بەڵگەنامەیەک لەسەر عومری کورت و ناوی درێژی پێشەوا قازی محەممەد

 ئەو بەڵگەنامەیە ڕاستییەکی دیکەش وەدیار دەخا ئەویش ئەوەیە؛ کە پێشەوا ئەگەرچی بۆخۆی هێزێکی گەورەی مەعنەوی و کۆمەڵایەتی و سیاسیی هەبووە، بەڵام سیاسەتمەدارێکی تاکڕەو نەبووە، بەڵکوو بڕوای بە ڕاوێژ و بیری بەکۆمەڵ بووە. پرسی بە چین و توێژە سەردەرچووەکانی سەردەمی خۆی کردووە و لەدوای ئەو پڕۆسانە بڕیاری مێژووییی خۆی داوە و کۆماری کوردستانی ڕاگەیاندووە. بڕیارێک کە تا ئێستاش یەکێک لە خاڵە درەوشاوەکانی ژیانی سیاسیی کوردە.

 

لەسەر ڕێبەرایەتیی "پێشەوا قازی محەممەد"ی شەهید، چەند جارێک بابەتی وا نووسراوە کە نیشاندەری ئەوەن گۆیا ئەو ئاگاداری ئاکامی ئەو بڕیارە مێژووییە نەبووە کە داوێتی. واتە ئەو  باسانە دێنە گۆڕێ کە تەنیا بارودۆخی ناوچەکە گۆردراوە و  بە هۆی تێکچوونی هاوسەنگیی هێزەکان  لە ئێران و ویستی وڵاتانی زلهێز، هێندێک گۆڕانکاری ڕوویان داوە و کوردی ڕۆژهەڵات و یەک لەوان پێشەوا، لەو باردۆخەدا، هەلیان قۆستۆتەوە و بە دەرکردنی  بڕیارێک، "کۆماری کوردستان"یان ڕاگەیاندووە.

 دیارە لە شیکاریی هەر ڕووداوێکی سیاسیدا، پێویستە هەموو هۆکارە ناوخۆیی و دەرکییەکان لەبەرچاو بگیرێن. تەنانەت ناتوانین کارتێکەریی هێزە جیهانییەکان لە ڕووداوە  سیاسییە ناوخۆیییەکاندا پشتگوێ بخەین. ئەویش لەسەردەمێکدا کە تازە شەڕی جیهانی کۆتاییی پێ هاتووە و هێزە گەورەکانی دونیا و گرینگترینیان "یەکیەتیی سۆڤیەت" و "بریتانیا" و "ئامریکا" خەریکی ململانێیەکی تازەن. کەواتە بێگومان هەموو ئەو ڕووداوانە کاریگەرییان لەسەر ساز بوون و پیکهاتنی کۆماری کوردستان هەبووە. بەڵام ئەوە بەو مانایەش نییە کە کورد بۆخۆی ئیرادە و بیر و پلانێکی بۆ بنیاتنانی دەوڵەتی خۆی نەبووبێ. خوێندنەوەی بزووتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی بەر لە کۆمار، ئەو ڕاستییە  دەردەخەن کە کوردی ڕۆژهەڵاتی  کوردستان، بەر لە کۆمار و نزیکەی ١٠٠ ساڵ لەمەوبەر، بەو ئاکامە گەیشتبوو کە دەبێ ڕەوتێکی نوێ دەست پێ بکرێ. هەر بۆیە پێشتر چەندین شۆڕش و ڕاپەڕین لە بەشە جوداکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەستیان پێ کردبوو و دواترینیشیان پێش کۆماری کوردستان،  بە هاوبیری و یارمەتیی بەشێک  لە چالاکانی سیاسیی باشووری کوردستان، ڕەوتی "کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان"، "ژێکاف"  دامەزرا بوو، کە دەتوانین بڵێین تەنانەت داواکانی تا ڕادەیەک  لە کۆماریش ڕادیکاڵتر بوون. بچووک کردنەوەی ڕەوتی  سیاسی و ئازایخوازیی کورد بە هەر مەبەستێک بکرێ، ڕاستییەکان شتێکی دیکەمان پێ دەڵێن. چون دوو تاقم لەسەر ئەو ڕایە دەڕۆن، تاقمێک کە سەر بە دەسەڵاتن و تۆمەتی  بێگانەپەرستی و وابەستە بوونی تەواو دەدەنە پاڵ کۆماری کوردستان و بەڕێوەبەرانی و بە داردەستی سۆڤییەتی و کۆمۆنیستانیان دەزانن، دیارە مەبەستی شاراوەی پشت قسەی ئەو تاقمە بێ هەمێت نیشاندانی کۆمارێکە،  کە زیاتر لە حەفتا ساڵ لەمەوبەر لە کوردستان هاتە ئاراوە. کۆمارێک کە بە هەموو پێوانەکان زۆریەک لەمەرجەکانی دێموکراتیزە بوونی ئەوکاتی ڕەچاو کردووە و نووسەری خۆیی و بیانی ئەو ڕاستییەیان پشتڕاست کردووەتەوە.

