دەسەڵاتداریی ئەمارەتی هەزار ئەسپیان

بە پێی نووسینی حەمدوڵڵا موستەوفیی مێژوونووس، ڕەچەڵەکی ئەتابەکانی گەورەی لوڕستان دەگەڕێتەوە سەر ئەو کوردانەی لە ناوچەی شام دەژیان. غەففاریش کە مێژوونووسێکی ترە و لەسەر ئەتابەکانی گەورەی لوڕستان کاری کردووە، هەر بەوجۆرە ڕەچەڵەکی ئەوان دەباتەوە کوردوستانی ناوچەی شام و بێجگە لەوەش باوەڕی وایە کە ئەوانە لە خوێنی کەیخوسرەوی پادشای ئۆستوورەیی ئێران بوون.

 

"ئەتابەکانی گەورەی لوڕستان" یان "هەزار ئەسپیان" یان "بنی فضلویە" ناوی زنجیرە دەسەڵاتدارییەکە کە نزیکەی ٣٠٠ ساڵ (لەساڵەکانی ٥٥٠ تا ٨٢٧ی کۆچی مانگی بەرامبەر بە ١١٥٥ تا ١٤٢٤ی زایینی) دەسەڵاتداری ناوچەی لوڕستان و خووزستانی ڕۆژاوای ئێرانی سەردەمی سەلجووقی بوون. ناسناوی "ئەتابەک" کە لە زمانی تورکیدا بە مانای بابەگەورەیە، لەسەردەمی سەلجووقیدا دەدرا بەو ئەمیرانەی وا پەروەردەی سیاسیی شازادەکانیان پێ دەسپێردرا و هاوکات دەسەڵاتداری ناوچەیەکیشیان بە نێوی شازادەی ژێر پڕۆسەی پەروەردەی خۆیان، وەردەگرت. بەڵام لەو ڕۆژگارانەدا کە دەسەڵاتی سەلجووقییەکان لە کزیی دابوو، ئیدی هەر ئەمیر و سەرکردەیەک کە بیتوانیبا ناوچەیەک بۆخۆی بڕ دا و دەسەڵاتێک بۆخۆی دەستەبەر بکا، ئەو ناسناوەی دەدا بە خۆی، بەبێ ئەوەی پەروەردەی هیچ شازادەیەکیشی لە ئەستۆ بێ.

ئەتابەکانی لوڕی گەورەش بەو جۆرە حوکماتیان دەستەبەر کردووە. "ئەبوو تاهیر" بناغەدانەری ئەو زنجیرە دەسەڵاتدارییە بوو کە لە پێشدا لە خزمەت ئەتابەکانی "سەلغۆری"دا بوو. سەڵغۆرییەکان هۆزێک بوون لە تورکمانە ئۆغۆزەکان کە هاوکات لەگەڵ هەستانی تۆغڕۆل، بناغەدانەری زنجیرە پاشایەتیی سەلجووقی ڕەگەڵی کەوتبوون و هاتبوونە ناوچەی خۆراسانەوە و لەوێ گیرسابوونەوە، بەڵام ئەوانیش هاوکات لە گەڵ ئاوابوونی دەسەڵاتی سەلجووقیەکان، هەڵیان کوتایە سەر ناوچەی "فارس" لە باشووری ئێران و دەسەڵاتی خۆیان بە نێوی "ئەتابەکانی سەلغۆری" و بە ناوەندێتیی شاری شیراز، دامەزراند.

