شارێک لە باکووری کوردستان، شوێنەواری 22 شارستانییەتی لێیە

شاری ئانی نزیکە لە شاری قەرس لە هەرێمی سەرحەدی باکووری کوردستان و شوێنەواری ٢٢ شارستانییەتی لێ بەجێ ماوە. شاری ئانی، ٤٥ کیلۆمەتر لە ڕۆژهەڵاتی شاری قەرس دوورە. مەزندە دەکرێت لە دیوارەکانی شاری ئانیدا ٢٤ دەروازە هەبووبێت. بەڵام ئەمڕۆ تەنها ٧ دەروازە لەو ٢٤ دەروازەیە لەسەرپێ ماونەتەوە. دەرگای چوونە ژوورەوەی قەڵای ئانی دەروازەی شێرە.

کوردشۆپ – شاری "ئانی" لە "قەرس"ی باکوری کوردستان خاوەنی شارستانییەتێکی کۆنە. هەزار ساڵ لەمەوبەر کاتێک ژمارەی دانیشتووانی ئەستەنبوڵی تورکیا، ٨٠ هەزار کەس بووە، ژمارەی دانیشتوانی شاری ئانی ١٠٠ هەزار کەس بووە.

شاری ئانی نزیکە لە شاری قەرس لە هەرێمی سەرحەدی باکووری کوردستان و شوێنەواری ٢٢ شارستانییەتی لێ بەجێ ماوە. شاری ئانی، ٤٥ کیلۆمەتر لە ڕۆژهەڵاتی شاری قەرس دوورە. مەزندە دەکرێت لە دیوارەکانی شاری ئانیدا ٢٤ دەروازە هەبووبێت. بەڵام ئەمڕۆ تەنها ٧ دەروازە لەو ٢٤ دەروازەیە لەسەرپێ ماونەتەوە. دەرگای چوونە ژوورەوەی قەڵای ئانی دەروازەی شێرە.

شاری ئانی سەرەتا لەلایەن خەڵکی خالدی و ئورارتووەوە دروست کراوە. شارێکی فرەنەتەوەیی بووە و ئێستاش شوێنەواری گەلی ئەرمەن بە تایبەتی لە شاری ئانیدا دیارە. هەروەها چەند شارستانییەتی کوردی وەک شارستانیەتی خالدی، ئورارتوو، مێدیا و شەددادی و چەندین شارستانییەتی دیکە کە کۆی گشتییان 22 شارستانییەتن، ئاسەواریان لە شاری ئانی بەجێهێشتووە.

مزگەوتێک کە هەزار ساڵ لەمەوبەر لەلایەن شەددادییەکانەوە دروست کراوە و تا ئێستاش وەستاوە. هەروەها کاتەدرال یان کڵێسای سەرەکی لە ساڵی ٩٨٩ لە سەردەمی ئەرمەنییەکان لە ژێر ناوی مەریەمی پاکیزە (مایر داکا) دروست کراوە. جیا لەمانەش، وێرانەکانی بازاڕی شاری ئانی و بیناکانی تا ئەمڕۆش هەر لەوێدان، بەڵام بۆ ئەوەی مێژووی شاراوەی شاری ئانی بە تەواوی ئاشکرا بکرێت، پێویستی بە چەندین ساڵ لێکۆڵینەوەی شوێنەوارناسی هەیە.

شاری ئانی لە شوێنێکی زۆر ستراتیجی هەڵكەوتووە و لە سێ لای باشوور و ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی ئەم شارەوە دۆڵێکی قووڵ و سەخت هەیە کە ڕووبارێکی پێدا دەڕوا. جگە لەوەش قەڵایەکی گەورە لە دیوی باکووری شار دروست کراوە. بەهۆی ئەوەی سێ دیوی شارەکە بەو دۆڵە قووڵە و ڕووبارەکە پارێزراون و دیوی باکووریش بە قەڵایەکی بەهێز و گەورە و زۆر ئەمن و پارێزراوە، هێرشکردنە سەر ئەو شارە زۆر سەخت بووە.

دوای ئەوەی شاری ئانی بە هاوکاریی ئەلپ ئەرسەلانی سەلجووقی و مەنووچەهری شەددادی لە ئەرمەنەکان ئەستێنرا، مزگەوتی بەناوبانگ کە تا ئێستاش ماوەتەوە دروست کرا. لەو سەردەمەدا گەلی ئەرمەنستان بەهۆی کاریگەریی ئایینی، پشتیان بە بیزەنتینییەکان بەستبوو، کوردەکانیش بەهۆی موسڵمانبوونیانەوە لەگەڵ سەلجوقییەکان  کە تازە هاتبوونە ناوچەکە و موسڵمان ببوون، هاوکارییان کرد، دوای گرتنی ئانی لەلایەن شەدادییەکانەوە، دووهەم سەردەمی زێڕینی شەددادییان دەست پێ دەکات. کەمێک لە خوار ئەوانیشەوە دەسەڵاتی کوردانی مەروانی هەبوو و هاوکاریی یەکتریان دەکرد.

شاری ئانی تا ئێستاش پاشماوەی شارێکی مێژووییی دێرینی تێدایە، کە مێژوویەکی لانیکەم ٢ هەزار ساڵەی هەیە و شارێکی زۆر گەورەی سەردەمی خۆی بووە. بەڵام ئەو مێژووە زۆر لەوە کۆنتر و دوورترە. بۆ ئەوەی ئەم مێژووە دەربهێنرێت، پێویستە ساڵانێک لێکۆڵینەوە و توێژینەوە بکرێت و تا ئێستا ئەو کارانە بە شێوەیەکی زۆر هەمەلایەنە ئەنجام نەدراون.

KURDŞOP
744 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!