لە ژێر قەڵای مێژووییی زێرزەڤان لە باکووری کوردستان، باڵەخانەی زۆر گەورە دۆزرانەوە

کۆشکون ڕوونی کردەوە کە لەسەر ڕووی قەڵای زێرزەڤان شارێکی گەورە هەیە، بەڵام بەو کارانەی کە کردمان، شارێکی گەورەی ژێرزەمینییش دەستنیشان کرا. بە تایبەتی لە ڕێگەی کارەکانی جیۆڕاداری، پێکهاتە زۆر گەورەکانی ژێر زەوی دەستنیشان کراون.

کوردشۆپ- قەڵای زێرزەڤان لە دیاربەکر کە مێژوویەکی کۆنی هەیە، سێ هەزار ساڵ لەمەوبەر، وەک بنکەیەکی سەربازیی گەورەی ڕۆما بەکارهێنراوە. لە ڕێگەی ڕاداری جیۆلۆجییەوە کە بە ناوی "جیۆرادار" ناسراوە، بینای زۆر گەورە لە ژێر ئەو قەڵایە دۆزراوەتەوە.

قەڵای زێرزەڤان دەکەوێتە شارۆچکەی چناری سەر بە پارێزگای ئامەد لە باکووری کوردستان و دەکەوێتە سەر ڕێگای نێوان ئامەد و ماردین. شایەتحاڵی زۆرێک لە شارستانییەتەکانی مێژوو بووە و بە تایبەتی بە ئۆردووگای سەربازیی سنووری ڕۆمانی ناسراوە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئاشوورییەکان لە ٨٨٢ - ٦١١ پێش زایین. لە سەدەی سێیەمی زایینیدا و لە سەردەمی ڕۆمادا واتە لە سەردەمی ڕۆمییانی سەڤەرۆسیدا لە ساڵانی ١٩٨-٢٣٥ی زایینی وەک شوێنێکی سەربازی بەکارهاتووە و بەو شێوەیە بەردەوام بووە تا لە ساڵی ٦٣٩ لەلایەن سوپای ئیسلامییەوە داگیر کراوە. قەڵای زێرزەڤان لە ساڵی ٢٠٢٠دا بە شێوەیەکی کاتی لە لیستی میراتی جیهانیدا تۆمار کراوە.

قەڵای زێرزەڤان بۆ جێگیرکردنی هێزی سەربازی بە دیوارێک دەورە دراوە کە درێژییەکەی ١٢٠٠ مەتر و بەرزییەکەی ١٢ بۆ ١٥ مەتر دەبێت. ئەو شوێنەی بینای گشتیی لێیە لە ناوچەی باشوورە و بورج و تاوەری بەرزی ٢١ مەتریی تێدایە کە بە مەبەستی چاودێری دروست کراون. هەروەها کڵێسا و بینای ئیداری و کۆگای چەک و هەروەها شوێنی قوربانیدان کە لە بەرد دروست کراون. هێشتا بیناگەلێک لەو شوێنە ماون کە ئەم شێوازە تەلارسازییەیان هەیە. لە لای باکوورەوە ڕێگا و شەقام و کۆڵان و باڵەخانە هەیە.

بیری ئاو، کڵێسایەکی ژێرزەوی، پەناگەیەکی ژێرزەوی و هەروەها مەعبەد یان پەرستگایەکی میترا (میتراس) لەسەر سنووری ڕۆژهەڵاتی ڕۆما لەو شوێن و ناوچەیەی بیناکانی لێیە دەستنیشان کراون. لە دەرەوەی دیوارەکان، کەناڵەکان هەن کە ئاو بۆ ئەم شوێنی نیشتەجێبوونە دابین دەکەن و قاپی قوربانیکردن و کانگای بەرد و لە ناوچەی گۆڕستانیشدا گۆڕی بەردین و گۆڕی بەگومبەز هەیە.

لە هەڵکۆڵینەکانی قەڵای زێرزەڤان کە لە ساڵی ٢٠١٤ دەستی پێکرد، سەدان ئاسەواری مێژوویی دەرکەوتن. دوای گەڕان بە "جیۆڕادار"، تیمی لێکۆڵینەکە پشتڕاستیان کردەوە کە بینای ژێرزەمینیی زۆر گەورە دۆزراوەتەوە. هەر بۆیە جارێکی دیکە تیمەکانی هەڵکۆڵین دەست دەکەنەوە بە گەڕان بەدوای سیحر و نهێنیی پەرستگای میترا.

بەرپرسی هەڵکۆڵینەکانی قەڵای زێرزەڤان "دۆچەند د. ئایتاچ کۆشکون" ڕایگەیاند پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی ئەو بینایانە تەواو بووە و لە ماوەیەکی کورتدا لە قەڵای زێرزەڤان و تاوەری باشوور و کەنیسەی گەورە، کارەکانی نۆژەنکردنەوە دەست پێ دەکەن.

هه ڕوەها باسی لەوه کرد که چالاکییەکانی تیمی هەڵکۆڵین و لێکۆڵینەوە بەردەوام دەبن و وتی: "یەکێک له بواره گرنگەکانمان، هەڵکۆڵین له ناوچه ی "میترای پیرۆزە. ئێمە پێمان وایە زۆر پرسیاری نەزانراو سەبارەت بە میترا وڵام دەدرێتەوە. پرسیار و بابەتی زۆر هەیە و باوەڕم وایە تا کۆتاییی ئەمساڵ هەندێک لە لایەنە شاراوەکانی میترا لە ڕێگەی ئەو هەڵکۆڵینانەوە وڵام دەدرێنەوە".

کۆشکون ڕوونی کردەوە کە لەسەر ڕووی قەڵای زێرزەڤان شارێکی گەورە هەیە، بەڵام بەو کارانەی کە کردمان، شارێکی گەورەی ژێرزەمینییش دەستنیشان کرا. بە تایبەتی لە ڕێگەی کارەکانی جیۆڕاداری، پێکهاتە زۆر گەورەکانی ژێر زەوی دەستنیشان کراون.

پرۆفیسۆر د. ئایتاچ کۆشکون وتیشی، "ئەو بینایانە 4 بۆ 5 نهۆمیان هەیە" و ڕوونی کردەوە: "ئەم بینایانە ئەوەندە گەورەن کە هەزاران کەس لەخۆدەگرن. دەکرێ بگوترێ شاری ژێرزەوی لە شاری سەرزەوی گەورەترە و ئێمەش بەهۆی ئەوەوە هەڵکۆڵینەکان دەست پێدەکەین. هەزاران ئاسەوار لە قەڵای زێرزەڤان دەرکەوتن. ئێستا، ١٢٠ دانەیان لە مۆزەخانەی شوێنەوارناسیی ناو قەڵاکە نمایش کراون. پڕۆژەی مۆزەخانە بۆ داهاتوویەکی نزیک پلانی بۆ دانراوە."

KURDŞOP
533 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!