گردی فیلا، شوێنەوارێکی دوازدەهەزار ساڵە لە باکووری کوردستان

کاری هەڵکۆڵینی ئەم شوێنەوارە کۆتایی پێهاتووە

زاگرۆس جیلۆ

 

کوردشۆپ- لە شآرۆچکەی کارازی ئامەد لە باکوری کوردستان، لە گەڕەکی ئەمبار، شوێنێکی مێژوویی بە ناوی "گرێ فیلا" مێژوویەکی زۆر دوور و درێژی هەیە کە هەمان مێژووی گرێ مرازانە و مێژووەکەی ١١ بۆ ١٢ هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و ئێستا ئیدی هەڵکەندن و لێکۆڵینەوەکان لە "گردی فیلا" تەواو بوون.

بە سەرپەرشتیی بەڕێوەبەری مۆزەخانەی ئامەدی باکووری کوردستان و بە ڕاوێژی زانستیی بەرپرسی بەشی شوێنەوارناسیی "زانکۆی زانست و وێژەیی کۆجالی"، "پرۆفیسۆر د. ئایشە تووبا ئۆکسێ"، لە ساڵی ٢٠١٨ەوە، هەڵکۆڵین و لێکۆڵینەوە لە گرێ فیلا دەستی پێکردووە و 3 هەزر و 233 پارچە شوێنەوار لەم شوێنە دۆزراونەتەوە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بۆ ڕای گشتی ئاشکراکراون، ژمارەی ئەو ئامێر و پارچە دێرینانەی لەم شوینە دۆزراونەتەوە گەیشتووەتە 3 هەزار و 233 پارچە و  لەمبارەیەوە  "پرۆفیسۆر. د. ئایشە تووبا ئۆکسە" وتی: ئەو کەلوپەلانەی لەم شوێنە دۆزراونەتەوە، ئێستا ڕادەستی ئیدارەی مۆزەخانەی دیاربەکر کراون. بەشێکی زۆریان، وەک لە زمانی شوێنەوارناسیدا پێناسەیان دەکەین، ئامێری بەردین بۆ هاڕین، یاخود هاوەن و دەستاڕن کە لە بەرد و دار دروست کراون. بەشێکی دیکەش لەو ئامێرانە کە بە هەڵکۆڵین و کون کردنی بەرد و دار یا بەردە چەخماخ دروست کراون. هەروەها لە ئێسکی ئاژەڵان ئامێری بڕین و کون کردن دروست کراوە.

"پرۆفیسۆر. د. ئایشە تووبا ئۆکسە" ڕوونی کردەوە: گردی فیلا شوێنێکە  تایبەت بە سەردەمی نیشتەجێبوونی چاخی بەردینە نوێکان و هەمان دێرینی و هاوچەرخیی لەگەڵ "گردی مرازان" هەیە و ئێستا دەزانین کە هەردووکیان لە یەک کاتدا دروست کراون. هەروەها لە گردی فیلا هاوشێوەی گردی مرازان بینای خشت و گڵ دروست کراوە. لە هەریەکەیاندا ٤ پایەی بەرز هەیە کە هەرکامیان نزیکەی ٢-٣ مەتر ڕۆچوونەتە ناو زەوی. و سەقفی بیناکە لەسەر ئەو دینگانە دروست کراوە. هەروەها مەودای نێوانیان ٨ بۆ ١٠ مەتر دەگۆڕێت. مەزندە دەکرێت ٢٥ کەس لەو باڵەخانانەدا ژیابن. لەسەر ئاستی ناوچەی دیاربەکر دەتوانین بڵێین کۆنترین شوێنەوارە کە تا ئێستا دۆزراوەتەوە''.

ناوبراو گوتیشی؛ هەموو ئەو پارچەگەلەی لەم شوێنە دۆزراونەتەوە، لە کۆگای مۆزەخانەی دیاربەکر دەپارێزرێن و جەختیشی کردەوە: گرنگترین شت کە ئێمە دەمانەوێت، پاراستنی بیناکانی شوێنەکە وەک چاڵ و حەوز و دینگەکانە. زیندانی دیاربەکر دەبێتە شوێنی مۆزەخانەکە و بڕیارە بەشەکانی گردی فیلا بگوازرێتەوە بۆ ئەو ناوچەیە. تا ئێستا دیار نییە ئەمە کەی دەکرێ و ئەوەش بەندە بە بەرنامەی وەزارەتەوە.

KURDŞOP
899 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!