کۆنترین دیمەنی هەڵکۆڵراو لەسەر بەرد لە باکووری کوردستان دۆزرایەوە

کوردشۆپ- لە نزیک گردی مرازان، تابلۆیەکی بەردین کە شێوەی مرۆڤی لەسەر هەڵکۆڵراوە و تەمەنی ١١ هەزار ساڵە دۆزراوەتەوە،  لە تۆماری شوێنەوارناسیدا وەک کۆنترین تابلۆی هونەری جێی گرتووە.

لەو نەخشەی دیوارەدا کە لەسەر بەرد هەڵکەندراون، ٥ وێنە نەخشێنراوە کە بریتین لە: دوو مرۆڤ و گامێشێک و دوو پلنگ، یەکێک لە مرۆڤەکان مارێکی بەدەستەوەیە و کەسەکەی تریش ئەندامی نێرینەی خۆی گرتووە.

بەپێی وتارێک کە لە گۆڤاری زانستیی Antiquity’s Project Gallery دا بڵاوکراوەتەوە، توێژەری لێکۆڵەر "ئایلەم ئۆزدۆغان" دەڵێت: "زانیاریی زۆر کەممان هەیە لەسەر ئەوەی کام کۆمەڵگە ئەم دیمەنانەی لەسەر ئەو بەردە نەخشاندووە."

ئایلەم ئۆزدۆغان کە هاوکات لە زانکۆی ئەستەنبوڵ زانای شوێنەوارناسییە، دەڵێت: "ئەو پێکهاتانەی لەم ناوچەیەدا دەژین، کەلتوورێکی هاوبەشیان هەیە. پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ یەکتردا هەیە و داهێنانی کۆمەڵایەتی و کولتوریی کۆمەڵایەتییان هەیە کە لەگەڵ یەکتردا هاوبەشیان کردووە."

بەپێی ئەو نموونانەی لە ناوچەکە وەرگیراون و بەگوێرەی تاقیکردنەوەی ڕادیۆکاربۆن، مێژووی ئەم شوێنەوارانە دەستنیشان دەکرێن، بەڵام توێژەران دەڵێن ئەو نەخشانە پێشینەیەکی ٩ هەزار ساڵ پێش لەدایکبوونیان هەیە و بەو تاقیکردنەوانە دەتوانرێت تەمەنیان وردتریش دەستنیشان بکرێت. لەبەر ئەوەی نەخشە بەردینەکان لە شاری دێرینی سایبورچ دۆزراونەتەوە، وا گریمانە دەکرێت گرووپ و کۆمەڵگەی ڕاوچی و کۆکەرەوە، کاتی گواستنەوەیان بۆ ژیانی نیشتەجێبوون، ٩ هەزار ساڵ پێش لەدایکبوون، ناوچەکەیان ئاوەدان کردووەتەوە.

ساڵی ڕابردوو لە گەڕەکی "سایبورچ" لە شارۆچکەی "قەرەکۆپرو" سەر بە شاری "ڕحا" کە شارێکی مێژووییی دێرینە، هەڵکۆڵین دەستی پێ کرد و چەندین بینای سەردەمی بەردینە نوێیەکان دۆزرانەوە.

بەهۆی بەهای شوێنەواریی شاری سایبورچ، پلانی ڕووخاندنی زۆرێک لە باڵەخانە هاوچەرخەکان دانراوە و تا ئێستا تەنها نیوەی بینا مێژووییەکان دەرکەوتوون. ئەو وێنانەی لە بەرددا هەڵکەندراون لە تۆماری شوێنەوارناسیدا وەک کۆنترین تابلۆی شێوەکاری پێناسە دەکرێن.

وێنەی بەراز کە تەمەنی ٤٤ هەزار ساڵە و لە ساڵی ٢٠٢١ لە ئەندەنوسیا دۆزرایەوە، پێشتر وەک کۆنترین پارچەی هونەریی مێژوویی تۆمار کرابوو. بەڵام ئەم پارچە مێژوویییە هیچ لێکدانەوەیەکی لێ نەدەکرا.

لە ساڵی ٢٠١١ شوێنەوارناسان بەردێکی ١٢ هەزار ساڵەیان دۆزیوەتەوە کە وێنەی باڵندەیەک و کەسێکی لەسەرە. نووسراوەی سەر ئەم پارچە مێژووییە کە لە ساڵی ٢٠١٩ ئامادەکرابوو، وەک بەرهەمێکی هونەری ناساندبووی. بەڵام هەندێک لە شوێنەوارناسەکان پێیان وایە ئەو پێناسەیە جێگای مشتومڕە.

بە گوتەی ئایلەم ئۆزدۆغان، "ئەو وێنانەی سایبورچ دوو دیمەن پێشان دەدەن. لە یەکەمدا پیاوێک و گامێشێک و لە دووهەمیشدا دوو پڵنگ لە دەوری پیاوێکن و چیرۆکەکەیان دەگێڕدرێتەوە. لەو دوو مرۆڤەی وەک پیاو وێنا کراون، پیاوێک ئەندامی نێرینەی خۆی گروتوە، بەڵام ئەوی دیکەیان وا نییە. لە ڕووبەرێکی ٣.٧ مەتریدا، ئەو دیمەن و فیگۆڕانەی نەخشێندراون، تایبەتمەندیی مەترسییەکان پێشان دەدەن.

لە وێنەکاندا ددانی پلنگ و شاخەکانی گامێش دەرکەوتوون، بەڵام لە هەردوو تابلۆکەدا هێشتا لە هەموو ڕوویەکەوە بە وردی نازانرێت دەیانهەوێ چی بڵێن.

ئایلەم ئۆزدۆغان دەڵێت: "لە ناوچەکانی وەک گردی مرازان و سایبورچدا دەکرێ بڵێین دنیایەکی پیاوانە و نێرسالار بەرجەخستەیە. ئاژەڵە نێرە دڕندەکان و وێنەی پیاوەکان، هەوڵدانە بۆ نواندنەوەی ئەو شتانەی کەوتوونەتە لای یەک.

"جێنس نۆترۆف"، شوێنەوارناس لە دامەزراوەی شوێنەوارناسیی ئەڵمانی، کە کار لەسەر سەردەمی بەردینە نوێیەکان دەکات، دەڵێت: هونەری پێناسەکردن و گێڕانەوە هونەرێکی پیاوانە بووە. ڕاوچییەکانی سەردەمی بەردینەنوێیەکان بە ئاسانی لە پەیامی ئەو تابلۆیە تێگەیشتوون، بەڵام ئێمە تا ئێستاش بە تەواوی تێناگەین کە دەیهەوێ چیمان بۆ بگێڕێتەوە.

 

KURDŞOP
655 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!