شۆڕشی بارزان لە باشووری کوردستان – بەشی دووهەم

- ڕۆژ قادری

 

ڕێککەوتنی ١١ی مارس کە لەنێوان حکوومەتی ناوەندیی عێراق و پارتی دێمۆکراتی کوردستان واژۆ کرا، ١٥ خاڵی لەخۆ دەگرت کە بەشێکی زۆر لە ماف و داخوازییەکانی خەڵکی باشووری کوردستانی گەرەنتی دەکرد، بەڵام موناقەشە لەسەر سنوورەکانی ناوچەی خودموختاری کوردستان و جیبەجێ نەکردنی ئەو ١٥ خاڵە لەلایەن بەغدادەوە، دیسانەوە دۆخێکی قەیراناویی لە باشووری کوردستان خوڵقاند.

خاڵی ١٤ی ڕێککەوتننامەی ١١ی مارسی ١٩٧٠، لەبارەی ڕێکاری کۆتاییهێنان بە ململانێی کەرکووک و دیاریکردنی چارەنووسی کەرکووک و ناوچە کێشە لەسەرکانی تر بەم شێوەیە بوو:

دوای ڕاگەیاندنی ئەم بەیاننامەیە، بە ڕاوێژ لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای چاوەدێری و جێبەجێکردن و بەپێی سەرژمێریی فەرمی کە لەمەودوا جێبەجێ دەکرێت، دەبێ هەوڵی پێویست بۆ یەکیەتیی پارێزگاکان و ناوچە ئیدارییەکان کە زۆرینەی دانیشتووانیان کوردن، جێبەجێ بکرێت. لەمەودا دەوڵەت هەوڵەکانی خۆی بە ئاراستەی گەشەی هەمەلایەنەی ئەو ناوچانە و جێبەجێکردنی مافی نەتەوەی کورد بۆ خودموختاریی کوردستان، درێژە پێ دەدات. هەتا کاتێک کە یەکیەتیی ئیداری پێک دێت، کاروباری نیشتمانیی کوردستان لە ڕێگای دانیشتنەکانی ئەنجومەنی باڵا و پارێزگارانی ناوچەکانی باکوور، ئیدارە دەکرێت. بەهۆی ئەوەی خودموختاری لە چوارچێوەی کۆماری عێراق پێک دێت، کەوایە مافی دەرهێنان و کەڵک وەرگرتن لە سەرچاوە سروشتییەکانی ئەو ناوچانە، لەژێر دەسەڵاتی ئەم کۆمارەدا دەبێت.

حکوومەتی بەعس چەند مانگ دوای ڕێککەوتنی ١١ی مارس، ئامانجە ڕاستەقینەکانی خۆی نیشان دا. لەوانە، حکوومەتی بەعس بە دوای پیلانێکەوە بوو کە سەرژمێریی کەرکووک و دەوروبەری دەستکاری بکات، چونکە پێشتر ڕاگەیەندرابوو کە ٨٥ لەسەدی حەشیمەتی ناوچەی کەرکووک و دەوروبەری، کوردن.

گرژییەکان لەسەر کەرکووک و دواخستنی سەرژمێرییەکە، ڕێککەوتنەکەی تووشی کێشە کرد  بەعس نەیدەویست سامانەکانی کەرکووک لەدەست بدات، بۆیە دەستی کرد بە تەعریبکردنی ئەو شارە و ناوچەکانی دەوروبەری.

دەوڵەتی عێراق بەبێ بەشداری و ڕەزامەندیی پارتی دێمۆکراتی کوردستان، ڕێکەوتی ١١ی مارسی ١٩٧٤، "یاسای پێوەندیدار بە خودموختاریی کوردستان"ی بڵاو کردەوە. ڕۆژی دواتر دەفتەری سیاسیی پارتی دێمۆکراتی کوردستان، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، هەڵوێستی خۆی لە پێوەندی لەگەڵ ناوچەی خودموختار ڕاگەیاند و پەردەی لەسەر خاڵە ناکۆکەکان لا دا کە گرینگترین کۆسپی دانوستانەکان، دیاریکردنی سنوورەکان ناوچەی خودموختار و چارەنووسی کەرکووک و سیاسەتی تەعریبکردنی ئەو ناوچەیە بوو.

ڕێژیمی بەعسی عێراق لە دەیەی ٧٠ی زایینی، چەندین جار بڕیاری تیرۆرکردنی مەلا مستەفا بارزانیی دا. ئامانجی ئەوان لە تیرۆرکردنی مەلا مستەفا بارزانی ئەوە بوو کە ئیمتیازێکی کەمتر واتە خودموختاریی دڵخوازی خۆیان بە کوردەکان بدەن و بە ئاسانی ناوچە نەوتییەکانی کوردستان بکەن بە ناوچەیەکی عەرەبی. لە دەیەی ٧٠دا، گرینگترین ناکۆکیی نێوان مەلا مستەفا بارزانی لەگەڵ ڕێژیمی بەعس، تەعریبکردنی ناوچە نەوتییەکانی کوردستان لەلایەن بەعسەوە بوو.

