گردی مۆزان لە ڕۆژئاوای کوردستان، پایتەختی شارستانییەتی هووری

گردی مۆزان شاری دێرینی ئۆرکێشە کە ئێستا لە نزیک شاری عامودێ لە ڕۆژاوای کوردستان هەڵکەوتووە. هەروەها "ئۆرکێش" ناوەندی کۆنی هوورییەکانە و گردی مۆزان ٣ هەزار ساڵ پێش زایین دروست بووە و دوای ئەوەی گەیشتووەتە پێشکەوتووترین ئاست، ٢ هەزار ساڵ پێش زایین لاواز بووە و لە کۆتاییی ٢ هەزار ساڵیدا لەناوچووە. لە سەرەتای شارستانییەتی هوورییەکان، ئۆرکێش بە ناوەندی سەرەکیی سیاسی و ئایینی ناسرابوو.

کوردشۆپ - گردی مۆزان لە ڕۆژاوای کوردستان، کە شوێنی شاری "ئۆرکێش"ی پایتەختی هوورییەکانە، شوێنێکی مێژوویی زۆر گرنگە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 3 هەزار ساڵ بەر لە ئێستا.

توێژینەوە و گەڕان لە گردی مۆزان لە ساڵی ١٩٨٤ لە ژێر ڕێنمایی ماریلین کێلی-بوچێلاتی و جۆرجۆ بوچێلاتی دەستی پێکرد. درێژیی گردە بەرزەکە نزیکەی ٦٠٠ مەتر و دەورەکەی نزیکەی ١٥٠٠ مەترە و گردەکەش 28 مەترس لە ئاستی زەویی دەوروبەرییەوە بەرزە. لە سەردەمی خۆیدا بووەتە گەورەترین شوێنی نیشتەجێبوون لە کوردستانی ڕۆژاوا و هەروەها لە سوریا.

دەشتی خابوور لە ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕۆڵی گەورەی لە گەشەپێدانی ئەو شارە کۆنەدا هەبووە. کشتوکاڵ یەکێکە لە هۆکارەکانی ئەو گەشەسەندنە. ناوچەکە لە ڕابردووشدا وەک ئەمڕۆ ئاوەدان بووە. کشتوکاڵی دێمەکار هەمیشە بەس بوو و پێویستی بە ئاودانی جووتیاران نەبوو کە کێڵگەکانیان ئاودێری بکەن. لە سایەی ئەو خاکە بەپیتەوە شاری نوێ دۆزرانەوە و ئەم شارانە تەنانەت لە سەرەتای مێژووی شارستانیەتدا گەشەیان کرد. شارە گەورەکانی وەک چوێرا، بیراک، مۆزان و لەیلێن شایەتحاڵی ڕوونی ئەو سەردەمەن.

مرۆڤ دەتوانێ بە دڵنیایییەوە بڵێ هۆکاری سەرەکیی گەشەی دەسەڵاتی شارێکی وەک گردی مۆزان شوێنی ئەو شارە بووە. کلیلی بازرگانیی نێوان شاخەکانی ئەنادۆڵ و شاخەکانی دەوڵەمەند بە کانزای مس و شارە گەورەکانی باشوور بوو.

گردی مۆزان شاری دێرینی ئۆرکێشە کە ئێستا لە نزیک شاری عامودێ لە ڕۆژاوای کوردستان هەڵکەوتووە. هەروەها "ئۆرکێش" ناوەندی کۆنی هوورییەکانە و گردی مۆزان ٣ هەزار ساڵ پێش زایین دروست بووە و دوای ئەوەی گەیشتووەتە پێشکەوتووترین ئاست، ٢ هەزار ساڵ پێش زایین لاواز بووە و لە کۆتاییی ٢ هەزار ساڵیدا لەناوچووە. لە سەرەتای شارستانییەتی هوورییەکان، ئۆرکێش بە ناوەندی سەرەکیی سیاسی و ئایینی ناسرابوو.

