دەسەڵاتی میرانی کوردی دۆنبۆلی لەسەردەمی قەجەر دا

 

 

پاش مردنی کەریمخانی زەند، کێشەیەکی زۆر لە نێو وەچەکانی خانەدانی زەنددا بۆ دەستەبەر کردنی دەسەڵات هەڵداییسێ و لە کۆتاییدا «لوتفعەلی خانی زەند» برازازای کەریمخان کە تەنیا نۆزدەساڵی بوو، بەسەر ئەوانی تردا سەردەکەوێ، بەڵام ئەوجار دەبێ لەگەڵ «ئاغامحەممەدخانی قەجەر» کە پێشتر لە دوو دیوەخانی ئەفشار و زەنددا ساڵیانێکی زۆر بە بارمتە گیرابوو، لەسەر دەسەڵات دەستەویەخە دەبێ و پاش شەڕ و پێکدادانێکی زۆر چەوت و گەلێک ڕووداوی ناخۆش، لوتفعەلی خان کایەی سیاسی دەدۆڕێنێ. هاوکات لەگەڵ ئەو  هەنگامە سیاسییە، لە ساڵی ١٧٨٣ی زایینیدا «لوویی شازدەهەم» پادشای فەڕانسە ڕاسپاردەیەک بە نێوی «کۆنت دۆفێریر» بۆ ئێران بەڕێ دەکا، بەو هیوایە کە کۆنت بتوانێ لە دروستبوونی گرێبەستی سیاسی لە نێوان ئێران و عورووس و ئۆتریش( ئاستریا، نەمسا) لەمپەر دابنێ و ئێران هان بدا بۆ داگەڕان بەرەو دەوڵەتی عوسمانی.

"کۆنت دۆفرییێر" ڕاسپاردەی دەوڵەتی فەڕانسە، کە شاهیدی ئەو پشێوی و ئاڵۆزییەی نێوان خوازیارانی دەسەڵات لە ئێراندا دەبێ، داوا لەدەوڵەتی فەڕانسە دەکا بۆ بەربەرەکانی لە گەڵ عورووس، کە لە بنەوە یارمەتیی ئاغامحەممەدخانی قەجەری دەدا، یارمەتیی ئەحمەدخانی دۆنبۆلی بدا بۆ دەسەڵاتداریی تەواوی ئێران و تەنانەت زۆربەی گەورەپیاوانی دۆنبۆلی داوای لێ دەکەن کە هەستێ و دەسەڵات بۆخۆی پاوان بکا چونکە بە ڕای وان لە هەموولایەکەوە هەم بۆی دەلوا و هەم شایانی پادشایی بوو، بەڵام ئەحمەدخان وڵام دەداتەوە کە لەسەر وەسیەتی باب و باپیرانی، دەبێ هەر بەسەرۆک عەشیرەتی دۆنبۆلی پێمل بێ و زیاتر قەراخی لێ نەکێشێ .

ئەوەی ڕاستی بێ ئەوەیە کە دەکرێ بوترێ دەسەڵاتی دۆنبۆلییەکان لە سەردەمانی زنجیرە پاشایەتیی هەوشار و زەند و تەنانەت سەرەتای قەجەرەکان، دەسەڵاتێکی پتەو بووە و بۆ جاری دووهەم لە سەردەمی فەتحعەلیشای قەجەردا، دۆنبۆلیەکان دەبنەوە بە بیگلەر بەیگی شاری تەورێز کە بە پێوانەی سیاسی حەستەم ترین ناوچەی سیاسیی ئێرانی ئەوسەردەم بوو.

هەڵبەت وەک پێشتر باسمان کرد، دۆنبۆلیەکان هەر پێش دەسەڵاتی زەند پەیوەندییان لە گەڵ قەجەر خۆش بوو، بە جۆرێک کە حەمەحەسەنخانی قەجەر، زۆری ڕێز بۆ نەجەفقولی بەیگی دۆنبۆلی دادەنا و ئەوی وەک «ئەتابەگ» و بەرپرسی پەروەردەی ئاغامحەممەدخانی کوڕی دەسنیشان کردبوو.

