گرێ مرازان، شوێنەوارێکی کوردستان کە مێژووی شارستانییەت دەگۆڕێ

مێژووی ئەم شوێنەوارە دەگەڕێتەوە بۆ 12 هەزار ساڵ لەمەوبەر

 

کوردشۆپ - گرێ مرازان (یان خرابرەشکێ) کە بە تورکی بە "گۆبەکلیتەپەیش" ناسراوە، شوێنێکی شوێنەواریی سەردەمی مێژوویی بەردینەنوێکانە کە لە نزیک گوندی "خرابرەشک" لە شاری ڕحا لە باکووری کوردستان هەڵکەوتووە و ئێستا وەک شوێنی پاشماوەی کۆنترین پەرستگە لە جیهاندا پێناسە کراوە.

گرێ مرازان مێژوویەکی دێرینی 12 هەزار ساڵەی هەیە و بەپێی ئەو شوێنەوارانەی لە گرێ مرازان دۆزراونەتەوە پەرستگایەک و بینایەک لەسەر بناغەی ئەو دامەزراوەیە هەیە. ئەمەش بەو مانایەیە کە پێشتر میزۆپۆتامیا وەک لانکەی هەموو شارستانیەتەکان پێناسە کراوە، بەڵام لەگەڵ دیتنەوەی گرێ مرازان، هەموو هەڵسەنگاندنەکانی شارستانییەت و شارنشینی گۆڕانی بەسەردا هات.

 

گرێ مرازان لەلایەن هەندێک کەسەوە وەک دۆزینەوەیەکی شوێنەواری کە گرنگییەکی زۆری هەیە سەیر دەکرێت، چونکە دەتوانێت تێگەیشتن لە قۆناغێکی گرنگ لە گەشەسەندنی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بە قووڵی بگۆڕێت. هەندێک لە توێژەران پێیان وایە دروستکردنی "گردی موعجیزە" ڕەنگە لە گەشەسەندنی ئەو شارستانییەتەی دواتر سەری هەڵدا دەوری هەبووبێ، یان وەک توێژەر "کلاوس شمیت" دەڵێت "سەرەتا پەرستگا هات، پاشان شار".

گردەکە  کە دروستکراوی دەستی مرۆڤە، پانییەکەی ١٥ مەتر و درێژییەکەی نزیکەی ٣٠٠ مەترە و نزیکەی ٧٦٠ مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە و لە دوو قۆناغدا دروست کراوە. بە وتەی "کلاوس شمیت"، شوێنەوارناسێکی ئەڵمانی کە دۆزینەوە و لێکۆڵەری ئەم گردەیە، مەبەست لە دروستکردنی بۆ بەکارهێنانی کۆمەڵایەتی یان ئایینی بووە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ١٢ هەزار ساڵ لەمەوبەر.

 

بەشێک لە گرێ مرازان لە قۆناغی یەکەمدا واتە لە سەردەمی بەردینە نوێیەکانی (A)پێش گۆزەگەری کە بە زمانی ئینگلیزی بە A Pre-Pottery Neolithic پێناسە دەکرێت دروست بووە. ستوونە بەردییە نەخشێنراوەکانی شێوەی T کۆنترین ستوونی مێگالیتیکن لە جیهاندا. مێگالیتەکان کە کۆنترین و زۆرترین بەکارهێنراون، مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ ٩٥٠٠ ساڵ پێش لەدایکبوونی مەسیح و ئەو بەردە مێگالیتانە ٥٥٠٠ ساڵ لە شارەکانی یەکەمی میزۆپۆتامیا و ٧٠٠٠ ساڵ لە ستۆنهێنج لە بەریتانیا کۆنترن.

لە قۆناغی دووەمی سەردەمی بەردینی نوێ (B)دا کە بە زمانی ئینگلیزی بە Pre-Pottery Neolithic B پێناسە دەکرێت، ستوونە نەخشێنراوەکان بچووکترن و لە ژووری چوارگۆشەدا لەسەر زەوییەک وەستاون کە لە گڵ دروست کراوە.

 

زیاتر لە ٢٠٠ پایە لە نزیکەی ٢٠ حەوزدا لە ڕێگەی لێکۆڵینەوە جیۆفیزیکییەکانەوە دۆزراونەتەوە. درێژیی هەر ستوونێک نزیکەی ٦ مەتر دەبێت و کێشیان دەگاتە ١٠ تۆن. کونە تایبەتەکان لە زەویدا هەڵکەندراون و ستوونەکان لەو کونانەدا دانراون.

بەپێی لێکۆڵینەوەکان، گرێ مرازان لەدوای سەردەمی (B)ی بەردینی نوێ پێش گۆزەگەری وازی لێ هێنراوە. وردەکارییەکانی بیناکە ڕوون نین. لە ساڵی ١٩٩٦ەوە هەڵکۆڵینەکان لەلایەن دامەزراوەی شوێنەواری ئەڵمانییەوە بەردەوامن، بەڵام هێشتا بەشە گەورەکانی هەڵنەکەندراون.

گرێ مرازان لە ساڵی ٢٠١٨ لەلایەن یونسکۆوە وەک میراتی جیهانی دەستنیشان کرا.

 

مێژووی بینین و لێکۆڵینەوەکان لەسەر گرێ مرازان

پێش دۆزینەوەکە، ئەو گردەی کە گرێ مرازان لەسەری هەڵکەوتووە، لەلایەن خەڵکەوە بە شوێنێکی پیرۆز دادەنرا.

