شۆڕشی ئاگری و بەرخۆدانی شێخ زاهیر

شادی

کوردشۆپ- زۆر ڕاپەڕین و بەرخۆدانی کوردان، لەلایەن گۆرانیبێژان و هونەرمەندانی کوردەوە وەک تێکست و گۆرانی گوتراون. یەکێک لەو دەنگبێژانە "مستەفا میلان"ە کە بە شێوەیەکی کاریگەر باسی بەرخۆدانی چیای ئاگری و یەکێک لە سەرکردەکانی کورد" شێخ زاهیر" دەکات و ئەم ڕووداوە دەگێڕێتەوە.

گۆرانیبێژ "مستەفا میلان" یەکێکە لە گۆرانیبێژە بەناوبانگەکانی ناوچەی ماکۆ لە پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

"مستەفا میلان" باسی ئەم بەرخۆدانە دەکات و دەڵێت:

"شێخ زاهیر لە بنەماڵەیەکی گەورەیە بە ناوی بنەماڵەی شێخ بابا. شێخ زاهیر و بنەماڵەکەی بە ڕەچەڵەک خەڵکی شاری ئیدیرن. شێخ زاهیر لە ساڵی ١٨٩٦ لە گوندی قەرەهاجیلی سەر بە ئیدیر لە دایک بووە. باوکی ناوی شێخ عامرە و دایکی ناوی خەزاڵ خانمە.

شێخ زاهیر لە ڕەگەزی سەید تەها نەهرییە، بۆیە بە هۆی کەسایەتی و حیکمەت و دادپەروەری و شارەزایی و زانینی چەند زمانەوە، سەرنجی دەسەڵاتدارانی دەوڵەت لە ناوچەکەدا ڕادەکێشێت. ئەو زمانانەی شێخ زاهیر دەیزانێت بریتین لە ڕووسی، فارسی، کوردی و تورکی.

لە ماوەی ساڵی ١٩٢٤دا، سەدری بەگ، قایمەقامی ئەو سەردەمە، شێخ زاهیری وەک بەڕێوەبەری شارۆچکەی پاسووری دیاربەکر دەستنیشان کرد. ساڵی 1925 دەکەوێتە ژێر کاریگەریی ڕاپەڕینی شێخ سەعید. پاش ماوەیەک شێخ زاهیر، چونکە زۆر بەهرەمەند و دڵسۆز و ماندوونەناس و کوردێکی نیشتمانپەروەر بوو، لە لایەن حکوومەتەوە زیاتر و زیاتر کەوتە ژێر چاوەدێری. سەرئەنجام بە هۆی سکاڵای هێندێک لایەنگری حکوومەت لە ئەرکەکەی دوور دەخرێتەوە.

شێخ زاهیر بەهۆی ئەو دانپێدانانەی لەسەری هەبوون کە باسیان لەوە دەکرد لە قاچاخچێتی چەکەوە گلاوە، تووشی دۆخێکی ئەستەم بوو و بەهۆی ئەوەوە هیچ ڕێگایەکی جگە لە خۆ حەشاردان بۆ نەماوە. دوای ئەم دیارنەمانە شێخ زاهیر لە بەرخۆدانی چیای ئاگری دەبینرێت.

دوای ئەوە شێخ زاهیر لەگەڵ براکانی، یوسف، عەبدولڕەحمان، تاهیر، حەبیب، عەلی و هەدێ (ئەمینە خانم)ی هاوسەری، کوڕە مامی عەبدولباری و بلبلی هاوسەری و خەباتکارانی دیکەی بەرخۆدان، عەمەری بەسێ، سەعید مام و هەروەها فەتۆ لە عەشیرەی شەمیک، چەلخە، تەیموور، جەلیل لەگەڵ خەباتکارێکی بەناوبانگ بە ناوی دەرباز میلانی، بەشداریی لە بەرخۆدانی ئاگری دەکەن و لە ساڵی 1927 دا یەکەم چالاکیی خۆیان بەڕێوە دەبەن.

شێخ زاهیر یەکێکە لەو تێکۆشەرانەی بەرخۆدان کە لە ساڵانی 1927-1932 بە چالاکییەکانی چیای ئاگری و دەوروبەری لە ڕۆژنامەکاندا زۆر بەناوبانگ بوو. شێخ زاهیر لەگەڵ ئەو گرووپانە و ئەندامانی بنەماڵەکەی بەشداریی زۆر چالاکی و شەڕ دەکات.

لە 14ی ئەیلولی ساڵی 1930، دوای شکستی بەرخۆدانی چیای ئاگری، شێخ زاهیر لەگەڵ سەربازەکانیدا بەرەو چیای تەندوورەک دەچن و بۆ ماوەی 2 ساڵ لەوێ لە ناوچەی تەندوورەک و ئۆزالپ و ئەلباکی سەر بە پارێزگای وان درێژە بە چالاکییەکانیان دەدەن.

