شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری و ڕێبەرایەتیی شۆڕشی کوردی

یەکەم نووسراوەیەک کە لە ناسیۆنالیسمی کوردەوە وەک بەیاننامە لە دەستدایە، شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری ڕوو بە یەکێک لە نوێنەرانی هێزە ڕۆژئاواییەکان کە هاوڕێی بووە نووسیوێتی: "هەموو میر و سەرۆکەکانی کورد جا چ لە ئێران بن و چ لە عوسمانی، یەکدەنگ لەسەر ئەو بڕوایەن ناتوانن لەگەڵ ئەو حکوومەتانە کار بکەن و بەو شێوەیە ناتوانن لەگەڵ ئەوانە درێژە بە ژیانی سیاسی بدەن.

 

دوای تێکشکان و تەسلیم بوونی "بەدرخان پاشا" بەشێکی زۆر لە ڕاسپێردراو و میرەکانی ژێردەستی ئەویش دەسەڵاتیان لێ ستێندراوە و دوورخرانەوە و کوژران؛ بێ هیوایییەک باڵی بەسەر تەواوی کوردستاندا کێشا. ئەگەر پێشتر لەو جوغڕافیا پان و بەرینەدا دەسەڵاتێکی عادڵانە و دادپەروارانە بەڕێوە دەچوو و وڵات تا ڕادەیەکی زۆر وەکی سەرچاوەکان ئاماژەی پێ دەکەن هێمنایەتیی هەبوو، پاش ئەو ڕووداوە داگیرکەرانی کوردستان وەک هەمیشە ناوچەکانی ژێر حوکمڕانیی بەدرخانیان بە کاربەدەستانی خۆیان سپارد و کێبەرکێ و تاڵان و بڕۆ جێگای متمانە و دادپەروەریی گرتەوە. بەڵام تۆوێک کە بەدرخان چاندبووی بێ سەمەر نەبوو. ئەگەرچی پێکهاتەی سیستەمی فێۆدالیی کوردستان شێوابوو، پيکهاتەیەکی دیکە وردە وردە جێگای گرتەوە. سیستەمی بڕواداری و ئایینی هەر لەمێژساڵ بوو ڕەگ و ڕیشەی لە کوردستاندا بوو. لە پێشەنگانی ئەو ڕێبازە زۆر کەس هەبوون کە مێژوو ناوی هێناون بەڵام یەکێکی هەڵوارتە لەناو ئەوانەدا "شێخ عوبەیدوڵڵا"ی نەهری بوو. ئاڵوگۆڕێک کە شێخ ‌عوبەیدوڵڵا لەو سیستەمەدا بەدیی هێنا جێگای هەڵوەستە و ئاماژەیە. شێخی نەهری بە خوێندنەوەی ئاکار و شێوەژیانی شێخانی پێش خۆی و هەروەها پەیوەندیی دەستەڵاتی مەعنەویی ئەوان و خەڵکی کورد بەو ئاکامە گەیشتبوو سیستەمی موراد و موردیدی بەرهەمێکی جگە لە خانەقا و گۆشەگیری لێ ناکەوێتەوە و مرۆڤەکان بەجێی ئەوەی لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا ڕۆڵیان هەبێ، دەبنە کەسانی تەریکی تەرکەدونیا و لەو شێوازە لە پەیوەندیدا، ئاماژەکان بەرەو سازکردنی پەیوەندییەک لەگەڵ ماوەرا و ئاسمانەکانن. بەڵام شێخ عوبەیدوڵڵا بە تەمای دابەزاندنی ئەو پەیوەندییە بۆ سەر عەرزی بوو. واتە دەسەڵات لای ئەو نەک دەسەڵاتێکی ئایینی و بۆ پەرەدان بە دیینێکی تایبەت، بەڵکوو دەسەڵاتێک بۆ بنیاتنانی هێزێکی زەوینی بۆ نەتەوەی کورد بوو. بە واتایەکی دی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری حەولی دا دوو بنگەی هێزی ئایینی و نەتەوەیی ئاوێتە بکا و سەنتێزی ئەوانە وەک دەرکەوتەی سێهەم بناسێنێ و لەو ڕێیەوە مەجالێک بۆ حکوومەتێکی کوردی بڕەخسێنێ. هەر بۆیە وەک ئاییندارێکی ناسیۆنالیست دەرکەوت و حەولەکانی لەو ڕاستەڕێیەدا چر کردەوە.

