مێژووی بنەماڵەی وەکیل لە ناوچەی ئەردەڵان

 

لە مێژووی کوردستان دا، لە هەر ناوچەیەک تاقمێک ناو و بنەماڵە هەن کە وەک بەشێک لە مێژوو و شوناسی ئەو ناوچەیە دەناسرێن. ئەو تاقم و بنەماڵانە هەم بە هۆی دەسەڵات و هەم بە هۆی لێهاتوویییەوە توانیویانە کاریگەریی ئەرێنی  یان نەرێنی لەسەر ناوچەکە دانێن و ناوی خۆیان لە لاپەڕەکانی مێژوو دا  تۆمار بکەن.  بۆ وێنە بنەماڵەی "سمکۆ" واتە سمایل ئاغا لە تەرگەوەڕ و مەرگەوەڕ و  "شێخانی نەهری" لە هەر دوو بەشی کوردستانی ڕۆژهەڵات و باکوور و "بنەماڵەی جاف" لە هەر دوو بەشی کوردستانی  باشوور و ڕۆژهەڵات و "بنەماڵەی قازی" لە مهاباد و بنەماڵەی "ئەردەڵان" لە سنە و  زۆر خانەدان و بنەماڵەی دیکەش کە ئەگەر ناویان بێنین دەبێ لیستەیەکی درێژ پێک  بێنین.

لەناو ئەو بنەماڵانەدا، یەکێک لە ناسراوترین بنەماڵەکانی بەشی ناوچەی ئەردەڵان،  بنەماڵەی  وەکیلە. ئەو بنەماڵەیە لە ناوچەی ئەردەڵان و شاری سنە ناسراو  و ناو بەدەرەوە بوون و لە مێژووی ئەو ناوچەیەدا ڕۆڵی کاریگەریان گێڕاوە و هەر بەو هۆیەش کتێبە مێژووییەکانی ئەو ناوچەیە و ئەو کتێبانەی سەبارەت  بە ئەردەڵانەکان و ناوچەی سنە نووسراون، باسیان کردوون و ناویان تۆمار کردوون.

لە ڕاستیدا پێشینە و مێژینەی ئەو بنەماڵەیە  بۆ سەردەمی دەسەڵاتداریی سەفەوی دەگەڕێتەوە و لەو سەردەمەوە تا ئێستاش ئەو نازناوە هەر ماوە.

بەڵام با بزانین ئەو ناو و نازناوە لە ئەسڵدا لە چییەوە هاتووە و مێژینەکەی بۆ کەی دەگەڕێتەوە و چ جێگە و پێگەیەکیان لە دەسەڵاتی کوردستان لە سەردەمی فەرمانڕەواییی ئەردەڵانەکاندا هەبووە.

بۆ گەیشتن بە سەرەداوی ڕاستی ئەو باسە، ئاوڕ لە بەشی یەکەمی کتێبی "مێژووی سیاسیی بنەماڵەی وەکیلی کوردستان" کە لە لایەن " ڕۆستەم عالیخانی"یەوە نووسراوە دەدەینەوە. نووسەری ئەو کتێبە لە بەشی یەکەمدا بە باشی ئەو باسە شی دەکاتەوە. نووسەر دەڵێ:

"وەکالەت" کە جێگە و پێگەیەک بووە وەک نوێنەر و دەمڕاستی حکوومەتی، لە نێو "والی"یەکانی ئەردەڵاندا، خاوەن گرینگایەتییەکی تایبەت بووە . ئەو پلە و پایەیە لە  باری سیاسییەوە گرینگ بووە. لە ڕاستی دا ئەو پلەیە لە پلەو پایەکانی دەرباری شایان بووە و لە سەردەمی دەسەڵاتی "ئاق قۆیونلوو"ەکانەوە دامەزاروە و "شا ئیسماعیل"ی سەفەویش  هەر ئەو ڕەوتەی لە دەزگای دەسەڵاتی خۆی دا درێژە پێدا و تاقمێکی وەک "وەکیل" کە نوێنەر و دەمڕاستی بوون هەڵدەبژارد و کار و  باری پێ دەسپاردن.

