بازاڕی داپۆشراوی مێژوویی شاری ورمێ

سەقفی ئەم بازاڕە بە تێپەڕبوونی کات لە هەندێک شوێن داڕماوە و لە ساڵانی ڕابردوودا لەلایەن میراتی ڕۆشنبیرییەوە نۆژەن کراوەتەوە. هەروەها بازاڕی مێژوویی شاری ورمێ لە ٧ بەشی جیاواز پێک هاتووە.

شادی

کوردشۆپ- بازاڕی مێژوویی شاری ورمێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەکێکە لە شوێنە مێژووییەکانی ئەو شارە کە ئاسەوارە کۆنەکانی لە سەردەمی سەفەوییەوە تا ئەمڕۆ ماونەتەوە. ئەم بازاڕە کە لە ئێستادا یەکێک لە ناوەندە ئابوورییە کۆنەکانی شاری ورمێیە، دەکەوێتە سەر ڕێگای ئیمامی ئەو شارە.

بازاڕی ورمێ بە درێژایی مێژوو لەگەڵ بازاڕەکانی خۆی، تەورێز و کافکاسیا پەیوەندیی هەبووە و پاناییەکەی ٥ هێکتارە و ئێستا نزیکەی هەزار دووکانی لێیە.

ئەم بازاڕە داپۆشراوە کە دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی ورمێ، تەلارسازییەکی سادەی هەیە کە نەخشی هونەری و دیکۆراتی وەک کاشیکاری و نیگارکێشانی بازاڕە ئاساییەکانی دیکەی ئێرانی تێدا نابینرێت.

بازاڕەکە بە تەواوەتی لە خشت دروست کراوە و لە چوارڕێیانی جیاواز پێک هاتووە. سەقفی بازاڕەکە لە کەوانە و قوبەی یەک لە دوای یەک پێک هاتووە و لەم ساڵانەی دواییدا نۆژەن کراوەتەوە و زۆر سەرنجڕاکێشە.

هەروەها ئەم بازاڕە وەک زۆربەی بازاڕەکانی ئێران لە بەشی جیاجیا وەک خانوو، حەمام، کۆشک و مزگەوت پێک هاتووە کە ئەمەش دەوڵەمەندی و دێرینیی ئەم بازاڕە مێژووییە بە درێژایی مێژوو نیشان دەدات. بەشێک لەم بازاڕە هی سەردەمی سەفەوییە و بەشێکی لە سەردەمی زەند و قاجاردا بە بازاڕەکە زیاد کراوە. ئەم بازاڕە لەم بەشگەلە پێک هاتووە: عەتاران، نیگارکێشان، بەردتاشین، چەقۆسازی، بازاڕی میرزا حوسێن ئاغا، پیشەی کاری دەستی و و حەڵەبیسازی و... .

سەقفی ئەم بازاڕە بە تێپەڕبوونی کات لە هەندێک شوێن داڕماوە و لە ساڵانی ڕابردوودا لەلایەن میراتی ڕۆشنبیرییەوە نۆژەن کراوەتەوە. هەروەها بازاڕی مێژوویی شاری ورمێ لە ٧ بەشی جیاواز پێک هاتووە.

بازاڕی ورمێ یەکێک لە شوێنە هەرەگرینگەکانە کە گەشتیاران سەردانی دەکەن و لەو بازاڕە شت دەکڕن. ئەم بازاڕە ساڵی ١٩٨٣ لە لیستی میراتی نەتەوەیی ئێران تۆمار کراوە.

KURDŞOP
570 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!