لە ساڵی ١٩٣٧ توێژەر ماکس مالۆوان بۆ یەکەمجار لەسەر گردی مۆزان توێژینەوەی کرد. لە ساڵی ١٩٨٤ توێژینەوەکە لە لایەن ماریلین کێلی بوچیلاتی و جۆرجۆ بوچیلاتی  کە بە ڕەچەڵەک ئیتاڵین بەڕێوەچوو. دوای لێکۆڵینەوەیەکی زۆر، ئەم شوێنەیان دۆزییەوە و گوتیان ئەم شوێنە پایتەختی هوورییەکانە. لە ئەنجامی توێژینەوەکەدا چەندین نیشانەی مێژوویی دۆزرایەوە. ئەم شوێنە لە ڕووی شوێنەواری مێژووییەوە زۆر گرینگە.

بەهۆی دۆخی شەڕەوە هەڵکەندنی شوێنەکان وەستا و تا ئێستا زۆر شوێن هەڵنەکەندراون. بە گوتەی شوێنەوارناسان، لە کاتی هەڵکەندن و پشکنینی گردی مۆزان، گەلێک زانیاریی مێژوویی ئاشکرا بووە.

 

ئەو شوێن و پارچە شوێنەوارییانەی لە گردی مۆزان دۆزراونەتەوە

پەرستگای شێر کە وەک گۆڕەپانێک وایە لەسەر گردێکی گەورە دروست کراوە کە بەرزییەکەی دەگاتە ٢٧ مەتر لە ئاستی زەویەوە. پەرستگاکە لە ڕێگەی گۆڕەپانێکی فراوانەوە بەرەو کۆشکەکە دەڕوات.

ئەم کۆشکە پێکهاتووە لە دوو بەش و ناوچەیەکی دەرەوە کە لە دەوری بەشە فەرمییەکە هەڵکەوتووە. بەشی یەکەم بەشی نزمە و نوێنەرایەتیی بەشی ناوەوە دەکات. ئەم بەشە بەسەر چوار کەرتدا دابەش بووە؛ چێشتخانە، کۆگای خۆراکی تایبەت بۆ بنەماڵەی فەرمانڕەوا، کەرتی خزمەتگوزارییەکانی پێداویستییەکانی پاشا و کەرتی چوارەم کە هێشتا ئەرک و بەرپرسیارێتیەکانیان دەستنیشان نەکراوە.

بەشی دووەم نزیکەی 2.5 مەتر بەرزترە لە بەشی ناوخۆ، کە پادشا و بنەماڵەکەی لێی دەژیان و لەو بەشەوە حوکمی وڵات دەکرا. هەروەها بیرێک هەیە کە بازنەیییە و تاریک و قووڵە. لەم بینایەدا بانگی ڕۆحەکان دەکرا. هەروەها وەک ڕێڕەوێک بەکاردەهێنرا بۆ ئەوەی مرۆڤەکان ڕاستەوخۆ لەگەڵ خودادا بن. ئەم بینایە هی کۆشک و پەرستگا بووە.

لە لایەکی ترەوە سەدان مۆر و نەخشی دروستکراو لە گڵ و بەرد دۆزراونەتەوە. ئەم مۆرانە زۆربەیان دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی هەزارەی سێیەمی پێش زایین کە لە گۆڕەپانی کۆشک و کۆگاکانیدا دۆزراونەتەوە. هەروەها هەندێک نەخشی لەسەر داری گوێز و سندوقی تەختە و زەمبیل، چۆنێتیی ژیانی هوورییەکان نیشان دەدەن. ئەم نەخشانە بارودۆخ و پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوورییەکان ئاشکرا دەکەن. ئەو مۆرانە ڕۆڵی خوداوەندەکان و هێماکانیان لە کۆشکدا و ڕۆڵی شاژنەکان و ئەرکەکانیان لە پەیوەندی لەگەڵ پەرستگاکەدا نیشان دەدەن.

پەیکەرێکی برۆنزی کە شێرێکی دەم کراوە و خەریکی بازدان لەسەر بەردێک نیشان دەدات کە نووسراوەیەک بە زمانی هووری و بە خەتی بزماری بەم شێوەیە لەسەری نووسراوە: "تیش ئەتال" پاشای ئۆرکێش پەرستگای نێرگاڵی دروست کرد. خواژن لۆبگاها ئەم پەرستگایە دەپارێزێت و ئەو کەسانەی دەیانەوێت لەناوی بەرن، کۆتایییان نابێ." پەیکەرەکە لە مۆزەخانەی لۆڤەر لە فەرەنسا پارێزراوە.

KURDŞOP
821 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!