"عەننازییەکان" دەسەڵاتێکی کوردی لە شارەزوورەوە تا کرماشان

 

«عەننازییەکان» یەکێکن لەو بنەماڵە دەسەڵاتدارە کوردانەی کە لە نێوان ساڵەکانی ٣٨١ تا ۵۱۱ کۆچیی مانگی، بەرانبەر بە ۹۹۱ تا ۱۱۱۷ ی زایینی، نزیکەی سەد و سی ساڵ، دەسەڵاتی جوگرافیایەکی بەرینیان لە ڕۆژاوای ئێرانی سەردەمی سەلجووقی بەدەستەوە بوو. خاڵی گرینگ و تێکدەری ماوەی دەسەڵاتداری ئەوان ئەوە بوو کە لە سەرەتای سەدەی پێنجی کۆچیی مانگیدا، لە کاتێکدا کە هەڵمەتی تورکانی سەلجووقی بەرەو ناوچەکانی ڕۆژاوای ئێران پەرەی سەند، جوگرافیای دەسەڵاتی عەننازییەکان ڕێک کەوتە سەر ڕێبازی ئامانجی بەرینخوازیی تورکانی سەلجووقی کە ئەوجۆرە حوکماتانەیان یان لەناودەبرد یان پێملیان دەکردن کە ملکەچیان بن و پێڕەوی لە دەسەڵاتی سەلجووقی بکەن.

نێوی بنەماڵەی عەننازییەکان لە زۆربەی سەرچاوەکاندا بە شێوەی « بنی عناز» یان « بنی عیار» و تەنانەت « بنی عنان» یش تۆمار کراوە. لە کتێبی « المدن الکردیە»  لە هەر تک نێوی « عناز» و « عنان» بۆ ناساندنی ئەو دەسەڵاتدارییە کەڵک وەرگیراوە. لە هەندێک سەرچاوەی تریشدا بە هۆزی « ئەبوو شەوک» ناویان دەبەن و هەروەها لە کتێبی « مێژووی دیالەمە و غەزنەوییەکان»دا بە خانەدانی « بەنوو عەنەس» (بنو عنث) نێودێر کراون.

لەسەرەتای سەدەی چوارەمی کۆچیی مانگی، بناغەی سیاسیی دەسەڵاتی خۆیان دادەمەزرێنن و دەست بەسەر ناوچەگەلێکی وەک کرماشان، حۆلوان ( قەسری شیرن)، باکووری لۆڕستان، شارەزوور و سامغان (لە فارسیدا "یەمیان"ی پێ دەکوترێ کە ناوچەیەک بووە لە نزیک سنوورەکانی تەبەرستان لە باکووری ئێران)دا دەگرن. عەننازییەکان بەر لە هەڵمەتی تورکانی سەلجووقی، پەیوەندییان لەگەڵ "ئالی بوویە"ی دەسەڵاتداری ئەوکاتی ئێران خۆش بووە و خەراجگوزاری ئالی بوویە بوون.

یەکەم دەسەڵاتداری عەننازیەکان "ئەبولفەتح محەممەد کوڕی عەنناز" لە هۆزی "شازەنجان"ی کورد بووە، کە لەساڵی ۹۹۱ زایینیدا بنکەی دەسەڵاتداریی خۆی لە حۆلوان واتە قەسری شیرن، چێ دەکا و لە پاش خۆی، کوڕەکەی،  "ئەبووشەوک فارس" ناسراو بە "حیساموددەولە" دەبێتە جێنشینی بابی و بە کوشتنی "تاهیر کوڕی هیلالی بەرزیکانی" دواهەمین دەسەڵاتداری بنەماڵەی کوردانی حەسنەوی، دەسەڵاتی ئالی حەسنەویی لە ناو برد.

هاوکات لە گەڵ هەڵمەتی سەلجووقییان لە ساڵی ۱۰۳۸ی زایینیدا بۆ سەر هەمەدان، تاوڵی خۆیان لە ئەسەداباد و دینەوەر هەڵدا و دەستیان کردە کوشتار و تاڵان کردنی خەڵک، هەر بەو هۆیە "ئەبولفەتح کوڕی ئەبووشەوکی عەننازی" کە لە لایەن بابیەوە دەسەڵاتی شاری دینەوەری لە ئەستۆ بوو، هەڵیکوتایە سەر "تۆرکانی غۆز"ی  سەلجووقی و هەندێک لەوانی بە دیل گرت و ئەوەش نێوبانگی ئەبووشەوکی زۆر بەرز کردەوە، بە شێوەیەک کە لەلایەن خەلیفەی عەبباسیەوە نازناوی "حساموددەولە" ی پێ درا و قەبزەیەکی شمشێری زێڕنیشان پێ بەخشرا.

فرەخوازیی "ئەبولفەتحی کوڕی ئەبووشەوک"، بوو بەهۆی ئەوەی قەڵاکانی "موهەلهەل"ی مامی داگیر بکا و ئیتر لەوی بەولاوە نێوانی ئەبووشەوک و مۆهەلهەلی برای ناخۆش بوو و سەرەڕای ئەوەی زۆری حەول دا بۆ ڕزگاریی ئەبولفەتحی کوڕی، لە کۆتاییدا هەر سەرکەوتوو نەبوو و لە قەڵای سیرواندا ژیانی کۆتایی هات.

