کەنیسەی مێژووییی دایە مەریەم لە شاری ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

لە تەلارسازیی کەنیسەی دایە مەریەمدا مرۆڤ دەتوانێت شێوازی تەلارسازیی سەردەمی ساسانییەکان بەباشی ببینێت. هەروەها لەنێو بینای کەنیسەکەدا نیشانەگەلێکی هاوبەش لە پەرستەگەی ئاگری ساسانییەکانیش هەیە.

 

شادی

کورد شۆپ – کەنیسەی مەریەم کە بە ناوی حەزرەتی مەریەم "سەنت ماری" یان کەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووریش دەناسرێت، یەکێک لە شوێنە گەشتیارییەکانی شاری ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. ئەم کەنیسەیە دوای کەنیسەی "بەیتولەحم"ی فەلەستین، وەک دووهەمین کەنیسەی کۆنی جیهان دێتە ئەژمار.

جیاوازیی ئەو کەنیسەیە لەگەڵ کەنیسەکانی تر ئەوەیە کە پێکهاتەکەی زۆر سادەیە و لە ناوەوەی جگە لە چەند وێنەیەکی حەزرەتی مەریەم و حەزرەتی عیسا و شوێنکەوتووانیان و هەندێک بەش کە بە دەست وێنەیان لەسەر نەخشێندراوە، هیچی تری لێ نییە. لەبەر ئەوەش مرۆڤ دەتوانێت بڵێت ئەوە دەبێتە هۆی زیادبوونی هەستی سۆزداری.

کەنیسەی دایە مەریەم یەکێک لە شوێنەوارە مێژووییەکانی سەردەمی ئاشووری و لە شاری ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە لە 22ی مانگی تەشرینی یەکەمی ساڵی 2013 (1392ی هەتاوی)لە لیستی شوێنەوارە مێژووییە نیشتمانییەکانی ئێراندا تۆمار کراوە.

کەنیسەی دایە مەریەم یەکێک لە شوێنە هەرەجیاوازەکانە کە دەکەوێتە ڕۆژاوای شەقامی خەیامی ورمێ.

مێژووی کەنیسەی دایە مەریەم

مێژووی ئەو کەنیسەیە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵەکانی دەستپێکی زایینی مەسیح؛ کە لەو کاتەدا "ساسانییەکان" لە ئێراندا دەسەڵاتدار بوون.

بەپێی کتێبە مێژووییەکان، سێ کەس لە ڕاهیبە زەردەشتییەکان کاتێک لەو پەرستگەیەدا خەریکی دوعا و نزا بوون، ئەستێرەیەک دەبینن کە دەدرەوشێتەوە و بەرەو ڕۆژهەڵات دەچێت و ئەوان ئەو ئەستێرەیە وەک نیشانەی لەدایکبوونی عیسا دەبینن؛ ئەوانیش بەرەو ئەستێرەکە بەڕێ دەکەون تاکوو دەگەنە ئۆرشەلیم و دەبینن کە پێشبینیی ئەوان ڕاستە و عیسا لەدایک بووە و دیسان دەگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و ئیتر پەرستگەی زەردەشتیی خۆیان دەکەنە کەنیسە. یان ئەو پەرستەگەیە ئیتر دەکرێت بە کەنیسەی دایە مەریەم.

ناوی دوو کەس لەو ڕاهیبانە "مولکوم" و "بەخت" بووە و لە کەسی سێیەمیان هیچ زانیارییەک بەدەست نەهاتووە. هەروەها گۆڕی ئەو کەسانە هەتا ساڵی ١٩١٥ی زایینی لە پێش کەنیسەکەدا بووە، هەتاکوو ڕووسە ئۆرتۆدۆکسەکان ئەو گۆڕانەیان بۆ مۆزەخانەیەکی کییێف گواستووەتەوە.

