- ڕۆژ قادری
بۆ باسکردن و پەرژانە سەر پەیمانی لۆزان، سەرەتا دەبێ ئاوڕێک لە جەنگی جیهانیی یەکەم بدەینەوە، هەروەها ناکرێت بەبێ باسکردن لە پەیمانی "سیڤەر"، بپەرژێینە سەر پەیمانی لۆزان.
جەنگی جیهانیی یەکەم
جەنگی جیهانیی یەکەم کە وەک جەنگی گەورەش دەناسرێت، جەنگێکی جیهانی بوو کە ڕێکەوتی ۲۸ی ژوئییەی ۱۹۱۴ دەستی پێ کرد و هەتا ۱۱ی نۆڤامبەری ۱۹۱۸ی زایینی درێژەی کێشا. وڵاتگەلێکی زۆر لەم جەنگەدا تێوەگلان و بە میلیۆنان مرۆڤ بوونە قوربانی و زیانەکانی تا ئەو کات، لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بێوێنە بوو.
جەنگی جیهانیی یەکەم لە بەرچاوترین ڕووداوەکانی مێژووی مرۆڤایەتییە و بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە دیاریکردنی مێژووی سەدەی بیستەمدا ڕۆڵێکی گەورەی هەبووە. ئەم جەنگە بووە هۆی کۆتاییهێنان بە چەند سیستەمی سەڵتەنەتی لە ئەورووپا و بووە هۆی لەنێوچوونی چوار بنەماڵەی حکوومەتیی "هابسبۆرگ- لۆرێن لە ئۆتریش (نەمسا)، هوهێن تێسۆلێرن لە ئەمپراتۆریی ئاڵمان، ئالێ عوسمانی لە ئەمپراتۆریی عوسمانی و ڕۆمانۆف لە ئەمپراتۆریی ڕووسیە".
هەندێک لە هۆکارەکانی جەنگی جیهانیی یەکەم بریتی بوون لە: بەربەرەکانێی نەمسا و ڕووسیا لە باڵکان، گرژیی نێوان فەڕانسە و ئاڵمان لەبارەی ئاڵزاس و لێرن، کێبڕکێیی ئابووری و دەریاییی نێوان ئاڵمان و بریتانیا، پەرەسەندنی ناسیۆنالیسم لە ئەورووپا، ئەمبارکردنی چەکوچۆڵی جەنگی لە ئاستێکی زۆر بەربڵاو لە وڵاتانی ئەورووپاییدا و...
بەگشتی جەنگی جیهانیی یەکەم بناخەدانەری پاکتاوی ئەتنیکیی کورد بوو.
پەیمانی سیڤەر
ڕێکەوتی ۱۰ی ئاگۆستی ساڵی ۱۹۲۰ی زایینی (دوای جەنگی جیهانیی یەکەم) پەیماننامەی سێڤەر کە پەیمانێکی ئاشتی لەنێوان دەوڵەتانی فەڕانسە، بریتانیا، ئیتاڵیا و ژاپۆن و ھاوپەیمانان بوو، لە وڵاتی فەڕانسە واژۆ کرا. لە کاتی واژۆکردنی ئەم پەیمانەدا، شاندێکی کورد بە سەرۆکایەتیی "شەریف پاشا" بەشدار بوو و تێیدا باس لە دانی مافی ئۆتۆنۆمی بە کورد کرا کە ئەمە بۆ یەکەمین جار بوو بە شێوەیەکی فەرمی لە ئاستێکی وەهادا باسی مافی کورد بکرێت.
کۆمیسیۆنێکی نوێنەرانی زلهێزەکان نەخشەیەکیان بۆ خۆبەڕێوەبەریی ناوچەییی کوردان، بە مافی سەربەخۆبوون لە ماوەی ساڵێکدا، پێشکەش کرد. ئیتر کوردان چاوەڕوانی سەربەخۆییی تەواو بوون، ئەگەرچی ناوچە کوردییە دەستنیشانکراوەکان لەگەڵ ڕووبەری کوردستانی گەورە یەکی نەدەگرتەوە، بەڵام زۆرتر وەک "پاشنووسی ئەرمەنستانی سەربەخۆ" دەچوو.