ئەبووشەوک بێجگە لە مۆهەلهەل، برایەکی دیکەی بە نێوی "ئەمیر سورخاب" ( سۆهراب) هەبوو، هەر وەها بێجگە لە ئەبولفەتح، کوڕێکی دیکەشی بە نێوی "سوعدی" هەبوو. سوعدی لە لایەکەوە بە تۆڵەی براکەی لە گەڵ موهەلهەلی مامی لێی بوو بەشەڕ و لەولاشەوە مامەکەی دیکەی "ئەمیر سورخاب" هەڵیکوتایە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی سوعدی و بەو جۆرە ئیماڕەت و دەسەڵاتداریی عەننازییەکان ئیدی یەکگرتوو نەما و لە کزیی دا. لە لایەکی تریشەوە ئەمیر سورخاب، سوعدیی دەستبەسەر کرد و لە زیندانی خست و پەیوەندییشی لەگەڵ سپای ژێر دەستی خۆی یەکجار پڕ لە غەدر و ستەم و زوڵم و زۆر بوو؛ تا ڕادەیەک کە کوردەکانی سپای خۆی دەستبەسەریان کرد و ڕادەستی "ئیبراهیم یەناڵ" برای"تۆغڕێل" بناغەدانەری دەوڵەتی سەلجووقییان کرد. ئیبراهیم یەناڵ پێشنیاری کرد سوعدی ئازاد بکرێ، بەڵام ئەمیر سورخاب پێمل نەبوو، بەو هۆیە ئیبراهیم یەناڵ ڕقی لێ هەڵدەگرێ و یەکێک لە چاوەکانی دەردێنێ.

لە کاتێکدا کە ئەمیر سورخاب لە زیندانی ئیبراهیم یەناڵدا دەبێ، کوڕەکەی "ئەبوو عەسکەر" بە پێچەوانەی بڕیاری بابی، سوعدی لە زیندان ئازاد دەکا و بەڵێنی لێ دەستێنێ کە حەول بۆ ئازادیی ئەمیر سورخاب لە لای ئیبڕاهیم یەناڵ بدا؛ کەچی هەر سەرکەوتوو نابن تا ئەوەی لە کۆتاییدا موهەلهەل، برای ئەمیر سورخاب و ئەبووشەوک، دەستەوداوێنی تۆغڕیل دەبێ کە برا گەورەی ئیبڕاهیم و پادشای ئەوکاتی ئێران بوو و لە ئاکامدا لەسەر فەرمانی توغڕێل، ئەمیر سورخاب ئازاد دەکرێ و دەچێتەوە ناوچەی "ماهەکی" کە بەشێک بوو لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی عەننازییەکان

سوعدی دیسان سپا و سامان و دەسەڵاتی خۆی ڕێک دەخاتەوە و بۆ تۆڵە ستاندنەوە هەڵمەت دەباتەوە سەر موهەلهەلی مامی و دەتوانێ یەخسیری کا و ناوچەکانی لە دەست دەربێنێ، بەڵام دواتر ئامۆزاکەی بە نێوی "بەدری کوڕی موهەلهەل"  تۆڵەی خۆی دەکاتەوە و سوعدی بە دیل دەگرێ.

بەو جۆرە ئەو پێکدادان و لێک دابڕانە بە تەواوی دەبێتە هۆی لاوازیی حوکماتی "عەننازییەکان" و ئاڵۆزییەکی زۆری لێ دەکەوێتەوە.

لە ئاکامدا  لە ساڵی ١٠٨١ی زایینیدا و لەسەر فەرمانی تۆغرێل، یەکێکی دیکە لە وەچەکانی عەننازی بە نێوی "سورخابی کوڕی بەدری کوڕی موهەلهەل" ناسراو بە "ئەبولفەواریس"  دەسەڵاتی ناوچەی شارەزووری پێ دەسپێردرێ و بەسەر وەچەکانی دیکەدا سەردەکەوێ و لەگەڵ "شا بۆرکیارۆق" شازادەی جێنشینی سوڵتان مەلیکشای سەلجووقی کە ناودارترین سوڵتانی سەلجووقییەکانە، دەبێتە هاوپەیمان .

بەینێک دواتر تورکمانەکان هروژم دەکەنە سەر شارەزوور و دەست دەکەن بە تاڵانی خەڵک. بەڵام ئەبوولفەواریس کە لە مێژوودا بە میرێکی لێزان و دەست و دڵاوا و ئاوەزمەند ناسراوە، دەستی خەڵکی دەگرێ و یاریدەیان دەدا و ماڵێکی زۆریان پێ دەبەخشێ و شار و شوێنی ژیانیان بۆ ئاوەدان دەکاتەوە. لە ١١٠٦ی زایینیدا ئەبولفەواریس دەمرێ و برایەکی بە نێوی "ئەبوومەنسوور کوڕی بەدر" جێگای دەگرێتەوە کە ئەویش لە مێژوودا، ناوبانگی چاکە و شارەزاییی لە دەسەڵاتدا هەیە. ژیانی ئەبوو مەنسوور ساڵی ١١١٧ی زایینی کۆتایی پێ دێ و بە مردنی ئەو ماوەی دەسەڵاتی ١٣٠ ساڵەی عەننازییەکانیش تەواو دەبێ.

KURDŞOP
1088 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!