ڕۆژنامەی ژیان، سەرمایەیەکی مێژوییی ڕۆژنامەگەریی کوردی

بە ڕوونی دیار نییە کە لە سەرەتای دەرچوونی ژیاندا کێ سەرنووسەر بووە. "جەمیل سائیب" سەروتار و چەند وتارێکی سیاسیی لە ژمارە سەرەتاکانیدا نووسیوە، خوێنەر وادەزانێ ئەو سەرنووسەری ڕۆژنامەکە بووە، بەڵام پاش چەند ژمارەیەک دەنگی نەماوە. بەشدارییەکەی لە نووسینەکانی ڕۆژنامەکەدا، وەکوو بەرچاو دەکەوێ هەر بە درێژەپێدانی چیرۆکی ”لە خەوما“ بووە. کە لە سەردەمی ژیانەوەدا دەستی پێ کردبوو.

ڕۆژنامەی ژیان

ژیان ڕۆژنامەی شارەوانیی سلێمانی بووە، پێناچێت سەرنووسەر و دەستەی نووسەرانی دیاریکراو و هەمیشەیی هەبووبێت. ئەوەی بووەتە مودیری چاپخانەکەی شارەوانی، لە هەمان کاتدا بووەتە بەڕێوەبەر و سەرنووسەری ڕۆژنامەکەیش، ئەوانەی وتاریان بۆ نووسیوە خۆبەخش بوون.

 

نووسەرانی ڕۆژنامەی ژیان

جەمیل سائیب

 لە ژمارەکانی سەرەتادا چەند وتارێک بە قەڵەمی جەمیل سائیب بڵاو کراوەتەوە. وەکوو خاوەنی ڕۆژنامەکە دەدوێ و دەنووسێ. بەڵام دوای چەند ژمارەیەک دەنگی نووسینی نەماوە و تەنیا «لە خەوما»کەی بە ئەڵقە بڵاو کردووەتەوە.

ئەحمەد عەزیز ئاغا

 لە ژمارە سەرەتاییەکانیدا چەند وتارێکی سیاسی و پەروەردەییی نووسیوە و پاشان ئەویش دەنگی نەماوە

کوردی (مستەفا سائیب)

 بە ئەڵقە لە ژمارە جیاجیاکانی ژیاندا وتاری سیاسیی نووسیوە، لەوانە: "بۆ مەبعووسە موحتەرەمەکان"، "کورد بۆچی پێش ناکەوێ؟" و "تەربیە لە ئەقوامی ئەنغلۆ ساکسۆندا"

شێخ نووری شێخ ساڵح

 وتاری لەسەر ئەدەبیاتی کوردی و شیعری لێ بڵاو کراوەتەوە

ڕەشید نەجیب

 شیعر و وتاری کۆمەڵایەتیی لێ بڵاو کراوەتەوە.

هەروەها عەزیز عەبدوڵڵا، واجید مەجید، میرزا مارف، حەسەن کوردستانی(پێدەچێ نازناو بووبێت)، مستەفا شەوقی و عەونی حاجی گورون، محەمەد ئەدیب عەزیز و پیرەمێرد وتاریان بۆ نووسیوە و  فایەق بێکەس، حەمدی، عەلی کەماڵ باپیر و فایەق زێوەر، شیعریان تێدا بڵاو کردووەتەوە.

ژیان لە سەردەمی عەلی عیرفاندا بە دەگمەن شیعری تێدایە و بە دەگمەن نووسینی نووسەرانی تری بڵاو کردووەتەوە، پێدەچێت هەموو بابەتەکانی ڕۆژنامەکە خۆیان نووسیبێتیان.

 