مەلا مستەفا بارزانی ڕێکەوتی ١٠ی مارسی ١٩٧٤ بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەرکووک، ئەم پێشنیارانەی خوارەوەی بە دەوڵەتی ناوەندیی عێراق گەیاند:

١- پارێزگای کەرکووک وەک خۆی بمێنێتەوە لەگەڵ سیستەمێکی تێکەڵاو لەژێر دەسەڵاتی ناوچەی خودموختار.

٢- پارێزگای کەرکووک بکرێتە دوو بەش: حەویجە و قەرەتەپە لەژێر دەسەڵاتی ناوەندیدا بێت، شاری کەرکووک و ناوچەکانی تر لەژێر دەسەڵاتی ناوچەی خودموختاردا بێت.

هەڵبەت ئەم پێشنیارگەلە لەلایەن دەوڵەتی ناوەندییەوە ڕەت کرانەوە و دانوستانەکان گەیشتن بنبەست.

لە مارسی ١٩٧٤دا، ئەنجومەنی فەرماندەیی شۆڕشی عێراق، یاسای پێکهاتنی ناوچەی خودموختاری کوردستانی بە پایتەختیی هەولێر دەرکرد و گۆڕانکاریگەلێکی لە یاسادا جێبەجێ کرد و ناوچە نەوتییەکانی کوردستانی لە سنوورەکانی ناوچەی خودموختار هێنایە دەرەوە، لە ئاکامدا پارتی دێمۆکراتی کوردستان دژی ئەم یاسایە ڕاوەستا و شەڕ هەڵگیرسایەوە.

ئەوەی کە ڕوونە، گرینگترین هۆکاری شکستی ڕێککەوتننامەی مارسی ١٩٧٠ی نێوان بەغداد و پارتی دێمۆکراتی کوردستان بە ڕێبەرایەتیی مەلا مستەفا، بێگومان پرسی دیاریکردنی سنووری ناوچەی خودموختاری کوردستان بوو کە پارێزگای کەرکووکی لەخۆ نەدەگرت. ئەمە بووە هۆی ئەوەی دانوستانەکان شکست بخوات و شەڕ دەست پێ بکاتەوە.

دوای شکستهێنانی دانوستانەکان، ئەرتەشی عێراق بە ١٢٠ هەزار سەرباز و ٧٠٠ تا ٨٠٠ تانک (ئەوکات عێراق ٩٠٠ تانکی هەبوو) و ٢٠ گوردانی تۆپخانەیی و هەموو هێزی ئاسمانی (١١ هەزار کەس) و بە ٢٠ هەزار پۆلیس، پەلاماری کوردستانی دا. لەهەمبەر ئەم هێزە زەبەلاحەدا، ٥٠ هەزار پێشمەرگە خەباتیان دەکرد.

مەلا مستەفا بارزانی و هاوپەیمانەکانی لە بزووتنەوەی کوردستان، بە هیوای پشتیوانیی ئێران و ئەمریکا، شەڕ دژی بەغدادی پەرە پێ دا. وێڕای سەرکەوتنی کوردەکان لە شەڕ دژی بەغداد، بەڵام هێزەکانی بەغداد توانییان چەند شاری کوردستان، لەوانە زاخۆ، لە هاوینی ١٩٧٤دا، داگیر بکەن.

لە سەرەتاکانی ساڵی ١٩٧٥، شەڕەکە گەیشتە شوێنێک کە ئیتر عێراق نەیدەتوانی بەبێ پچڕانی پشتیوانیی ئێران، لەو شەڕەدا سەر بکەوێت.

لە فێڤرییەی ساڵی ١٩٧٥، عێراق چرا سەوزی بە هەندێک لە وڵاتانی عەرەبی دا کە دەیەوێت ناکۆکییەکانی لەگەڵ ئێران لە ڕێگای ئاشتیخوازانەوە چارەسەر بکات. ڕێکەوتی ٦ی مارسی ١٩٧٥، محەممەدڕەزا شای ئێران و سەدام حوسێن جێگری سەرۆککۆماری عێراق، لە ئەلجەزیرە پێکەوە کۆ بوونەوە و ڕێککەوتننامەیەکیان واژۆ کرد کە کۆتایی بە دوژمنایەتیی هەر دوو وڵات هێنا. ئەم ڕێککەوتنە بووە هۆی ئەوەی ئێران چیتر پشتیوانی لە کوردەکانی باشووری کوردستان نەکات.

پەیماننامەی ئەلجەزایەر کاریگەرییەکی وێرانکەری لەسەر خەباتی چەکدارانەی بزووتنەوەی باشووری کوردستان دانا و بۆ ماوەیەک ئەم بزووتنەوەیەی سڕ کرد، بەڵام پارتی دێمۆکراتی کوردستان و کوردستانییان لە باشووری کوردستان قەت دەستهەڵگری خەبات و تێکۆشانی خۆیان نەبوون و لە ساڵانی دواتردا ئەو خەبات و تێکۆشانە بە هەندێک لە ئامانجەکانی خۆی گەیشت و خەبات بۆ ئامانجی کۆتایی کە سەربەخۆیی کوردستانە، بەردەوامە.

KURDŞOP
641 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!