کەریم خانی زەند و پاشایەتیی زەندەکان

دەستەڵاتداریی لەکەکان لە ئێراندا

تایفەی زەند:

زەند ناوی یەکێک لە تایفەکانی لەکە. ئەو تایفەیە بە ڕەچەڵەک دەگەڕێنەوە سەر لەکە کۆچەرەکان کە لە ناوچەی ئەلەشتەر ژیاون. لەکەکانی ئەلەشتەر لە تۆرەمەی ئەمیرانی حەسەنوویه (یا حەسنەوییە)ن کە ئەوانیش کوردی شارەزوور بوون وبەرەو ئەو ناوچەیە کۆچیان کردووە. تاقمیکی زۆر لە زەندەکان لە سەردەمی سەفەوییەدا بەرەو مەلایر و ناوچەی دەرەگەز لە خۆراسان تارێندارون.

زەندەکان یان زەندییە یان ڕەچەڵەکی زەند، ناوی بنەماڵەیەکن لە پاشاکانی ئێران، کە لە مابەینی تەفروتوونا بوونی ئەفشارییەکانەوە تا سەرهەڵدانی قاجارەکان و بۆ ماوەی چل و شەش ساڵ بە سەر ئێراندا پاشایەتییان کردووە. ئەو زنجیرە پاشایەتییە بە ڕێبەرایەتی و سەرۆکایەتیی کەریم خانی زەند سەر بە تایفەی زەند بوون و ساڵی 1163ی کۆچیی مانگی جڵەوی دەستەڵاتیان بە دەستەوە گرتووە.

کەریم خان لە کاتی بەر لە پاشایەتیدا ئێلخانی تایفەی زەند بووە. باوکی واتە "ئیناق خان"یش هەر ئێلخانی ئەو تایفەیە بووە. کەریم خان سەرەتا یەکێک لە فەرماندە لەشکرەکانی نادرشای هەوشار بوو. ئەو پاش مەرگی نادرشا لە بەرەکانی شەڕ دەگەڕێتەوە . کەریم خان پیاوێکی بە زیپک و زاکوون و بەڕیوەبەرێکی بە توانا بووە. مێژوونووسان پاش هێرشی عەڕەبەکان بۆ سەر ئێران، ئەویان بە باشترین فەرمانڕەوا و بە ڕەحمترین کەس لە قەڵەم داوە. ئەو خۆی بە وەکیلی خەڵکی دەناساند و لە ناسناوی پاشا خۆی دەبوارد. کەریم خان، شیرازی وەک پێتەختی خۆی هەڵبژارد و حەولێکی زۆری بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەو شارە دا. ئەو پاش مەرگی نادرشا تەواوی بەشەکانی ناوەند، باکوور و باشووری ئێرانی خستە ژێر سێبەری دەستەڵاتی خۆیەوە. براکەشی بە ناوی "سادق خان"ی زەند توانی لە ساڵی 1189ی کۆچی مانگی دا بەسرە لە ئیمپڕاتۆری عوسمانی جودا کاتەوە و بیخاتە سەر ئێران و پاش ئەوەش دەستەڵاتی ئێران بەسەر تێکڕای چۆمی ئەروەند و بەحرەین و دورگەکانی باشووری دوورگەی فارسدا بسەپێنێ.

سەرکەوتنی کەریم خان:

پاش مەرگی نادرشا، کەریم خان هێزێکی پێکەوە نا و لە گەڵ دوو خانی بەختیاری بە ناوەکانی "ئەبولفەتحخان"ی بەختیاری و "عەلیمرادخان"ی بەختیاری ڕێک کەوتن و پێکەوە کەسێکیان بە ناوی ئەبووتوراب میرزا (شا سمایلی سێهەم) کە لە بەرەی دایکەوە دەچۆوە سەر سەفەوییەکان وەک پاشا هەڵبژارد. لەو هاوپەیمانی و ڕێککەوتنەدا عەلیمراد خان وەک جێگری پاشا، ئەبولفەتح خان وەک حاکمی ئیسفەهان و کەریم خانیش وەک سەرلەشکری سپای ئێران دەستنیشان کرابوون. بەڵام پاش ماوەیەک عەلیمرادخان ئەبولفەتح خان دەکووژێ و بە دژی کەریم خان ڕادەپەڕێ و لە ئاکام دا کەریم خان بە سەری دا زاڵ دەبێ و سەرکەوتن وەدەست دێنێ.

کەریم خان پاش شازدە ساڵ شەڕ و بەربەرەکانێی بەردەوام، توانی بە سەر هەموو ڕەقیبەکانیدا زاڵ بێ و بەرەبەرە تێکڕای بەشەکانی ناوەند و باشوور و باکووری ئێران بگرێتە دەست.

