کوردستان لە نیگای "والتێر بێرتۆن هەریس"ەوە

 

هەر لە دێر زەمانەوە ڕۆژنامە نووس و ڕۆژهەڵاتناسانی ئەورووپایی، بە مەبەستی جۆراوجۆر سەردانی وڵاتانی دیکە و بەتایبەت وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوینیان کردووە. جاری وا بووە بە مەبەستی بازرگانی و هێندێک  جار بۆ ڕاپەڕاندنی کاروباری سیاسی و تەنانەت سیخوڕی و زۆر جاریش هەر بۆ سیاحەت و گەشتوگوزار ڕوویان  لەو وڵاتانە کردووە.

بەڵام بەشێک لەوانە حەولیان داوە سەرەڕای ڕاپەڕاندنی کاروباری خۆیان بە نووسینی یادەوری و بابەتە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو وڵاتانە، لە ڕوانگەی خۆیانەوە، وێنەیەکیش  لە داب و نەریت و شێوەی ژیان و بارودۆخی ئابووری و کشتوکاڵ و سیاسەت و  بە گشتی ژیانی ئەو وڵاتانە بە دەستەوە بدەن. کوردستان بە هەموو بەشەکانیەوە، بە هۆی هەڵکەوت و باری جوغڕافیایی و دابەش بونی لە نێوان چەند دەوڵەتدا و هەبوونی ئاو و هەوای سازگار و سروشتی تایبەت، یەکێک لە ئامانجەکانی گەشتیارە  بیانییەکان بووە و زۆر کتیب و  بابەت، لە لایەن ڕۆژهەڵاتناسانەوە لەمەڕ خەڵکی کوردەوە بە ڕاوێژ و ئاراستەی جوداوە نووسراون. تاقمێک لە گەشتیارە بیانییەکان، تێکەڵی ژیانی خەڵک بوون و ئەو تێکەڵاوییە گەیشتووەتە ئاستی دۆستایەتی و نووسینی باشیان لەسەر کورد بڵاو کردووەتەوە و تاقمێکیش بە ڕوانینی مرۆڤی وڵاتانی داگیرکەر و کلۆنیالیست لە کوردیان ڕوانیوە. نیگاکەیان نیگایەکی لەسەرێوە بۆ خوارێیە و خەڵکی ئەو ناوچانەیان لە بەراورد لەگەڵ خەڵکی خۆیان بە سووک و چرووک و دواکەوتوو لەقەڵەم داوە. نموونەی  هەر دوو ئاراستەکە زۆرن و لەو بەشەدا دەمهەوێ ڕوانگەی نووسەر و گەڕۆکێکی ئینگلیسی بخەمە ڕوو کە لەمەڕ کوردستانی ساڵی ١٨٩٦ی زایینی  نووسیویەتی و لە هەر دوو بەشی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دیداری کردووە و هەڵبەت بە دوو شێوەی جیاواز لە مەڕ ئەو دوو بەشەوە دواوە . واتە سەردەمێک کە بۆ یەکەم جار هەنگاوی ناوەتە کوردستان جۆرێکی ڕوانیوە و دواتر کە کەم کەم هۆگریی بەو خەڵکە و داب و ڕەسمەکانیان پەیدا دەکا، زمان و نیگای تا ڕادەیەک گۆڕانکارییان بەسەردا دێ.

“واڵتێر بێرتۆن هەریس” ڕۆژنامەوان ، نووسەر و گەڕۆکێکی جیهانی بوو کە لە ساڵی ١٨٦٦ لە لەندەن لە دایک بوو. ئەو کوڕی دەڵاڵێکی گەمیەوانی بوو. واڵتێر کە دەرچووی زانکۆی کەمبریج بوو، لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا دەستی کرد بە گەشتیاری و هاوکات بۆ ڕۆژنامەی تایمز بابەتی دەنارد. واڵتێر هەریس لە ساڵی ١٨٩٦دا بەرەو کوردستان سەفەر دەکا و لە کتێبێکدا بە ناوی« لە باتوومەوە بۆ بەغدا» باسی ئەو دێهاتە کوردانە دەکا کە لێیان تێپەڕیوە و شانۆی دیتنی کوردەکان و فەرهەنگ و شێوە ئاخاوتن و گۆرانی کوتنیان بە ڕاوێژێکی سووک و بە سۆخرەوە دەگێڕێتەوە:

 بەیانی زوو، پاش بە پێیان بە قەراخ چۆمەکەدا ڕۆیشتین و پاش دوو کاتژمێڕ گەیشتینە دێی ئاغایەکی دیکە؛ شوێنێک بوو کە داگەڕان بەرەو ئێرانیبوون تەنانەت لە دێی "میرەدێ" زیاتر بوو. چونکە لێرە هەرچەند ژنەکانیان خۆ لە ژوورێ نابەستنەوە و دەمامک لێنادەن ،بەڵام جلی ئێرانییان پۆشیوە. ئاکامەکەشی بە جۆرێکە کە دزێوتر لەوەت هەر پێ شک نایە. جلکی ژنانی بەشی باکووری ئێران بە جۆرێکە کە دەبێ زۆریش منەتباری مێردەکانیان بی کە لانی کەم ناهێڵن ژن و کچیان زۆر بێنە نێو خەڵکەوە. بەسەر « گۆرەوی کێشی »دا داوێنێکی کورتی پڕچینیان بەرداوەتەوە کە ڕێک وەکوو جلی سەماکەری پلەی دووی سەمای بالە دەچێ، ئەویش لە شانۆیەکی نزمی پلە دوودا. لای بەژنەکەشی کراسێکی چوار گۆشەی زۆربەی جاران  پیسە کە بە نەوارێکی زەڕیی خراپ حاشیەکانیان گیراوە و مل و باسک و بەشی سەرەوەی داوێنەکە دەگرێتەوە و شێوەی جل پۆشینی ناحەزی ژنەکانی باکووری ئێران دەنوێنێ. ئەو جلکانە بە ڕاستی لەو دێهاتە کوردییە شتێکی ناهەماهەنگ و ناهاوچەشن بوو؛ ئەویش دێیەک بە ماڵی کاوگڵ و گرووپی هەڵپەڕکێ کە بە شنەشن هاتبوون و کۆ ببوونەوە تا مرۆڤێکی ئورووپایی ببینن و زیاتریش ئەو شانۆیە لە شانۆیەکی پلە دوو دەچوو..