بڵاوکردنەوەی ژیان

لەو سەردەمەدا لە کوردستان دامەزراوەیەکی تایبەتی بۆ بڵاوکردنەوەی چاپکراوەکان نەبوو. لە زۆربەی شارەکانی کوردستاندا کتێبفرۆشی و ناوندگەلی تایبەت بە بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامە نەبووە، ڕێگاوبان کەم و خراپ بوو، ئوتومبێڵ زۆر کەم و دەگەمەن و هەندێ لە شار و شارۆچکەکانیش ڕێگاوبانی ئوتومبێلیان بۆ ساز نەکرابوو و بە وڵاغ هاتوچوو دەکرا. بەهۆی شۆڕشەکەی شێخ مەحموودەوە ڕێگاوبانەکان نائاسایی بوون و بە کاروان و لەگەڵ زرێلی جەنگی هاتوچۆ دەکرا. ئەمانە هەمووی کاری کردووەتە سەر ڕۆژنامەکە، بە وردی نازانرێ چەندی لێ چاپ کراوە و چەندی گەیشتووەتە دەست خوێنەران. بەپێی توانای داراییی ڕۆژنامەکە پێناچێت لە هەزار دانە تێپەڕیبێت کە بۆ ئەوکاتە ژمارەیەکی گونجاو بووە. لە ڕاپۆرتەکانیدا دەردەکەوێ کە بێجگە لە سلێمانی، ژیان هەتا کەرکووک، هەولێر، چەمچەماڵ، کۆیە، شەقڵاوە، ڕواندز و لە دەرەوەی کوردستانیش بۆ بەغدا ناردراوە.

 

سەرچاوە داراییەکانی ژیان

سەرچاوە داراییەکانی ژیان بریتین لە: ئابوونەکان و داهاتی لە ئیعلان

لە لاجانگی چەپی ناوچاوانی ژمارەی یەکەمدا نووسراوە: "بەدەلی ئابوونە بە سێ مانگ ڕووپیە و نیوێکە، شەش مانگ سێ ڕووپیەیە. لە سێ مانگ کەمتر ئابوونە قەید ناکرێ. بۆ دەرەوە بەدەلی ئابوونە حەوت ڕووپیە و نیوە. نوسخەی بە ئانەیەکە."

لە لاجانگی ڕاستی ناوچاوانیدا نووسراوە: "بۆ هەموو شتێک موخابەرات بە ناوی ئیدارەخانەوە ئەکرێ. ئیعلانات بە دێرێک شەش ئانەیه"

لەو سەردەمەدا هێشتا عێراق لە ژێردەستی ئینگلیسدا بوو و دراوی تایبەت بە خۆی نەبووە، بۆیە بە دراوی هیندی مامەڵە دەکرا لەبەر ئەوە ئابوونە و ئێعلانەکان بە ڕووپیە بوو، لە دوای ئەوەی دراوی عێراقی لە ڕووپیە و ئانەوە گۆڕاوە بۆ دینار و فلس ڕاگەیاندنەکەی ژیانیش گۆڕاوە.

 

لایەنی ڕۆژنامەوانی

ژیان ڕۆژنامەیەکی ناوچەیی بووە. بەڵام لە بواری ڕۆژنامەوانییەوە بە سەرکەوتوو دێتە ئەژمار. لە زۆربەی فۆرمەکاندا بابەتی تێدا بڵاو کراوتەوە، لەوانە: هەواڵ، ڕیپۆرتاژ، وتار، لێدوان و سەروتار

زمانی نووسین

ژیان چەند جارێک باسی بژاری زمانی کوردیی کردووە، لە ژمارەی 45دا، هەوڵی پێکهێنانی "کۆمەڵی بژاری زمانی کوردی"ی داوە و لە ژمارەی 49دا تکای لە نووسەرانی خۆی کردووە لە کاتی نووسینی وتارەکانیاندا لە وشەی کوردیی پەتی کەڵک وەرگرن. هەرچەندە خۆی ئەو مەبەستەی نەپێکاوە و دەقەکانی پڕن لە وشەی عەرەبی.

ڕێنووس

بەگشتی هەمان ڕێنووسی زمانی عەرەبی و فارسیی بەکار هێناوە. ساڵی 1930 تۆفێق وەهبی بووەتە موتەسەڕیفی سلێمانی، ماوەی چەند هەفتەیەک ڕێنووسێکی نوێی پێڕەو کردووە. ئەگەرچی لە بزوێنەکانیدا لە هی ئەم سەردەمە نزیکە، بەڵام زیاد لە پێویست موبالغە لە بەکارهێنانیدا کراوە. وشە و ڕسته عەرەبییەکانیشی هەر بەو ڕێنووسە نووسیوە، بەڵام دواتر وازی لێ هێناوە.

 

نرخی مێژوویی

ژیان بۆ مێژووی نوێی کوردستان سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی جێی باوەڕە.

بۆ مێژووی سیاسی

 ڕووداوەکانی کوردستانی باشوور، هەواڵەکانی شۆڕشی شێخ مەحموود، پەیوەندیی لەگەڵ ئینگلیس و عێراق، نوێنەرانی کورد و پەرلەمانی عێراق، ڕووداوەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و هەروەها کوردستانی باکوور و ... لە ژیاندا باس کراون.

