"بازی کورد" بناغەدانەری دەسەڵاتی "مەروانییەکان"

"ناسرخوسرەو" لە سەفەرنامەکەدا باسی ئەوە دەکا کە شاری ئامێدی ژێر دەسەڵاتی مەروانییەکان، لە چاو باقیی شارەکانی وڵاتانی عەڕەب و عەجەم و هێند و تورک، یەکجار جیاواز بووە و پێی وایە هیچ شارێک لەو وڵاتانەی دیتوویەتی، لە گوێن ئامێد نابێ؛ هەروەها "ناسرخوسرەو" ئاماژە بە هەبوونی مزگەوت و کلیسا لەو شارەدا دەکا کە بۆ ئەوکات و لە گێژەنی دەمارگرژیی ئایینی ئیسلام و مەسیحییەکاندا، ئەو خاڵە شاندەری بیری ئازاد و ڕەهای دەسەڵاتی "نەسروددەولە"ی مەروانی و کوردانی شاری ئامێد بووە.

 

لە ساڵەکانی ٩٨٣ تا ١٠٨٥ی زایینیدا لە سنوورەکانی ئەرمەنستانەوە بەرەوە مێزۆپۆتامیا، دەسەڵاتێکی کوردی دەردەکەوێ کە لە مێژوودا  بە "مەڕوانییەکان" نێودێر کراون. بناغەدانەری ئەو دەسەڵاتە سەرۆک عێلێکی کورد بە نێوی "ئەبوو عەبدوڵڵای حوسێن کوڕی دۆستەک" ناسراو بە "بازی کورد" بوو کە بەوتەی "ئێبنی ئەسیر" شوێنی لە دایکبوونی شاخەکانی "باحەسمێ"ی لای ناوچەی حەیزانی دیاربەکر بوو. "باز" پیاوێکی شارەزا و لێهاتوو و بەخشندە و لە کوردانی حەمیدییە و سەرۆک هۆزی حەمیدییە بووە.

"ئەبوو عەبدوڵڵا حوسێنی کوڕی دۆستەک"، لاوازبوونی دەسەڵاتی "ئالی بوویە"ی کردە دەرفەتێک بۆ دەرکەوتن و سەرەڕای ئەوەی بۆخۆی هەندێ قەڵای بەدەستەوە بوون، هێرشی کردە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی "ئالی بوویە" و "دیاربەکر" و پاشان "میافارێقین"ی داگیر کرد و پاش  وەدەست هێنانی ناوچەکانی "نوسەیبین" و "جزیرە"، بەرەو باشووری مێزۆپۆتامیا داگەڕا. لە نیزیک موسڵ، باز و "پەنا خوسرەو عێزۆددەولەی دەیلەمی"، میری بەهێزی ئالی بوویە کە ئەودەم لە دواساڵەکانی دەسەڵاتی خۆیدا بوو، یەکتر دەبینن و بە وتەی مێژوو، میری دەیلەمی بە دیتنی "باز" سام دەیگرێ و حەولی کوشتنی دەدا بەڵام بۆی ناگونجێ. ئەوجار "باز" لە ئاژاوەی پاش مەرگی «عێزۆددەولە» میری بە ناوبانگی ئالی بوویە کەڵک  وەردەگرێ و تەنانەت موسڵ دەگرێ و مەترسی دەخاتە سەر بەغداش کە ئەوکات شوێنی نیشتەجێبوونی خەلیفەی عەبباسی بوو.

 "ئالی بوویە" کە ترسێکی زۆریان ڕێ نیشتبوو، دیسان حەول دەدەن کە پێش بە سەرکەوتنەکانی "باز" بگرن و ئەوجار "سەمسامۆددەولە"ی دەیلەمی سپایەک بە سەرکردایەتیی "بەهرامی کوڕی ئەردەشێر" دەنێرێتە سەر مەروانییان کە بە تەواوی شکست دێنن. ئەوجار "سەمسامۆددەولە" دیسان سپایەکی تر بەسەرکردایەتیی "ئەبولقاسم سەعدی حاجێب" بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ "باز" دەنێرن کە ئەویش هەر سەرکەوتوو نابێت ولە هەمبەر دەسەڵاتی کوردیدا هیچی بۆ دەستەبەر نابێ.

