لە باکووری کوردستان گۆڕێکی سەردەمی ئورارتووییەکان دۆزرایەوە

لە شارۆچکەی ئێردیش سەر بە پارێزگای وان لە باکوری کوردستان، گۆڕێکی ٣ ژووری دۆزراوەتەوە کە لە ناو گاشەبەردێکدا هەڵکەندراوە و جێگای ڕژانی خوێنی قوربانییەکانیشی بۆ دروست کراوە.

"فاتیح ئاراپ"، بەرپرسی مۆزەخانەی وان و "پرۆفیسۆر د. ڕەئفەت چاوشئۆغڵوو"، بەرپرسی بەشی شوێنەوار لە فاکەڵتیی ئەدەبیاتی زانکۆی "یوزونجی یل"ی وان، لە چوارچێوەی گەڕان و پشکنین و لێکۆڵینەوە مێژووییەکاندا لە گەڕەکی چەلەبیباگ دەستیان بە پشکنین کرد.

لە کاتی لێکۆڵینەوەکەیاندا، دوای دابەزینی دەریاچەی وان، هەندێک پەرستگا و شوێنی مێژووییی سەردەمی ئورارتوو دۆزرایەوە و لە نزیک ئەو شوێنەش، گۆڕێکی ٣ ژووریی ئورارتووییەکان و ئێسک و پارچەی سیرامیک لە دەوروبەری دۆزرایەوە، و ئێستا ڕێوشوێنی پێویست بۆ لێکۆڵینەوەکان گیراوەتەبەر.

پرۆفیسۆر د. ڕەئفەت چاوشئۆغڵو بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، لە ناوچەکەدا چەندین بینای سەردەمی ئورارتوویی دەستنیشان کراون. وتیشی: "گۆڕێکی گرنگی ئورارتوویی دۆزراوەتەوە کە لە لای ڕاستەوە ژوورێکی سەرەکیی هەیە و لە لای چەپیش ئەو دیارییانەی لێ بووە کە بۆ مردووەکان دانراون و ٣ شوێنی دیکەش کە دەچنە خوارەوە. گۆڕ و ژوورەکان لە بەردێکدا هەڵکەندراون و ئەمەش تایبەتمەندیی کلاسیکیی ئورارتووییەکان نیشان دەدات. مرۆڤ دەتوانێ بڵێ ماوەیەکی زۆر بەکارهاتووە. هەروەها لایەکی لە لایەن ئەو کەسانەوە وا بەدوای گەنجینەکاندا دەگەڕێن زیانی پێگەیشتووە، ئەوەش دیارە کە زۆر لەمەوبەر کراوەتەوە."

پرۆفیسۆر د. ڕەئفەت چاوشئۆغڵو ڕوونی کردەوە: مرۆڤ دەتوانێ بڵێ مەزارگە و گۆڕەکە پاشماوەیەکی زۆر گرنگی تەلارسازیی ئورارتوییە. گۆڕەکە ٣ ژوورە لە دەرگای چوونە ژوورەوە کەوانەیەکی هەیە. پاشان دوو ژووری بچووک لە لای ڕاست و لای چەپ هەیە. لە سەرووی دەرگای چوونە ژوورەوە شوێنێک بۆ دەرچوونی خوێن هەیە. واتە ئەو شوێنەیە تایبەت بە قوربانیکردن بووە و بۆ ئەوەش کەناڵێکیان لە بەردەکەدا دروست کردووە بۆ ئەوەی خوێنەکە بڕژێت. ئەمە یەکەمجارە مەزارگە و گۆڕێکی لە شێوەی هۆدە و لەم جۆرە ببینین''.

KURDŞOP
719 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!