بە پێی نووسینی حەمدوڵڵا موستەوفیی مێژوونووس، ڕەچەڵەکی ئەتابەکانی گەورەی لوڕستان دەگەڕێتەوە سەر ئەو کوردانەی لە ناوچەی شام دەژیان. غەففاریش کە مێژوونووسێکی ترە و لەسەر ئەتابەکانی گەورەی لوڕستان کاری کردووە، هەر بەوجۆرە ڕەچەڵەکی ئەوان دەباتەوە کوردوستانی ناوچەی شام و بێجگە لەوەش باوەڕی وایە کە ئەوانە لە خوێنی کەیخوسرەوی پادشای ئۆستوورەیی ئێران بوون. برایم کوڕی عەلی کە نەوەی فەزڵەویە بوو، پاشی ئەوەی هەندێ لە کەسوکاری بە دەس دەسەڵاتدارانی شام کوژران، خۆی و هۆزەکەی بەرەو "سیلوان" یان "میافارقین" لە نزییک دیاربەکر کۆچیان کرد، بەڵام دواتر "کینۆیە" کوڕی برایم، تۆڵەی کەسوکاری لە حاکمی شام کردەوە و لەناوی برد و پاشان لە گەڵ هۆزەکەیان بەرەو ئازربایجان و دواتر گێڵان، چوون. پاش "کینۆیە"، ئامۆزاکەی "مەککی" کوڕی ئەبولحەسەن، بوو بە جێنشینی ئەو و ئەوجار هۆزەکەی بەرەو لوڕستان برد و لەوێ جێگیر بوون. بەینێک دوواتر "ئەبوو تاهیر" کە لە منداڵانی "مەککی  کوڕی ئەبولحەسەنی کوڕی فەزلەویە" بوو دەچێتە خزمەت ئەتابەکانی سەلغۆری لە "فارس". بە هۆی شارەزایی و دلێری و لێهاتوویی دەبێتە سەرکردە و لە لایەن ئەتابەکی سەلغۆرییەوە، دەنێردرێ بۆ شەڕی کوردانی شوانکارە لە فارس و سەرکەوتوو دەبێ. پاش ئەو سەرکەوتنە "ئەبوو تاهیر" لەسەر داوای خۆی و لەلایان ئەتابەکەوە دەچێ بۆ شەڕی لوڕستان و بەو بیانووەوە کە لوڕستان بۆ ئەتابەکی سەلغۆری داگیر دەکا، لەشکر بەرەو ئەوێ ڕادەکێشێ، بەڵام پاش سەرکەوتن، چی دی سەر بۆ فەرمانی ئەتابەک دانانەوێنێ و سەربەخۆیی خۆی ڕادەگەیێنێ. پاش ٣٤ ساڵ دەسەڵاتداری، کوڕەکەی "نوسرەتوددین هەزار ئەسپ" دەبێتە جێ نشینی بابی و شاری ئیزەج ( ئیزەی ئێستا) وەک پێتەخت دەسنیشان دەکا.

هەزار ئەسپ دەسەڵاتدارێکی بە مشوور و لێهاتوو بووە و خەریکی ئاوەدان کردنەوەی زۆر دەبێ و سەرنجی باقی هۆزەکانی لوڕ و عەڕەب بۆ لای خۆی ڕادەکێشێ. بە شیوەیەک کە هۆزگەلێکی وەک عەقیلی و هاشمی و بەختیاری  لە "جبل السماق" ەوە بەرەو لوڕستان دێن و یاریدەی هەزارئەسپ دەدەن بۆ ئاوادانکردنەوە. هەزارئەسپ ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی تا نزیک ئیسفەهان بەرین کردەوە و ئەوجار لە گەڵ ئەتابەکانی فارسیش بەشەڕ هات و هەندێ لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەوانیشی داگیر کردن.

هاوکات لەگەڵ هروژمی مۆغۆلەکان، هەزار ئەسپ بە سوڵتان جەلالەدین خارەزمشا پێشنیار دەکا کە بچێتە کوردستان و شاخەکانی کوردستان بکاتە مەتەرێز، بەڵام سوڵتان بە قسەی ناکا، سەرەڕای ئەوەی خزمایەتیشیان هەبوو و کچێکی هەزار ئەسپ، براژنی سوڵتان بوو.

