قەڵای "بێردووک" لە ورمێ

ئاسەواری مێژوویی گوندی "بێردووک" سەر بە ناوچەی سۆمای برادۆستی ورمێ، یەکێک لە گرینگترین ئاسەوارە مێژووییەکانی کوردستانە. قەڵای "بێردووک" لە شوێنێکی سەخت و کوێستانی و نزیکی سنوورەکانی ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان هەڵکەوتووە و مێژینەکەی بۆ سەردەمی سەفەوییەکان دەگەڕێتەوە کە لەلایەن "تەقی سوڵتان بێن نەزەر بەیگ بێن غازی" بونیاد نراوە.

- ڕۆژ قادری


ورمێ

ورمێ یان ئورمیە یەکێکە لە گەورەشارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و ناوەندی پارێزگای ورمێیە. ئەم شارە ١٣٣٢ مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە و کەوتووەتە سەر چۆمی پردی سوور یان چەمی شار و لە ڕۆژھەڵاتییەوە دەریاچەی ورمێیە و لە ڕۆژاوایەوە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری باکووری کوردستان.

ورمێ کەوتووەتە شوێنێکی جوغرافیایی شازەوە و لە ٢٠ کیلۆمەتریی ڕۆژاوای دەریاچەی ورمێ ھەڵکەوتووە. ئەم شارە بە چیاکانی "سیر، پەنجە عەلی، ناوسەر، کەمەر زەرد، گردەسەر و مەلا عەلی" دەورە دراوە. لە ڕاستیدا ورمێ کەوتووەتە نێوان دەریاچەی ورمێ و ئەو زنجیرەچیاگەلەی کە وەک دیوارێک کەوتوونەتە ڕۆژاوایەوە.

ورمێ لە کۆنەوە شوێنێکی ستراتیژی بووە و ھەشت دەرگای ھەبووە کە لەژێر دەستی سوپادا بوون، دەروازەکانی ئەم شارە بریتین لە: "باڵو یان سەڵماس، تۆپراق قەڵا، سویق بوڵاق یان ھەزاران یان گازوران، بازاڕباش، ئارک، یوردشا و نۆچرینۆ".

ناوی ورمێ

وشەی ئورمیە ‌لە دوو بەشی "ئور" بە واتای شار و "میە" بە واتای ئاو داتاشراوە کە بە زمانی ئاشووری بە واتای شاری کەنار ئاو دێت. بە بۆچوونی "ڕیچارد نیڵسۆن فری"، وشەی ئورمیە لە وشەی "ئوورارتوو" ھاتووە کە ئەوکات لەژێر فەرمانڕەوای ئەواندا بووە. ناوی ئەم شارە لە سەردەمی پەھلەویدا، بەھۆی ناوی ڕەزا شا کە کاتی خۆی لەو شارەدا فەرماندەی سوپا بووە، گۆڕدرا بۆ "ڕەزایە".

قەڵای بێردووک

قەڵای بێردووک یەکێک لە گرینگترین ئاسەوارە مێژووییەکانی پارێزگای ورمێیە و لە ٦ کیلۆمەتریی گوندی بێردووک و لە ٩٦ کیلۆمەتریی شاری ورمێ هەڵکەوتووە.

ئاسەواری مێژوویی گوندی "بێردووک" سەر بە ناوچەی سۆمای برادۆستی ورمێ، یەکێک لە گرینگترین ئاسەوارە مێژووییەکانی کوردستانە. قەڵای "بێردووک" لە شوێنێکی سەخت و کوێستانی و نزیکی سنوورە دەستکردەکانی ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان هەڵکەوتووە و مێژینەکەی بۆ سەردەمی سەفەوییەکان دەگەڕێتەوە کە لەلایەن "تەقی سوڵتان بێن نەزەر بەیگ بێن غازی" بونیاد نراوە.

قەڵای بێردووک بریتییە لە: "ئاسەواری مزگەوتێک و گۆڕێک و چەند بینای تاک، بینای قەڵایەک و حەوشەیەک بۆ بەرگری، ئاوئەنبار و بینایەکی سێ قاتی لە بەشی ناوەندی، بورجی پاسەوانی".

مزگەوتی ئەم قەڵایە بە "قەڵا میر" ناسراوە و مێعمارییەکی زۆر تایبەتی هەیە.

نزیکەی ٢٧ مەتر خوارتر لە مزگەوتەکە، بینایەکی تر بوونی هەیە کە ڕێگایەکی پلیکانەیی هەیە. ئەم بینایە تاقێکی گومبەزەیی هەیە. لە ناوەوەی بیناکە پەرستگەیەک بوونی هەیە کە لە بەردگەلێکی ڕەش دروست کراوە.

قەڵای مەزنی بەرانبەری مزگەوتەکە لە بەرزاییەکانی ناوەڕاستی کێوەکە هەڵکەوتووە و بۆ گەیشتن پێی، تەنیا یەک ڕێگای چوونە ژوورەوە هەیە کە لێژاییەکی توند و مەترسیداری هەیە. لە بەشی ناوەندیی قەڵاکە ئاسەواری چەند بینا دەبینرێت کە تەنیا یەکێکیان بەباشی ماوەتەوە و وەکوو ئاوئەنباری قەڵاکە کەڵکی لێ وەرگیراوە.

وێڕای هەموو ئەمانە لە بەشی باکووریی قەڵاکە ئاسەواری بینایەکی گەورە لەسەر بەرزترین لووتکەی کوێستانەکە ماوەتەوە کە وەکوو بورجی پاسەوانیی قەڵاکە کەڵکی لێ وەرگیراوە. لەم بورجەوە هەموو دەشتی سۆما و برادۆست لە بەشی ڕۆژهەڵات، دۆڵی بێردووک و هەروەها دەشتی تورکیە لە ڕۆژاوا، دەبینرێت.

کۆتایی

پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خاوەن دەیان شوێنی گەشتیاریی سروشتی و مێژووییە کە قەڵای بێردووک یەکێک لەو شوێنە مێژووییە گرینگانەیە کە ساڵانە هەزاران گەشتیار سەردانی دەکەن. شایانی باسە کە گەشتیاران لە کاتی سەردانکردنی شوێنە سروشتی و مێژووییەکانی کوردستان دەبێ ئەم خاڵە گرینگەیان لەبەرچاو بێت کە پارێزگاریکردن و پاراستنی ئەو شوێنانە، ئەرکی هەموو تاکێکی کۆمەڵگەیە و وەک ئەمانەتێک دەبێ بۆ بەرەکانی داهاتوومانی بەجێیان بهێڵین.

 

 

KURDŞOP
631 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!