"پاکتاوی رەگەزیی کوردانی دێرسیم و پلانی شێوەنازیستیی تورکیا"

"لە دێرسیم هەنگاوێکی گەورەی لەناوبردنمان دەستپێکردبوو. لە یەکێک لە ئەشکەوتەکان خێزانێکمان دۆزییەوە. لە باپیرێک و دایک و باوکێک و منداڵیکی چوار پێنج ساڵان پێکهاتبوون. گەورەکانمان کوشت و چکۆلەکەمان هێشتەوە زانیاریی لێ وەدەست بێنین. بەڵام نە تەنیا زانیاری نەداینێ، بەڵکوو لەکاتی قسەکردن لەگەڵی، فڕۆکەی سەربازی خۆمان بەسەرمان دا ها ت و ئەو منداڵە خۆی بە عەرز دادا و بە لەتە دارێک کە بەدەستیەوە بوو سیلەی لێگرت. منیش دەستوورم دا و کوتم: ئەو بیژووەش بکووژن و کوشتیان."

"پاکتاوی ڕەگەزیی کوردانی دێرسیم و پلانی شێوەنازیستیی تورکیا"

 

بە درێژایی مێژووی مودێڕن لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوەندەی تاکی کورد لە ژێر گوشار و چەرمەسەریدا بووە هیچ نەتەوە و تاکی سەر بەهیچ نەتەوەیەکی دی هێندە نەکەوەتووەتە ژێر گوشاری سیستەمە سیاسییەکانەوە. بە تایبەت پاش ئەوەی سیستەمی دەوڵەت-نەتەوەی مۆدێڕن لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و لە لایەن وڵاتانی داگیرکەری کوردستانەوە بیری لێ کراوە و بۆ سازکردنەکەشی کەوتنە کار. لەو نێوەدا بە دەیان بزووتنەوەی دژ بە نەیاران و داگیرکەرانی کوردستان لە لایەن ڕێبەرانی کوردەوە وەڕێ خراوە. لەم نووسینەدا چارەنووسی یەکێک لەو ڕێبەرانە دەخەمە بەرباس.

ساڵی ١٩٣٧ لە پارێزگای دێرسیم(تونجەلی)ی باکووری کوردستان، کوشتاریکی گەورە دەستی پێکرد. هێزەکانی سوپای تورک هێرشیان کردە سەر خەڵکی ئەو ناوچەیە و بەپێی نووسینی سەرچاوە جیاوازەکان لە نێوان ٦٥ تا ٧٠ هەزار کەس لە کوردە زازاکان کوژران و هەزاران کەسیشیان لێ دوور خرانەوە. "مارتین ڤان برووینسێن" لە نووسینی "پاکتاوی ڕەگەزیی کوردەکان  و سەرکوتی ڕاپەڕینی دێرسیم"دا بە وردی ئەو ڕووداوە دەخاتە بەر باس. لەو ڕاپەڕینەدا "سەید ڕەزا"، ڕێبەرایەتیی کوردە زازاکانی لە ئەستۆ بووە. هێزی زەوینی و ئاسمانیی تورکیا بە هەموو توانایەوە حەولی سەرکوتی کوردەکانی داوە و وەکی سەرچاوە جیاوازەکان ئاماژەیان پێ کردووە لە ٥٠ تا ٧٠ هەزار کەس لە خەلکی دێرسیم کوژراون. ئەگەرچی سەرچاوەکانی دەوڵەتی تورکیا ئەو ئامارە ڕەت دەکەنەوە و ژمارەی کوژراوانی دێرسیم بە ١٢هەزار کەس بەراورد دەکەن.

لە نووسینیکدا کە بە ناوی "لە ساڵی ١٩٣٧ەوە تا ١٩٣٨ لە دێرسیم چ ڕابرا" ئاماژە بەوە کراوە کە ڕێکەوتی ٤ی مەی ١٩٣٧ لە کۆبوونەوەی کابینەی وەزیران و پەرلەمانی تورکیا ئەو باسە تاوتوێ کراوە:

"پێویستە دێرسیم ئابڵووقە بدرێ. کوردەکان دەبێ لە ناو کۆمەڵگای تورکیدا بتوێنەوە و تێدا بچن. دەبێ هێزە چەکدارەکان هەموو دێرسیم بپشکنن و تەنانەت ئەشکەوتەکان بگەڕێن کە خەڵک خۆیان لێ حەشار داوە و هەمووان لە کون بێننە دەر و بیانکوژن و ڕایانگوێزن."

