون. خەڵکی ئەم ناوچانە بە هەبوونی هێزەکانی دڵخۆش و ڕازی بوون و ڕۆژانە ڕۆڵە نیشتمانپەرەوەرەکان پەیوەست بە هێزەکانی دەبوون تاوەکوو بتوانن بەرگری لە خاک و نەتەوەی خۆیان بکەن. ڕووسەکان و قاجاڕ خۆیان بەهێزتر کرد و بۆ جارێکی دیکە هێرشیان کردە سەر دەسەڵاتی جەجۆ خان.

ئەو جارە شەڕێکی گەورە لە ناوچەی دەرەگەزەدا ڕوویدا. هەندێک لە سەرچاوەکان دەڵێن، ئەم شەڕە سێ مانگی خایاند. جەجۆ خان بۆ ئەوەی خەڵکی ئەو ناوچەیە ژیانێکی ئازاد و خۆشیان هەبێت ئەوەی کە پێویست بوو دەیکرد و لە دژی داگیرکەران دەوەستا. لەم شەڕە درێژخایەنەدا هێزێکی زۆری ناوبراو لەلایەن ڕووس و قاجاڕەکانەوە کوژران و ئەوان تووشی گەمارۆی هێزەکانی دوژمن بوون و هیچ ڕێگایەک بۆ دەربازبوونی خۆیان و خەڵکەکەیان نەمابوو. لە ئاکام و لە ناو شەڕدا کاتێک کە جەجۆ خان لە ناو گوندێکدا خەریکی شەڕکردن بوو، لاقی ئەسپەکەی کەوتە نێو زەلکاو و بە فیشەکی دوژمن شەهید کرا.

جەجۆ خان ساڵی ١٩١١دا لەلایەن هێزەکانی ڕووس و قاجاڕەوە شەهید کرا. هەندێک سەرچاوە دەڵێن کە ڕووسەکان تەرمی جەجۆ خانیان لە شاری قووچاندا پڕ کرد لە بەفر و سەهۆڵ و بەرەو مۆسکۆیان برد تاکوو تەزاری ڕووسەکان ئەم سەرکردە کوردە ببینێت. هەندێک لە سەرچاوەکان دەڵێن تەزاری ڕووسەکان سەری جەجۆ خانی بە مردوویی بڕیوە و لەنێو کاسەی سەریدا شەرابی خواردووەتەوە.

جەجۆ خان لەگەڵ بنەماڵەکەی و خەڵکی کورد بە ساڵان لەنێو باران و بەفر، دەشت و شاخەکانی خوراساندا بە ڕژاندنی خوێنی هەزاران ڕۆڵەی کورد لە بەرانبەر داگیرکەران ڕاوەستان و خەباتیان کرد. ئەمڕۆکە ئەم خەباتکارە لە ناوچەی خوراسان و بە تایبەت کوردستاندا ناوبانگی دەرکردووە. هەنووکە لە خوراسان ئاواز و گۆرانی و شێعرێکی زۆریان لە سەر قارەمانێتیی جەجۆ خان هۆنیوەتەوە.

KURDŞOP
525 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!