قشڵەی کۆیە، میراتێکی لەبیر کراو و هێمایەکی مەزن

ئەو قەڵایە دەبوو و دەبێ ببێتە شوێنیک کە شوناسی کۆنی کۆیە وەدەر بخا و وەک مووزەخانەیەکی کولتووری کەڵکی لێ وەربگیرێ. بە تایبەت کە لە شانێکییەوە  مەزار و گڵکۆی شاعیری گەورەی کورد و دانەری سروودی نیشتمانیی "ئەی ڕەقیب" واتە مامۆستا "یۆنس ڕەئووف" ناسراو بە "دڵدار" هەڵکەوتووە. لە لایەکیشی تۆپەکەی "وەستا ڕەجەب" دانراوە.

 

شاری "کۆیە" یەکێک لە شارەکانی باشووری کوردستانە، کە هەم لەباری مێژووییەوە گرینگایەتیی هەیە و هەم لە سەردەمی نوێدا بە زۆر هۆ گرینگ و جێگای سەرنجە. لەو نووسینەدا ئاماژە بە چەند خاڵی گرینگ لەمەڕ کۆیەوە دەکرێ. یەکیک لە گرینگترین تایبەتمەندییەکانی کۆیە هەر لە دێرزەمانەوە هەڵکەوتی جوغرافیایی و ستڕاتێژیکی کۆیە بووە کە وای کردووە هەم لە  مێژووی کۆن و هەم لە سەردەمی تازەدا وەک پێگەیەکی گرینگی هێزە چەکدرای و سیاسییەکانی کورد پلە و پایەیەکی بەرزی هەبێ. نیشانەی ئەو پلە و پایەیەش هەم ئێستا و هەم لە ڕا بردوودا بە سیمای شارەوە دیارن. لە ڕابردوودا یەکێک لە پێگە سەربازییەکانی "پاشای گەورە" بووە و لە ئیستادا بەشێکی زۆر لە شۆڕشگێڕانی کوردی باشوور و ڕۆژهەڵاتی تێدا نیشتەجێن. لە مەڕ باری مێژووییەوە زۆر هۆکار هە ن و یەک لەوان؛ دەتوانین ئاماژە بە بوونی "قشڵە"ی کەونی کۆیە بکەین.  ئەو قەڵایەی بە قشڵەی کۆیە ناسراوە، قەڵایەکی کۆنی سەربازییە و هەمو تایبەتمەندییەکانی قەڵایەکی سەربازیی کۆنی تێدا ڕەچاو کراوە و ئێستاش هەر بەو نوێژەن کردنەوانەی لەسەری کراون وەک  یەکێک لە ئاسەوارە کۆنەکانی کورد پارێزراوە و لەسەر پێ ماوە.

هەر وەک باس کراوە، قەڵا سەرەتا و لە سەدەکانی نۆهەم و دەهەمی زایینییەوە لە ئەورووپا و پاش داڕووخانی "ئیمپڕاتۆری کارۆلنژی" ساز کرا. لەو سەردەمەوە زەویوزارەکان لە مابەینی وەرزێڕ و خاوەن زەوییە گەورەکاندا دابەش کرا و هەر کەس دەستی بەسەر بەشێک لە زەوییەکاندا گرت. بەڵام تەنیا دەستگرتن بەسەر زەوییەکان بۆ ئەو زەویدارانە کیفایەت نەبوو، بەڵکوو ئەوان پێویست بوو، زەوییەکی کە وەدەستیان هێناوە بپارێزن. پاراستنی ئەو زەوییانە لە دەست خاوەن زەوییە جیرانەکان و هەروەها ئەوانەی بە تەمای داگیر کردنی زەوینی تازەوە بوون پێویست بوو. هەر بۆیە خاوەن مڵکەکان پێویستیان بەوە بوو بینای گەورە و خۆڕاگر، لە بەرانبەر هێرشدا ساز بکەن کە هەم ژمارێکی زۆری خەڵک تێدا جێ بێتەوە و هەم زۆر بەشی وەک عەمبار و جبەخانە و ... ی  تێدا بێ کە لە کاتی پێویستدا  کەڵکی لێ وەربگیرێ. لە لایەکی دیکەوە لەو بینایەوە کە لە سەر بەرزایی ساز دەکرا بۆوەی بڕوانێتە زەوی و زراەکانی دوەروبەر، جۆرێک پلان دادەڕێژرا کە بەسەر هەر چوار دەوریاندا زاڵ بن. ئەو قەڵایانە هەم وا ساز دەکران بۆ هێرش لەبار بن و هەم لە بەرانبەر هێرشدا خۆڕاگر بنوێنن. لە لایەکی دیکەوە ئەگەرچی قەڵاکان زیاتر وەک شوێنی چەکداری کەڵکیان لێ وەردەگیرا، بەڵام وەک ناوەندی ڕێبەرایەتی و فەرماندەرێتیش ڕۆڵیان گێڕاوە. قەڵاکانیش بە سەر دوو دەستەی قەڵاکانی شاری کە لە بەرازییەکی ناو یان قەراخ شارەکان ساز دەکران  و قەڵاکانی ئاوایی و دێها تدا دابەش دەبوون. قەڵای شارەکان بۆ چاودێریی خەڵکی دەوروبەر و ڕێگاوبانەکان بوون. قەڵای ئاواییەکانیش بۆ چاودێری بەسەر بنکەی وەک ئاش و زەوی و زارە بە پیتەکان کەڵکیان لێ وەردەگیرا و لە لایەکیشەوە وەک بنکەی دەسەڵات و ژیانی خاوەن مڵک و نەجیم زادە و ئاغاکانی  ئەوسەردەم  بڕەوی  بوو .