واڵتێر هەریس نیگایەکی تەواو لەسەرەوەی هەیە بۆ دانیشتووانی گوندەکە و بە شێوەی خەڵکانێکی دوواکەوتوو و پێکەنیناوی دەیان نوێنێ و بەوەڕا کە دەڵێ ئەو خەڵکە جل ناحەزە بۆ دیتنی وی کۆ ببوونەوە، شوناسی خۆی لە هەمبەر شوناسی ئەو خەڵکەدا بەرزتر لە قەڵەم دەدا. بەڵام هەریس لە شوێنێکی دیکە لە کتێبەکەیدا کاتێک دەگاتە ناوچەی « کەرەند» لە ڕۆژهەلاتی کوردستان، بە جۆرێکی دیکە باس لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی ئەو ناوچەیە دەکا:

"ئێمە جگە لە وێنەیەکی کۆکراوەی کەرەند کە لە ژێر مانگەشەودا دیار بوو، شتێکی وامان لێ بەدی نەکرد، چونکە بەرەو پەرژینێکی کاتی چووین کە بۆ مۆڵدانی ئەسپەکانمان چێ کرابوو ، بۆخۆشمان لە ژێر نسێی ئەو دارانەی پاڵیان وەپاڵ تیرەگە دارینەکانەوە دابوو، دەستمان کرد بە نان خواردن. ئەو شانۆیە وەک شانۆی هەموو ئوردووگایەکی کاتی لە ڕۆژهەڵات، یەکجار نوێ بوو، هەندێ کورد و عەڕەبی کاروانچی لەو بەریناییەدا ئاوریان داگیرساندبوو و بێجگە لەوەی چێشتی شێوانیان لێدەنا، خۆشیان بەو ئاورانە گەرم دەکردەوە. لەو بەریشەوە بەرزاییی پڕگەڵا و چڕ وپڕی دارەکان دەتکوت بوخچەی تاریکن و لەباوەشی ئاسماندا  و لە ژێر تریفە و ئەستێرەی بێ ئەژمار دەدرەوشانەوە. جارناجارێک یەکێک لە ئەندامانی کاروانەکە تێی هەڵدەکرد لە گۆرانی و لەو مێلۆدیی خەمۆک و پڕ پەژارەیان دەخوێندەوە کە لە زۆربەی شوێنەکانی کوردوستان دەبیسترێ."

لەو بەشەدا «واڵتێر هەریس» وێدەچێ پاشی ئەوەی لە لای باکوورەوە دەگاتە باشووری کوردوستانی بەشی ڕۆژهەڵات، زیاتر لەگەڵ خەڵک و شێوە کردار و ڕێوڕەسمی مرۆڤی کورد ڕاهاتبێ و ئاخاوتنەکەی هەندێ لە ڕاستەقینەی ژیانی ئەوکاتی خەڵکی کورد نزیکتر بووبێتەوە. ئیشی وەک تاوڵ هەڵدان و ئاورکردنەوە و چێشت لێنانی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی ئیدی بەلای گەشتیاری ئینگلیسییەوە بە سۆخرە ناگیرێ ، بەڵکوو بەلایەوە نوێیە و جێی سەرنجە. لەلایەکی تریشەوە شانۆیەکی شاعیرانەو ڕەنگە هەندێک تڕاژیک لە ڕەنجی نادیاری مرۆڤی کورد لە ژێر مانگەشەودا دەنوێنێ و وێدەچێ سەرەڕای کوردی نەزانین، ڕۆحی خەمۆکی ستران و دەنگی ئەو گۆرانیبێژانەی ناسیبێ، بە تایبەت کە ئەو خەمەی لە گەڕەلاوژەی کاروانچییەکاندا دەیبیستێ، دەیگشتێنێ بەسەر ئەو دەنگانەی وا پێشتر لە کوردستان بیستبوونی.

گۆشەنیگای هەریس و شێوەڕووانینی ئەو بۆ مرۆڤی کورد ، وەک مرۆڤێکی ڕۆژهەڵاتی لە چاوی ڕۆژاوادا، شێوەڕوانینێکی نزم و جاروبار دڵسۆزانەیە کە هەڵبەت لە نێو گەشتیاراندا زۆر باو بووە و تایبەتی ناوچەی کوردوستانیش نیە، بەڵکوو زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵات وەک هێند و چینیش دەگرێتەوە.

KURDŞOP
813 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!