تورکیای نوێ لە پاکتاوی ڕەگەزییەوە بۆ پاکتاوی زمانی و کەلتووری - بەشی 1

خەڵکی کورد نە تەنیا بۆیان  نەبوو  بەزمانی خۆیان بدوێن، بەڵکوو لە ئەساسدا، بوونی زمانێک بە ناوی زمانی کوردی و نەتەوەیەک بە ناوی کورد و تەنانەت خاک و سەرزەمینێک بە ناوی کوردستان حاشای لێ کرا. بە پانەوە کوردستان بوو  بە ڕۆژهەڵاتی ئەنەدۆڵ و کەس  بۆی نەبوو ناوی کوردستان بەسەر زاردا بێنێ و شوناسی نەتەوەییشیان حاشای لێ کرا و بە تورکە چیاییەکان ناویان برا، کە تورکییان لە بیر چۆتەوە

 

وڵاتانی داگیرکەری کوردستان، بە درێژایی مێژوو حەولیان داوە دژایەتیی کورد و خاک و بیر و نیشانە و هێماکانی بکەن. بەڵام ڕووبەڕوو بوونەوەی هەموو وڵاتانی داگیرکەر لەگەڵ کورد، وەک یەک نەبووە. لە هێندێک لەو وڵاتانە ڕووبەڕووبوونەوە هێدیتر و لە تاقمێکیشیان ڕووبەڕووبوونەوە لەوپەڕی توندوتیژی و دڕندەییدابووە. تەنانەت وای لێهاتووە تەنیا بە زەرب و توندوتیژیی چەکداری ڕازی نەبوون و حاشایان لە بوون و ناسنامەی مێژووییی مرۆڤی کورد کردووە. یەکێک لەو سیستەمە داپڵۆسێنەرانە دەوڵەتی مودێڕنی تورکیا بوو کە لەسەر دەستی "مستەفا کەماڵ ئاتورک" دامەزرا. دەوڵەتی ئاتورک ئاکامی ئەو گۆڕانکارییانە بوو کە لە ناوچە و دوای شەڕی جیهانیی دووهەم هاتبووە ئارا. بە پێی نووسینی سەرچاوەکان، ڕووناکبیرانی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستەمی وڵاتانی ئیسلامی، بەو ئاکامە گەیشتبوون ڕێگای دەربازبوون لە سیستەمی گەندەڵی دەسەڵاتداری پێشوو، پێکهێنانی حکوومەتی سێکۆلارە. بەو پێیە ئەوان لە داوی واتاگەلی قەبەی وەک "ئۆممەت"ی ئیسلامی ڕزگار دەبوون. لە واتای ئوممەتدا یەکڕەنگسازی و هاوشێوەکردن و چەشنێک ئاسیمیلەبوون خۆی حەشار داوە؛ هەموو گەل و نەتەوە و زمان و کولتوور و داب و ڕەسمێکی جوغڕافیایەکی بەرین، لە ژێر سێبەری واتایەک بە ناوی ئوممەت دا کۆ دەکرانەوە و بە هیچ شێوەیەک جیاوازی و ڕەنگە جوداکانی زمانی و کەلتووری لەبەرچاو نەدەگیران. تەنانەت زمانەکانیش بەرە بەرە بەرەو لاوازبوون دەچوون و لە ژێر هێژمۆنیی زمانی عەڕەبیدا بەرەو تێداچوون دەڕۆیشتن. لەو ناوەدا ڕووناکبیرانی وڵاتانی جوغڕافیای ئیسلامی، بە دەرکی ڕاستییەکانی جیهانی نوێ و ناسینی خەسارەکانی ئەو شێوە پێکهاتەیە، کەوتنە بیری سازکردنی جۆرێکی دیکە لە کۆمەڵگا و حکوومەت کە لەودا هەر ڕەنگێک جێگا و ڕێگای خۆی هەبێ.

رێگای ئەو شتەش پێشتر لە وڵاتانی ئەورووپایی تاقی کرابۆوە و بە گەشەسەندنی ناسیۆنالیزم و سازکرانی "دەوڵەت-نەتەوە" جیاکان، بە بەشێک لە ئاواتە سیاسی  و کۆمەڵایەتییەکانیان گەیشتبوون. لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و ڕۆژئاوای ئاسیاشدا، جودا لەوەی ڕێکخراوە فراماسۆنییەکان چالاکییان هەبوو، ڕۆشنبیرانی خۆجێییش ڕۆڵیان دەگێڕا. ئاکامی ئەو حەولانە زۆر حکوومەتی نەتەوەیی بوو کە دەتوانین ئاماژە بە حکوومەتی "ئەمانوڵڵاخان" لە "ئەفغانستان"، "ڕەزا خانی پەهلەوی" لە "ئێران" و "ئاتاتورک" لە "تورکیا" بکەین. ئەگەرچی هەرکام لەو سێ دەوڵەت نەتەوانە، سەرنجامی جیاوازیان هەبوو، بەڵام دوو لەوان کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر ژیان و مان و زمانی مرۆڤی کورد داناوە. هەم حکوومەتی ڕەزاخان لە ئێران کە بە شوێن گەڕانەوە بۆ کەوناراخوازیی نەتەوەییی فارسەوە بوو تەواوی حەولی خۆی دا کورد لەناوبەرێ و هەم حکوومەتی نەتەوەییی ئەتاتورک هەنگاوێک لەولای ڕەزا خانەوە بە مەبەستی  سڕینەوە و پاکتاوی ڕەگەزی، پلانی بۆ سڕینەوەی نەتەوەی کورد داڕشت و دەستی کرد بە جێبەجێ کردنی.

