شاری دێرینی شوعەیب و چیرۆکە ئەفسوناوییەکانی

شاری شوعەیب سەر بە ناوچەی هەرانی سەر بە ڕحای باکووری کوردستانە. بە گوێرەی سەرچاوەکان، شاری دێرینی شوعەیب لە سەردەمی شوعەیبی پێغەمبەرەوە ماوەتەوە.

کوردشۆپ- کوردستان وڵاتێکی زۆر دەوڵەمەندە و شوێنی زۆرێک لە شارستانییەتەکانە. زۆرێک لە ئایین و کەمینە و نەتەوە جیاوازەکان لێرە ژیاون و وەک گرینگترین شوێن بۆ ژیان دێتە ئەژمار. هەندێک جار هەندێک شارستانییەت ڕوویان لە وڵاتانی دیکە کردووە یان ناچار بوون کۆچ بکەن، بەڵام هێشتا تەلارسازی و کولتوور و ئاسەوارەکانیان لەنێو نەچوون و هەر نەتەوەیەک شتێکی بە ئاسەوارەکانی پێشووی زیاد کردووە. بەو شێوەیە کولتووری ناوچەکە و ئەم جوغرافیایە دەوڵەمەندتر بووە.

لە کوردستاندا، ڕحا یەکێکە لەو شارە دەوڵەمەندانەی کە هەم بە جوغرافیای خۆی و هەم بە فەرهەنگی خۆی، سەرنجەکان بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت. شاری ڕحا و جوغرافیاکەی، میوانداریی چەندین شارستانییەت و چەندین ئایینی کردووە. لە هەموو بەشەکانی شاری ڕحا تەلارسازی و ئاسەواری شارستانییەتە کۆنەکان بوونی هەیە. یەکێک لە شارە کۆنەکان کە میوانداریی چەندین شارستانییەتی کردووە، شاری شوعەیبە.

شاری شوعەیب سەر بە ناوچەی هەرانی سەر بە ڕحای باکووری کوردستانە. بە گوێرەی سەرچاوەکان، شاری دێرینی شوعەیب لە سەردەمی شوعەیبی پێغەمبەرەوە ماوەتەوە. شوعەیب، پێغەمبەری مەدیاکان ماوەیەک لەوێ ژیاوە و دەگوترێت هەر لەوێ کۆچی دوایی کردووە. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە مێژووی ئەم شارە دێرینە دەگەڕێتەوە بۆ ١٥٠٠ ساڵ پێش زایین. لە سەردەمی ڕۆمەکاندا ناوێکی تر بەم شارە دراوە، بەڵام هیچ سەرچاوەیەک لەو بارەیەوە نییە. تەنانەت دوای ڕۆمەکان ژیان لەم شارەدا هەبووە و دەگوترێت خەڵکی هەران هاوینیان لە شاری شوعەیب بەسەر بردووە.

کاتێک لە دوورەوە سەیری ئەم شارە دێرینە دەکەیت، لە دەشتێکی وشک و چەند وێرانەیەک دەچێت، بەڵام کاتێک نزیک دەبیتەوە، دەبینیت کە مێژوویەکی زۆر کۆن لەژێر زەویدا شاردراوەتەوە. ئەشکەوتگەلێک بە ئەندازەی جیاواز لەژێر ئەم شارەدان. دەگوترێت شوعەیبی پێغەمبەر لە یەکێک لەو ئەشکەوتانەدا ژیاوە. هەروەها ئەشکەوتەکەی وەک پەرستگایەک بەکار هێناوە. بەهۆی ئەوەشەوە گەشتیارگەلێکی زۆر سەردانی ئەو ئەشکەوتە دەکەن.

لەلایەکی ترەوە بە گوێرەی هەندێک سەرچاوە، شاری شوعەیب شوێنی کۆبوونەوەی شوعەیبی پێغەمبەر و حەزرەتی مووسا بووە. شوعەیب لە "کتێبی ڕەش"دا پێگەیەکی گرینگی هەیە. ئەو خەزووری حەزرەتی مووسا بووە و لە تەوراتدا بە ناوی ییترۆ ناوی هاتووە. بە گوێرەی تەورات، ییترۆ یان شوعەیبی پێغەمبەر ڕێبەری گەلی بتپەرست بووە و شوعەیب ویستوویەتی ئایینی خوداپەرستی بڵاو بکاتەوە و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی ڕەخنەی لێ بگیرێت و ئەو خەڵکە خۆیان لێ بە دوور دەگرت.

لە شاری شوعەیبی کۆندا چەندین نووسراو و پەیکەر لە ئەشکەوت و لەسەر بەرد دروست کراون و هەریەکەیان چیرۆکێکی هەیە و ئەو چیرۆکانەش گەیشتوونەتە سەردەمی ئێمە، بەڵام لێکۆڵینەوەی ورد لەسەر ئەو پەیکەر و نووسراوانە نەکراوە. هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن کە دەقەکان لەلایەن سووریانییەکانەوە بە ئەلفوبێی سووریانی نووسراون، بەڵام تا ئێستا ئەوەی لە دەقەکەدا گوتراوە، نادیارە. ئەگەر بەدواداچوونیان بۆ بکرێت، زۆر چیرۆک لە ئەشکەوتەکانی شاری شوعەیبدا ئاشکرا دەبن، چونکە ئەشکەوتەکانی ئەو شارە کۆنە، ئەشکەوتی ئاسایی نین. هەندێکیان ئەوەندە تێکەڵاو و سەرلێشێواون کە ڕەنگە مرۆڤەکان لەو ئەشکەوتانەدا ڕێگەی خۆیان ون بکەن. خەڵک نازانن ڕێڕەوی ئەو ئەشکەوتانە بەهۆی جوغرافیاوە ئەوەندە ئاڵۆزن یان تایبەتی بەو شێوەیە دروست کراون، ڕەنگە ئەشکەوتەکان بەو شێوەیە دروست کرابن بۆ ئەوەی زیان بە خەڵکی دەوروبەری شارەکەیان نەگەیەنن. یان ڕەنگە ئەو ئەشکەوتە سێحراوییانە تەڵەیەک بن.

شارەکە بە دیوار دەورە دراوە، تەلارسازیی خانووەکان هاوشێوەی شێوازی ڕۆمییەکانە و سەریان سێگۆشەیە، شارەکە تا ڕادەیەک فراوانە و گۆڕی تێدایە کە لەنێو بەردەکاندا دروست کراوە. ئەم شارە دێرینە کە میوانداری لە گەشتیارێکی زۆر دەکات، وەک زۆر شوێنی دیکەی کوردستان، بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خراپتر دەبێت. بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری، ڕێگە نادرێت لێکۆڵینەوەی پێویستی لەسەر بکرێت. ئەو مێژووە هەزار ساڵە لەبەر چاوی هەموومان و لە بەرچاوی هەموو دونیا، خەریکە دەڕووخێت و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر زیانی بەردەکەوێت و هیچ هەوڵێک بۆ پاراستنی نادرێت.

شاری شوعەیب بە مێژووە کۆنەکەی و چیرۆکە ئەفسوناوییەکانییەوە چاوەڕێی پاراستن دەکات. وەک چۆن مێژوو ئەرکی خۆی جێبەجێ کردووە و ئەو شارە دێرینەی گەیاندووەتە سەردەمی ئێستامان، پێویستە خەڵکیش بگەڕێنەوە بۆ ئەو شارە دێرینە و زانیاری لەسەر مێژوو و چیرۆکە ئەفسوناوییەکانی کۆ بکەنەوە.

 

 

KURDŞOP
598 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!