دوو نووسەر و دوو ئاسۆی وەک یەک

 "گێڕانەوەیەک لە مەرگەوە بەرەو  ژیان"

 

 "ستالینسیم" یەکێک لەو ڕێژیمانەیە کە لەسەر بنەمای دەسەڵاتیکی تووتالیتێر دامەزرابوو. ستالین پاش ئەوەی ساڵی ١٩٢٤  بوو بە جێگرەوەی "لێنین"، حەولی دا کۆی ئەو خاڵانەی باس کرا لە یەکییەتیی سۆڤییەت ڕەچاو بکرێ و ڕێژیمێکی هەمووشت خواز و تووتالیتێر دابمەزرێنێ کە تێیدا بە هەزارن و  بگرە سەدان هەزار  جودابیر  کوژران و بە سەدان هەزار کەس  لە  ئۆردووگاکانی کاری زۆرەملێدا، گیانیان لە دەست دا. کەسایەتیی ستالین تا  ئاستی کەسایەتییەکی پیرۆز  بەرز کرایەوە و  ئیدئۆلۆژیی حیزبی کۆمۆنیست بە ڕاڤەی ستالین، بوو بە  یاسای گشتی  لەو وڵاتە. کۆی وڵاتەکانی ناو جوغڕافیای ئەو یەکیەتییە، لە ژێر چاوەدێریی پۆلیسی شاراوەدا، تاریکترین ڕۆژەکانیان  بردە سەر. هەموو وڵاتانی لیبڕاڵ و ڕۆژ ئاوایی، بۆ ئەو سیستەمە حکوومەتییە دوژمن بوون و هەر کەسێک بە تاوانی پەیوەندی لەگەڵ ئەوانە گیرابا، لە ئۆردووگای کاری زۆرەملی بە دەیان ساڵ کاری پێ دەکرا.

لەو حکوومەتەدا کەم نەتەوە هەیە بەشی خۆیانیان خەسار پێ نەگەیشتبێ. نەتەوەی کوردیش بەشێکی زۆری لە چارەڕەشی و گیران و  ئەشکەنجە لەو سیستەمە سیاسییەی ستالین دایڕشتبوو وەبەر کەوت .

پێشتر لە لە کتێبێکدا بە ناوی "کەس لە ماگادان پیر نابێ"، شێوەیەک لە ژیانی مرۆڤی دەرەوەی یەکییەتیی سۆڤیەتم لەو وڵاتەدا خوێندبۆوە. ئەو کتێبە بەسەرهاتی "دکتۆر عەتا سەفەوی"یە. دکتۆر سەفەوی کە ئەندامی  "حیزبی توودە"ی ئێران دەبێ، لە ئێران ڕادەکا و لە سنوورەوە دەپەڕێتەوە و پاش گیرانی، دەساڵ لە ژیانی دەنێردرێتە  ئوروودگای کاری زۆرەملی لە "ماگادان". گێڕانەوەی سەفەوی لەو دە ساڵەدا، کارەساتێکت لەبەرچاو دەنوێنی کە جێی بڕوا نییە. بۆیەش ناوی کتێبەکەی وا هەڵبژرادووە، چون لە سەدان کەس کە دەچنە  ئەوێ، هەر چەند کەسێکیان دەمێنن و ئەوانی دیکە هەر لەتەمەنی کەمدا، لە ژێر شکەنجە و کاری تاقەت پرووکێندا دەمرن. بۆیە سەفەوی پێی وایە کەس لەوێ پیر نابێ، بەڵکوو هەموو هەر بە لاوی دەمرن.

ئەوە ئەزموونی کەسێکی ئێرانی بوو. لەو کتێبەدا "ئەتابەک فەتحوڵلازادە" وتوێژیکی دوور و درێژ لەگەڵ دکتۆر سەفەوی دەکا و ئەو ڕابردووەی پێ دەگێڕێتەوە. دواتر هەر لەسەر بنەمای ئەو کتێبە فیلمێکی دیکیۆمێنتاری لەسەر ژیانی دکتۆر سەفەوی ساز دەکرێ بە ناوی "پاشماوی ماگادان".   بەڵام لە کتێبی "لەمەهابادەوە تا بایکانوور" لە نووسینی "دکتۆر ڕەحمان حەلەوی" لەگەڵ بیوگرافی ڕووبەڕووین. نووسەر ژیانی خۆی بە زمانی فارسی نووسیوەتەو ە و لە لایەن "ڕەسووڵ سوڵتانی"یەوە کراوەتە کوردی . لەو کتێبەدا، ئەزموونێکی تەواو هاوشێوەی دکتۆر سەفەوی دەخوێنینەوە، بەڵام ئەوجار لە زمان کوردێکەوە .