"کەماڵیسیت"ەکان سەرەتا  بە ناوی کەماڵیسم، یان "ئاتورکلوک" ئایدۆلۆژیایەکیان دامەزراند، کە لەسەر بنەمای ئەو ئایدۆلۆژیایە، تورکیای پاشماوەی "ئیمپراتۆریی عوسمانی" بنیات بنێنەوە. ئەوەی لەو ڕێیەدا کەسێکی وەک مستەفا کەماڵ ئاتاتورک بەکردەوە کردی، بریتی بوو لە کۆمەڵێک کاری بە ناوی چاکسازی، کە بوارە جوداکانی دەگرتەوە. ئەو چاکسازییانەی ئاتاتورک لە تورکیا وەک بەستەی چاکسازی خستیە ڕوو، بەشێکیشیان لە ئێران وەک چاکسازییەکانی ڕەزاخان بەڕێوە چوون کە بە جودا باسیان لێ دەکەین. چاکسازییەکان بوارەکانی وەک سیاسەت، کەلتوور، مەزهەب و زمانی دەگرتەوە.

 ئاتاتورک دەیویست لەو ڕێیەوە تورکیای نوێ لە میراتی عوسمانی پاک کاتەوە. ڕەوتی چاکسازییەکانی لە بواری ئابووری و سیاسیدا، بەشێکی ڕوو لە جیهانی ڕۆژئاوا بوو، بۆ مودێڕن نیشاندانی تورکیای تازە. لە کاتێکدا کە پێشتر ئیمپڕاتۆریی عوسمانی بە "پیاوە پیرەکەی ئەورووپا"  ناسرابوو، ئەو دەیهەویست تورکیای لاو لە لایەن تورکە لاوەکانەوە دابمەزرێنێ .  بۆ ئەو کارەش  پێویستی بەوە  بوو بەر لە هەموو شت  میراتی ئایین بە شێوەیەک لە تورکیا  بسڕێتەوە. چون  بەر لەو، ئیمپراتۆریی عوسمانی بە ناوەندێتیی ئەستەمبوڵ ناوەندی خەلافەتی جیهانی ئیسلامی بوو، بەڵام ئەوەی مەبەستی ئاتاتورک  بوو، دامەزراندنی حکوومەتێکی سێکۆلار بوو کە دین و دەوڵەت تێیدا لێک جودا بن. بەو شێوەیەش دەیویست سەرنجی جیهانی ڕۆژئاوا بۆ لای تورکیا ڕابکێشێ. لە  لایەکی دیکەوە  بە وەڕێخستنی ڕەوتی نەتەوە گەرایی، بزووتنەوەیەکی نەتەوەخوازی لە نێو تورکەکان وەڕێ خست و بە پێی پڕەنسیپەکانی هەڵبژاردنیش، جۆرێک لە دێموکڕاسیی هەڵبژاردنی هێنایە ئاراوە، کە پیشتر لەو وڵاتە باو نەبوو. بەڵام نەتەوەخوازی لە تورکیا واتایەکی جودا لە واتای سەرەکیی ئەو زاراوە سیاسییەی بوو، نەتەوە خوازی لەوێ واتای "تورکچێتی"ی بوو و  سڕینەوەی هەموو زمان و کەلتوورەکانی دیکەشی بەدوادا دەهات.  لە ئەرمەنییەکانەوە بگرە تا چەقی کێشەکانی تورکیای نوێ کە نەتەوەی کورد بوون.