"ئەبولقاسم سەعدی حاجێب" توانیبووی مووسڵ بگرێ کە پێشتر بە دەس "باز"ەوە بوو، بەڵام خەڵکی موسڵ بەوە ناڕازی بوون و داوای حوکماتی مەروانییان کردەوە و ئەوەش بوو بە هۆی ئەوەی باز دیسان لە گرتنەوەی موسڵدا سەرکەوتوو بێ.

ئەو سەرکەوتنە  یەک لە دوای یەکانەی "ئەبوو عەبدوڵڵا حوسێنی کوڕی دۆستەک" لە هەمبەر ئالی بوویەدا، بوو بە هۆی ئەوەی خەلیفەی عەبباسی نازناوی "بازی کورد"ی پێ ببەخشێ؛ بە پێی مێژوو ئەوە دووهەم جار بوو کە دەسەڵاتی ئایینیی عەبباسی، نازناوی "باز"ی بە دەسەڵاتدارانی هاوچەرخی خۆی دەبەخشی  و جاری یەکەم ئەو نازناوە بەخشرا بە "عەبدولڕەحمانی ئومەوی" کە لە هەمبەر هێرشی نەیارانیدا بە تەنیا و بە مەلە لە چەم پەڕییەوە و پاشان بە باکووری ئەفریقادا خۆی گەیاندە باشووری ئورووپا و دەسەڵاتی "ئۆمەوییانی ئەندەلۆس"ی لەوێ دامەزراند.

پاش داگیر کردنی موسڵ، "بازی کورد" تاجی پاشایەتی دەنێتە سەر و سکە بە نێوی خۆی لێدەدا.

"ئیبنی ئەرزەق" نووسەری کتێبی "مێژووی میافارێقین"، ئاماژە بەوە دەکا کە "باز"، یەکەم پادشای کورد بووە. لە سێهەم شەڕی نێوان "باز" و "سەمسامۆددەولە"دا  ئەوجار "سەمسام" بە دوو سپاوە هەڵمەتی کردە سەر مڵکی "باز" و دەسەڵاتی "حەمدانییەکان"یشی بە دژی "مەڕوانیەکان" هان دا  و ئەوجارەیان "باز" شکستی هێنا و بەرەو دیاربەکر پاشەکشەی کرد. ماوەیەک دواتر "باز" داوای ئاشتیی لەگەڵ ئالی بوویە کرد. ئەوە لە کاتێکدا بوو کە ئالی بوویە بە هیوا بوو لە پیلانێکدا سەری "باز" بەگۆمدا بکا، کەچی پیلانەکەیان سەرکەوتوو نەبوو و ناچار دانیان بە دەسەڵاتی "باز"دا هێنا.

 دەسەڵاتداریی "باز" ئەو جارەشیان لەلایەن "حەمدانییەکان"ەوە دەکەوێتە مەترسییەوە و "حەمدانییەکان" بە وەرگرتنی یارمەتی لە عەڕەبەکانی عەشیرەتی "بەنی عەقیل"، هەڵدەکوتنە سەر موسڵ و داوای دەسەڵاتی موسڵ وەک مڵکی میراتی خۆیان دەکەن. هەروەها بەهیواش بوون بێجگە لە سڕینەوەی دەسەڵاتی "مەروانیەکان" لە موسڵ، پێش بە کوردانی "بەشنەوی" بگرن کە لە ناوچەی موسڵدا خەریک بوون بەهێز دەبوون. لەوشەڕەدا کە لە نێوان "مەروانییەکان" و عەڕەبی "بەنی عەقیل" و "حەمدانییەکان"دا بوو، "باز" سەرکەوتوو نابێ و لەلایەن یەکێک لە عەڕەبەکانی "بەنی عەقیل"ەوە دەکوژرێ و بکوژەکەی چوارپەلی دەکا و مەیتەکەی دەنێرنە بەغدا و لەوێ لە داری دەدەن؛ بەڵام بە هۆی ناوبانگێکی باش کە "باز"ی وەک کەسێکی بەخشندە و لێهاتوو ناساندبوو، خەڵکی بەغدا لەگەڵ ئەو کارەی دەسەڵاتداری عەڕەب دژایەتی دەکەن و سوێی بۆ دادەگرن و پرسە و سەرەخۆشیی بۆ دەگرن، پاشانیش جەستەی لەت و کوتکراوی باز لە دار دەکەنەوە و دەیبەنەوە موسڵ و لەوێ بەڕێزەوە بە خاکی دەسپێرن.