تاقمێکیش کوردی ڕەخنەگرن و بە سازبوونی دەوڵەتێکی نەتەوەیی بۆ کورد  پشووسوارن و ئەوانەش بە شێوەیەکی دیکە تانە لە  کۆمار و بەڕێوەبەرانی دەدەن کە گۆیا ئەو حکوومەتەی پێشەوا و هاوڕێیانی دایانمەزراند، نوێنەرایەتیی هەموو چین و توێژەکانی کوردەواریی  نەکردووە و جوغڕافیاکەی بچووک بووە و و نەیتوانیوە تەشەنە بکاتە هەموو  بەشەکانی کوردستان و تا باشوور پەلی نەکێشاوە و هەر لە ناوچەیەکدا قەتیس ماوەتەوە و ڕەخنەی لەو بابەتە. کەچی ئەگەر واقیعبین بین و لەو کاتدا مومکینات لە بەرچاو بگرین، چون بە پێناسەیەک سیاسەت هونەری لە بەرچاو گرتنی مومکینەکانە نەک خولیاکان، قازی محەممەد هەوڵی داوە لە هەموو چین و توێژەکان، لە ڕۆشنبیرانی وەک "عەبدولڕەحمانی زەبیحی" و "هەژار موکریانی"و "هێمن موکریانی"یەوە بگرە تا شێخ و مەلا و ئاغا، بەشداری ئەو ڕەوتە بن، بۆوەی کەمترین کەسەکان لێی بێبەش بن. ماوە و تەمەنی کۆماریش ئەوەندە زۆر نەبووە کە بتوانێ لەوە زیاتر پەرەی پێ بدا. لەباری جوغڕافیاییشەوە دابەشکارییەک کە هێزە جیهانییەکان لە کۆی ئێران و نەک لە کوردستان کردبوویان، ئەو ئیزنەی نەدەدا جوغرافیای حکوومەتی کوردستان ئەوکات لەوە بەرینتر  بکرێتەوە، خۆ ئەگەر  کەسانێکیش پێیان وایە لە سەرەتای دامەزرانی حکوومەتێکی ساوای وەک کۆماری کوردستاندا، دەبوو بە  گژ  بریتانیادا بچنەوە، جگە لە دوور بون لە واقیعبینی ناتوانین شتێکی دیکە  بڵێین.

ئێمە دەتوانین ڕاستییەکان لە نێو لاپەڕەکانی مێژووی زارەکی و نووسراودا ببینینەوە تا بزانین بڕیار و ئاکاری بەڕیوەبەرانی کۆماری کوردستان چۆن بووە.  لەو دواییانەدا بەڵگەنامەیەک بڵاو بووەتەوە کە نیشان دەدا پێشەوا قازی محەممەد هەر بەر لەوەی کۆماری کوردستان ڕابگەیەنێ، هەموو مەترسییەکانیشی لەبەرچاو بووە.

 ئەو بەڵگەنامەیە ڕاستییەکی دیکەش وەدیار دەخا ئەویش ئەوەیە؛ کە پێشەوا ئەگەرچی بۆخۆی هێزێکی گەورەی مەعنەوی و کۆمەڵایەتی و سیاسیی هەبووە، بەڵام سیاسەتمەدارێکی تاکڕەو نەبووە، بەڵکوو بڕوای بە ڕاوێژ و بیری بەکۆمەڵ بووە. پرسی بە چین و توێژە سەردەرچووەکانی سەردەمی خۆی کردووە و لەدوای ئەو پڕۆسانە بڕیاری مێژووییی خۆی داوە و کۆماری کوردستانی ڕاگەیاندووە. بڕیارێک کە تا ئێستاش یەکێک لە خاڵە درەوشاوەکانی ژیانی سیاسیی کوردە.