زەندەکان پاش مەرگی کەریم خان:

پاش مەرگی کەریم خان بۆ جارێکی دی جێنشینەکانی کەوتنە گیانی یەکتر و بە شەڕ و پێکدادانی بەردەوامیان، بواریان بۆ بەهێزبوون و گرتنە دەستی جڵەوی دەستەڵات، لە لایەن "ئاغامحەمەدخان" و زنجیرەی پاشایەتیی قاجار ڕەخساند. لە ساڵی 1209ی کۆچیدا "لوتفعەلیخان"ی زەند، دوایین پاشای زەند، پاش نیشاندانی ئەوپەڕی دلێری و نەترسی، بە گوتەی مێژوونووسان لە لایەن ئاغا محەمەدخانەوە کە بە (یەختە خان)یش ناسراوە کووژرا. ئەوکات شاری کرمان پێتەختی زەندەکان بوو. ئاغا محەمەدخان پاش گرتنە دەستی شاری شیراز، دەستی کرد بە کوشتاری ئەو کەسانەی سەر بە ڕەچەڵەکی زەند بوون. کوڕانی "لوتفعەلیخان"ی یەختە کرد و دەستووری دا دەستدرێژی بکرێتە سەر ژنی زگ پڕ و کچی "لوتفعەلیخان"ی زەند و باقی ژنانی ئەو بنەماڵەیه.

گرینگترین دوژمنەکانی کەریم خان و شێوەی ڕووبەڕوو بوونەوەی:

لەو شتە باشانەی کە سەبارەت بە کەریم خان لە لایەن مێژونووسانەوە تۆمار کراون، ئاماژە بە زۆر شت کراوە؛ یەکێک لەوانە عەداڵەت و دادپەروەری و میهرەبانیی کەریم خان بووە. ئەو قەت لە بەرانبەر پلەوپایەدا خۆی نەدۆڕاند و خۆی بە زل نەزانی. نە تەنیا لە بەرانبەر موسوڵمانەکاندا، بەڵکوو خاوەن بڕوایانی غەیرە موسوڵمانیشی دابووە بەر شەپۆلی لوتف و پیاوەتیی خۆی. ئەو پیاوێکی ڕاستوێژ بووە و تەنانەت دوژمنەکانیشی بڕوایان بە گوتەکانی بووە. وەکی دەڵێن ئەو بیرۆکەیە هەمیشە لە زەینی کەریم خاندا بووە کە "خەڵک دەبێ بە شادی بژین و لە کەشوهەوایەکی پڕ لە سڵامەتی و هێوری و بەختەوەریدا ڕۆژگار بەرنە سەر." بەو حاڵەشەوە کەریم خان لە دوو لاوە دوژمنایەتیی لەگەڵ دەکرا:

یەکەم: لە گەڵ "ئازاد خان" لە نزیک قەزوێن بە شەڕ هات و بە خۆی و سپاوە تێکشکا و بەرەو ئیسفەهان گەڕاوە و لەوێوە ڕووی لە شیراز و کۆهکیلوویە کرد.

بۆ جاری دووهەم، لە ڕێگای "کەمارێج"ەوە کە توولە ڕێیەکە و بە سەر یاڵێکەوەیە، ڕووی کردەوە گۆڕەپانی شەڕ دژی ئازاد خان و تێکی شکاند. ئازاد خان پاش تێکشکان پەنای بۆ کەریم خان هێنا و کەریم خان ئەوەندی بە ڕێز و میهرەبانییەوە پێشوازی لێ کرد کە ئەو دوژمنە نەبەز و کەڵەوەکێشه، لە بەرانبەر ئاکاری بەرزی کەریم خان بە چۆکداهات و چووە ڕیزی دۆستانی نزیکی کەریم خانەوە.