 پاش مردنی "باز" خوشکەزایەکی بە نێوی "ئەبووعەلی  حەسەنی مەروان" لە جێی وی دادەنیشێ و دەسەڵاتەکە پتەوتر و بەهێزتر دەکا و نزیک حەوت ساڵ بەرپرسی دەسەڵاتی مەروانییەکان دەبێ. لە پاش ئەویش دوو برای دیکەی "ئەبووعەلی" بە ناوەکانی "سەعید" و پاشان "ئەحمەد" ناسراو بە "نەسروددەوەلە" دەبێتە میری دەسەڵاتی مەروانییەکان، کە تەمەنی مێژووی دەسەڵاتی "نەسروددەولە" بە پێی دەیتا مێژووییەکان نزیک ٥٣ ساڵ دەخایەنێ.

دەسەڵاتی "مەروانییەکان" لە لایەن زۆربەی مێژوونووسانی ئەو دەم وەکوو "ئیبنی ئەسیر"، "ئەبوو شوجاعی ڕوزراوەری" -کە وەک بەڕێوەبەری بەشی نووسین لە خزمەت "ئەلموقتەدا" خەلیفەی عەبباسیدا بووە- هەروەها "ئیبنی خەلدوون" و ... باسی لەسەر کراوە و تەنانەت "ئیبنی خەلدوون" پێی وایە کە مەروانییەکان تەنیا دەسەڵاتی غەیرە عەڕەبی سنوورەکانی ڕۆژاوای وڵاتی ئیسلامی ئەو سەردەم بوون.

"ناسر خوسرەو"، شاعیری بەناوبانگی فارس لە درێژایی سەفەرە حەوت ساڵە بە ناوبانگەکەی خۆیدا و لەکاتی دەسەڵاتداریی "نەسروددەولە"دا بە دیاربەکردا تێدەپەڕێ و تەنانەت میریش دەبینێ. "ناسرخوسرەو" لە سەفەرنامەکەدا باسی ئەوە دەکا کە شاری ئامێدی ژێر دەسەڵاتی مەروانییەکان، لە چاو باقیی شارەکانی وڵاتانی عەڕەب و عەجەم و هێند و تورک، یەکجار جیاواز بووە و پێی وایە هیچ شارێک لەو وڵاتانەی دیتوویەتی، لە گوێن ئامێد نابێ؛ هەروەها "ناسرخوسرەو" ئاماژە بە هەبوونی مزگەوت و کلیسا لەو شارەدا دەکا کە بۆ ئەوکات و لە گێژەنی دەمارگرژیی ئایینی ئیسلام و مەسیحییەکاندا، ئەو خاڵە شاندەری بیری ئازاد و ڕەهای دەسەڵاتی "نەسروددەولە"ی مەروانی و کوردانی شاری ئامێد بووە.

دەسەڵاتی مەروانییان پاش نەسروددەولە هێندە ناخایەنێ و تورکانی "غۆز" کە دواتر دەبنە بناغەدانەری دەسەڵاتی سەلجووقی لە ئێران و ناوچەکانی دەوروبەریدا، هێرش دەکەنە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی  مەروانییان و بە وتەی "ئیبنی ئەرزەق"، بۆ یەکەم جار تورکان لە دیاربەکر دیتران و پاش چەند دەیە شەڕ و هەڵمەت لە دیار بەکر و باقی ناوچەکانی دەسەڵاتی مەروانیدا، لە کۆتاییدا سەرکەوتنیان وەدەست هێنا و دەسەڵاتی مەروانییەکان تێکڕووخا.

KURDŞOP
1098 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!