هەر قەڵایەک دەبوو لەسەر تەپکێک، یان بەرزە جێیەک کە بەسەر هەر چوار دەوری خۆیدا زاڵ بێ ساز بکرێ. جا یان ئەو تەپکە بە شێوەی سروشتی لە نێو شارەکان و لە دێهاتەکان هەبوو و دەسەڵاتداران لەسەری قەڵایان ساز دەکرد، وەک قەڵای کۆیە لە باشووری کورستان، یان ئەو تەپکانە دەستساز بوون و بە توربێن و گۆنیە، گڵ و بەردیان بۆ دێنا و سازیان دەکرد کە پێیان دەکوت تەپکی تورب  ڕێژ و بە شان و قۆڵی خەڵک ساز دەکرا و پاشان قەڵاکەی لەسەر دادەمەزرا، وەک قەڵای سەردار لە شاری بۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

 پاش ساز کردنی تەپک بۆ قەڵا، پێویست بوو دەوراندەوری خەندەک لێبدرێ تا لە کاتی هێرشدا، بەر بە دوژمن  بگرێ. هەر قەڵایەک جودا لەو بەشانە، خاوەن خوانچە یان بورجەکێک بۆ چاوەدێری بوو. قەڵا گەورەکان لە چوار لاوە بورجەکی چاودێرییان هەبوو هەتا بتوانن بڕواننە هەموو لایەکی دەوروبەر. بورجەکێکی پاراستنیش ساز دەکرا کە دوایین هێڵی بەرگری بوو و خاوەن قەڵا یان فەرماندەی تێدا دادەنیشت. ئەو بەشەی قەڵا لە هەموو شوێنێک  ئەمنیتر بوو و دوایین پێگەی قەڵاش بوو کە وەدەست دوژمن دەکەوت و تا ئەوێ وەدەست دوژمن  نەوکەتبا قەڵا نەدەکەوت.

هەر قەڵایەک جگە لەوانە حەسارێکی گەورەشی  بوو . سەربازخانە و یەختەرمەخانە و کارگەی چەک و عەمباری خواردن و خواردنەوە و چاڵی ئاو لەبەشەکانی دیکەی قەڵاکان دەهاتنە ئەژمار. وەکی سەرچاوە سەربازییەکان ئاماژەی پێ دەکەن، هەر قەڵایەک لە بەشی هاتنە ژوورەوەیدا زیاتر خەساری پێ دەگا، بۆیە بۆوەی بتوانن ئەو لایەنە لاوازەی قەڵاکان چاک کەن لەسەر دەروازەی هەموو قەڵاکان هۆدەیەک یان دوو هۆدەیان ساز دەکرد کە بە "هۆدەی دەروازە" ناسراوە. ئەو هۆدانە بۆیە ساز دەکران کە لەویوە بتوانن هاموشۆکان باشتر چاودێری بکەن. چون بەر دەرگای قەڵا خاڵێکی لەبەرچاو نییە و بە واتای نیزامیی خۆی بە "خاڵی کوێر" واتە خاڵێک کە لە لایەن خاوەن قەڵا و پارێزەرانییەوە نابیندرێ دەناسرێ، بۆیە لە هەر دوو لای دەروازەوە دوو هۆدەیان بۆ  چاودێریی لایەکەی دیکە ساز دەکرد. لە بەشی چوونە ژوورەوەی دەروازەشدا، داڵانێک هەبوو کە میچەکەی کون کون کراوە و ئەوەش  بۆیەیە  لە کاتی هێرشدا بتوانن  لەسەرەوە دەست لە دوژمن بوەشێنن. هەر قەڵایەک دیوارێکی پارێزەر یان وارشی هەیە کە دەوراندەوری قەڵاکەی لە خۆی گرتووە. دیوارەکانی قەڵا تا سێ میتر پان و دوازدە میتر بەرزن.

