"وینستۆن چێڕچیل و کێشەی زمانی کوردی"

تورکیای نوێ لە پاکتاوی ڕەگەزییەوە بۆ پاکتاوی زمانی و کەلتووری - بەشی 2

 

سەردێڕی ئەم نووسینە سەرنجڕاکێشە. ئەو پرسیارە لای خوێنەر دروست دەکا، کە کێشەی زمانی نەتەوەیەکی وەک کورد، چ پەیوەندییەکی بە سەرۆکوەزیری زلهێزێکی گەورەی سەردەمی جەنگی جیهانیی دووهەم، واتە "بریتانیا"وە هەیە؟ ڕەنگە زۆر یەک لە ئێمە هەر بەخەیاڵیشماندا نەیە، کە کەسی وا کوردی ناسیبێ و گرینگیی بە زمانی کوردی دابێ. بەڵام بە  هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی مێژووی زارەکیی سیاسەتوانانی کورد، جاری وایە شتی دەگمەن و بابەتی دوور لە زەین دەدۆزینەوە.

وەکی دەزانین لە سەردەمی شەڕی جیهانیی دووهەم و لە "کۆنفڕانسی دووهەمی قاهیرە"دا Second Cairo Conference سێ وڵاتی "ئەمریکا" و "بریتانیا" و "تورکیا" بەشدار بوون. "فڕانکلین ڕۆزڤێڵت" سەرۆک کۆماری ئامریکا، "وینستۆن چێڕچیل" سەرۆکوەزیرانی بریتانیا و "عیسمەت ئینۆنۆ" سەرۆک کۆماری تورکیا، لەو دانیشتنەدا کۆو بوونەوە. مەبەستیش ئەوە بوو، ئەو بابەتە تاوتوێ بکرێ کە ئایا تورکیا بۆ شەڕ لەگەڵ ئاڵمانی نازی، بچێتە ڕیزی وڵاتانی هاوپەیمانەوە یان نا. لە ئاکامدا وەکی مێژوو نیشانی دا، بە دژ دەرکەوتنی عیسمەت ئینۆنۆ و بیانوو هێنانەوەی، تورکیا سەرەتا بێ لایەنیی ڕاگەیاند، بەڵام لە ئاکامدا و لە ساڵی ١٩٤٥ دا، تورکیا بە لایەنگری لە هێزە هاوپەیمانەکان، بەشداریی شەڕی جیهانیی دووهەمی کرد.

لەو دا نیشتنەدا "نۆمان مەنەمەجی ئۆغڵوو" وەزیری دەرەوی تورکیاش ئامادە بووە. یازدە ساڵ دوای شەڕ و لە ساڵی ١٩٥٦ دا "مەنەمەجی ئۆغڵوو" لە ڕێگای پڕۆفیسۆرێکی بواری یاسا بە ناوی "تاهیر تانەری" کە مامۆستا و دۆستی سیاسەتوان و ڕووناکبیری گەورەی کورد "مووسا  عەنتەر" بووە، لەگەڵ مووسا عەنتەر  یەک دەبینن و زنجیرە دانیشتنێکی دۆستانەیان دەبێ. مووسا عەنتەر لە بیرەوەرییەکانیدا و لەبەشی شەڕی جیها نیدا، ئەو باسەی گێڕاوەتەوە و پەیوەندیی داوەتەوە بە سیاسەتی زمانی لە  تورکیا.

وەزیری دەرەوەی تورکیا کە ئەو کاتەی مووسا عەنتەری دیوە  خانەنشین کراوە، دەڵێ: لە دانیشتنی قاهیرەدا، وڵاتانی هاوپەیمان داوا لە عیسمەت ئینۆنۆ دەکەن بچێتە ڕیزی ئەوانەوە. ئەویش بیانوو دێنێتەوە کە سوپای تورکیا ئامادەی بەشداری لە شەڕ نییە و پێویستە لە پێشدا لە لایەن هاوپەیمانانەوە  پڕچەک  بکرێ. بەڵام ئەوەش دەڵێ کە چون چێڕچیل و ڕۆزڤێڵت بڕوایان بە تورک نەبوو، دەیانکوت ئەی ئەگەر پڕچەکمان کردن و چوونە پاڵ ئاڵمان چی؟

دوای ئەوەی سەرۆک کۆماری تورکیا، مل نادا بچێتە ڕیزی هاوپەیمانانەوە، مەنەمەجی دەڵێ: چێڕچیل و ڕۆزڤێڵت کێشەی کوردیان هێنایە ئارا و ویستیان بەو شێوەیە چاوترسێنمان بکەن.