شێخ عوبەیدوڵڵا ساڵی ١٨٢٧ لە شەمزینان لە دایک بوو. ساڵی ١٨٨٤ بە دوورخراوەیی لە شاری مەککەی وڵاتی حیجاز کۆچی دواییی کردووە.

شێخانی شەمزینان پێیان وابوو ڕەچەڵەکیان دەگەڕێتەوە سەر شێخ “عەبدولقادری گەیلانی”. ئەویش بنیاتنەری تەریقەتی قادرییە. ئەو جێگە و پێشینەیە هێزێکی یەکجار زۆری پێ بەخشیبوون. "شێخ عوبەیدوڵڵا" بە پێچەوانەی پێشینیان و شێخانی تەریقەت، حەولی دا تێکەڵ بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان ببێ. ساڵی ١٨٧٧ تا ١٨٧٨ لە جەنگەی تێکهەڵچوونەکانی ڕووس و عوسمانیدا، شێخ عوبەیدوڵڵا وێڕای دەستەیەک لە کوردەکان لە شەڕەکاندا بەشداریی کرد و بە توندییش تێکشکا. بەڵام سەرەڕای ئەوەش دیسا ن لە تێکهەڵچوون و کاروباری سیاسی و چەکداری نەکشاوە و وەک  ڕێبەری کوردەکان ناو و ناوبانگی دەرکرد. بە هۆی ئاکار و هەڵسوکەوتی ساکار و دڵسۆزانە و پارێزگارانەشی لەبەرچاوی گەلەکەی ڕۆڵی  ڕێبەرێکی سیاسی و لەهەمان کاتدا ڕێبەر و پێغەمبەرێکی دەدیت.

جیاوازیی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری لەگەڵ باقیی شێخانی کوردی تا ئەوکات، ئەوە بوو؛ کە ئەو ماکەی نەتەوە خوازی  بە بزووتنەوەکەی زیاد کردبوو. پیاوێکی نەتەوەخواز و ڕژد بوو لەسەر کار و باری کورد و بڕوای بە سەربەخۆییی گەلەکەی  بوو. شێخی نەهری دەیویست کوردستانی ژێر دەستی عوسمانی و ئێرا ن  وەسەر یەک بخا و دەوڵەتێکی یەکپارچە و یەکگرتووی لێ پیک  بێنێ.

یەکەم نووسراوەیەک کە لە ناسیۆنالیسمی کوردەوە وەک بەیاننامە لە دەستدایە، شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری ڕوو بە یەکێک لە نوێنەرانی هێزە ڕۆژئاواییەکان کە هاوڕێی بووە نووسیوێتی: "هەموو میر و سەرۆکەکانی کورد جا چ لە ئێران بن و چ لە عوسمانی، یەکدەنگ لەسەر ئەو  بڕوایەن ناتوانن لەگەڵ ئەو حکوومەتانە کار بکەن و بەو شێوەیە ناتوانن لەگەڵ ئەوانە درێژە بە ژیانی سیاسی بدەن. دەبێ کارێک بکرێ هێزە ئەورووپییەکان ئاگاداری ئەو  بابەتە ببن و تویژینەوەی لەسەر بکەن تا بزانن خەڵکی کورد خەڵکێکی جیاوازن و ...ئێمە دەمانهەوێ کاروباری خۆمان بە دەست خۆمانەوە  بێ."

