شۆڕشی بارزان لە باشووری کوردستان – بەشی یەکەم

- ڕۆژ قادری

 

دوای شکستهێنانی شۆڕشی شێخ مەحموود بەرزنجی لە باشووری کوردستان، ئەمجار شۆڕشی کوردی، بەشەکانی باکووری ئەو بەشەی کوردستانی گرتەوە کە بریتی بوو لەو ناوچانەی بە دەڤەری بارزان دەناسران. بنەماڵەی بارزانییەکان لە مێژووی خەباتی سیاسیی نەتەوەی کورد، ڕۆڵێکی زۆر گرینگیان گێڕاوە و بەرچاوترین کەسایەتیی ئەوان، نەمر مەلا مستەفا بارزانی بوو.

دوای کۆتاییهاتنی سەرهەڵدانی شێخ مەحموود بەرزنجی لە سلێمانی، سەرهەڵدانەکانی بارزان لە ناوچەکانی بادینان بە ڕێبەریی بنەماڵەی شێخانی بارزان دەستی پێ کرد. یەکەمین سەرهەڵدانی بارزانییەکان دژی حکوومەتی ناوەندی بەم هۆکارە دەستی پێ کرد کە شێخ ئەحمەد بارزانی بڕیاری دەسەڵاتدارانی بەغذای سەبارەت بە پەرەدان بە دەسەڵاتیان لەسەر ناوچەی بارزان و دامەزراندنی بنکەی پۆلیس لەو ناوچەیەی ڕەت کردەوە. هۆکارێکی تر هێرشی بەرفراوانی هێزەکانی شێخ ئەحمەد بوو بۆ سەر عەشیرەی برادۆست کە لەگەڵ حکوومەت هاوپەیمان بوون. ساڵی ۱۹۳۲ یەکەکانی ئەرتەشی عێراق بە پشتیوانیی هێزی ئاسمانیی بریتانیا، هێزەکانی شێخ ئەحمەدیان ناچار بە پاشەکشەکرد. شێخ ئەحمەد پەڕیوەی تورکیا بوو و دواتر وەبەر لێبوردن کەوت و لە سلێمانی نیشتەجێ بوو.

لە ئاڤریلی ۱۹۳۳دا، مەلا مستەفا لەگەڵ سێ کەس لە هاوڕێیانی، بە نهێنی سلێمانیی بەجێ هێشت و چوو بۆ بارزان و لەوێڕا خەباتی چەکدارانەی دژ بە دەسەڵاتی ناوەندی دەست پێ کرد. بە پەرەسەندنی پێکدادانی نێوان خەباتکارانی کورد و هێزەکانی سوپا و پۆلیسی عێراق، باڵیۆزی بریتانیا لە بەغدا داوای لە دەوڵەتی عێراق و مەلا مستەفا بارزانی کرد کە بابەتەکە بە گفتوگۆ چارەسەر بکەن. مەلا مستەفا بە ڕاگەیاندنی کۆمەڵێک مەرج، پێشنیاری باڵیۆزی بریتانیای قەبووڵ کرد.

مەرجەکانی مەلا مستەفا بریتی بوون لە: ۱- دەستلەکارکێشانەوە یان دوورخستنەوەی فەرمانبەرانێک کە بەرتیلیان وەرگرتووە یان لە دەسەڵات کەڵکی نابەجێیان وەرگرتووە. ۲- پێکهێنانی ویلایەتی کوردستان کە کەرکووک، سلێمانی، هەولێر، خانقین، دهۆک، زاخۆ، عمادیە، شنگال و شێخانی لەخۆ دەگرت. ۳- زمانی کوردی وەک زمانی فەرمی بناسرێت. ۴- جێگری وەزیری هەرکام لە وەزارەتخانەکان دەبێ کورد بێت. ۵- دیاریکردنی وەزیرێکی کورد کە بەرپرسی ویلایەتی کوردستان بێت.

مەلا مستەفا بوو بە بەناوبانگترین نەتەوەخوازی کورد و وەک سیمبولی بەرچاوی ناسیۆناڵیسمی بەهێزی کورد تا ساڵی ۱۹۷۹ (کاتی وەفاتی) مایەوە.

ساڵی ۱۹۴۶، پارتی دێمۆکراتی کوردستان لەدایک بوو. ئەم پارتە لە ڕەوتی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە باشووری کوردستان، ڕۆڵێکی گرینگی گێڕاوە.