ئەوەی خوارەوە دەقی قسەکانی چێڕچیل و عیسمەت ئینۆنۆ و وەزیری دەرەوی تورکیا و هاوڕ ێکانی چێڕچیلە لەبارەی کوردەوە:

" چێڕچیل دەڵێ: باشە پاشا تۆ کوردی دەزانی؟

عیسمەت پاشا  وڵامی پێ نادرێتەوە و مەنەمەجی وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێ: قوربان ئێمە کوردی نازانین، لای ئێمە بە کوردی قسە ناکرێ، زمانێکی ئاواش لە تورکیا نییە.

پاش ئەوە چێڕچیل کە چەند ڕۆژهەڵاتناس و زمانناسی لەگەڵ خۆی بردووە، ڕوو دەکاتە ئەوان و لێیان دەپرسێ ئایا ئەو قسەیە ڕاستە کە زمانی کوردی لە تورکیا نییە. کەسێک  کە چێڕچیل پرسیارەکەی لێ کردووە دیارە پێشتر خۆی ئامادە کردووە و دەڵێ: چۆن ئەو زمانە نییە گەورەم. ئەو زمانە هەیە و بەڵکوو زمان و ئەدەبیاتێکی زۆر دەوڵەمەندیشە. گەر بتانهەوێ شێعرێکتان لە دیوانی مەلای جزیری کە شاعیری ئەو زمانەیە بۆ دەخوێنمەوە .

چێرچیل پێی دەڵێ بیخوێنەوە. ئەویش شیعرێک دەخوێنێتەوە و دەڵێ ئەوە شێعری کوردی بوو گەورەم. ئینجا چێرچیل دەڵێ بۆمان بنووسەوە و بۆشمان بکە ئینگلیزی. دواتر دەستوور دەدا بیکەنە فەڕەنسی و تورکییش. لە ماوەیەکی کورتدا زمانناسەکە هەر لەو کۆنفڕانسەی قاهیرەدا هەموو ئەو کارانە دەکا. دواجار چێڕچیل دەڵی جا جەناب وەرە پێم  بڵێ لەو سێ زمانە بۆ ئەوەی هەمان هەستی زمانە ئۆرجینالەکەی تێدا دەرببڕدرێت، ئایا وەرگێڕ ناچار بووە چەند وشەی بێگانە بە زمانەکەی خۆی تێدا  بەکار  بهێنێت؟

دەست دەکەن بە ژماردنی وشە بێگانەکان. لە وەرگێڕانە فەڕانسییەکەدا هیچ وشەی بێگانەی تێدا نەبووە . لە ئینگلیزییەکەدا چوار پێنج وشەی بە بنەچینە لاتینی تێدا بووە. لە کوردییەکەدا سێ چوار وشەی عەڕەبی دۆزرایەوە و بەڵام کە دەچنە سەر وەرگێڕانە تورکییەکە، جگە  لە ئامرازەکانی لکاندن هیچ وشەیەک  نابیننەوە تورکی بێ، بەڵکوو هەموو عەڕەبی و فارسی و وشەی زمانە ئەورووپاییەکان بوون.

 وەزیرەی دەرەوە دەڵێ: چێڕچیل هەر چوار وەرگێڕانەکەی لەبەردەم داناین و کوتی: شەرم نییە بەڕێزینە. سەیر کەن ئەوە دەوڵەمەندیی زمانی کوردییە و ئێوەش دەڵێن ئەو زمانە نییە.

نۆمان مەنەمەجی ئۆغڵوو دەڵێ: لە ماوەی وەزیری دەرەوە بوونم دا هیچ ڕۆژێک هێندی ئەو ڕۆژە بەسەر خۆمدا نەشکاومەوە و بێزار نەبووم .