خوێندنەوەی کتێبی دکتۆر حەلەوی بە چەند هۆ جێگای سەرنجە:

 یەکەم؛ ئەوەی کە دیمەنێک لە مەهابادی ساڵەکانی دەیەی بیستی هەتاوی لە بەرچاوی خوێنەری کورد دەنەخشێنێ و بەرە بەرە شکڵگرتنی سیستەمی مودێڕن و هاتنە کایەی دیاردە مودێڕنەکان لە شاری مەهاباددا  باس دەکا.

دووەم؛ لە باری جوغڕافیای شارییەوە، بە جوانی وەسفی کووچە و کۆڵان و گەڕەک و بنکە و  دامەزراوەکانی ئەو شارە دەکا و وەک ڕۆماننووسێک کە ڕۆمانی مێژووییی نووسیبێ، وەسفەکانی  ورد و گیاندار و ڕاستەقینەن و دەکرێ سیمای مەهابادی ئەو سەردەمی لێ  بکەیە فیلم یان نەقاشیی بکەی.

سێیەم؛ وێنەیەکی باش لە سیستەمی پەروەردەی مەهاباد بەدەستەوەدەدا و پلەکانی خوێندن و گۆڕانکارییە ئیدارییەکانی  ئەو بەشە زۆر بە وردی باس دەکا.

چوارەم؛  یەکێک لە ڕووداوە سروشتییە گەورەکانی مەهاباد کە  بریتییە لە سێڵاوی ماڵوێرانکەری مەهاباد، بە وردی دەگێڕێتەوە و کەسێکە کە لە نزیکەوە ئەو ڕووداوە مێژووییەی دیوە و هەم چۆنەتی و هەم ئاکامەکەی باس دەکا.

پێنجەم؛ لەیەکەم کەسانێکە بانگهێشت دەکرێ بۆ  ئەندامەتی لە "کۆمەڵەی ژێکاف" و دەبێتە ئەندام. ئەگەرچی زۆر کەم بە درێژایی کتێبەکە باسی چالاکیی خۆی لەو کۆمەڵەیەدا دەکا، بەڵام هێندێک ڕاستی لەو بارەیەوە دەنووسێ و لە هەمووان گرینگتر ئەوەیە ڕاستگۆیانە هەڵەیەک  ڕاست دەکاتەوە کە لە کتێبەکاندا کراوە و گۆیا ناوی ئەو وەک یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵە ی ژ ێکاف تۆمار کراوە . حەلەوی دەڵێ من لەیەکەم کەسەکان  بووم کە بانگهێشت کراوم و بوومە ئەندام، بەڵام دامەزرێنەر نەبووم و ناوی کەسانی دامەزرێنەر دەبا.

شەشەم:  لەسەردەمی کۆماری کوردستاندا، مامۆستای قوتابخانە بووە و وەسفی ئەو لە کەسایەتیی کەسانی وەک "قازی محەممەد" و "سەیفی قازی" و "سەدری قازی" زۆر ڕاستی ڕوون دەکەنەوە.

 هەروەها باسی تێکەڵاویی بارزانییەکان لەگەڵ کۆمار و کاریگەرییان  لەو بزووتنەوە نەتەوەییەدا خاڵێکی بەرچاوی نووسینی حەلەوی پیکدێنێ.

 حەوتەم؛ وەرگیرانی لە زانکۆی پزیشکیی باکۆ دەگێڕێتەوە و جیاوازیی کولتووری و کۆمەڵایەتیی دوو وڵاتی "ئازەربایجانی سۆڤیەت" و کوردستان تێیدا بە جوانی خۆ دەنوێنێ.

هەشتەم: باسی کوردانی نیشتەجێ و خوێندکاری سۆڤیەت دەکا. تایبەتمەندییەکانی هەرکام لەو کوردانە دێنێتە گۆڕێ کە دواتر هەرکام لەوانە دەبنە کەسایەتییەکی ناوبەدەرەوەی کورد لە بوارە جوداکاندا. بۆ وێنە باسی ئەو کەسانە دەکا؛ "سەید عەبدولعەزیز گەیلانیزداە"، "دکتۆر عەلی گەلاوێژ"، "مەلا مستەفا بارازانی"، "کەریم ئەییوبییان"، "رەحیمی سەیفی قازی" و زۆری دیکە. لەناو ئەوانەدا، باس لە کێشەیەک دەکا کە تا ئێستاش و بە درێژایی مێژوو کورد پێوەی ناڵاندوویەتی و ئەویش دووبەرەکایەتی و ناکۆکیی کوردەکانە لەگەڵ یەک، کە لەو نێوەدا  ڕۆڵی ڕەحیمی قازی بە نەرێنی باس دەکا و هەر ئەوەش دەبێتە هۆی دەرکرانی لە زانکۆ و نێردرانەوەی بۆ ئێران.