بۆ مێژووی ئەدەبی

نوێکردنەوەی شیعری کوردی، بانگەواز بۆ زیندووکردنەوە و چاپکردنی بەرهەمی شاعیران

بۆ مێژووی کۆمەڵایەتی

 داکۆکی لە ژن، داکۆکی لە جووتیاران، داکۆکی بۆ چاککردنی ژیانی دانیشتووانی لادێکان.

 

ژمارەی 1ی "ژیانەوە" لە 18ی ئابی 1924دا لە سلێمانی دەرچووە، لە ژێر ناوەکەیدا بەمجۆرە خۆی ناساندووە: «ئەم غەزەتەیە غەزەتەیەکی حوکمەتییە، هەفتەی جارێک دەردەچێ.»

ژمارەی 1ی ”ژیان” کە لە 21 کانوونی دووەمی 1926دا لە سلێمانی، ڕاستەوخۆ دوای ڕاگرتنی ژیانەوە، وەکوو درێژەکێشانی ئەو، دەرچووە، بە هەمان پێناسەی ژیانەوە خۆی ناساندووە: «ئەم غەزەتەیە غەزەتەیەکی سیاسی، ئەدەبی، ئیجتماعییە، هەفتەی جارێک دەردەچێ»

لە هەموو ژمارەکانیدا ڕۆژی بڵاوبوونەوەی یەکەم ژمارەی دووبارە کردووەتەوە: «تاریخی ئینتشار 21ی کانوونی سانیی 1926 سلێمانی»

 

قۆناغەکانی دەرچوونی ڕۆژنامەکە

ژیان لە ژمارەی یەکەمی خۆیدا لە 21ی کانوونی دووهەمی ساڵی 1926 بەم سەروتارەوە دەستی بە دەرچوون کردوە:

«مەعلوومە کە لیوای سلێمانی مەعرووزی ئەو ئینقلابه بوو کە دیمان و لە حەقیقەتدا مەحکوومی مەحو بوو. غەزەتە مەحبووبەکەشمان هەروەها تووشی ئەو تەئسیراتە هات، ڕووناکیی نەمابوو، تاریکی مابووەوە...» (هێنانی کۆی وتارەکە لەم دەقەدا ناگونجێت).

 

سەردەمی محەممەد ئەدیب

بە ڕوونی دیار نییە کە لە سەرەتای دەرچوونی ژیاندا کێ سەرنووسەر بووە. "جەمیل سائیب" سەروتار و چەند وتارێکی سیاسیی لە ژمارە سەرەتاکانیدا نووسیوە، خوێنەر وادەزانێ ئەو سەرنووسەری ڕۆژنامەکە بووە، بەڵام پاش چەند ژمارەیەک دەنگی نەماوە. بەشدارییەکەی لە نووسینەکانی ڕۆژنامەکەدا، وەکوو بەرچاو دەکەوێ هەر بە درێژەپێدانی چیرۆکی ”لە خەوما“ بووە. کە لە سەردەمی ژیانەوەدا دەستی پێ کردبوو.

لە ژمارەی یەکەم ڕێکەوتی 1926/01/21 هەتا ژماری 81 لە ڕێکەوتی 1927/09/08 وا باوە کە محەممەد  ئەدیب عەزیز سەرنووسەر بووە و بە بۆنەی تێپەڕینی ساڵێک بەسەر دەرچوونی ڕۆژنامەکەدا نووسیویەتی: «ژیان پێی نایە بەهاری دووەم ساڵی عومری، ئەم لاپەڕانە کە هەموو وەختێ مودافەعەی حەقی کردووە و لە حەقیقەت جیا نەبووەتەوە و ...»

 

سەردەمی عەلی عیرفان

لە ژمارەی 82ی ڕێکەوتی 1927/09/20دا عەلی عیرفان بە ناونیشانی «تەشەکورات و ڕجا» نووسیویەتی: «چونکە جەنابی ئەدیب ئەفەندی مودیری مەتبەعەی ژیان، تەعین کراوە بە کاتبی مالیەی سلێمانی، لەبەر مەشغووڵیەتی عەلاوەی نەیئەتوانی ئەم وەزیفەیەش ئیفا بکات، ئیستیعفای کرد. لەسەر تەنسیب و ئەمری موتەسەڕیفی مەعالی هیمەم بەندە بۆ ئیفاکردنی ئەم وەزیفەیه تەنسیب و تەعین فەرموراوم...»

