گردی ئەندارێ، شوێنەوارێکی 10 هەزار ساڵە لە عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستان

 

زاگرۆس جیلۆ

کوردشۆپ - یەکێک لە شوێنە گرنگەکانی شاری عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستان گردی ئەندارێیە. شار و ناوچەی عەفرین بە مێژووە کۆنەکەی دەوڵەمەندە. لە عەفرین چەندین شوێن و شوێنەواری دیکەی مێژوویی هەن، لەوانەش قەڵای نەبی هۆری، سەمان، کلووتێ، گردی ئەندارێ و هەروەها ناوچەی جندرێس. بەڵام لەم بابەتەدا تەنیا دەمانەوی لەسەر گردی ئەندارێ بدوێین.

گردی ئەندارێ 50 کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژئاوای حەلەبەوە و 3 کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستانەوە دوورە. درێژیی گردەکە نزیکەی 270 مەتر و پانییەکەی 170 مەترە؛ بەرزییەکەشی دەگاتە 30 مەتر. گردەکە بە دیوارێک دەورە دراوە؛ ئەم دیوارە لە ڕووباری عەفرینەوە دەست پێدەکات و تا ٣٠٠ مەتر درێژ دەبێتەوە. لە ساڵی ١٩٥٤ بەهۆی ئەو پەیکەری شێرانەی لەسەر زەوی هەبوون، بۆ یەکەمجار لێکۆڵینەوە لەم شوێنە دەستی پێکرد. لە ساڵانی ١٩٥٦ و ١٩٦٢ و ١٩٦٤ بە سەرۆکایەتیی "فەیسەڵ سەیرەفی" و دواتر لە ساڵانی ١٩٧٦ و ١٩٧٨ و ١٩٨٠ و ١٩٨٨ بە سەرۆکایەتیی "عەلی ئەبوو عەساف" لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە. ئەم شوێنەوارە مێژوویییە لە قەڵایەک پێکهاتووە کە لەسەر گردێکی بەرز هەڵکەوتووە.

گرنگترین شوێنی گردنی ئەندارێ پەرستگای هیتییە. گردەکە بە دیوارێک دەورە دراوە، ئەم دیوارە لە ڕووباری عەفرینەوە دەست پێدەکات و تا ٣٠٠ مەتر درێژ دەبێتەوە. لە تەنیشت گردی ئەندارێوە گوندی ئەندارێ هەیە و ڕێگایەک هەیە کە گوندەکانی وەک بێلان و ئیسلاحیە و سەنجیلری بەیەکەوە دەبەستێتەوە. ئەم ڕێگایە گرنگییەکی ستراتیژیی هەیە و ڕوونە کە بە مەبەستی پاراستن لە هێرشەکان دروست کراوە. پەرستگاکە چەندین سەردەمی تێپەڕاندووە و بە چەندین پەیکەر ڕازاوەتەوە. ئەو بەردانەی بۆ دروستکردنیان بەکارهاتوون، بەردی بازاڵتی تایبەتن و نەخشێنراون.

بەپێی ئەو کار و لێکۆڵینەوەگەلەی لەسەر گردی ئەندارێ کراون، مرۆڤەکان لە ٨ هەزار ساڵ پێش لەدایکبوونی مەسیحەوە لەم ناوچەیەدا ژیاون. لە باشووری گردە گەورەکەی ئەندارێ و بە دووریی 100 مەتر، گردێکی بچووکی تر هەیە. خەڵک لەو سەردەمانەدا کشتوکاڵی لەسەر دەکرد. گوندێکی بچووک لەسەر گردەکە دروست کرا و بە چەندین سەردەمی مێژوویی وەک هیتی، حووری، میتانی، ئاشووری و ماددا تێپەڕی و ژیان لەو گوندەدا تا ساڵی ١٠٨٦ بەردەوام بوو.

دەگوترێ کاتێک ناوچەکە کەوتە ژێر دەسەڵاتی سەلجوقییەکان، بۆ لەناوبردنی شوێنەواری مێژوویی، گوندەکە سووتێنرا. هەروەها لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەکانەوە دیاری کرا کە دانیشتووانی کۆنی گوندی ئەندارێ بە دروستکردنی ئاسن بەناوبانگ بوون. لە لای باکووری گردی ئەندارێوە پەرستگایەک هەیە کە لە بەردی وردی بازاڵت یان بەزیلێت دروست کراوە. لەسەر دیوارەکانی نەخشی زۆر سەرنجڕاکێش نەخشێنراون؛ وەک شێری باڵدار و نەخشی ژنان، کە بەرامبەر یەکتر دروست کراون. ئەم تابلۆیە بە یەکێک لە جوانترین پەیکەرەکانی مێژوو پێناسە دەکرێت.

بە گوتەی توێژەران لە ساڵی 1965 دراوی زێڕ و زیو کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ چەندین قۆناغی مێژوویی، لە پەرستگای گردی ئەندارێ دۆزراوەتەوە. لە هەمان کاتدا پەیکەری خوداوەندەکانی حوری، میتانی، هیتی و مادەکان دۆزراونەتەوە. لە کاتی هەڵکەندنەکاندا پەیکەری پیاوێکی درێژ دۆزرایەوە کە ئەژنۆی دەگەیشتە نیوەی بەرزیی جەستەی. زۆربەی ئەم پەیکەرانە لە پەرستگاکانی میتانیدا دەبینرێن. لە ساڵی ١٩٦٥ گۆڤاری "ئەلهۆلیەت" لە سووریا بە زمانی فەرەنسی، بە ناوی سەرۆکی نوێنەرایەتیی هەواڵگری، "م.مۆریس دوناند"، سەبارەت بە گردی ئەندارێ ڕایگەیاند: خوداوەندی ئەندار، خوداوەندی خۆرە و بە "خودای تیشۆپ" ناسراوە. نەخشی شێرەکان کە لەسەر دیوارەکانی ئەندارێ دۆزراونەتەوە، مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی ١٣ی پێش زایین و بەپێی دۆزینەوەکانی مامۆستایەکی شوێنەوارناس لە زانکۆی فرانکفۆرت، ئەم شێرە هاوشێوەی ئەو شێرەیە کە لە مەلاتییە لە باکوری کوردستان دۆزرایەوە.

لە لایەکی ترەوە لە پەرستگای ئەندارێ، تایبەتمەندییەکی تر هەیە کە لە هیچ شوێنێکی تر نەدۆزراوەتەوە. لەم شوێنە بلۆکی گەچی دروست کراون و لەسەر ئەو بلۆکانە شوێن پێی مرۆڤێک هەیە کە درێژییەکەی نزیک یەک مەتر دەبێت و هێمای شوێن پێی خوداوەندە لە میعماریی پەرستگای هیتیدا.

زۆر لایەنی شوێنەوارەکانی ئەندارێ هەیە کە پێویستیان بە لێکۆڵینەوەی زیاترە، بەڵام دوای ئەوەی عەفرین و دەوروبەری لەلایەن دەوڵەتی تورک و هێزە چەکدارەکانیەوە داگیرکرا، زیانێکی زۆر بەو شوێنانە کەوت.

KURDŞOP
804 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!