ئەستوونێکی دووهەزار ساڵەی گردی تەیرێ ڕەش لە باکووری کوردستان داڕما

"گردی تەیرێ ڕەش" کە دەکەوێتە ناوچەی کۆلیکی سەمسوور، شوێنەوارێکی مێژووییی گرنگە و پێش ٢ هەزار ساڵ لەلایەن دەوڵەتی کۆماگەنەی کوردەوە دروست کراوە. گردەکە بە کۆکردنەوەی بەرد تا ٢٠ مەتر بەرزکراوەتەوە.

زاگرۆس جیلۆ

کوردشۆپ- لە دوو بوومەلەرزەی ٦ی بەفرانباردا لە گورگوم (مەرعەش) لە باکووری کوردستان کە بووە هۆی کارەساتی گەورە لە ١١ پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا و زیاتر لە ٥٠ هەزار کەس گیانیان لەدەست دا، شوێنە مێژووییەکانیش زیانیان بەرکەوت.

یەکێک لە گرنگترین شوێنە مێژووییەکانی سەمسوور لە باکووری کوردستان، "گردی تەیرێ ڕەش"ە کە هی سەردەمی دەوڵەتی کوردیی شانشینی کۆماگەنەیە. ستوونەکانی "گردی تەیرێ ڕەش" کە یەکێک لە سەرچاوە گرنگەکانی گەشتیاری لە پارێزگای سەمسوورە، بەهۆی بوومەلەرزەکەی ٦ی شوباتەوە زیانیان بەرکەوتووە.

"گردی تەیرێ ڕەش" کە دەکەوێتە ناوچەی کۆلیکی سەمسوور، شوێنەوارێکی مێژووییی گرنگە و پێش ٢ هەزار ساڵ لەلایەن دەوڵەتی کۆماگەنەی کوردەوە دروست کراوە. گردەکە بە کۆکردنەوەی بەرد تا ٢٠ مەتر بەرزکراوەتەوە.

"گردی تەیرێ ڕەش" لەلایەن شای کۆماگەنە "میتریداتەسی دووهەم"ەوە، بەناوی دایکی واتا "ئیسیاس فیلۆستۆرگاس"ەوە دروست کراوە. دوای لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت کە ئەو شوێنە وەک گۆڕستان و مۆنیۆمێنتێک بۆ ژنانی بنەماڵەی پاشایانی کۆماگەنە دروست کراوە. "میتریداتەس"ی دووەم کە ناوەکەی بە واتای "ئەو کەسەی لە لایەن میتراوە دراوە" گردی تەیرێ ڕەش دروست دەکات کە لەو ناوچەیە بە ناوی "تومولووسی تەیرێ ڕەش"یش ناودەبرێت. لەسەر ئەم گردە ٤ ئەستوون هەیە، ستوونی یەکەم ستوونی "بە خەرتەلە". لەسەر ئەم ئەستوونە پەیکەری خەرتەلێک هەیە و ناوی خۆی لەم پەیکەرەوە وەرگرتووە.

نووسەر و مێژوونووس، "مستەفا جۆشکون" دەڵێت: "لێرەدا 4 ئەستوون هەیە. ئەم ناوچەیە لە گۆڕی بنەماڵەی شاهانەی کۆماگەنە پێک دێت. ئەم ئەستوونانە 2 هەزار ساڵە لەوێن. شوێنی ئەم گردە لە مێژووی کۆماگەنەدا زۆر گرنگە"

لەسەر گردی تەیرێ ڕەش، لە دیوی ڕۆژئاوا، ئەستوونی "دەستگرتن" بە بەرزیی ١٠ مەتر هەبوو، کە لە بوومەلەرزەکەی ٦ی شوباتدا داڕماوە. لەسەر ئەو ئەستوونە پەیکەری پاشا "میتریداتەسی دووهەم" و "لاودیجە"ی خوشکی لە حاڵێکدا کە دەستیان گرتبوو دانرابوو.

مستەفا جۆشکون دەڵێت: "ئەم ئەستوونە ئەستوونی دەستگرتنە. پەیکەری میتریداتەس و لاودیجەی خوشکی، دەست لە ناو دەستی یەکدا، لەسەر ئەو ئەستوونە دانرابوو. ئەم ئەستوونە لە بوومەلەرزەکەدا لەناوچوو. تەمەنی ئەم ئەستوونە ٢٠٤٣ ساڵ بووە."

لە ڕۆژهەڵاتی گردی تەیرێ ڕەش، 2 ئەستوونی دیکە بە بەرزیی 10 مەتر لە تەنیشت یەکتر هەیە. لەسەر یەکێک لەو ئەستوونانە پەیکەری جوانەگایەک و لەسەر ئەستوونەکەی تر پەیکەری شێرێک هەبووە، پەیکەری جوانەگاکە ماوەتەوە بەڵام سەری لابراوە و پەیکەری شێرەکە لە شوێنی خۆی نەماوە.

"گردی تەیرێ ڕەش" لە لیستی میراتی ڕۆشنبیریی جیهانیی یونسکۆدا تۆمار کراوە و وەزارەتی ڕۆشنبیری و گەشتوگوزاری تورکیا ڕایگەیاندووە ئەستوونی دەستگرتن نۆژەن دەکرێتەوە.

KURDŞOP
785 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!