 هەر ئەو بەڵگەنامەیە ڕاستییەکی دیکەش دەردەخا. بڕیاری دووەمی پێشەوا قازی محەممەد واتە دوای نسکۆی کۆمار و مانەوەی لە مهاباد و شەهید کرانیشی، بڕیارێکی ئاگایانە بووە' چون وەکی لەو بەڵگەنامەیەدا دەردەکەوێ، ئەو بە باشی پێشتر ئاگادار کراوەتەوە کە سەرەنجامی ژیانی شەخسیی خۆی چی لێدێ، سەرەڕای ئەوەش بۆ پاراستنی خەڵکی کورد، بڕیاری مانەوە دەدا، ئەگەر بە نرخی گیانی خۆی و کەسە نزیکەکانیشی بێ. چون وەکی دەزانین ئەوە ئەو و "حەمەحوسێن خانی سەیفی قازی" و "سەدری قازی" بوون کە لە مەیدانی چوارچرای مهاباد، لە لایەن ڕێژیمی گەندەڵی پەهلەوییەوە لە سێدارە دران و بەو کارەش خەڵکی مهاباد پارێزران و کوشتارێکی لە گوێن کوشتاری تەورێزیان لێ نەکرا.

ئەو بەڵگەنامەیەی باسی دەکەین نامەیەکە کە لە وڵامی نامەیەکی پێشەوادا نووسراوە.

ئەو نامەیە "شێخ محەممەد بێژوێیی" ناسراو بە "شێخ محەممەدی نەقشبەندی" بۆ پێشەوای نووسیوە و لە لایەن "فەرەیدوون حەکیم زادە"وە بڵاوکراوەتەوە.

دەقی نامەکە ئەوەیە:

(صورت نامەی شیخ محمدامین بیژوەیی در پاسخ پیشوا قاضی محمد)

"وێنەی نامەی شێخ  موحممەد بێژوێیی لە ولامی پێشەوا قازی محەممەددا"

۱۳۲٤/٤/٤

بسمەتعالی و تقدس: وتحیتهم فیها سلام

بەرز و بەڕێز و خۆشەویستم جەنابی قازی محەممەد،  بەر لە هەموو شت بۆ گوێڕایەڵی لە فەرمایشتی ئاسمانی بۆ عالەمی ئینسانی، "و اذاحیتیم بتجیە فحیوا باحسن منها"، منیش لە وڵامی سەلامی ئێوەی عەزیز عەرزتان ئەکەم، "و علیکم السلام و ڕحمة اللە و برکاتە اهل البیت انە حمید مجید". کاکە گیان: غەم و پەژارە ئەوەند زۆرە هەموی نانووسرێ، خەفەت و کەسەر ئەوەند بڵاوە هەمووی ناگوترێ. "لیقضی اللە امراکان مفعولا" - لە بارەی پرس و مەشوەرەت بۆ ئەو کارە گرنگ و ئاڵۆزەی کە لە پێشەوە بۆ منت نووسیوە و پرست پێ کردووم، چ بڵێم و چ بنووسم- باشتر ئەوە بوو کە لەگەڵ یەکی لێزانتر، ئەهلی تاقی و تەجربەتر ئەو باس و خواسەت باس بکردایە- منی دوعاگۆ و دوعاجۆ لە کوێ سەری خۆ لەو کارە ئاڵۆزانە دەرئەکەم؟ بەڵام بە هەرحاڵ لە ڕووی "المستشار موتمن" فاستخرت اللە فی ذلک" وام ئەکەوێتە دڵەوە، ئەو کارە بۆ تۆ کە وەخۆی گری، عومرت کورت ئەبێ و ناو و شۆرەتت درێژ، یەعنی: تەمەنی کەم و بچووک و ئاوازی زۆر و گەورە واستفت قلبک و مااغنی عنک من اللە من شیی ان الحکم والاللە.

فلک هرگاە کەسێکی هەڵبڕی وەعدەی هیلاکەتیە

کە کورسی بۆ گەیینیی مل بەپەت بێ ڕەفعەتی عەینی فلاکتیە

جا خۆت ئەیزانی لەم کورت و درێژە یەکی هەڵبژێرە "و کان امراللە قدرا مقدورا'.

الشیخ محمدامین النقشبندی.

لەو نامەیەدا، شێخ حەمەدەمین بێژوێیی بە شێوەیەکی زیرەکانە وڵامی پێشەوا دەداتەوە و زۆر شاراوەش ناڕەزایەتیی خۆی لەو بڕیارە دەردەبڕێ و  پێشی دەڵێ ئەو کارەی تۆ عومرت کورت و ناو و شۆرەتت درێژ دەکاتەوە، دواتر خۆی ڕاشکاوانە دەنووسێ لەو کورت و درێژە سەرپشک بە. واتە پێی دەڵێ لەو ڕێیەدا گیانت دادەنێی. پێشەوای نەمر سەرەڕای ئەوەی ئەوەشی زانیوە دیسانیش عومری کورت و بە هەڵۆیی مردنی بەسەر ژیانی درێژ و پڕ لەسەرشۆڕی سەرەتی دا و ناوی بەرزی خۆی و کۆماری کوردستانی بۆ هەمیشە لە مێژووی کورددا بە درەوشاوەیی تۆمار کرد.

KURDŞOP
849 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!