هەروەها ئاغامحەممەدخان کۆتایی بە تاراندنی میرانی دۆنبۆلی لە شیراز هێنا کە پێشتر لە لایان کەریمخانەوە بە بارمتە گیرابوون و بەوجۆرە بنەماڵەی دۆنبۆلی گەڕانەوە بۆ ناوچەی "خۆی"، هەرچەند ئێستا دوو وەچەیان لێ کەوتبۆوە و ڕکابەری کەوتبووە نێوانیان.

بە جۆرێک کە پاشی ئەوەی لە لایان ئاغامحەممەدخانەوە، حوسێنقولی خانی دۆنبۆلی (لە وەچەی ئەحمەدخانی گۆرین) وەک بیگلەربەیگی ویلایەتی خۆی هەڵبژێردرا، براکەی جەعفەرقولی خان لەلای دەسەڵاتداری قەجەر زۆری شۆفاری لە براکەی کرد و لە کۆتاییدا  توانی دەزگای قەجەر ڕازی بکا بۆ ستاندنی دەسەڵات لە "خوداداد خان" و بەوجۆرە جەعفەرقولی دەسەڵاتی بۆخۆی دەستەبەر کرد و بوو بە بیگلەربەیگی هەموو ئازەربایجان و «بیووک خان»ی کوڕی بە بارمتە لە دیوەخانی شای قەجەر مایەوە. مێژوونووسانی ئێران دانی خێر بە کەسایەتیی سیاسی جەعفەرقولی خانی دۆنبۆلیدا ناهێنن و پێیان وایە ئەو بە نزیک بوونەوە لە عوسمانی و تێکهەڵچوون کە گەڵ عورووس، بوو بە یەکێک لە سەرەکی ترین هۆکارەکانی دەسپێکردنی شەڕە درێژخایەن و نەگبەتیەکانی نێوان ئێران و عورووس کە سەرەنجامەکەی بە بڕیارنامەی «گوڵستان» و « تورکەمەنچای» کۆتایی پێ هات؛ بە پێی هەرتک بڕیارنامە دە شار لە شارەکانی ئێران بەلای زەریای خەزەرەوە وێڕای بەشێک لە تالێش و ویلایەتەکانی ئێرەوان و نەخجەوان و ئەرمەنستان و بەشی باکووری ئازەربایجان لە ئێران جیاکرایەوە و کەوتە سەرخاکی عورووس و هەروەها مافی کاپیتۆلاسیۆن لە ئێراندا بۆ عورووسەکان پاوان کرا.

سنووری دەسەڵاتی میرانی دۆنبۆلی

 لە نێوان ململانێی نێوان ئێران و عورووسدا، «عەبباس میرزا» شازادەی جێنشینی فەتحعەلیشای قەجەر بە لەشکرەوە ڕوو دەکاتە خۆی و بە بیانووی شکایەتی خەڵکی شاری «شەککی» لەشارەکانی قەوقاز، لە جەعفەرقولیخان، لەگەڵ ئەو میرە دۆنبۆلیە تێک هەڵدەچن و لە ئاکامدا سپای دۆنبۆلی تێک دەشکێ و جەعفەرقولی خان پەنا دەباتە بەر دەوڵەتی عوسمانی؛ هەرچەند پاش ئەوشەڕە دیسان میرایەتی  شاری خۆی بە نێو، دەسپێردرێتە "مەحموود خان"ی دۆنبۆلی، کە باوەڕ پێکراوی دەزگای قەجەر بووە و لە زۆربەی شەڕەکانی قەجەردا کاربەدەست بووە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە کۆتایی دەسەڵاتی زنجیرە میرایەتی کوردانی دۆنبۆلی بوو لە مێژوودا؛ کە یەکێک لە گرینگترین هۆکارەکانیشی بە پێی ئەوەی باسمان کرد، داگەڕانی میرانی دۆنبۆلیە بەرەو عورووس کە لە چاخی کۆماری کوردستانیشدا بە ڕاشکاوی دەبینرێ و بە پتوونی دەکرێ بڵێین داگەڕانی کوردان بەرەو عورووس ڕاست لە میرانی کوردی دۆنبۆلی وەک «ئەمیر ئەسڵان خان» و «جەعفەر قولی خان»ەوە دەست پێدەکا.

