دەسەڵاتی زنجیرەی میرانی کوردی دۆنبۆلی لەسەردەمی سەفەوییەکاندا

 

 

"کوردانی دۆنبۆلی" یەکێک لە عێلە کوردەکانی نیشتەجێی ناوچەی "خۆی" و "سەڵماس" لە  پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوون کە لە سەدەی چواری کۆچی مانگییەوە نێویان لەدەقەکانی مێژژووی ئێران دا دەزرینگێتەوە. خانەدانی دۆنبۆلی لە سەردەمی سەفەوییەکان ( ۱۷۳۶-۱۵۰۱زایینی)، هەوشارەکان(١٧٣٥-1803)، زەندییەکان (1794-1751) و قەجەرەکان(۱۹۲۵-۱۷۹۶) دەسەڵاتداری بەشێکی زۆری ناوچەی ئازەربایجانی ئێرانیان کردووە.

 بە پێی دەقی شەڕەفنامە دۆنبۆلییەکان لە ویلایەتی "بۆختی" واتە "بۆتان"ەوە هەڵدەستن و بەرەو ڕۆژهەڵات کۆچ دەکەن و لە ناوچەی ئازەربایجانی ئێران دەگیرسێنەوە. دۆنبۆل بە پێی نووسینی شەڕەفخانی  بدلیسی لە مێژووی شەڕەفنامەدا ناوی یەکێک لە شاخە هەرە دیارەکانی "دیاربەکر" بووە. هەرچەند لە نێوان مێژوونووسان دا  باوەڕێکی تر هەیە کە بە  پێی ئەو بڕوایە ڕەچەڵەکی ئەوان دەگەڕێتەوە سەر «یەحیای بەرمەکی» کە لە وەزیرە شازەکانی دەزگای خەلافەتی عەبباسی بوون و لە ڕیشەوە خەڵکی شاری « بەلخ»ی ئەفغانستان بوون، بەڵام ئەوە تەنیا ڕای یەک کەس لە مێژوونووسانە کە بەڵگەیەکی باوەڕ پێکراویش بۆ وتەکەی ناهێنێتەوە و باقی نووسەران وەک "شەڕەفخانی بەدلیسی" و "نادر میرزا" (نووسەری کتێبی تاریخ و جغرافیا دارالسلطنە تبریز) و "موحەممەد ئەمین زەکی" و "بابا مەردووخ ڕووحانی" هەموو لە سەر کورد بوونی کوردانی دۆنبۆلی کۆکن و پێداگری دەکەن.

دۆنبۆلیەکان لە پێشدا لەسەر ئایینی ئیزەدی بوون بەڵام پاش نیشتەجێبوون لە ئازەربایجان ئایینی ئیسلام و ئایینزای سوننی هەڵدەبژێرن و دواتریش لە زەمانی شاعەبباسی سەفەویدا بە پێشەنگایەتیی "سەلمان خانی دۆنبۆلی" ڕوو لە  ئایینزای سووننی وەردەگێڕن و ڕوو دەکەنە مەزهەبی شیعە و ئیتر لە مێژوودا وەک ئەهلی تەشەییوع دەناسێنرێن.

یەکەم دەسەڵاتداری دۆنبۆلی کە ناوی لە مێژوو دا تۆمار کراوە، "شەمسولمولکی دۆنبۆلی" بووە کە شاری خۆی بە ناوەندی دەسەڵاتداریی خۆی هەڵدەبژێرێ. شەمسولمولک لە دیوانە شیعری گەورە شاعیری فارس واتە « خاقانی»دا  زۆر ستایش دەکرێ و بەڕێزەوە ناوی هاتووە.