ژیان لەم سەردەمەدا هەوڵی داوە زیاتر پێش بکەوێ، لە ژماری 134یدا نووسیویەتی:

 «بۆ زانینی هەموو قاریئینی کیرام

مەعلوومی هەموو قاریئین و مشتەرییە کیرامەکانمانە کە لە کوردستانی جنووبیدا، سلێمانی کە عادەتەن وەکوو مەرکەزێکی عموومیەتی، تەنها ئەم غەزەتەیەی تیا ئینتیشار ئەکات و چونکە ئەسباب و ئەدەواتی مەتبەعەکەمان نوقسان بوو لە هەفتەی دەفعەیەک زیاتر قابیل نەبوو غەزەتەکەمان ئینتیشار بکات، لەبەر ئەوە مومکین نەبوو هەموو حەوادیسێک و مەعلووماتێک لە وەقتی خۆیدا دەرج بکرێ... لە یەکی ئەم مانگەوە هەفتەی دوو کەڕەت: دووشەموان دەفعەیەک و پێنج‌شەموان دەفعەیەک غەزەتەکەمان ئینتیشار ئەکات...»

ئەمە دووەمین جار بوو لە سلێمانی ڕۆژنامەیەک بتوانێ حەفتەی دوو جار دەربچێ. جاری یەکەم ‌”پێشکەوتن“ و جاری دووەم ”ژیان“. لە ژمارەی 82 تا 259 واتە لە ساڵی 1927 تا 1930 کە عەلی عیرفان سەرنووسەر بووە، ژیان لەو ڕۆژانەدا دەورێکی کاریگەری هەبووە لە داکۆکیی مافی نەتەوەیی کورد و نواندنەوەی جموجۆڵی سیاسیی چالاکەکانی کورد و هاندانی خەڵک بۆ داوای مافی نەتەوەییان، لەبەر ئەوەی دوای ڕووداوەکانی ئەیلوولی 1930 کە لە سلێمانی زۆر شت گۆڕاوە، پێدەچێت عەلی عیرفانیش گیرابێت و لە ژیان دوور خرابێتەوە.

 

سەردەمی حسێن نازم

لە ژمارەی 260 تا ژمارەی 320 حسێن نازم سەرنووسەری ژیان بووە. وا دەردەکەوێت کە ژیان ئەو نەختە ئازادییەی پێشووی نەماوە. «پیرەمێرد» لە ژمارەی 313دا نووسیویەتی:

”ژیانمان هەندێ لە ڕێ لای دابوو

لالووت بووین، لامان باوی نەمابوو

ئەمجارە هەموو بۆی تێدەکوشین

کەمی و لاسەنگی بۆ دادەپۆشین“

 

سەردەمی پیرەمێرد

پیرەمێرد لە ژمارەی 321ی ڕێکەوتی 1932/05/09ـەوە بووەتە بەڕێوەبەری ژیان. هەر لەم ژمارەیەدا بە بۆنەی مردنی حسێن نازمەوە، بە ناونیشانی «ڕازی برادەری» نووسیویەتی:

«زۆر دڵشکستەم بە کۆچکردنی هامدەردێکی وەک حسێن نازم بەگ، گەرچی منیش ڕێبوارم و نزیک بە بوارم بەڵام هێشتا هیوادارم. (ڕۆژنامەی) ژیانمان نزیک بوو بە نەمان چونکو ئیتر بەلەدیە هیچی پێ خەرج نەدەکرا. ناچار لە گۆشەنشینی هاتمە دەرێ و ... »

لە ژمارەی 321 تا ژمارەی 405 ئیتر پیرەمێرد سەرپەرشتیی کردووە و بەڵام ڕۆژنامەکە هەر بە ناوی شارەوانیی سلێمانی بووە. لە ژمارەی 406ی 1934/08/14 تا ژمارەی 538ی 1937/02/10 پیرەمێرد چاپخانەکەی لە شارەوانیی سلێمانی بە کرێ گرتووە، دوایی ئیجازەکەی بۆ تازە نەکراوەتەوە، ئیتر خۆی چاپخانەیەکی گەورەتری کڕیوە. لە 1937/01/16دا ئیجازەی دامەزراندنی بۆ وەرگرتووە و ڕۆژنامەکەشی بە فەرمی بە ناوی خۆیەوە تۆمار کردووە.

 

KURDŞOP
982 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!