لەو ڕێیەوە ئاتاتورک دەستووری قەدەغەکردنی هەموو زمانەکانی جگە لە زمانی تورکی دا و تەنانەت ئەو  باسە بوو بە  باسی سەرەکی لە تورکیا و هەموو ڕاگەیاندنەکانیش جگە لە ڕاگەیاندنی بەرەی چەپ، پشتیوانییان لێ کرد کە تورکیا لە ئەسڵدا شوێنەزای یەک نەتەوە و زمانە، ئەویش نەتەوەی تورک و زمانی تورکییە و هەر کەس بەدەر لەو زمانە بدوێ  و بنووسی سزا دەدرێ. بۆ وێنە ئەرمەنییەکان هەرچەند حاشا لە بوونیان نەدەکرا، بەڵام بۆیان نەبوو بە زمانی خۆیان  بدوێن. بەڵام دۆخەکە بۆ خەڵکی کورد لەوە دژوارتر و مەترسیدارتر بوو. خەڵکی کورد نە تەنیا بۆیان  نەبوو  بەزمانی خۆیان بدوێن، بەڵکوو لە ئەساسدا، بوونی زمانێک بە ناوی زمانی کوردی و نەتەوەیەک بە ناوی کورد و تەنانەت خاک و سەرزەمینێک بە ناوی کوردستان حاشای لێ کرا. بە پانەوە کوردستان بوو  بە ڕۆژهەڵاتی ئەنەدۆڵ و کەس  بۆی نەبوو ناوی کوردستان بەسەر زاردا بێنێ و شوناسی نەتەوەییشیان حاشای لێ کرا و بە تورکە چیاییەکان ناویان برا، کە تورکییان لە بیر چۆتەوە و بە پێی سەرچاوەکان سازمانی پێکهێنانەوە و سازدانەوەی زمانی لە تورکیا، لە لایەن خودی ئاتاتورکەوە پێکهات و بەر لە هەموو شت ئەلف و بێی تورکییان گۆڕی و لە پیتی ئارامییەوە کە بە میراتی عەرەبیان دەزانی، ئەو ئەلف و بێیە گۆڕدرا بۆ  لاتین تا چاکتر لە گەڵ ڕەوتی مودێڕنیزاسیۆنی ئەو ڕێک بکەوێ . لە لایەکی دیکەوە بە سەدان مامۆستای زمانی ڕەگەز پەرەستیان کردە مەئموور لە ڕۆژهەڵاتی ئانادۆڵ (کوردستان) چاوەدێریی ڕەوتی پەروەردە بکەن و زمانی تورکی لە خوێندنگاکان پەرە پێبدەن و لەهەمان کاتدا ئەو دەسەڵاتەشیان هەبێ کە بەسەر ناوچە چیاییەکان ڕابگەن و پێش لە زمانی کوردی بگرن و سووکایەتی بە  بوون و مانی ئەو نەتەوە دێرینە لەو ناوچە پان و بەرینە بکەن.

 ئەگەر تورکەکان پێشتر دەستیان کرد بە پاکتاوی ڕەگەزیی ئەرمەنییەکان و ویستیان بە کوشتنی بە کۆمەڵی ئەرمەنییەکان بە تەواوی  لەسەر عەرزی تورکیا بیانسڕنەوە، کێشەکە بۆ کورد کە دەیان ملیۆن کەس بوون، بە جۆرێکی دیکە بوو. ئەوان دەیانزانی نەتەوەی کورد کە پێشتر چەندین ڕێبەری شۆڕشگێڕی وەک "شێخ عوبەیدیللای نەهری" و "سەید ڕەزا درسیم" و "شێخ سەعیدی پیران" و هتدی بووە و لە دامودەزگاکانی دەوڵەتی عوسمانییش دا کەسی پلە  باڵای زۆریان بووە و ئەزموونی میرنشینی و فەرمانڕەوایەتییان هەر لە دێرزەمانەوە بووە، ناتوانن پاکتاوی ڕەگەزییان  بکەن، بۆیە پەنایان بۆ ڕێگایەکی مەترسیدارتر برد کە ئەویش پاکتاوی کەلتووری و زمانی بوو. لەو ڕێیەدا بە درێژایی سەد ساڵی ڕابردوو، ئەگەرچی نەیانتوانیوە بە تەواوی زمانی کوردی بسڕنەوە، بەڵام کارێکیان کردووە کە ئاخێوەرانی کورد کەمتر بن و زەربەیەکی توندیان لە کەلتوور و زمانی کوردی لە باکووری کوردستان داوە. هەر ئەو سیاسەتەشیان لە ئاستی نیودەوڵەتییشدا بەرانبەر بە کورد ڕەچاو کردووە کە لەبەشی دواتردا بە تەسەلی قسەی لەسەر دەکەین و بە هێنانەوەی نموونەیەکی یەکجار سەرنجڕاکێش، ئەو ڕاستییە دەردەخەین کە تورکە توندئاژۆ ڕەگەزپەرستەکان، چۆن لە ئاستی نیودەوڵەتییشدا، حاشایان لە بوونی کورد کردووە و چۆن ئەو  فێڵەیان لە لایەن "وینستۆن چڕچیل"ی سەرۆکوەزیرانی بریتانیاوە لە قاودراوە.

KURDŞOP
883 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!