گرێ مرازان بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٦٣ لە لایەن زانکۆی ئەستەنبوڵ و زانکۆی شیکاگۆوە، لە ڕێگەی لێکۆڵینەوە شوێنەوارییەکانەوە دۆزرایەوە. شوێنەوارناسی ئەمریکی، "پیتەر بینێدیکت"، مێژووی ئەو ئامێرە بەردانەی کە لە تەپۆڵکەکە کۆکراونەتەوە بۆ پێش سەردەمی بەردینی نوێی گۆزەگەریی یەکەم دەگەڕێنێتەوە؛ بەڵام بەشەکانی سەرەوەی ستوونەکانی شێوەی Tی بە هەڵە وەک بەردی گۆڕ ناساندووە و پێی وابوو کە گۆڕستانێکی بیزەنتی لەسەر بەشەکەی قۆناغی پێش مێژوودا هەڵکەوتووە.

ماوەیەکی زۆرە لەسەر گردەکە کشتوکاڵ کراوە و چەند نەوەیەکی دانیشتووی شوێنەکە بە شێوەیەکی گشتی بە مەبەستی خاوێنکردنەوەی کێڵکەکەیان بەردیان گواستۆتەوە و لە شوێنێکدا کەڵەکەیان کردووە. ڕەنگە هەر بۆیە چینەکانی سەرەوەی گردەکە خراپ بوون. هەروەها هەندێک جار جووتیاران هەوڵیان دەدا هەندێک لە ستوونەکان بشکێنن، چونکە بە هەڵە پێیان وابوو کە بەردی ئاسایین.

لە تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٩٤ شوێنەوارناسی ئاڵمانی، "کلاوس شمیت"، کە پێشتر لە "نیوالاچۆری" کاری دەکرد، بەدوای شوێنێکی تردا دەگەڕا بۆ هەڵکەندن. بە ئەدەبیاتی شوێنەوارناسیی ئەو ناوچەیەدا چووەوە. لە ساڵی ١٩٦٣دا کورتە وەسفێکی گردی موعجیزە کە لەلایەن توێژەرانی شیکاگۆوە نووسرابوو کەوتە بەر چاوی و بڕیاری دا دووبارە شوێنەکە بپشکنێتەوە. ئەو کە پێشتر بینای هاوشێوەی لە نێوالا چۆری بینیبوو، تێگەیشت کە ئەو بەرد و ستوونانە هی پێش مێژوون. لە ساڵی ١٩٩٥ دەستی بە هەڵکەندن کرد و لە ماوەیەکی کورتدا یەکەم ستوونی گەورەی شێوەی T ی هێنایە دەرەوە. شمیت تا مردنی (2014) بەناوی مۆزەخانەی ڕحا و دامەزراوەی شوێنەواری ئەڵمانیا هەڵکۆڵینەکانی بەڕێوەبردووە. لەو کاتەوە لێکۆڵینەوەکانی پەیمانگاکە لەسەر گردەکە لەلایەن "لی کلێر"ەوە سەرپەرشتی دەکرێن. هەڵکۆڵینەکانی ئەم دواییە بەقەد هەڵکۆڵینەکانی شمیت گەورە نین، زۆرجار سەرنجیان لەسەر بە بەڵگەنامەکردن و پاراستنی ئەو شوێنانەیە کە پێشتر هەڵکەندراون.

دروستکردنی گرێ مرازان

 گرێ مرازان شێوەی ئەندازەیی پەیڕەو دەکات. ئەم وێنەیە سێگۆشەیە کە هەموو گۆشەکانی یەکسانە و دەوری A و B و D بەیەکەوە دەبەستێتەوە  ئەمەش بەو مانایەیە کە ئەو کەسانەی گرێ مرازانیان دروست کردووە، لانیکەم زانیاریی سەرەتاییان لەسەر ئەندازیاری هەبووە. توێژینەوەیەک لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە بەناوی "ئەندازەیی و پلانی بیناسازی لە گرێ مرازان" دەریدەخات کە ڕووبەرەکانی A و B و D هەموویان لە کۆمەڵەیەک پێکهاتوون و پلەبەندییەک هەیە کە تێیدا ڕووبەری  D لە لای سەرەوە هەڵکەوتووە. ئەم گەڕانە ڕەتی دەکاتەوە کە هەر ڕووبەرێک یەک بە یەک دروست کرابێت و بەکارهێنرابێت.

 بە گشتی گرێ مرازان مێژوویەکی ١٢ هەزار ساڵەی هەیە و دەکرێ بڵێین کۆنترین بینای دروستکراوی دەستی مرۆڤە. بە واتایەکی تر دۆزینەوەی گرێ مرازان و ئەو لێکۆڵینەوەگەلەی کە تا ئێستاش لەسەری دەکرێت، دەتوانێت هەموو هەڵسەنگاندنەکان دەربارەی شارستانییەت بگۆڕێت؛ تەنانەت سەرهەڵدانی ئایین و هونەر و ئەدەب و شارنشینی و هەموو بوارەکان گۆڕانی بەسەردا هاتووە و ئەو هەڵسەنگاندنانەش دەگۆڕێت کە تا ئێستا هەبوون. چونکە ئەو بنیاتنانەی ئێستا لە گرێ مرازان دەریدەخات کە متمانە و ڕێکخستن هەیە و ڕێکخستن مەرجی سەرەکیی شارنشینییە و ئەوە نیشان دەدات کە عەقڵ و بیرۆکەی شارنشینی، زۆر کۆنترە لەوەی کە تا ئێستا زانرابوو.

KURDŞOP
841 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!