قەڵای خۆشاو، قەڵایەکی سەردەمی ئۆرارتۆیی لە باکووری کوردستان

قەڵای خۆشەب یان خۆشاب مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئورارتۆییەکان و لە دوو بەش پێکدێت: ناوەوە و دەرەوە، کە بەشی دەرەوەی لە باکووری قەڵای ناوەوە هەڵکەوتووە.

 

کوردشۆپ - قەڵای خۆشاب دەکەوێتە سەر ڕێگای نێوان وان – جۆڵەمێرگ لە باکووری کوردستان و لە گوندی خۆشابی سەر بە قەزای پەیزاوا کە 60 کیلۆمەتر لە ناوەندی پارێزگای وانەوە دوورە هەڵکەوتووە. قەڵاکە لەسەر گردێکی تیژ دروست کراوە و لە دوو بەش پێکهاتووە.

قەڵای خۆشەب یان خۆشاب مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئورارتۆییەکان و لە دوو بەش پێکدێت؛ ناوەوە و دەرەوە. بەشی دەرەوەی لە باکووری قەڵای ناوەوە هەڵکەوتووە. لە دوای ئورارتۆییەکان قەڵای خۆشاب لەلایەن حاکمی کورد میر سولەیمان زێری مامیدی، (زێر بەگ)، لە ساڵی ١٦٤٣ ئەو کاتەی ناوچەکە لە ژێر دەسەڵاتی عوسمانییەکاندا بووە، نۆژەن کراوەتەوە.

قەڵای خۆشاب ٦٠ کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری وانەوە دوورە. هەروەها ٤٠ کیلۆمەتر لە ناوەندی قەزای پەیزاوا دوورە. دەکەوێتە بەشی باکووری ڕۆژئاوای ڕووباری خۆشاب و لەسەر ڕیزە بەردێکی تیژ و بەرز بنیات نراوە. واتای ناوی خۆشاب لە ناوی ڕووبار و ئاوی خۆشەوە هاتووە. خۆشاب لە خۆش ئاوەوە دێ. دیواری دەرەوەی قەڵاکە بە گوێرەی زەویی دەوروبەری دروست کراوە و لە ڕۆژهەڵات و باکوور و ڕۆژئاوا وە بە دیوار دەورە دراوە. بەڵام ئێستا بەشێک لە دیوارەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا وێران بوون. هەندێک لە بورجەکانی تا ئەمڕۆش ماونەتەوە. دەروازەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بەتەواوی زیانیان پێ گەیشتووە و لەناوچوون. هەروەها لە باکووری ڕۆژهەڵاتی قەڵای دەرەوە بورجێکی چاودێری هەیە. ئێستاش پاشماوەی مزگەوتێک و خانووی گوندییەکان لەناو قەڵاکەدا ماونەتەوە.

قەڵای ناوەوە لە لای باشوورەوە بەرزە و لەسەر بناغەیەکی کەوانەیی بەرەو باکوور دروست کراوە. دیوارەکانی قەڵاکە لە باکوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بورجیان هەیە و بەو شێوەیە قایم کراون. لە لای باکوور دەروازەیەکی چوونە ژوورەوە بۆ قەڵاکە و بورجێک هەیە، کە لە ڕێگەیەوە دەتوانیت بچیتە ناو قەڵاکە.

سەر دەرگاکە وەک تاج دروست کراوە و لە لای ڕۆژئاواوە کەتیبەیەک و پەنجەرەیەکی کوێر و نەخشی شێرێک چێ کراوە. جگە لەوەش ئەو دەروازە ئاسنییەی لەو سەردەمەدا دروست کراوە تا ئەمڕۆش بە ڕەسەنایەتی ماوەتەوە و وەک خۆی کاردەکات. لەناو قەڵاکەدا ئەو کۆشکانەی لەو سەردەمەدا دروست کراون، بەردەوام و لەسەر پێن. ئەو کۆشکانە لە باشووری قەڵاکە ساز کراون. لە لوتکە و لە بەشی ڕۆژهەڵات کۆشکێک هەیە و لە ڕۆژئاوای ئەو کۆشکەش حەرەمێک هەیە. هەروەها مزگەوت و زیندان و فڕن و ساردخانە، بیناکانی تری قەڵاکەن.

قەڵاکە کە لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەمدا جێهێڵراوە، تا ئەمڕۆش بە بیناکانی ئێستایەوە ماوەتەوە و هەر بۆیەش یەکێکە لە گرنگترین هێماکانی ناوچەکە.

KURDŞOP
679 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!