نۆیەم: گێڕانەوەی سەرلەنوێ ڕاکردنی دکتۆر حەلەوییە بۆ سۆڤییەت بە تەمای خوێندن و درێژە دان بە دەرسی پزیشکی. لەو حەولەیدا ناسەرکەوتوو دەبێ و دەگیرێ و بۆ ماوەی هەشت ساڵ دەنێردرێ بۆ چەند ئوردووگای کاری زۆرەملێ و یە ک لەوان "بایکانوور" . گێڕانەوەی حەلەوی لەو سەردەمەی ژیانی سەرنجڕاکێش و لەهەمان کاتدا جێگای خەم و پەژارەیە.

دەیەم؛ زەنگی کلیساکان لێدەدرێن، زەنگی شەمەندەفەرەکان لێدەدرێن، زەنگی قوتابخانەکان لێدەدرێن، زەنگی کارخانەکان لێدەدرێن و وڵات بێدەنگ دەبێ. ئەوە نیشانەی کۆتایی هاتن بە تەمەنی دیکتاتۆری ناسراوە. سەرەنجام پێنجەمی ماڕسی ١٩٥٣ ژۆزێف ستالین دەمرێ و بەرە بەرە دۆخی ئوردووگاکان و کۆی وڵاتی یەکیەتیی سۆڤیەت دەگۆردرێ. گێڕانەوەی دکتۆر حەلەوی لەو سەردەمەش زۆر ڕاستگۆیانە و بە ئینسافانەیە و لە ئاکامدا هەرچەند دەیتوانی وەک دوکتۆر سەفەوی لەو وڵاتە بمێنێتەوە و دەرس بخوێنێ، بڕیار دەدا لە و ڵاتێکی تووتالیتێردا نەمێنێتەوە و بارگە و بنەی دەپێچێتەوە و دێتەوە ئێران.

یازدەهەم: گێڕانەوەی دکتۆر ڕەحمان حەلەوی لە دۆخی سیاسی و سیستەمی دەسەڵات لە ئێرا نی سەردەمی "موحمەد ڕەزا شای پەهلەوی" جێگای تێڕامانە. لێرەش ئەگەرچی سیستەم بەو ڕادەیەی یەکیەتیی سۆڤیەت سەرکوتکەر نییە، بەڵام شێوەیەک لە دیکتاتۆری لە گۆڕێدایە، پەڕاوێز خستنی نەتەوە بندەستەکان و هێزە چەپەکان لە چڵەپۆپەی خۆیەتی. دژایەتیی کورد بەتایبەت لە دەستووری کاری ڕێژیمی پاشایەتیدایە و بە سەدان چالاکی سیاسی لە بەندیخانەکانی ڕێژیمدان. لەو بەشەدا هەم ئەو دۆخە تاوتوێ دەکا و هەم ئاوڕ لە سیستەمی گەندەڵی ئیداریی ئەو دەمی ئێران دەداتەوە.

دکتۆر ڕەحمان حەلەوی ڕێگای خوێندنی پزیشکی لە زانکۆکانی ئێرانی لێ دەگیرێ و لە مامۆستایەتیی قوتابخانە وەلا دەنرێ و لەئاکامدا بڕیار دەدا لە ئەزموونی لقی یاسای "زانکۆی تاران"دا بەشدار بێ و سەرەنجام پاش ماوەیەکی زۆر دەتوانێ لەو لقەی زانستدا دکتۆڕا وەربگرێ و وەک پارێزەر بگەڕیتەوە زێدی خۆی مەهاباد و خەریکی کار و بار ی پارێزەری بێ .

هەر دوو کتێبی "کەس لە ماگادان پیر نابێ" و "لە مەهابادەوە تا بایکانوور" گێڕانەوەیەکی هاوشێوەی دوو کەسی خولیای خوێندن و بە تایبەت خوێندنی وانەی پزشکین. هەر دووکیان  بۆخۆیان بە  بیر و  باوەڕ چەپن، بەڵام لە لایەن ڕێژیمێکی کە خۆی بە داشداری ئەو بیرە دەزانێ دەگیرێن و دەنێردرێنە ئوردووگای کاری زۆرە ملی و بە هەردووکیان هەژدە ساڵ لەو ئۆردووگایانە دەمێننەوە. هەر دووکیان پاش ڕزگاری لە مەرگ و ئۆردووگای زۆرەملی، دیسان تێهەڵدەچنەوە، بەڵام یەکیان هەر لە سۆڤیەت و یەکیان لە  ئێران. دکتۆر سەفەوی دەبێتە پزیشک و دکتۆر حەلەویش دەبێتە دکتۆری  بواری یاسا. گێڕانەوەی  ئەو دوو نووسەرە،  گێڕانەوەیەکە لەمەرگەوە بەرەو ژیان .

 

 

KURDŞOP
903 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!