پەیماننامەکە ۱۳ بەشی هەبوون و ئاماژەی بە ۴۳۳ بڕگە دەکرد. دەقی کورتکراوی ئەو بڕگەگەلەی پەیمانی سیڤەر كە تایبەت بە كورد بوون، بەم شێوەیەیە:
بڕگەی ۶۲؛ دەبێ كۆمیسیۆنی ئەستەنبوڵ بەفەرمی سێ نوێنەر دەستنیشان بكات و هەتا شەش مانگ دوای مۆركردنی ئەو پەیماننامەیە، ئەو كۆمیسیۆنە دەبێ نەخشەیەک بۆ ئۆتۆنۆمیی ئەو ناوچانە ئامادە بكات كە زۆربەی دانیشتووانی كوردن.
بڕگەی ۶۳؛ حكوومەتی توركیە پابەندی هەر بڕیارێک دەبێت كەوا كۆمیسیۆن دەری بكات و دەبێ لە ماوەی سێ مانگ پاش دەركردنی بڕیارەكە، جێبەجێیان بكات.
بڕگەی ۶۴؛ تا ساڵێک پاش واژۆكردنی ئەو پەیمانە، ئەگەر كوردەكانی دانیشتووی ڕووباری فورات و باشووری ئەرمەنستان لە توركیە جیا نەبنەوە، دەبێ بە ئەنجومەنی كۆمەڵی نەتەوەكان ڕابگەیەنن و ئەنجومەنیش دانی بەوەدا نا كە ئەوان دەتوانن سەربەخۆ بژین و دەبێ حكوومەتی توركیەش قەبووڵی بکات و دەستبەرداری ئەو ناوچانە بێت. كوردەكانی ویلایەتی موسڵیش ئەگەر خوازیاری جیابوونەوەن، ئەوا هاوپەیمانان هیچ ڕێگرییەکی لێ ناكەن.
هیچ کام لەو بڕگانەی پەیماننامەی سیڤەر جێبەجێ نەکران (هۆکارەکانی ئەمەش زۆرن کە لەم بابەتەدا مەجالی باسکردنیمان نییە) و زۆری پێ نەچوو کە پەیمانی "لۆزان" واژۆ کرا.
پەیمانی لۆزان
ڕێکەوتی ٢٤ی جولای ساڵی ١٩٢٣ی زایینی، براوەکانی جەنگی جیهانیی یەکەم (هاوپەیمانان) و تورکیە، لە شاری لۆزانی وڵاتی سویس، پەیمانێکیان بە ناوی پەیمانی لۆزان واژۆ کرد. واژۆکردنی پەیمانی لۆزان، هەڵوەشاندنەوەی پەیمانی "سیڤەر"ی لێ کەوتەوە و بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەم بابەتە لەو سەردەمەدا کۆتایی بە خەونی کوردستانییەکان بۆ دروستکردنی دەوڵەتی کوردی هێنا.
بەپێی ئاگربڕی "مودەینا" لەنێوان بریتانیا و ناسیۆناڵیستە تورکەکان لە ساڵی ۱۹۲۲دا، مەرجەکانی پەیماننامەکەی سیڤەر پێویستی بە دانوستانی سەرلەنوێ بوو. هاوپەیمانان و کەماڵیستەکان (وەک نوێنەرانی بێ ڕکابەری تورکیە)، بۆ ئەو مەبەستە ڕێکەوتی ۲۰ی نۆڤامبەر لە لۆزان بۆ کۆنفڕانسی ئاشتی کۆ بوونەوە.
