پردی دەهدەری لە ئامەدی باکووری کوردستان

بە بڕوای هەندێک لە مێژوونووسان، لە ساڵی ٥١٥، لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمدا دروست کراوە و ئومەویەکان لە ساڵی ٧٤٢/٧٤٣ ئەم پردەیان وێران کردووە، بەڵام ئەوەی بە دڵنیاییەوە دەزانرێت لە ساڵانی (١٠٦٥ - ١٠٦٧)، لەسەردەمی شانشینی کوردیی مەروانیدا دروست کراوەتەوە و وەستای دروستکردنی پردەکە یوسف کوڕی عوبەیدی سنجاری بووە.

 

کوردشۆپ- پردی دەهدەری لە ئامەدی باکووری کوردستان کە لەسەر ڕووباری دیجلە دروست کراوە، بە چەندین نای وەک پردی بێلەک و پردی دێهچەوی و پردی فارقین، ناسراوە، بەڵام ناوە کۆنەکەی پردی بێلەکە.

پردی دەهدەری بەهۆی ئەوەی دە چاوەی ئاوی هەیە پێی دەوترێت دەهدەری. ئەو پردە لە دەرەوەی شار، لە لای باشووری شاری دیاربەکر هەڵکەوتووە و ٣ کیلۆمەتر لە دەروازەی مێردینی قەڵای دیاربەکرەوە دوورە. درێژیی پردەکە ١٨٠ مەتر و پانییەکەی ٧ بۆ ٨ مەتر دەبێت. زۆربەی لە بەردی بازاڵی ڕێک و وشک دروست کراوە. پردەکە دوو بەشی هەیە. بەشی ڕۆژهەڵات و بەشی ڕۆژئاوا. لە نێوان ئەو دوو بەشەدا ستوونێکی تایبەت هەیە و ئەو ستوونەش هەردوو بەشی پردەکە بەیەکەوە دەبەستێتەوە. چونکە شەپۆلی ئاوی بەهێز لە لای ڕۆژئاوای پردەکەوە دێن و بەر پردەکە دەکەون، دیواری لای ڕۆژئاوای زۆر ئەستوور دروست کراوە و چاوەکانی فراوانتر کراوە. زۆرێک لە مێژوونووسان و بە تایبەتی مێژوونووسێک بە ناوی "کارستن نیبوهر" لە کتێبی خۆیاندا دەڵێن پردی دیاربەکر بەقەد مێژووی شارەکە کۆنە. بەڵام پردی دەهدەری کە ئێستا ئیدی پردی یەکەم نییە؛ لە سەردەمی دەوڵەتی کوردی مەروانی دروست کراوە یان لەو سەردەمەدا نۆژەن کراوەتەوە.

پردی دەهدەری لەپێش چیای چل عەزیزانە. بە بڕوای هەندێک لە مێژوونووسان، لە ساڵی ٥١٥، لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمدا دروست کراوە و ئومەویەکان لە ساڵی ٧٤٢/٧٤٣ ئەم پردەیان وێران کردووە، بەڵام ئەوەی بە دڵنیاییەوە دەزانرێت لە ساڵانی (١٠٦٥ - ١٠٦٧)، لەسەردەمی شانشینی کوردیی مەروانیدا دروست کراوەتەوە و وەستای دروستکردنی پردەکە یوسف کوڕی عوبەیدی سنجاری بووە.

 

هەروەها مێژوونووسان "م.ڤان بێرچێم" و "ئەلبێرت گابرێل" دەڵێن، لە سەردەمی کۆندا ئەم پردە هەبووە، بەڵام هەر جارێک هێزەکان دەیانویست شاری دیاربەکر گەمارۆ بدەن و دەستی بەسەردا بگرن، ئامانجی سەرەکییان ئەو پردە بووە. هەر بۆیە هەر هێزێک لە دیاربەکر لەسەر دەسەڵات بووە پردەکەی وێران کردووە و دواتر کە هێزە هێرشبەرەکان کشاونەتەوە پردەکە دیسان نۆژەن کراوەتەوە. بە واتایەکی تر دەتوانین بڵێین لە هەموو شەڕێکی سەر دیاربەکردا پردی دەهدەری بووەتە ئامانجی یەکەم و سەرەکیی دوژمن. لە ساڵی ٩٧٤ کاتێک ئیمپراتۆری بیزەنتین یوحەننای یەکەم تزیمیسکیس گەمارۆی شاری ئامەدی دا، پردەکەی وێران کرد.

نووسراوی سەر دیواری پردەکە لە ساڵی 1065 هەڵکەندراوە و تا ئێستاش هەر لەوێیە، باس لەوە دەکات کە پردەکە لەلایەن پاشای مەروانی نیزامولدەولەوە دروست کراوە و وێنەی ئەو نووسراوەیەش بەم شێوەیەیە:

وەرگێڕانی دەقی سەر پردەکە بە زمانی کوردی بەم شێوەیەیە:

بۆ بەدەستهێنانی ڕەحمەت و خێری خودا قازانج بکە. میری بەڕێزمان، ئاغامان، نیزەمەددین، دەسەڵاتداری دەوڵەت، شکۆمەندیی ئیسلام (خوای گەورە حوکمڕانییەکەی درێژتر بکاتەوە، سەرکەوتنەکانی زیاد بکات و هیدایەتی بدات). .. فەرمانی کرد و پارەی بۆ دروستکردنی خەرج کرد. ئەمەیش ... لە ژێر بەرپرسیارێتی قادی عەبدولحەسەن عەبدولواحید و لەلایەن وەستای دیواران، ساجەر(؟)* کوڕی عوبەید، لە ساڵی ٤٥٧** دروست کراوە.

ڕووباری دیجلە بۆ ئامێدییەکان پیرۆزە. خەڵکی دیاربەکر پێیان وایە ئاوی دیجلە ڕاستەوخۆ بەرەو بەهەشت دەڕوات و خودا و فریشتەکانی لە بەهەشتن. لەسەر بنەمای ئەو باوەڕە ژن و کچانی دیاربەکر داواکاری و هیوا و گلەییی خۆیان لەسەر کاغەز دەنووسن و لە ئێوارەی ڕۆژی جێژنی قورباندا دەچنە سەر پردی دەهدەری. دەست دەکەن بە نزاکردن و نامەکانیان کە پێشتر ئامادەیان کردووە لە پردەکەوە فڕێ دەدەن. بە پێی هەمان بیروباوەڕ نامە دەچێتە بەهەشت. ئەو پیتانەی لەگەڵ ئاوەکەدا دەڕۆن زۆر زوو دەگەنە دەستی خودا و داواکاری و دوعاکانیان قبوڵ دەکرێت.

 

 

KURDŞOP
510 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!