هەرچەند ئەو کاتەی سوڵتان جەلالەدین بەرەو بەغدا دەچێ، هەزار ئەسپ پێشوازیی گەرمی لێ دەکا. پاش هەزارئەسپ عیمادەددینی کوڕی لە جێی دانیشت و دەسەڵاتەکەی نزیکەی بیست ساڵ دەوامی بوو و لەلایەن خەلیفەی عەبباسیشەوە ڕێز و شانی ڕادەگیرا. پاش عیمادەددین  "تۆکلە" کوڕی دیکەی هەزارئەسپ لە جێی باب و برای دانیشت و سەرەڕای ئەوەی ئەتابەک سەعد کە لە ئەتابەکانی سەلغۆری فارس بوو، سێ جاران سپای بردە سەر تۆکلە، بەڵام زەفەری پێ نەبرد و لە ئەنجام دا، دەسەڵاتی تۆکلە پتەوتر بوو. هەڵبەت پێویستە ئەوەش بگوترێ کە تۆکلە لە لایەن خەلیفەی عەبباسیەوە ئیجازەی ئەتابەکی و دەسەڵاتی پێ بەخشرابوو. تۆکلە بە کوشتنی خەلیفە بە دەس هۆلاکۆخانی مۆغۆل زۆر دڵگیر بوو و ڕازی نەبوو لە بەرانبەر هۆلاکۆخان خۆی بەدەستەوە بدا و سەرە ڕای ئەوەی لەپێشدا ڕەگەڵ هۆلاکۆ کەوتبوو، بەڵام پاش کوشتاری موسوڵمانان و خەلیفە بە ئەمری هۆلاکۆ، ئۆردووی مۆغۆلی بە جێ هێشت و گەڕایەوە لوڕستان، کەچی لەسەر فەرمانی هۆلاکۆ ، تۆکلە دەگیرێ و دەیبەنە تەورێز و لەوێ دەیکوژن. فەرمانڕەوایی تۆکلە ساڵەکانی ٦٥٦ ی کۆچی مانگی کۆتایی هات.

پاشان هەر لەسەر ئەمری هۆلاکۆ، برای تۆکلە بە نێوی شەمسەددین ئەلب ئەرغوون، دەبێتە ئەتابەکی جێنشین. شەمسەددین بۆ قەرەبووی هەڵمەتی مۆغۆل، بۆ چەند ساڵان ماڵیات لە خەڵک ناستێنێ و حەولێکی زۆر بۆ ئاوەدانی دەدا. پاشانیش کوڕەکەی "یۆسف شا" لە جێی دادەنیشێ و لە خزمەت "ئەباقا خانی پادشای مۆغۆل"دا، یاریدەی دەدا و دەسەڵاتی خۆشی دەپارێزێ و جارێکیش کە ئەباقاخان یەخسیر دەکرێ، ڕزگاری دەکا و لەلایەن ئەباقاخانەوە ناسناوی "بەهادۆڕ" ی پێ دەبەخشرێ. هەروەها ئەباقاخان دەسەڵاتی ناوچەکانی کۆهگیلۆیە و گۆڵپایەگانیشی پێ دەدا و ڕێزی لێ دەگرێ.

یۆسف شا، پاش ئەباقاخانیش لە خزمەت خانی دوای ئەو یانی "تەکوودار" و "ئەرغوون"دا دەمێنێتەوە. لە پاش یۆسف شا، ئەفراسیابی کوڕی دەبێتە جێنشین و چونکە لە ماوەی دەسەڵاتداریی ئەودا لە لوڕستان، دەسەڵاتی مۆغۆلان لاواز دەبێ، ئەفراسیاب بە هیوای دەسەڵاتداریی کوللی ئێران دەبێ و هەوڵێکی باشیش دەدا، بەڵام سەرکەوتوو نابێ. دواتر لە لایەن "غازان خانی مۆغۆل"ەوە بە تاوانی ئەو حەولانەی کە بۆ ئەستاندنی دەسەڵات دابووی، دەکوژرێ. پاش ئەفراسیاب، براکەی "نوسرەتوددین ئەحمەد" دێتە سەر کار کە زۆربەی مێژوونووسان ستایشی لێهاتوویی و کارجوانی و بەمشووریی دەکەن و بە نووری چاوی (قرەالعین) زنجیرەی دەسەڵاتداریی ئەتابەکانی گەورەی لوڕستان ناوی دەبەن.