هاوکات لەگەڵ پاشایەتیی "شا تەهماسب"ی سەفەوی، "حاجی بەیگی دۆنبۆلی" لە لایەن سەفەوییەکانەوە بە فەرمی دەبێتە دمڕاستی ئێران بۆ ئاگاداریی سنوورەکانی نێوان ئێران و عوسمانی لە ناوچەی دەسەڵاتداریی خۆی لە ئازەربایجاندا و ناسناوی «سوڵتان»ی لە لایەن شاوە پێ دەبەخشرێ. بەڵام هێندی پێ ناچێ کە لەگەڵ کوردانی عێلی« مەحموودی» کە ئەوانیش هەر لە جیرانەتیی ئەواندا دەژیان، تێک هەڵدەچن و لەو کێشەیەدا دەوڵەتی عوسمانی لایەنگریی تایفەی مەحموودی دەکا. کوردانی دۆنبولیش بۆ پاراستنی خۆیان ناتوانن پشت بە دەوڵەتی ئێران ببەستن و لەو ململانێ درێژ خایەنانەدا زۆر جاران دەبنە شوێنکەوتووی دەسەڵاتی عوسمانی و هەر ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی شاتەهماسب ڕقیان لێ هەڵگرێ و چوارسەد پیاویان لێ بکووژێ. تەنانەت بەوەش ڕازی نابێ و نزیکەی سی کەس لە عێلی دۆنبۆلی کە لە دەزگای سیاسیی سەفەوییەدا مووچەخۆر و کاربەدەست بوون، لەسەر فەرمانی شاتەهماسب دەکوژرێن. هەر لەسەر ئەوە عەشرەتی دۆنبۆلی بۆ جارێکی دیکە ڕوو دەکەنە دەوڵەتی عوسمانی و لەلایەن سوڵتانی عوسمانییەوە دەسەڵاتی ناوچەی «قوتوور»یان پێ دەسپێردرێ؛ بەڵام هێندی پێ ناچێ کە دیسان ڕوو دەکەنەوە دەرباری سەفەوییەوە و شاتەهماسب کوڕەکەی حاجی بەیگ وەک ئەمیر هەڵدەبژێرێ و هەندێکی دیکە لە کەسایەتییە لێهاتووەکانی خانەدانی دۆنبۆلی وەک کاربەدەستی کاروباری حیساب و ماڵیات هەڵدەبژێرێ و ئیشی گەورەیان دەخاتە ئەستۆ و متمانەیان پێ دەکاتەوە.

هاوکات لەگەڵ دەسەڵاتداریی شاعەبباسی یەکەمی سەفەوی، دۆنبۆلییەکان لە دەزگای دەسەڵاتدا زیاتر دیارن و لە ئازادکردنی تەورێز لە دەس دەوڵەتی عوسمانی بە قازانجی سەفەوییە شەڕ دەکەن و ڕۆڵی باش و کاریگەر لەبەرژەوەندیی سەفەوییەکان دەگێڕن. بۆ وێنە "سەلمان خانی دۆنبۆلی" کە سوڵتانی ناوچەی «چۆرس» بووە، بە نوێنەرایەتیی سەفەوییە لە گەڵ محەممەد پاشای ڕاسپاردەی عوسمانی لەسەر سنوور بەشەڕدێت و شکست بە سپای عوسمانی دێنێ و دەزگای سەفەوییە پاداشتی دەکا و دەسەڵاتی سەلمان خان  تا پلەی «بیگلەربەیگی» کە پلەیەکی باڵایە لە سیستەمی دەسەڵاتداریی سەفەوییەکان بەرز دەکاتەوە و وەک بەیگلەربەیگی شاری تەورێز کە سەردەمێک ناوەندی دەسەڵاتی سەفەوییەکان بووە، هەڵدەبژێردرێ. بێجگە لە سەلمان خان، ناوی ئەمیرانی دۆنبۆلی بۆ بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی ناوچەکانی تری ئێرانیش، درەوشاوەیە و هەر ئەوەش شاندەری ئەوەیە کە شاعەبباس متمانەیەکی زیاتری بە کوردانی دۆنبۆلی بووە.

"عەبدولرەزاق بەیگی دۆنبۆلی"  خاوەنی کتێبی "ماثر السلطانیە" کە خۆی مێژوونووسی دەزگای قەجەرەکانە و بە ڕەچەڵەک لە بنەماڵەی عێلی دۆنبۆلیە، باسی خۆڕاگریی "شاباز خانی دۆنبۆلی" لە هەمبەر هێزەکانی عوسمانیدا دەکا کە لەسەردەمی دوواهەمین شای دەسەڵاتی سەفەوی واتە "شا سوڵتان حوسێن" بۆ ماوەی نۆ مانگ بە دژی لەشکری عوسمانی دەوەستێ و لە کۆتاییدا بە بێ ئەوەی لەلایەن ئێرانەوە یارمەتییان بۆ بێ، سپای دۆنبۆڵیەکان دەوام ناهێنێ و  شاری خۆی کە ناوەندی دۆنبۆلییەکان بوو شکستی پێ دێ و "نەجەف قولی بەیگ"ی دۆنبۆلی کوڕی شاباز خان و بابی واتە "عەبدولرەزاق بەیگ"ی نووسەر، لەلایان سپای عوسمانیەوە بە دیل دەگیرێن و کۆتاییی دەسەڵاتی سەفەوی، کۆتاییەکی ناخۆش بۆ دەسەڵاتی کوردانی دۆنبۆلی لە ناوچەی ئازەربایجان بەدی دێنێ؛ بەڵام ئەوە بە مانای کۆتاییی دەسەڵاتی دۆنبۆلیەکان نییە و حوکماتەکەیان لە داهاتوودا سەرهەڵدەداتەوە.

KURDŞOP
650 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!