قەڵای دمدم و سەرهەڵدانی کوردان

پرسی قەڵای دمدم ناسنامەی شەڕی کوردە لە دژی سەفەوییە بکوژەکان، بە ئامانجی پاراستنی شەرەف و شکۆمەندی و کەرامەت و هەست و ناسنامەی نەتەوەیی و خاکی وڵاتێک بە ناوی کوردستان.

شادی

کوردشۆپ – قەڵای دمدم یەکێکە لەو شوێنە مێژووییانەی کە بەهای بەردەوامی هەیە و بووەتە پەرستگایەک بۆ کورد.

قەڵای دمدم بە دووریی ١٨ کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژئاوای شاری ورمێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵکەوتووە و تەنانەت ئەمڕۆش کورد ئەو قەڵایە بە شوێنێکی پیرۆز دەزانێت. ئەم خۆڕاگرییە زۆرجار بە شەڕی کافر و موسڵمان ناوزەد کراوە، بەڵام ئەم بەرخۆدانە چیرۆکێکی هەڵبەستراو نییە، بەڵکو ڕووداوێکی ڕاستەقینە سەبارەت بە خواستی گەلی کورد بۆ ئازادییە. ئەم یاخیبوون و خۆڕاگرییە مێژوویەکی گرنگی هەیە و هەروەها لاپەڕەیەکی لە مێژووی سیاسی کوردستاندا هەیە، کە دەسەڵاتداران و ستەملێکراوان بەرەنگاری یەک بوونەتەوە و کورد ملکەچی نەبووە.

قەڵای دمدم لەسەر گردێک بەو ناوەوە دروست کراوە. هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن کە قەڵاکە لە سەردەمی ساسانییەکان دروست کراوە و شازادەی کورد جارێکی دیکە ئاوەدانی کردووەتەوە.

لە سەدەی ١٧دا و لە ساڵی ١٦٠٩ لە ناوچەی ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، میری کورد میرخان لەپزێڕین (برادۆستی) لە دژی سیاسەتی سەفەوییەکان کە دەیانویست دیمۆگرافیای کوردستان بگۆڕن، خەباتی کرد. سەرکردە و قارەمانەکانی ئەم شەڕە بریتین لە میرخان برادۆستی، شا عەبباس سەفەویی یەکەم، خان ئەبداڵخانی موکری، خاتوون خانم و مەحمود ئالەکانی.

لە سەردەمی سەفەوی و عوسمانیدا، تا ئێستا کوردستان هەمیشە گۆڕەپانی شەڕە توندەکان بووە، بەڵام کورد هەمیشە خۆی پاراستووە و سەرەڕای هەموو تێچوون و سەختییەکان، وەک نەتەوەیەکی خاوەن ناسنامە ماوەتەوە.

ئەمیرخان برادۆستی یەکێکە لەو کەسایەتییە بەناوبانگانەی کە ئەم ڕێبازەی پەیڕەو کردووە. هەر بۆیە ناوەکەی لە هەر چوار پارچەی کوردستان ناسراوە و گۆرانیبێژ و شاعیرانی کوردیش وەک پاڵەوانێکی نەتەوەیی باس لە خانی لەپزێرینی برادۆستی دەکەن. میرخان لە کاری چاوەدێریی ئەسپەکانی شاعەباس و تەنانەت شوانی و گاوانییەوە دەست پێدەکات، تا دەبێتە جەنگاوەرێکی ئازا و سەرکردەی دۆزی ڕەوای گەلەکەی.

 میرخان لە عەشیرەتی برادۆستی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. لە کاتی شەڕی نێوان خۆی و ئێرانییەکان تەمەنی لە نێوان ٤٥-٥٠ ساڵدا بووە. دوای ئەنجامدانی کاری جۆراوجۆر، دواجار لە شەڕێکدا لەگەڵ ڕووسەکان لە سوپای سەفەویدا ئازایەتیی خۆی نیشان دا و لە کاتی شەڕەکەدا دەستێکی لەدەستدا. بە هۆی ئەم بارودۆخە و پێزانینی کارەکانی، شای ئێران مۆڵەت دەدات کە دەستێکی ئاڵتوونیی سووری بۆ دروست بکات هەر بۆیە بە ناوی "خان لەپزێڕین یان چنگزێڕین" ناوبانگ دەردەکا. لە نێو کوردیشدا وەک پێشەوا و ڕێبەر کەسێکی خۆشەویستە. به هۆی ئه وه ش پله و پایه ی له نێو سه ڕۆکه کورده کاندا له پله ی هه موو که سانی هاوسەردەمی زیاتر بوو.

ئەم ڕێبازەی خانی لەبپزێرین گرتبوویەبەر ترسێکی گەورەی خستبۆوە دڵی دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی سەفەوییەوە و ئەو ڕاپۆرتانەی کە لە ورمێ و تەورێزەوە دەگەیشتنە شاعەباس سەفەوی لە ئیسفەهان، باسیان لە نیازی خراپی حاکمی کورد کرد.

بۆیە پرسی قەڵای دمدم ناسنامەی شەڕی کوردە لە دژی سەفەوییە بکوژەکان، بە ئامانجی پاراستنی شەرەف و شکۆمەندی و کەرامەت و هەست و ناسنامەی نەتەوەیی و خاکی وڵاتێک بە ناوی کوردستان.

هەر بۆیە مرۆڤ دەتوانێ بڵێ دەنگی هاواری قارەمانانی کورد و خانە کوردەکان کە دەیانگوت ڕۆژ ڕۆژی مانەوە و شەرەف و تێکۆشانە، لە مێشک و یادەوەریی مێژوودا مایەوە. دەنگی کچ و بووکەکانی کورد کە بە هەلهەلەوە خۆیان لە قەڵای دمدم فڕێ دەدەنە خوارەوە بۆ ئەوەی کەرامەتیان نەشکێت، لە گوێی هەموو ئێمەی کورددا زیندووە.

KURDŞOP
875 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!