دوای ئەوە مستەفا کەماڵ پەیماننامەی سیڤەری هەڵوەشاندەوە و سەرجەم مەرجەکانی پەیماننامەکەی ڕەت کردەوە. کەماڵیستەکان کۆمارێکی نوێیان لەژێر ئایدیۆلۆژیی ناسیۆناڵیسمی تورکی- کەماڵیستی ڕاگەیاند.
ڕێکەوتی ۲۴ی جولای ۱۹۲۳، پەیماننامەی لۆزان یان بە واتایەکی تر، پەیماننامەی ئاشتی لەگەڵ تورکیە، لەنێوان تورکیە و دەوڵەتانی ئەمپراتۆریی بریتانیا، فەڕانسە و ئیتالیا، بە ڕەزامەندیی دەوڵەتانی ژاپۆن، یونان، ڕۆمانی، دەوڵەتی سیرب- کرۆوات- سلۆڤێن و چێکوسلڤاکیا واژۆ کرا.
بەگشتی ئەم پەیمانە بە فەرمی ئەو ململانێیەی كە لە سەرەتای جەنگی جیهانیی یەكەمەوە لەنێوان "ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی" و "فەڕانسە، بریتانیا، ئیتاڵیا و یۆنان" هەبوون، یەكلایی كردەوە و بەتەواوەتی بە زیانی کورد شکایەوە.
پەیاماننامەی لۆزان لە پێنج بەش و ۱۴۳ بڕگە پێک هات و تورکیە وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ دانی پێدا نرا. هەروەها بڕگەکانی ٣٧ تا ٤٥ لە ڕێککەوتنی لۆزان گرنگترینیان بوون، چونکە باسیان لە مافی کەمینەکان دەکرد؛ بۆ نموونە بەپێی بڕگەی ٣٨، "حكوومەتی توركیە بەڵێن دەدات بەرگری لە ماف و موڵک و ئازادیی هاووڵاتییانی توركیە بكات، بەبێ ڕەچاوكردنی زمان و ڕەگەز و ئایین". بەڵام لەو پەیماننامەیەدا باسی کورد و کوردستان نەکراوە، باسی ئەرمەنەکانیش نەکراوە، تەنانەت باسی پەیمانی سیڤەریش نەکراوە، بەڵام ناوەڕۆکی پەیمانی سیڤەر هەڵوەشێنرایەوە. لە پەیمانی لۆزاندا کورد وەک نەتەوە یان تەنانەت وەک کەمینەیەکی بچووکیش لە تورکیەدا دانی پێدا نەنرا.
هەروەها سەرەڕای هەوڵی بریتانیا بۆ گونجاندنی خۆبەڕێوەبەریی کوردی لە بڕگەیەکدا، بەڵام هیچ ئاماژەیەک بە دەستەواژەی "کوردستان"، "کورد" یان پارێزگاری لە مافەکانیان نەکرا.
دوای پەیمانی لۆزان، لە یاسای بنەڕەتیی ۱۹۲۴دا، تورکبوون بوو بە بناخەی شارۆمەندی و بەم شێوەیە لە یاسای بنەڕەتیی تورکیەدا حاشا لە هەر نەتەوە و ئیتنیکێک جگە لە تورک دەکرێت.
کۆتایی
هەرچەند واژۆکردنی پەیماننامەی لۆزان لەو سەردەمەدا کۆتایی بە خەونی کوردستانییەکان بۆ دروستکردنی دەوڵەتی کوردی هێنا بەڵام لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا و دوای دوو پەیماننامەی سیڤەر و لۆزان، کوردەکان قەت لە خەبات و تێکۆشان بۆ گەیشتن بە مافەکانیان کۆڵیان نەداوە. لە خەباتی شێخ سەعیدی پیرانەوە بگرە تا ئەمڕۆ، خەباتی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستان بۆ گەیشتن بە مافە سەرەتایی و نەتەوەییەکانی بەردەوامە و تا گەیشتن بە ئاکامیش بەردەوام دەبێت.