کاتێک عەبدولکەریم قاسم لە ۱۴ی ژوئییەی ۱۹۵۸ سیستەمی سەڵتەنەتیی ڕووخاند و سیستەمی کۆماریی ڕاگەیاند، کارەکەی شۆڕشێک بوو نەک کودەتا. بەرەی دێمۆکراتیکی دژبەر، لەوانە پارتی دێمۆکراتی کوردستان، پشتیوانییان لێ کرد. لە یاسای بنەڕەتیی کاتی کە ڕێکەوتی ۲۷ی ژوئییەی ۱۹۵۸ بڵاو کرایەوە، بۆ یەکەمجار وڵاتێک کە بەشێک لە کوردستان، لە چوارچێوەی دەسەڵاتیدا بوو، دانی بە مافی نەتەوەیی کورددا نا. عەبدولکەریم قاسم، پارتی دێمۆکراتی کوردستانی بە یاسایی ڕاگەیاند و لە کاتی گەڕانەوەی مەلا مستەفا بارزانی لە یەکیەتیی سۆڤییەت، وەک پاڵەوانێک پێشوازیی لێ کرد.

عەبدولکەریم قاسم لەسەر بەڵێنەکانی لەبارەی یەکسانیی کورد و عەرەب، نەمایەوە و ڕێگای دیکتاتۆریی گرتە بەر و هەوڵی سەرکوتکردنی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد و پارتی دێمۆکراتی کوردستانی دا؛ بەڵام ئەمجار بزووتنەوەی کورد شکستی نەخوارد، چونکی بزووتنەوەکە لە حاڵەتی کلاسیک دەربازی ببوو و بە شێوەی سیستەماتیک و یەکگرتوو بوو. قاسم، ئەم بابەتەی بەم جۆرە نەدیتبوو و وایدەزانی کورد ناتوانێت بەرخۆدان بکات. ئەم شەڕە، قاسمی لە بواری سیاسی و سەربازی زۆر لاواز کرد.

ڕێکەوتی ۸ی فێڤرییەی ۱۹۶۳، ئەفسەرانی بەعس، قاسمیان وەلا نا و دەورەیەک لە دەسەڵاتێکی نوێیان دەست پێ کرد. دەوڵەت کە لە سەرەوەی ئەو، دوو ژێنێراڵ، واتە سەرۆککۆمار عەبدولسەلام عارف و سەرۆکوەزیران ئەحمەد حەسەن ئەلبەکر بوون، ڕێکەوتی ۱۰ی ژووەنی ۱۹۶۳ پەلاماری خاکی کوردستانیان دا.

لە ڕەوتی ئەم شەڕەدا، سوپای عێراق چەندین جار لە بەرانبەر شۆڕشگێڕانی کورد شکستیان خوارد. ڕێکەوتی ۱۸ی نوامبری ۱۹۶۳، مارشال عەبدولسەلام عارف، سەرۆککۆمار کە خۆی بە کردەوە ئەندامی حیزبی بەعس نەبوو، سەرۆکوەزیرانی بەعسیی خۆی، ژێنێراڵ حەسەن ئەلبەکری لە کارەکەی وەلا نا. ڕێکەوتی ۱۰ی فێڤرییە، عارف لەگەڵ ژێنێراڵی بارزانی، ئاگربەستی ڕاگەیاند و شەڕی دووەمی کوردەکان لەگەڵ حکوومەت کۆتایی پێ هات؛ بەڵام دوو ساڵ دواتر، ڕێکەوتی ۴ی مارسی ۱۹۶۵، شەڕ دەستی پێ کردەوە. ڕێکەوتی ۱۷ی ژووئیەی ۱۹۶۸، حیزبی بەعس کودەتای کرد.

لە ئاڤریلی ۱۹۶۹دا، ڕێژیمی نوێی بەعس، چوارەمین شەڕی کوردستانی دەست پێ کرد. لە حاڵێکدا کە شەڕ لە ئارادا بوو، ژێنێراڵ حەسەن ئەلبەکر کە وەک هەمیشە هەوڵی دەدا لە نەخشی "باوکی میللەت"دا دەربکەوێت، عەزیز شەریفی وەک نێردەی کەسیی خۆی بۆ دانوستان لەگەڵ ژێنێراڵ بارزانی نارد. ئەم گفتوگۆ نهێنییانە سەرەنجام بووە هۆی ڕێککەوتنی ۱۱ی مارسی ۱۹۷۰.

KURDŞOP
767 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!