ئەو لە ساڵەکانی ٦٩٥ تا ٧٣٣ دەسەڵاتدار بووە. یۆسف شای دووهەم و ئەفراسیابی دووهەم بە دووی یەکدا، دووانی دیکە لەو دەسەڵاتدارانەی ئەتابەکانی لوڕستان بوون. پاش ئەفراسیابی دووهەم "نوورولوەرد"ی کوڕی دەسەڵات بە دەستەوە دەگرێ بەڵام لە شەڕ و کێشەی نێوان ئەتابەکانی ئاڵی ئینجوو لە گەڵ ئەتابەکانی ئالی موزەففەر دا، ( که له سەر ویلایەتی فارس شەڕیان بوو) خۆی تێوەردەدا و لایەنی ئالی ئینجوو دەگرێ. لەسەر ئەوە ئەتابەکانی  ئالی موزەففەر هەڵمەت دەکەنە سەر نوورولوەرد و بە دەس یەکێک لە هاو خوێنەکانی، (ئامۆزا، یان بن ئامۆزا یان برازا، سێ مێژوونووس هەر یەکەی بە جۆرێک نووسیویانە) بە ناوی شەمسەددین پەشەنگ یەخسیر دەکرێ و کوێری دەکەن و شەمسەددین دەبێتە ئەتابەک و زیاتر لە سی ساڵ دەسەڵاتدار دەبێ. پاشانیش پیرئەحمەدی کوڕی دەبێتە جێنشینی کە بە ڕای مێژوونووسان، چاخی ئەو کاتی وێرانی و ئاوابوونی ئەتابەکانی گەورەی لوڕستان بووە. ئەو یەکێک لە براکانی خۆی دەکوژێ و لەسەر ئەوەش باقی براکانی ڕووی لێ وەردەگێڕن.

هاوکات لە گەڵ هاتنی "تەیموور"، ڕەگەڵ تەیموور دەکەوێ و ملکەچی دەبێ، بەڵام تەیموور یەکێک لە براکانی پیرئەحمەد دەکاتە هاوبەشی دەسەڵاتی ئەو و هەر ئەوەش دەبێتە مایەی شەڕی دووبارە لە نێوان براکاندا. "پیرمحەممەد" نەوەی تەیموور لەسەر ئەوە پیرئەحمەدی ئەتابەک دەگرێ و دەیخاتە زیندانەوە، بەڵام ڕزگاری دەبێ و کاتێکیش دەگەڕێتەوە، دەست دەکا بە قەتڵ و کوشتاری خەڵکی و ئاخرییەکەی لە لایەن هۆزی "ئەستەرکی"یەوە دەکوژرێ و "ئەبووسەعید"ی کوڕی، بە پشتیوانیی "ئەسکەندەر" نەوەی تەیموور دەبێتەوە ئەتابەکی لوڕستان و پاش ئەویش "شاحوسێن"ی کوڕی دەسەڵاتدار دەبێ، بەڵام لەلایەن یەکێک لە خزمەکانییەوە بە ناوی "غیاسەددین کوڕی کاووس کوڕی هووشەنگ کوڕی پەشەنگ" دەکوژرێ. "برایم سوڵتان" نەوەی تەیموور لەسەر ئەوە، بۆ تۆڵەی شاحوسێن هەڵمەت دەباتە لوڕستان بەڵام غیاسەددین هەڵدێ و ئیدی پاش ئەو، دەسەڵاتی ئەتابەکانی گەورەی لوڕستان یان "بنی فضلویە"، یان "هەزار ئەسپیان" بۆ هەمیشە کۆتایی دێ و دەسەڵاتی ناوچەکە دەکەوێتە بەردەستی سەرۆک هۆزەکانی لوڕی بەختیارییەوە.

KURDŞOP
850 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!