بۆچوونێکی تر سەبارەت بەم شوێنە ئایینییە ئەوەیە کە ئەم کەنیسەیە بە یەکەم کەنیسەی ڕۆژهەڵات ناسراوە. بەپێی ئەو بۆچوونە کە نووسەرانی ئاشووری و مەسیحی نووسیویانە، ئەم شوێنە لە دوای سازکرانیدا وەک ئاگرگەیەک کەڵکی لێ وەردەگیرا کە ئەوکات یەکێک لە پەرستگە بەناوبانگەکانی زەردەشتییەکان بووە و دوای ئەوەی ئایینەکەیان گۆڕی، مەسیحییەکان کردیان بە کەنیسە.

"مارکۆ پۆلۆ" یەکێک لەو گەشتیارە بەناوبانگانەی جیهانە کە سەردانی ئەم کەنیسەیەی کردووە و لە سەفەرنامەکەیدا ناوی هێناوە.

کەنیسەی دایە مەریەم یەکێک لە شوێنە هەرە سەرنجڕاکێشەکانی پارێزگای ورمێیە کە بە ناوی "ڕۆژهەڵاتی ئاشووری" ناسراوە و لە ڕابردوودا بە "کەنیسەی مەریەم" و "کەنیسەی حەزرەتی مەریەم" ناو براوە.

بیناسازی و دروستکردنی کەنیسەی دایە مەریەم

لە تەلارسازیی کەنیسەی دایە مەریەمدا مرۆڤ دەتوانێت شێوازی تەلارسازیی سەردەمی ساسانییەکان بەباشی ببینێت. هەروەها لەنێو بینای کەنیسەکەدا نیشانەگەلێکی هاوبەش لە پەرستەگەی ئاگری ساسانییەکانیش هەیە.

بیناسازانی کەنیسەکە، تەلارسازیی ساسانی و "پارتی"یان لەناو بیناکەدا تێهەڵکێش کردووە. هیچ جوانییەکی تەلارسازی لەم کەنیسەیەدا وەبەرچاو ناکەوێت، چونکە ئاشوورییەکان خۆیان لە ڕازاندنەوە و نیگارکێشانی کەنیسەکان بەدوور دەگرت.

کەنیسەی دایە مەریەم لە دوو بەش پێک دێت: بەشی یەکەم، دەرگای چوونە ژوورەوە، هۆڵی نوێژکردن و ژوورەکانی دەوروبەری. بەشی دووەم، هۆڵێکی ترە کە زنجیرەیەک ژووری تێدایە و لەلای ڕاستی هۆڵی یەکەمە.

کەنیسەی دایە مەریەم لە ورمێ، بە پێچەوانەی کەنیسەکانی تر کە بەناوبانگن و سەقفەکانیان بەرزن، سەقفەکەی نزمە و خەڵک لە کاتی چوونە ژوورەوەدا دەبێ سەریان نەوی بکەن.

حەوشەی ئەم کەنیسەیە بەرفراوان و گەورەیە و دوو دەرگای کەوتوونەتە سەر شەقامی قودس و کووچەیەک کە بەرەو لای ڕۆژاواوە دەچێت. لەنێو کەنیسەکەدا، فەڕشی دەستچنی کۆن هەیە کە ئەویش بۆ خۆی جوانییەکی تری بە کەنیسەکە بەخشیوە.

کەنیسەی دایە مەریەم بە درێژایی مێژوو چەندین جار نۆژەن و ئاوەدان کراوەتەوە. یەکەم گۆڕانکاری لە ساڵی ٦٤٢ لە سەدەی حەوتەمدا ئەنجام دراوە کە مێژوونووسان پێیان وایە بە فەرمانی یەکێک لە شازادەکانی چین ئەم کارە کراوە.

لە هەمان کاتدا لە ساڵی 1342ی هەتاوی (1963ی زایینی)، جگە لە نۆژەنکردنەوەی کەنیسەکە، هۆدەیەکی نوێی لێ زیاد کرا. ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کە تا کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمی زایینی، ڕەنگ و ڕواڵەتی کەنیسەکە زۆر سادە بوو، بەڵام دوای هاتنی ڕووسەکان گۆڕانکاریی بنەڕەتیی بەسەردا هێنرا و بیناکە دوای نۆژەنکردنەوە و ئاوەدانکردنەوە، بە شێوازی قوببە ڕووسییەکان دروست کراوە.

KURDŞOP
507 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!