بەو تایبەتمەندییانەوە ئەگەر لە قشڵەی کۆیە بڕوانین، دەبینن زۆربەی هەرە زۆری تایبەتمەندییەکانی قەڵایەکی سەدەی نۆ و دەی زایینیی هەیە. قشڵەی کۆیە لەسەر بەرزاییەک هەڵکەوتووە کە دەڕوانێتە شار و هەروەها لە لایەکیشەوە دەڕوانێتە زەوینەکانی دەورو بەری . ئەو بەرزاییە، بەرزاییەکی سروشتییە و ئاسەواری خەندەکەکانی دەوروبەری قەڵا، ئێستاش بە چاو دەبیندرێن. جودا لەوە ڕووبەری قه‌ڵاکه‌ 7000 مەترە. ئەو ڕووبەرە گەورەیە بە مەبەستی چەکداری کەڵکی لێ وەرگیراوە و ئێستاش پێکهاتەی قەڵاکە ئەوەمان نیشان دەدا کە  حەسار و بەشی ناوەوەی قەڵا شوێنی مەشقی سەربازی بووە. دیوار و ژوورەکانی قەڵا بە قسڵ و بەرد دروستکراوە. جودا لە هۆڵی دوور و درێژی مابەینی دیوار و حەسار کە دەشێ شوێنی حەوانەوەی سەربازان بووبێ، قشڵەی کۆیە 23 ژووری هەیە. دیوارەکانی ئەو قەڵایە ئەگەرچی بە پانیی دیواری قەڵاکانی ئەورووپا نین، بەڵام لە دیواری ئاسایی زۆر پانترن، پانیی دیوارەکانی قەڵای كۆیە 120 سانتیمەترە. هەڵكەوتەی شوێنی قەڵای كۆیە بەرزه‌، قه‌ڵای كۆیە‌‌ 750 تاقی هه‌یه‌، کە پێی دەڵێن کونە مەتەرێز. لەو کونە مەتەرێزانەوە سەربازان و چەکداران چاوەدێریی وڵاتیان کردووە و بەتایبەت  لە کاتی شەڕدا لەوێوە دوژمنیان ئەنگاوتووە.

لە ناوەڕاستی بەشی ڕۆژهەڵاتی قەڵاكە دوو پلیكانە هەن، كە لە ڕێگەیانەوە سەردەكەویت بۆ نهۆمی دووەم، لەو نهۆمە پێنج ژوور و سێ هەیوان هەن، هه‌روه‌ها هۆڵێکی گەورەی تێدایه‌ کە درێژییەکەی 90 مەترە و پانییەکەی شەش مەترە، كە لەسەردەمی عوسمانییەكاندا بۆ نووستن بەكارهاتووە. لە دەروازەی ڕوو بەشاری قەڵای کۆیە کە دەروازەی سەرەکی بووە، ئەو تایبەتمەندییانەی پێشتر کوتمان بەرچاو دەکەوێ، چون لە هەر دوو لای دەروازەکە هۆدەی تایبەت سازکراون بۆ چاوەدێریی ئەو کەسانەی دەچنە ژوورەوە.

بە گشتی یەکێک لە بینا هەرە بەرچاوەکانی کۆیە، قشڵەی کۆیەیە. ئەو قەڵایە دەبوو و دەبێ ببێتە شوێنیک کە شوناسی کۆنی کۆیە وەدەر بخا و وەک مووزەخانەیەکی کولتووری کەڵکی لێ وەربگیرێ. بە تایبەت کە لە شانێکییەوە  مەزار و گڵکۆی شاعیری گەورەی کورد و دانەری سروودی نیشتمانیی "ئەی ڕەقیب" واتە مامۆستا "یۆنس ڕەئووف" ناسراو بە "دڵدار" هەڵکەوتووە. لە لایەکیشی تۆپەکەی "وەستا ڕەجەب" دانراوە. ئەو تۆپەش هێمای بەرخۆدان و ڕاوەستان لەبەرانبەر دوژمن لە لایەکە و لە لایەکی دیکەوە بۆ ئەو مێژووە دوورە نیشانە و هێمای پیشەسازیی خۆماڵی  بە تایبەت لە بواری چەکدارییەوەیە. ئەو دەستکارەی وەستا ڕەجەب، شان لە شان دانی کوردە  لە بەرانبەر گەورەترین ئیمپڕاتۆری ئەوکاتی جیهان کە بەداخەوە زۆر کەس لە  بینەرانیشی لێی بێخەبەرن.

 بە داخەوە قشڵەی کۆیە کە دەبوو ببێتە یەکیک لە شوێنەکانی تایبەت بۆ لاوان و چینی نوێ و ئیمکاناتی ئەوەی تێدا ببێ لاوان لێی بمێننەوە و گەشتی لێ بکەن و وەک سەیرانگایەکی مێژوویی کەڵکی لێ وەربگرن، بێ ناز و چۆڵ دیارە.. لە هەموو شاریشدا  لانیکەم من وەک ڕێبواریک تابلۆیەکی ڕێنوێنم نەدیت کە  بمباتەوە سەر ڕێگای قشڵەی کۆیە، کە میراتی ڕابردووان و وەبیر هێنەرەوەی میراتی "میر موحمەد میری سۆرانە".

 

 

KURDŞOP
967 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!