ئەو پلە و پایەیە هەتا سەردەمی زەندەکان لە دەرباری شایانی ئێرانیدا برەوی هەبووە. بەڵام لە سەردەمی قاجارەکاندا گۆڕانکاری بەسەر زۆر شت لە دەرباری پادشاکانی قاجاردا دێ و یەک لەو گۆڕانکارییانە کە بەدی دێ، گۆڕانی پلە و پایەی "وەکالەت"  بۆ "وەزارەت"ە. بەڵام ئەوەی سەرنجە ئەوەیە کە ئەو دوو وشەیە لە ئاستی وشەدا گۆڕانکارییان  بەسەردا هات، بەڵام ناوەرۆکیان هەر وەک خۆی ماوە واتە بواری چالاکی و  بەرپرسیارێتییەکەیان هەر وەک یەک بوو.

هەر بۆیە دوو وشەی وەکالەت و وەزارەت لە سیستەمی بەڕێوەبەرایەتیی میرانی  ئەردەڵاندا یە ک واتایان  هەیە.

بە پێی نووسراوەی نووسەرانی دەرباری ئەمیرانی ئەردەڵان، لقێکی بچووک لە بنەماڵەی ئەردەڵان لە سەردەمی "خان ئەحمەد خان"ی یەکەمدا، کە هاوکات بووە لەگەڵ "شا عەبباس"ی سەفەوی، بە شوناسی ناسراوی کوڕانی "خالید بەگ" واتە "میرخۆشناو"،  لە مێژوو دا بە فەرمی ناویان هات. ئەو تاقمە چون  لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەفشارەکانەوە پلەی وەکیلایەتیی ئەردەڵانەکانیان لە ئەستۆ بووە هەر بەو هۆیە وەک بنەماڵەی وەکیل ناو و ناوبانگیان دەرکردووە. هەر بە پێی ئەو نووسینانەی پێشتر باسیان کرا، ئەوانە لە ڕەچەڵەکی مەئموون بەگ"ی ئەردەڵانن کە ئەویش میری ئەردەڵانەکان بووە لە سەردەمی " شا تەهماسب"ی سەفەوی دا."

"مەلا موحەممەد شەریفی قازی" مێژوو نووس، لەمەڕ ئاخێزگە و ڕەگ و ڕیشەی بنەماڵەی وەکیلی کوردستانەوە دەنووسێ: منداڵانی مەئموون بەگ لە کوردستان بەسەر چەند تایەفەدا دابەش بوون. یەکەم بەشیان؛ دەسەڵاتدارانی هەرێمەکانن، کە ئەوانە لە منداڵانی "میر عەلەمەدین"ن. دووەم بەشیان؛ "میر ئەسکەندەری"یەکانن. سێیەم بەشیان؛ "ئیبڕاهیم  بەگی"ن. گەورەی ئەو خانەدانە "خوسرەو بەگ" و "دەروێش بەگ"ی باوکی بوون، کە لە ناسراوان و ڕێز لێگیراون و گەورەکان بوون. ئەوانە زیاتر لە سەت ساڵ لە کوردستان دا خاوەن ئابڕوو  بوون و پلە و پایەی وەکالەت و خەرج و باج ئەستێن و "ئیشیک ئاغاسی" واتە سەرۆکی سەرۆکەکانی دەرەوەی کۆشک بوون و کار و باری تەشریفاتی دەرەوەی کۆشکیان لە ئەستۆ بوون.

دەروێش بەگ دوو جار دژ بە "عەلی قوڵی خان" ڕاپەڕی بەڵام دواتر بە کەیخودایەتیی خەڵکانی خێرخواز ئاشت بوونەوە. عەلی قوڵی خان، خوشکەکەی خۆی دا بە دەروێش بەگ و شەڕ کۆتایی پێ هات و "موحەممەد قوڵی بەگ" شازدە ساڵ  لە سەردەمی "نادر شا"ی ئەفشاردا، وەکیلی خەرج و باج بوو. "ئیبڕاهیم بەگ" و "میر عەلی سوڵتان" و "خوسرەو بەگ"یش {هەر هەمان پلەیان بووە} و هەروەها لەهەمووان ناسراوتر "موحمەد ڕەشید بەگ" لە سەردەمی "خوسرەوخان" دا تا ڕۆژی مردنی بۆ ماوەی سی ساڵ وەکیلی خەرج و باج و ئابڕوو و خاوەن ئیختیار و گەورەی عێل و ڕیش سپیی وڵات  بوو و {ئەوانە هەموویان} لە تایەفەی ئیبڕاهیم بەگی بوون.