پاش ماوەیەک کە کۆماری ئاگری هەڵوەشایەوە، "ئیحسان نووری پاشا" دەگیرێت و ڕەوانەی تارانی پایتەختی ئێران دەکرێت. شێخ زاهیر لەگەڵ بنەماڵەکەی دەچێتە ئێران و ئێرانیش وەک پەنابەر وەریگرتوون و لە گوندێک بە ناوی ئاخبڵاخ نیشتەجێ دەبن کە لە سنووری شاری چاڵدیرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵکەوتووە.

دوای ماوەیەک شێخ زاهیر و کەسایەتییەکانی هاوڕێی، جارێکی دیکە لەلایەن دەوڵەتەوە هێرش دەکرێتە سەریان و لەوێ برایەکی شێخ زاهیر دەگیرێت و لە شاری ماکۆ ئەشکەنجە دەدرێت تا دەمرێت. شێخ زاهیر ناچار دەبێ لەگەڵ بنەماڵەکەی ڕوو لە گوندێک بە ناوی کریکۆر بکەن کە سەر بە شاری ماکۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. ماوەیەک لە ناو عەشیرەتی بیروکان ژیاون. دوای ماوەیەک دیسان ڕاپۆرتیان لێ دەدرێ. کاتێک شێخ زاهیر لە ماڵەوە نابێ، ژن و منداڵەکانی لەلایەن سەربازە ئێرانییەکانەوە دەڕفێنرێن و دەبرێنە بنکەیەکی گوندێک بە ناوی قەرەیاخ و لەو کاتەدا شێخ زاهیر و بەشێک لە هاوڕێکانی هێرش دەکەنە سەر بنکەکە و خێزانەکەی ڕزگار دەکەن و برایەکی شێخ زاهیریش لەوێ شەهید دەبێت. دوای ئەوە لەگەڵ بنەماڵەکەیان لە شاری دیلەمان یان سەلماس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نیشتەجێ بوون.

دوای ئەوەی ماوەیەک لەو شارەدا دەژین، دەگوترێت لە تورکیا لێبوردنێکی گشتی دەرچووە.  هەر بۆیە دەچنە شارۆچکەی چاڵدیران و لەوێش دەچنە گوندێک بە ناوی شێخ سلۆ و دەگەڕێنەوە باکووری کوردستان و لە گوندێکی باکووری کوردستان بە ناوی شێخ ڕۆم کە لەسەر سنووری نێوان باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵکەوتووە نشتەجێ دەبن.

لەوێش هەندێک کەس بە شێخ زاهیر دەڵێن ئەم لێبوردنە بۆ کەسانی وەک تۆ نییە، بۆ خەڵکی ترە، دەتکوژن و دەبێت بچیت. شێخ زاهیر بەناچاری دەڕوات، بەڵام بەهۆی ئەوەی هەندێک کەس ڕاپۆرتی لێ دەدەن، لەنێوان گوندەکانی پاچۆخلی و شێخ ڕۆم و قەیسەران، لەسەر شاخێک بە ناوی زیارەتی ژیلی، دەکەونە ناو بۆسەی دوو یەکەی تورکان و چەند کاتژمێرێک شەڕ دەکەن و دیسان سنوور دەبەزێنن و دەچنەوە ڕۆژهەڵات و دەگەنە دەوروبەری دەریاچەی ناوور کە شوێنێکی سەخت بووە و سەردانی گوندی ناوور دەکەن کە لەو سەردەمانەدا دەوراندەوری قەڵا بووە.

 لەوێ شەڕ و پێکدادانێکی زۆر ڕووی داوە و لە شاخی بووک و زاوا کە دەکەوێتە سەر چیای دەبوور لەسەر سنووری باکور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، شێخ زاهیر بریندار دەبێ و دوای ٣ ڕۆژ شەهید بووە.

 شێخ زاهیر بەر لەوەی شەهید بێ دەڵێ ئەو شوێنەی شەڕم لێ کردووە، پێویستە ئەگەر کوژراوم لەوێ بمنێژن. بۆیە شێخ زاهیر لە ناوور بەخاک سپێردراوە. (گوندی ناوور لای ڕاستی سنووری باکور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سەر بە شاری چاڵدیرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە).

بەگوێرەی گیڕانەوەکان لەو شوێنە 3 گۆڕ هەیە کە یەکێکیان گۆڕی شێخ زاهیرە، بەڵام 2 کەسەکەی تر نازانرێت کە هەواڵی ئەون یا هەر وا هەڵکەنراون و بەتاڵن. چونکە لەو کاتەدا دەوڵەت دەڵێت هەرکەسێک سەری شێخ زاهیرمان بۆ بهێنێت، ئێمە بە تەنەکە زێڕی دەدەینێ. هەر بۆیە لەو مەزارگەیە 3 گۆڕ هەڵدەکەنن بۆ ئەوەی کەس دەست لە جەستەی شێخ زاهیر نەدات.

زیارەتگەی ناوور بە ناوی شێخ زاهیریش ناسراوە. ئەم مەزارگەیە لە دەوروبەری دەریاچەی ناوورە. دوای ئەم ڕووداوە، زۆرێک لە گۆرانیبێژان و هونەرمەندان لەسەر ڕاپەڕینی ئاگری و بەرخۆدانی شێخ زاهیر گۆرانییان وتووە.

KURDŞOP
644 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!