لەوەش ڕا کە کوردەکان لە تەواوی ماوەی دەسەڵاتی سەفەوییەدا لە نێوان سەفەوی و عوسمانیدا و بۆ پاراستنی مڵکی میراتی، هەمیشە مەجبوور بە داگەڕان بۆ لایەنی بە هێزتر دەبوون، سەیر نیە کە بێچمگرتنی دەسەڵاتێکی بە هێزتر لەو دووانە وەک عورووس، لە جیرانەتیی کوردوستاندا، میرانی کوردی هێنابێتە سەر ئەو باوەڕە کە ڕەنگ بێ پشت بەستن بە عورووس، بایەخی سیاسیی زیاتری بۆ پاراستتنی دەسەڵاتی کوردی بێ، تا پشت بەستن بە ئێران و عوسمانی.

خانەدانی دۆنبۆلی بێجگە لە درەوشانەوەی سیاسی، کەسایەتیی فەرهەنگی و ئەدەبیی باشیان یەکجار زۆرە و تا عەیامێکی زۆر پاش کۆتایی دەسەڵاتیان، لە دەزگای سیاسیی قەجەردا وەک ڕوخساری ڕۆشنی فەرهەنگی، دەردەکەون. بە ناوبانگ ترینیان «عەبدولرەزاق بەیگی دۆنبۆلی» مێژوونووسی گۆرینە کە کوڕی "نەجەف قولی خان" بوو. ئەو کەسایەتییە، تافی لاویی خۆی لە شیراز تێپەڕ کردووە و پەروەردەی  ئەدەبی ترین شاری ئێران بووە و بە ناسناوی« مەفتوون» بە ناوبانگە. مەفتوون بە تایبەت لە لایان «قایم مەقام فەراهانی» سەدری ئەعزەمی "محەممەد شا"ی قاجار کە خۆی کەسایەتییەکی ئەدەبیی سەردەمی قەجەرە، ستایش کراوە. ئەو کتێبە باشانە کاری ئەو مێژوو نووسەن: "ماثرالسلطانیە"، "حدائق الادبا"، "تجربە الاحرار و تسلیە الابرار"، "همایون نامە"، "نگارستان دارا"، "ریاض الجنە"،وەرگێڕانی سەفەرنامەی کڕۆسینێسکی(سەفیری پۆلۆنیا بۆ ئێرانی سەردەمی سەفەوی).

یەکێکی تر لەو کەسایەتییە شازانە «مەحموود خانی دۆنبۆلی» لە وەچەکانی شابازخانە. ئەو کەسایەتیە پزیشک و ئەدیب و شاعیری دیوەخانی فەتحعەلیشای قەجەر بووە کە تا کۆتایی لەگەڵ قەجەرەکاندا دەمێنێتەوە. هەروەها خانەدانی دۆنبۆلی ژنی سالار و زاناشیان بووە. لەسەردەمی فەتحعەلیشادا کە ژنی ئەدیب و شاعیری باشی وەکوو "مەستوورەی ئەردەڵان" و "حوسنی جەهان خانم"ی والیە و "بەیگم خانمی کاشی" و… دەرکەوتوون، لە خانەدانی دۆنبۆلیشدا «حەیران خانمی دۆنبۆلی» کچی "کەریم خانی دۆنبۆلی" دەردەکەوێ کە بە سێ زمانی کوردی و تورکی و فارسی شیعری هەیە.

ئەو دووبەیتەی خووارێ شیعری حەیران خانمن:

 

پرسی اگر ز نسبت «حیران» دلفگار

از خادمان شیر خدا، شاه دین، علی است

باشد ورا حسب، ز عزیزان نخجوان

او را ولی، نسب ز کریم خان دنبلی است

 

حەیران خانم بە نووسینی ٣٥٨٨ بەیت شیعر کە بریتین لە:٣٣٣غەزەل، ٦٨چوارینە،٢ موستەزاد، ١٦ مەسنەوی، ٨ موسەممەت، ٢ تەرکیب بەند، ٣ قەتعە،٥ قەسیدە، و ٢ قەسیدە-غەزەل وهەندێ شیعری تورکی، یەکێک لە پڕکارترین شاعیرانی کوردی سەردەمی خۆی و تەنانەت ئێران بووە.

هەروەها بێجگە لەو دووکەسە، کەسانی شایستەی باسی دیکەش لە خانەدانی دۆنبۆلیدا هەڵکەوتوون .

 

KURDŞOP
641 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!