گرینگیی ئەو بەشە لە بیرەوەرییەکانی مووسا عەنتەر، لە چوارچێوەی بیرەوەری دێنێتە دەرێ و دەبێ وەک بەشێک لە مێژووی زارەکیی کورد و ناوچەکە قسە و باسی لەسەر  بکرێ. لە لایەک ئەو قسانە کەسیک کردوونی  کە خۆی وەزیری دەرەوەی تورکیا بووە لە کابینەی عیسمەت ئینۆنۆدا؛ ئەو قسانەی سەردەمێک کردووە کە ئێستاش زەبروزەنگ لەسەر زمانی کوردی لەوپەڕی خۆیدابووە، واتە وەزیری دەرەوەی تورکیا ساڵی ١٩٥٦ ئەو قسانەی گێڕاوەتەوە، لەپاش ئەو ڕێکەوتەش تا دەیان ساڵی دیکە بە هەزاران کورد لەسەر زمانی کوردی زیندانی کران و کوژران و ئەشکەنجە دران، ئەو  باسە شتێکمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە  کاربەدەستانی تورک، تا کاتێک لەسەرکار  بوون بڕوایان بە بوونی یەک زمان لە تورکیا بووە ، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوان خۆیان لە هەموو کەس باشتر زانیویانە زمانی دیکە و یەک لەوان زمانی کوردی لە تورکیا هەیە و  بە ملوێنان کەس قسەی پێ دەکەن. ئەی بۆچی هەر نکۆڵییان لێ کردووە؟ ڕوونە ئایدۆلۆژیای کەماڵیستی و تورکچێتی بەرادەیەک ڕەگەزپەرستانە و نامرۆڤانە بووە کە هەموو واقیعەکانی داپۆشیوە .

 بابەتێکی دیکە کە دەتوانین لەو مێژووە زارەکییەی هەڵێنجین ئەوەیە کە کورد تا ئەو سەردەمیش لە کێشە سیاسییەکاندا ڕۆڵی گرینگی  هەبووە. واتە بابەتی مشتومڕی  نێوان زلهێزەکانی جیهان بووە لەسەردەمێکدا کە شەڕی جیهانی لە ئارادایە. لەو سەردەمە هەستیارەدا، ئەوان لە سەر میزی وتوێژەکانیان کوردیان وەک کارت  بەکار هێناوە بۆوەی بتوانن لایەنی هاوپەیمانانی پێ بەهێز بکەن.

بابەتی گرینگتر کە دەبێ ئاماژەی پێ بکرێ ئەوەیە کە ئەگەرچی بەر لە شەڕی جیهانی و لە کاتی شەڕەکەشدا، کەسانی وەک چێڕچیل  و ڕۆزڤێڵت ئاوا  بە باشی زمانی کوردییان کردووە و کوردیان ناسیوە،  بەڵام لە پاش شەڕ و دابەشکرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گۆڕانی نەخشەی ئەو ناوچەیە، ئەوان لە بەرژەوەندیی ئەو زمان و کولتوورەی لە  کۆنفڕانسی قاهیرە دا، داکۆکییان لێ کردبوو هیچ هەنگاوێکیان هەڵنەهێناوە. ئەوەش دەتوانێ زۆر هۆکاری هەبێ . یەکیان ئەوەیە کە تورکیا ساڵی ١٩٤٥ کاتێک دەزانێ پارسەنگی هێز بەلای هاوپەیماناندا دەشکێتەوە، دەچێتە ڕیزی هاوپەیمانانەوە. دواتریش ئەوە هاوپەیمانانن  کە نەخشەی ناوچەکە دەگۆڕن و بێگومان سات و سەودایان لەگەڵ تورکیا کردووە، لە لایەکی دیکەشەوە یاریکەرانی سیاسیی کورد لەو سەردەمەدا ڕەخنەیان لەسەرە کە نەیانتوانیوە بە پێی بارودۆخ و پێویست کایەی سیاسی بکەن. واتە هەم وڵاتانی ڕۆژئاوایی بە دوور لە ڕاستییەکان بڕیاریان داوە و ئەوەی بۆیان گرینگ بووە تەنیا بەرژەوەندیی خۆیان بووە و هەم کورد نەیزانیوە  بەرژەوەندیی خۆی چۆن دەستەبەر بکا و هەم دوژمنانی کورد لەوپەڕی  بیر تەسکی و ڕەگەزپەرستیدا، سیاسەتی حاشاکردن لە شوناس و زمانی کوردییان ڕەچاو کردووە.

 

 

 

 

KURDŞOP
674 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!