ئەو، ڕێبەرایەتیی شۆڕشی کوردەکانی لە ناوچەی "حەکاری"یەوە کە لە چوارچێوەی "ئیمپڕاتۆریی عوسمانی"دا هەڵکەوتبوو وەئەستۆ گرت و لە ساڵەکانی ١٨٧٩ تا ١٨٨٠ هەموو ناوچەکانی نێوان "گۆلی وان" و "گۆلی ورمێ"ی بە هاریکاریی سەرۆک عەشیرە کوردەکان و یەک لەوان "هەمزاغای مەنگوڕ" سەرۆکی عەشیرەتی مەنگوڕ و، "عێلی هەرکی" خستە ژێر حوکمی خۆیەوە. وەک پێشتر ئاماژە کرا شێخ نووسینێکی بۆ هاوڕێیەکی ڕۆژئاوایی نووسیوە کە پوختەی زەین و بیرۆکەی سیاسیی  ئەوی دەتوانین لێ هەڵێنجین.

بەو نووسینەدا دەردەکەوێ ڕادەی هەستیاریی شێخی نەهری بەرانبەر بە نەتەوەکەی چۆن بووە و هەروەها سیمای ناسیۆنالیستێکی مافخواز دەبینین کە بە ڕوونی ویستە نەتەوەییەکانی خۆی دەخاتە بەرباس. شێخ عوبەیدوڵڵا نەهری باس لە ماکەکانی جیاوازیی شوناسی خۆی و نەتەوەکەی لەگەڵ نەتەوەکانی دەوروبەری دەکا. هیچ دیدێکی دەمارگرژانەشی نییە. واتە باسی خراپیی ئەویتر و سەرتر بوونی نەتەوەی خۆی ناکا، بەڵکوو باسی جیاوازییەکان زەق دەکاتەوە. ئەو لە پێشدا باسی ئەوە دەکا بە هۆی ئەو جیاوازییانەوە نەتەوەی کورد پەراوێز خراوە و لە دوو لاوە خراوەتە بەر هێرش و مافی خوراوە و هەر ئەوەش بۆتە هۆکاری ڕۆژەڕەشیی نەتەوەی کورد. بۆ دەرباز بوون لەو دۆخە پێویستە ئەو نەتەوەیە خاوەن بڕیاری خۆی بێ. سەرنجڕاکێش ئەوەیە شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری ئەوەشی بە باشی زانیوە کە دەبێ کۆمەڵگای جیهانی لە جەوهەری ئەو کێشەیە تێبگا. بۆیە لەو بەیانییەیەدا حەول دەدا هەم شیکاریی خۆی بخاتە ڕوو هەم داوا لە وڵاتانی ئەورووپی بکا خۆشیان بۆ تێگەیشتن لە جەوهەری کێشەی کورد توێژینەوە بکەن و بزانن کە چارەسەری ئەو کێشەیە و یەکلاکردنەوەی پێویستی بە بڕیاری سیاسی هەیە.

شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری بە کردەوەش لەو بوارەدا هەنگاوی نا و ڕێبەرایەتیی دوو شۆڕشی کرد. یەکەمیان ساڵی ١٨٧٩ لە بادینان و دووەمیان ساڵی ١٨٨٠ لە ئێران.

