ئێمە شەهیدانی گەلی کورد، شێخ سەعید و هاوڕێکانی لەبیر ناکەین

لە سەرەتای سەدەی ڕابردوودا کە دنیایەکی نوێ دامەزرا، گەلی کورد لەلایەن زلهێزکان و کەمالیستەکانەوە خیانەتی لێ کرا.

لە ساڵەکانی ١٩٢٠دا، کوردەکان بەرەوڕووی پەیامی برایەتی بوونەوە و گریمانە دەکرا کە دەوڵەتێکی نوێ لەلایەن کوردەکان و تورکەکانەوە دروست بێت.

بەڵام کاتێک کۆماری تورکیا لە ساڵی ١٩٢٣دا دامەزرا و پاشان بە پەیمانی نێودەوڵەتیی لۆزان دانی پێدا نرا، نە برایەتی مایەوە، نە ئەو بەڵێنانەی درابوون.

هەنگاوی یەکەمی کەمالیستەکان، ئینکاری بوونی نەتەوەی کورد و سڕینەوەی واقیعی کوردستان بوو.

دوای ئەم خیانەتە، مافی گەلی کورد بوو کە بەرانبەر بەم نادادپەروەرییە مێژووییە ناڕەزایەتی دەرببڕێت.

کورد دەنگی بەرز کردەوە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ئازاد و سەربەرزانە لە کوردستان لە وڵاتەکەی خۆیدا بژی.

دەوڵەتی تورک بە شێوەیەکی دڕندانە وڵامی ئەم داخوازییە مرۆڤدۆستانە و ڕەوایانەی گەلی کوردی دایەوە و هەوڵی سەرکوتکردنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردی دا.

"دادگا سەربەخۆکان" لە ئامەد دامەزران کە هیچ لایەنێکی یاساییان نەبوو.

شێخ سەعید، سەرۆک و ڕێبەری بلیمەتی گەلی کورد و ٤٧ هاوڕێی، ٩٨ ساڵ بەر لە ئێستا، بە شێوەیەکی ناڕەوا و بە دوور لە هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکان، لەلایەن ئەم دادگاگەلەوە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا و لە ناوچەی "دەرێچی"ی سەر بە ئامەد لەسێدارە دران.

لە ڕاستیدا بە لەسێدارەدانیان دەیانویست ئیرادەی گەلی کورد سەرکوت بکەن. بەڵام بەمەش، خواستی گەلی کورد بۆ ژیانێکی ئازاد و سەربەرز سەرکوت نەکرا.

دەوڵەتی دڕندە، بەمەش نەوەستا و سەدان گوند و ناوچەی کوردستانی وێران کرد. هەزاران کوردی بێتاوان و مەدەنی، ژن و پیر و منداڵ، بە شێوەیەکی نامرۆڤانە کوژران. بە سەدان هەزار کەسیش بە زۆرملێ لە ماڵەکانیان وەدەر نران.

دەوڵەتی داگیرکەری تورک هێندە لە داخوازییەکانی کورد دەترسا کە گۆڕی سەرکردە بەخاک سپێردراوەکانی کوردی شاردەوە. ئەم دەوڵەتە دڕندەیە، بە شاردنەوەی گۆڕی شێخ سەعید و هاوڕێکانی، نەریتی هەزاران ساڵەی خەڵکی ناوچەکە و ئایینی ئیسلامی لەژێر پێ نا. ئەم کردەوە دڕندانە و نامرۆڤانەیە لە ساڵانی داهاتووشدا بەردەوام بوو. هەروەها بەو شێوازانە گۆڕی سەید ڕەزا، ڕێبەری سەرهەڵدانی دێرسیم و سەعید کوردییشی لەنێو برد.

دەوڵەت دەیەویست بە شاردنەوە و لەنێوبردنی گۆڕی خەباتکار و سەرکردە کوردەکان، یادەوەریی کورد زەوت بکات و لە ڕەگ و ڕیشەی خۆی دووری بخاتەوە. هەروەها بە لەنێوبردنی گۆڕی سەرکردەکانی کورد، دەیانویست کورد لە هۆشیاریی نەتەوەیی دوور بکەوێتەوە.

یەکێک لە حیساباتەکانی دەوڵەتی داگیرکەر ئەوە بوو کە کاتێک ڕەگی درەختەکە دەبڕدرێت، لق و پۆپەکانی وشک دەبن. کاتێک مێژووی نەتەوەیەک لەنێو دەچێت، دەرفەتی دروستکردنی داهاتووی ئەویش لەدەست دەچێت. بەم شێوەیە دەتوانن کورد بە زنجیری کۆیلایەتی مەحکووم بکەن.

دەوڵەتی تورک، بە درێژایی سەدەی ڕابردوو، بۆ شکستهێنان و گۆشەگیرکردنی دۆزی ئازادیی نەتەوەی کورد، هەموو شێوازێکی چەپەڵ و نامرۆڤانەی تاقی کردووەتەوە.

سەرەڕای هەموو زوڵم و ستەم و چەوساندنەوەکان لەلایەن داگیرکەرانەوە، گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان، هەرگیز لە خەبات بۆ ئازادی و ڕزگاری نەوەستاوە.

ئێستا پشتڕاست کراوەتەوە کە پرسی کورد لە ڕێگەی سەربازییەوە، بە سیاسەتی ڕەتکردنەوە و نکۆڵیکردن، بە کوشتن و قەڵاچۆکردن، بە وێرانکردن و لەنێوبردن (کە سەد ساڵە دەوڵەتانی داگیرکەر پەیڕەوی دەکەن) چارەسەر نابێت. پێویستە بزانرێت کە بە هەمان سیاسەت و هەڵوێست، لە هەنووکەدا ناتوانن سەرکەوتن بەدەست بهێنن.

پێویستە دەوڵەتی تورک دان بە هەموو ئەو مافانەی کورددا بنێت کە لە نەتەوەییبوونی ئەوانەوە سەرچاوەی گرتووە.

پێویستە دەوڵەت دەستبەجێ گۆڕی شێخ سەعید و هاوڕێکانی و سەید ڕەزا و سەعید کوردی ئاشکرا بکات کە بۆ ماوەی ٩٨ ساڵە شاردوویەتییەوە.

دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی تورکیا، بەهۆی سیاسەتی ستەمکارانەیان لە دژی کورد، دەبێ داوای لێبووردن لە گەلی کورد بکەن.

ئێمە وەک پارت و بزووتنەوەکانی کوردستان، قەت لە ڕەگ و ڕیشەی خۆمان دوور ناکەوینەوە و مێژووی گەلەکەمان لەبیر ناکەین،

ئێمە بەڵێن بە گەلەکەمان دەدەین، کار بۆ ئەو مێژووەی خۆمان دەکەین کە پێچەوانە بووەتەوە، تاکوو بە شێوەیەکی ڕوون و ڕاستەقینە جێگەی خۆی بگرێتەوە،

ئێمە هەرگیز ڕێگە بەو هەوڵانە نادەین کە دەیانەوێت مێژووی نەتەوەییمان ڕەش بکەنەوە و بیشێوێنن.

ئێمە یادی شەهیدانی ساڵی ١٩٢٥ زیندوو ڕادەگرین.

سڵاو لە قارەمانانی گەلی کورد، شێخ سەعید و هاوڕێکانی.

سڵاو بۆ خەباتی شێخ سەعید و هاوڕێکانی کە بۆ ئازادیی گەلی کورد بوو.

 

پلاتفۆرمی پارتەکانی باکووری کوردستان

Hereketa AZADÎ, PAK, PAKURD, PDK Bakur, PSK

KURDŞOP
732 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!