دووهەم: "موحەممەد حوسێن خان"ی قاجار دوژمنێکی بەهێزی دیکەی کەریم خان بوو، کە لە حەدوسەدی مازەندەران، هێزێکی باشی بۆخۆی پێکەوەنابوو و تەنانەت توانیبووی ئازەربایجانیش داگیر بکا. موحەممەد حوسێن خان پاشان ڕووی لە ئیسفەهان کرد و لەوێوە بەرەو شیراز چوو. خەڵکی شیراز کە "وەکیلی خەڵک" واتە کەریم خانیان خۆش دەویست، لە بەرانبەر دوژمندا خۆڕاگرییان کرد و ڕیسی موحەممەد حوسێن خانیان کردەوە خوری. لە ئاکام دا مازەندەرانیش لە ژێر دەستەڵاتی موحەممەد حوسێن خان هاتە دەر  و گیلان و ئازەربایجانیش کەوتنە بازنەی حوکمڕانیی کەریم خانەوە. ئەگەرچی کەسانی سەر بە قاجار زۆریان گرفت خستبووە سەر ڕێگای، بەڵام ئەو هەموویانی خستە ژێر چەتری پیاوەتیی خۆی. کەریم خان دەیویست بە ساز کردنی پێوەندی خزمانە لەگەڵ پیاوانی قاجار برایەتی و هاوکاری پیک بێنێ، بەڵام موحەممەد حوسێن خان لەقەی لە بەختی خۆی دا و بۆ جارێکی تر فیتنەی هەڵاییساند و لە دامەغان شۆڕشی کرد. کەریم خان ، "زەکی خان"ی بۆ دامرکاندنەوەی ئاوری ئەو فیتنەیە ڕەوانەی ئەوێ کرد و ئەویش بە توندی موحەممەد حوسێن خانی تێکشکاند و کاری ئەوانی بۆ هەمیشە کۆتا کرد.

سەرنجام کەریم خان پاش داگیرکردنی "بەسرە" لە ساڵی 1193 دا کۆچی دوایی کرد.

 

مەزاری کەریم خان:

پاش ئەوەی کەریم خان کۆچی دواییی کرد، بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە نێوان برا و برازاکانیدا، شەڕێکی قورس بۆ بە دەستەوەگرتنی دەستەڵات و پاڵ دانەوە بە تەختی پاشایەتییەوه دەستی پێکرد. لەو سێ ڕۆژەدا مەیتی کەریم خان هەر وا بە بێنازی دەمێنێتەوە و نانێژرێ. کاتێک زەکی خان و باقی کەسانی نەفام و دەستەڵاتخواز و بێ کیفایەتی زەند، خوێنی برا و کەسوکاری خۆیان بە لێشاو ڕشت و لەو خوێن ڕشتنە تەواو بوون، وەبیر مەیتی سەرۆک و پاشای خۆیان کەوتنەوە. ڕۆژی چوارەم زەکی خان و باقی سەرۆک و پیاوماقووڵان و ئەندامانی بنەماڵەی پاشایی، کە دەستیان بە خوێنی پیاوانی کارامە و باشی عێلی خۆیان؛ واتە زەند، سوور ببوو، ڕەشیان پۆشی و شینیان گێڕا و مەیتی کەریم خانیان لەسەر شان دانا و لە عیمارەتێک لە ناوەڕاستی باخێک کە کەریم خان بیناکانی خۆی تێدا ساز کردبوو تەسلیم بە خاکیان کرد.

بەڵام جەنازەی کەریم خان زۆر لەو شوێنە نەمایەوە و سێزدە ساڵ دواتر واتە لە یەکەمی زیحەججەی ساڵی 1206ی کۆچی مانگیدا، ئاغامحەممەدخانی قاجار کە دوژمنی بابەکوشتە و دڵڕەشی ئەو خانەدانە بوو، بە سەرکەوتنەوە خۆی بە شیرازدا کرد و لە باغی وەکیلی شیراز بارگەی خست. پاش ئەوەی لەوێ لە ئەسپ دابەزی، دەستووری بە میرزا محەمەدخانی لاریجانی دا قەبرەکەی کەریم خان بدەنەوە و جەنازەکەی دەربێنن. ئەو پاشایەی قاجار لەگەڵ خۆی ئەو جەنازەیەی پاش سێزدە ساڵ بەرەو تاران برد و لە ژێر پلیکانی سەراپەردەی خۆی ناشتی، بۆوەی هەرکات لەوێوە تێپەڕی، پێ بنێتە سەر ئێسک و پرووسکی بکوژی بابی.

سیاسەتی ناوخۆیی کەریم خان:

وەک مێژوونووسان نووسیویانه، کەریم خان هەتا کۆتاییی تەمەنی ناوی پادشای له سەر خۆی نەنا و بەو ناوە خۆی ڕانەنا. لایەنگری ڕەعیەت و خوازیاری هێمنایەتی و ئارامی و هۆگری ئاوەدانی و پێشکەوتنی وڵاتەکەی بووە. هەر لەو بارەشەوە، زۆر بڕیاری داوە کە تێیاندا سوور بوون لە سەر پاراستنی ماڵی خەڵک و ڕەعیەتەکان لە دەست چاوسووران و دەستەڵاتداران بەرچاو دەکەوێ. ئەو لەو دەگمەن پاشایانە بووە کە تا ئەو ڕادەیە لە ڕەعیەتەکانی نزیک دەبۆوە و لەگەڵیان پەیوەندیی گەرمی بوو کە بۆخۆی لە حاڵ و باڵیانی دەپرسی. کەریم خان زۆر لەسەر ئەو باوەڕ و ویستەی خۆی پێداگریی دەکرد کە دەبێ دەستدرێژ و ماڵخۆر و خاوەن هێزەکان، کە دەیانهەوێ دەست بەسەر ماڵ و داراییی خەڵکدا بگرن، بەچۆکدا بێنێ. ئەو کەسانەی کە کردەی ئاوا ناڕەوایان دەرحەق بە خەڵکی ئاسایی کردبا، لە لایەن ئەوەوە نەدەبەخشران. کەریم خان لە خەرج کردن و خورادن و هەموو ئەو کارانەی پەیوەندییان بە دارایی گشتییەوە بایە زۆر هەستیارانە دەجووڵاوە. ئەو دەستی بە دارایییەوە دەگرت و خۆشی لە حاتەمبەخشی نەدەهات. چونکە بۆخۆی کارەساتەکانی سەردەمی نادرشای دیتبوو و دەیزانی کە ئەو خەڵکە نەدار و لێقەوماون و پێویستییان بە هێمنی و حەسانەوە هەیە، هەر بۆیە حەولی دەدا لە ژێر سێبەری دادپەروەری و ئینسافی خۆیدا خەڵک وەحەسێنی و بەرەو بەختەوەری و کامەرانی لەگەڵیان هەنگاو بنێ.

فەرمانڕەواکانی زەند:

1-کەریم خانی زەند (1179-1193)

2-زەکی خانی زەند؛ برای کەریم خان بووە و تەنیا سەد ڕۆژی فەرمانڕاوایی کردووە و بە دەستەی عەلیمرادخانی خوشکەزای کوژراوە.

3-ئەبولفەتح خانی زەند (1193-1193) کوڕی کەریم خان بووە پاش باوکی فەرمانڕەوایی بۆ ماوەی حەفتا ڕۆژ بە دەستەوە بووە.

4-سادق خانی زەند (1193-1196) ئەبولفەتح خان لە کرمان فەرمانڕەوایی گرتە دەست و داوای پاشایەتیی کرد. پاش تیرۆری زەکی خان خۆی گەیاندە شیراز و فەرمانڕەوایی گرتە دەست. بەڵام لەئاکامدا لە بەرانبەر عەلیمراد خاندا شکستی خوارد و کوژرا، یان وەکی هەندێ سەرچاوە دەڵێن خۆی کوشت.

5- عەلیمرادخانی زەند )1196-1201) ئەوە خوشکەزای کەریم خان بووە. سەرەتا بە سەر ئیسفەهاندا حوکماتی دەکرد. پاشان توانی ڕەقیبەکانی یەکە یەکە بخاتە لاوە و دەست بە سەر شیرازی پایتەختدا بگرێ.

6- جەعفەر خانی زەند (1201-1203) کوڕی سادق خان بووە و پاش مەرگی عەلیمرادخان لە سەر تەختی پاشایەتی دانیشت. هەندێک لە دژبەرەکانی و یەک لەوان سەید مرادخانی زەند؛ پوورزای عەلیمرادخان؛ نیوەشەو هێرشی دەکەنە سەر و سەری دەبڕن و لە دیواری قەڵای شیرازەوە تووڕی هەڵدەدەن.

7- سەید مرادخان؛ لە سەرانی زەند بووە و پاش تیرۆری جەعفەر خان حەفتا ڕۆژی لە شیراز پاشایەتی کردووە.

8- لوتفعەلی خانی زەند (1203-1209) کوڕی جەعفەر خان و دوایین پاشای زەندە. سەرەتا لە شیراز و  پاشان لە کرمان و تەبەس و ..لەگەڵ ئاغا محەمەدخان بەشەڕهات و قەڵای "بەم"یشی داگیر کرد و تا ماوەیەک کرمانی کردە پایتەختی زەندەکان. ئاغا محەمەد خان بۆ پاشەکشە پێکردنی، لەشکری خۆی هێنایە دەوروبەری کرمان و ماوەی چوار مانگ ئەو شارەی گەمارۆ دا، بەڵام سەرەنجام لوتفعەلی خان بە هۆی خەیانەتی لەشکرەکەی کە لەو ئابڵووقەیە ماندوو ببوون شکستی خوارد. پاش دەستگیر کرانی، لە دوای ئەشکەنجەیەکی زۆر، کوێریان کرد و بەڕێی تارانیان کرد و هەر لەوێش کوشتیان. بەو شێوەیە زنجیرە پاشایەتی زەند کۆتایی پێهات.

KURDŞOP
817 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!