هێندێک لە توێژەرانی بواری مێژوو و یەک لەوان "قیداری" دەڵێ: "ئەو بزووتنەوەیە کە لەسەردەمی "ناسرەدین شای قاجار"دا هاتە ئاراوە و ترسێکی گەورەی خستە دڵی دەوڵەتی قاجارەوە. ئەو بزووتنەوەیە لە ڕاستیدا ڕاپەڕینی چینی ژێردەستی کۆمەڵگا بوو بە دژی بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی چەسپاوی کۆمەڵگای ئەوکاتی ئێران و کوردستان و حەولێکی ڕیفۆرمخوازانە و چاکسازانە بوو بۆ نیشاندانی ناکارامەییی دەوڵەتی قاجاری. بەڵام بەهۆی نەبوونی ستڕاتێژیی تایبەت و نەناسینی دروستی سیاسەتی نێودەوڵەتی لەلایەن ڕێبەرایەتیی ئەو بزووتنەوەیەوە و هەروەها ڕۆڵی خراپی "رووسیە" و تەنانەت "ئامریکا"ش، ئەو بزووتنەوە و شۆڕشە سەرکوت کرا. هێندێک توێژەریش ئاماژە بە تێکچوونی پەیوەندیی شێخانی شەمزینان لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیی ئەوکاتی ئێران دەکەن. وەکی دەردەکەوێ کچێک لە بنەماڵەی نەهری، خوشک/یان کچی "سەید تەها نەهری" کە باوکی شێخ عوبەیدوڵڵا بووە، بووکی بنەماڵەی قاجار دەبێ و "عەبباس میرزا"ی وەلیعەهد و جێگرەوەی شا، کوڕی ئەو دەبێ. هەر بەو هۆیە چەند ئاوایی لە ناوچەی  سنوور دەدرێتە بنەماڵەی نەهری و  ماڵیاتیشیان لێ ناستێندرێ. بەڵام بە تیندانی "مەهدی عولیا" دایکی "ناسرەدین شا"، کارێک دەکرێ  گوشار  بخرێتە سەر ئەو ناوچەیە و ئاوری ناکۆکییەکان هەڵاییسێ. لە لایەکی دیکەوە  باسی ئەوەش کراوە کە بریتانیا بە تایبەت پێی خۆش بووە ئەو ناوچەیە ئاڵۆزیی  تێ بکەوێ، هەر بۆیە لە ڕێگای ڕاسپێردراونی خۆی و موریدانی شێخ عوبەیدوڵڵاوە شێخ دنە دەدەن کە چۆنە کەسێکی وەک تۆ کە بە "جەناب"  و "حەزرەت"  ناوت دێ،  ژێردەستەی کەسانی لە خۆت ناشایستتربی و بۆ حکوومەت دەبی و ... کۆی ئەوانە دەبێتە هۆی ئەوەی شێخ خۆی تەیار بکا هێرش بکاتە سەر کوردستانی ژێر دەسەڵاتی ئێران . هەڵبەت ئاماژە بە ڕۆڵی خراپی "لوتفعەلی خان"ی حاکمی سابڵاغیش کراوە کە ئازار و ئەزیەتی زۆری خەڵکی داوە و بەتایبەت فشارێکی زۆری  خستووەتە سەر "هەمزاغای  مەنگوڕ" و تەنانەت کارێکی کردووە هەمزاغا لە هاتوچۆی ئاسایی بۆ سەر موڵکەکانی خۆشی تووشی کێشە ببێ و ئەویش هەر لەبەر ئەو هۆیانە هێندی دیکە تین دەدرێ کە بچێتە شۆڕشی شێخی نەهرییەوە کە دژ  بەو دەسەڵاتە گەندەڵ و چەوسێنەرە  دەستی پێکردبوو. سەرەڕای هەموو ئەو تێچن و بۆچوونانە، دەکرێ بڵێین وێدەچێ هەر کام لە هۆکارەکا ن بەشێک لە ڕاستییان لە خۆیاندا شاردبێتەوە و بە واتایەکی دی هەر هەموو باسەکا ن ڕاست بن. بەڵام ئەوەی گرینگ و چارەنووسساز بووە ئەوەیە کە شێخ عوبەیدوڵڵا لە سەدەی نۆزدەدا حەولی داوە حکوومەتێکی کوردی بنیات بنێ. ئەو حکوومەتەی ئەو تایبەت بە بەشێکی کوردستان نەبووە و هێزی هەموو  بەشەکانی کوردستانی کۆوە کردووە. بە هاوپەیمانی لەگەڵ مەنگوڕ و هەرکی و باقیی عەشیرەتەکان، حەولی یەکیەتیی هێزە کوردییەکانی داوە. بە هێرش بۆ سەر کوردستا نی ژێر دەسەڵاتی ئێران، شۆڕشەکەی دەستپێکردووە بەڵام بە هۆی نەخوێندنەوەی بارودۆخی جیهانی و نەبوونی پلانی تایبەت و  ڕەفتاری سوپاکەی بە تایبەت لە  ناوچەکانی "میاندواو" و "مەڵکەندی"، دژایەتیی هێزە ناوچەیی و جیهانییەکانی تووش  بوو و لە ئاکامدا ئەو شۆڕشە مەزنە تێکشکا و شێخ بۆ وڵاتی "حیجاز" و شاری "مەککە" دوور خرایەوە و هەر لەوێش کۆچی دواییی کرد.

KURDŞOP
844 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!