لە مێژووەکانی کوردستان دا، کە لەمەڕ پێوەندیی بنەماڵەی وەکیل بە ئەردەڵانەکانەوە نووسیویانە ئاوا هاتووە: دوای مردنی مەئموون  بەگ، کوڕەکەی واتە سورخاب بەگ، دەبێتە حاکمی ئەردەڵان. بەر لە مردنی میراتەکەی لە نێوان منداڵەکانیدا بەش دەکا. "بارام بەگ"ی ئەردەڵان، کە وەکیلەکانی ئەردەڵان دەچنەوە سەر ئەو، لە منداڵانی سورخاب  بەگ بوو، کە دوای مەرگی باوکی حکوومەتی "ڕواندز"ی بە دەستەوە گرت. زۆربەی مێژوو نووسانی دەرباری ئەردەڵان، بنەماڵەی وەکیلی سنە  بە لقێک لە وەکیل یان نوێنەری حکوومەتی کوردستان و ئەردەڵان دەزانن و ئەوانە پشتا و پشت ئەو پلە و پایەیان بە میرات بۆ  ماوەتەوە.

دامەزرێنەری ئەو بنەماڵەیە "خالید بەگ"ی کوڕی "بەهرام بەگ" و نەوەی "سورخاب بەگ"ی دەسەڵاتدار بووە.

عیمارەتی وەکیل - سنە

سورخاب بەگ میری ئەردەڵان کە هاوکات  لەگەڵ "شا تەهماسب"ی سەفەوی ژیاوە، پێنجەمین کوڕی خۆی واتە "بەهرام بەگ"ی وەک شازادەی "ڕواندز" و "ئامێدی" دەستنیشان دەکا. لە سەردەمی خان ئەحمەد خانی یەکەمدا، واتە ساڵەکانی ١٠٤٦-١٠٢٥ ی کۆچی مانگی، چەند کەس لە کوڕانی خالید بەگ پێیان باش بوو بچنە کوردستان و ناوچەی ئەردەڵان و پلەی وەکیلی وەربگرن. بەو پێیە بنەماڵەی وەکیل لە لای باوکەوە لەگەڵ میرەکانی ئەردەڵان هاو پشتن.

"ئایەتوڵلا مەردوخی ڕووحانی" لە "مێژووی مەردووخ" دا و "مەستوورەی ئەردەڵان" لە "مێژووی کوردان"دا، هەر دووکیان بنەماڵەی وەکیلی کوردستان دەبەنەوە سەر ئەردەڵانەکان و دەڵێن ئەوانە لە ڕەچەڵەکی خالید بەگ "میر خۆشناو" کوڕی بەهرام بەگی کوڕی سورخاب بەگن.

ئەوەی گرینگە ئەوەیە کە ئەو بنەماڵەیە کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر شێوەی دەسەڵاتداریی ئەردەڵانەکان بووە . چون ئەوانە زیاتر پێوەندییە دەرەکییەکانی کۆشکی ئەردەڵانەکانیان لە ئەستۆ بووە، پێوەندیی کۆمەڵایەتیی ئەوان، کاریگەریی لەسەر جۆری ڕوانینی خەڵک بۆ دەسەڵاتداریی حاکمانی ئەردەڵان بووە. لەلایەکی دیکەوە ئەوانە چون خەرج و باج ئەستێنی ئەردەڵانەکانیش بوون، جۆری کردەی ئەوان کاریگەریی لەسەر بارودۆخی ئابووریی خەڵک داناوە و بۆ گەیشتن بە ڕاستیی ئەو باسانە و ئەوەی کە جەغزی کاریگەری ئەوان لەو بوارانە دا چەند بووە، پێویستە زیاتر مێژووی کۆمەڵایەتی ئەو دەورەیە تاوتوێ بکرێ.

حەمامی وەکیل - سنە

KURDŞOP
592 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!