قەڵای هەڵۆخان لە شاری مەریوان

ئەم قەڵایە دواتر بە قەڵای "مەریوان" ناوبانگی دەرکرد و بۆ ماوەی ٣ سەدە ناوەندی سەرەکیی حکوومەتی بابان و ئەردەڵانەکان بووە. کێوی ئیمام بەسەر دەشت و شاری هەنووکەییی مەریواندا زاڵە.

- ڕۆژ قادری

 

شاری مەریوان

شاری مەریوان ناوەندی شارستان(قەزا)ی مەریوانە و یەکێک لە شارە گرینگەکانی پارێزگای سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. مەریوان ١٢٥ کیلۆمەتر لە سنەی ناوەندی پارێزگاوە دوورە.

لە باکوورەوە لەگەڵ بانە و سەقز و لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ سنە، لە باشوورەوە لەگەڵ هەورامان و لە ڕۆژاواوە لەگەڵ شاری پێنجوێنی باشووری کوردستان، هاوسنوورە.

مەریوان خاوەنی سروشتێکی دڵڕفێن و ڕازاوەیە، بەتایبەت لە وەرزی بەهار و مانگی بانەمەڕدا سەرنجی زۆربەی خەڵکی ناوچەکانی دیکە ڕادەکێشێت. چەندین شوێنی سروشتی و مێژوویی و گەشتیاری لەم شارەدا هەن کە یەکێک لەو شوێنە مێژووییانە، قەڵای هەڵۆخانە.

قەڵای هەڵۆخان

قەڵای مێژووییی "هەڵۆخان" یان قەڵای "ئیمام"، لە باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری مەریوان هەڵکەوتووە کە بەپێی بەڵگە مێژووییەکان لە سەدەی ٨ی کۆچیی هەتاوی لە سەردەمی حوکمڕانیی ئەردەڵانەکان (سەردەمی حوکمڕانیی سەفەوییەکان لە ئێران) لەسەر کێوێک بە ناوی "کێوی ئیمام" کە بەرزاییەکەی ١٦٠٠ مەترە، لەلایەن "ئەمیر حەمزەی بابان"ەوە بنیات نراوە و دواتر لەلایەن "سۆرخاب بەیگی ئەردەڵان"ەوە لە ساڵی ٩٠٢ی کۆچی هەتاوی، دروست کراوەتەوە.

ئەم قەڵایە دواتر بە قەڵای "مەریوان" ناوبانگی دەرکرد و بۆ ماوەی ٣ سەدە ناوەندی سەرەکیی حکوومەتی بابان و ئەردەڵانەکان بووە. کێوی ئیمام بەسەر دەشت و شاری هەنووکەییی مەریواندا زاڵە.

بوونی قەڵای جۆراوجۆر و پتەو پیشاندەری ئەوەیە کە مەریوان یەکێک لە گرینگترین ناوچەکانی کوردستانە. دواتر لە پاڵ قەڵای مەریوان و لەسەر کێوی "ئیمام" کە ناوەندی حکوومەتی بنەماڵە کوردەکان بووە، بە فەرمانی ئەمیر حەمزەی بابان، مزگەوتێکیان بە خشتی سوور ساز کرد کە بە "مزگەوتە سوورە" ناوبانگی دەرکرد.

ناوی کێوی ئیمام لە ناوی "شێخ ئەحمەد بێن ئەلئەنبار ئەلنەعیمی ئەلحەسەنی" وەرگیراوە کە لە سەدەی ٨ی کۆچی هەتاوی لەلایەن ئەمیر حەمزەی بابانەوە بە مامۆستای مزگەوتە سوورە دیاری کرابوو.

ئەم کێوە سێ لووتکەی بەرز و پتەو لەخۆ دەگرێت کە لە هەر کامی ئاسەواری مێژوویی بەجێ ماوە. لە یەکێک لەو لووتکانە، کۆمەڵێک ئاسەواری مێژوویی هەیە کە دەمانباتەوە بۆ قووڵاییی مێژووی ئەم ناوچەیە و باس لە چیرۆکگەلێکی تاڵ و شیرین دەکات.

لە ئاسەوارە مێژووییەکانی ئەم قەڵایە دەتوانین ئاماژە بکەین بە: "گۆڕستانی کۆن، مزگەوتە سوورە، دارێکی کۆنی بەتەمەن، ئەنبارئاوی کۆن، هەیوانی شانشین، حەمام و خانووی خەڵک و...". ئاسەواری ئەو خانووانەی خەڵک کە ماونەتەوە، بەهۆی تێپەڕینی زەمەن وێران بوون یان لەو سەردەمەدا بەهۆی هێرشی دوژمنانەوە وێران کراون.

قەڵای دووەم یان بە واتایەکی تر قەڵای ناوەڕاست کە بە "قەڵای شانشین" ناسراوە، تا چەند ساڵ پێش لە دەوروبەرییەوە دیوارگەلێکی ڕووخاو دەبینرا و هەنووکە بەشێک لە خشت و دیوارەکەی ماوەتەوە. لە دوورترین و بەشکۆترین شوێنی ئەم قەڵایە، بەردێک تراشراوە و هەیوانێکی لێ ساز کراوە کە لەسەریدا دەشتی جوانی مەریوان و گۆلی زرێبار بە جوانی دیارە. پانتایی ئەم هەیوانە ١٨ تاکوو ٢٠ مەترە. دیواری ئەم هەیوانە بە "سارووج" ڕازێنراوەتەوە.

بەرزترین لووتکەی قەڵای مەریوان بە "قەڵای زیندان" ناسراوە کە دیل و زیندانییەکانیان لەوێدا زیندان دەکرد. ئەگەری هەیە بەهۆی بەرزی و دووری، ئەو قەڵایەیان کردووە بە قەڵای زیندان تاکوو هیچ دیل و زیندانییەک توانای هەڵاتنی نەبێت. بەرزیی قەڵای زیندان بە جۆرێکە کە بەسەر هەموو کێوی ئیمامدا زاڵە و ئەگەریشی هەیە شوێنێکی گرینگ بووبێت بۆ پاسەوانی و پارێزگاری لە قەڵاکانی دیکەی ئەم کێوە. ئەم قەڵایە تا ساڵی ١٠٢٣ی کۆچی هەتاوی ئاوەدان بووە.

ناوی مەریوان

شاری مەریوان لە سەردەمی ئاسوورییەکاندا بە ناوی "کارشاروکین"، دواتر بە ناوەکانی قەڵای شاباد، دژی شاپوور و مێهرەوان ناودێر کراوە. کۆنترین سەرچاوە مێژووییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پاشای ئاسوورییەکان دوای داگیرکردنی ئەم ناوچەیە، شارێک ئاوەدان دەکاتەوە کە دواتر و بە تێپەڕینی زەمەن ناوی مەریوان بەخۆیەوە دەگرێت.

هەروەها ئەم مێژووە دەگەڕێننەوە بۆ سەردەمی ماددەکان و ئەو ئاماژانە دەکەن کە ناوی کۆنی ئەم شارە "مێهرەوان"، بە واتای وڵاتی مێهر، جێگەی لەدایکبوونی ڕووناکی و میترا بووە کە بەجێماوی ئایینی کۆنی کوردیی میترائیزمە کە سەرەداوەکانی هێشتا لە وڵاتەکەماندا دەبینرێت.

KURDŞOP
683 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!