 لە نووسینێکی دیکەدا بە ناوی "تورکیە و گرووپە زمانی و ئیتنیکییەکان" ئاماژە بەو کراوە کە لەو زنجیرە هێرشانەدا نزیکەی ٧٠٠ هەزار کەس مەجبوور کراون وڵات و خان و لانی خۆیان بەجێ بێڵن و هەروەها ٣٥٠ هەزار کەسیش کوژراون.

 

ئەو ڕەوتە لە درێژەی پاکتاوی ڕەگەزیی ئەرمەنییەکاندا بەڕێوە چووە و بەشێک لە پلان و بەرنامەیەک بووە کە بۆ دەوڵەت-نەتەوەسازی لە سەردەمی سازبوونی کۆماری تورکیا بەدەستی ئەتاتورکەوە دەستی پێکردبوو.

 هەڵبەت زۆر بەڵگەی مێژوویی ئەوە دەسەلمێنن کە ڕێژیمی تورکیا نەک هەر کوردەکان، بەڵکوو عەڕەبەکانیشی پاکتاو کردووە. بە نموونە لە بیرەوەرییەکانی "مووساعەنتەر" لاپەڕەی ٦٤دا، لەو بارەوە ئاوا هاتووە: "ناوچەی هەتای لە تورکیا عەڕەبی لێ بوون و داوایان لێ کردوون بە زۆرەملی  بڵێن ئێمە تورکین. هەر بۆیە ئەو خۆی شاهید بووە کە "موستەفا فەندی" خاوەن کارگەی جوتیاری "ئەدەنە" و دەمڕاستی بەشێک لە عەڕەبەکان لە وتارێکدا کە ڕوو بە جەماوەر پێشکەشی کردووە "سەرە ڕای ئەوە ی بەستەزمانە تورکیشی باش نەدەزانی بە دەست لە سینگ دانەوە دەیکوت: وەڵلاهی ئێمە تورکین، بیللاهی ئێمە تورکین، تە ڵلاهی ئێمە تورکین، بە قورئان تورکین. بەو قسانەوە  لەسەر ستەیج هاتە  خوارەوە بەڵام دیار بوو چەندیان لەگەڵ کوتووە تا بچێ و ئەوانە بڵێ."

 هەر لەو سەروبەندەدایە کە شۆڕشی دێرسیم لە ژێر گوشار و هێرشی تورکان بۆ سەر کوردەکان دەست پێدەکا. مووسا عەنتەر وە ک کەسێک کە لە کاتی ڕووداوەکانی دێرسیمدا ژیاوە و وەک بیرەوەریی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەیانگێڕێتەوە و لەمەڕ سەید ڕەزاوە دەڵێ: "سەید ڕەزا سەرکردایەتیی شۆڕشی دێرسیمی دەکرد، "بەسێ"ی هاوسەری بەڕێزیشیان سەرکرادیەتیی گرووپێکی گەریلایی دەکرد. بۆیە ئەوکات هەموو ڕۆژێ لە ڕۆژنامەکانی ئەستەموڵ هێرش دەکرایە سەر بەسێ خانم."

سەرۆکی ئەوسای هێزە ئاسمانییەکانی تورکیا "موحسین باتوور" لە سا ڵی ١٩٨٥دا لە ژێر ناوی "بەسەرهات و بۆچوونەکانی پشت پەردەی سێ خولی جیاواز"دا دەنووسێ: "ساڵی ١٩٣٨بە یەکجاری لە "ئەلازی" دامەزراین، بەڵام دوای هاتنی فەرمانێک لە ئە نقەرەوە، لەگەڵ یەکەکەم بەشداری پێشگرتنی جووڵانەوەکانی دێرسیممان کرد، بەڵام داوای لێبووردن لە خوێنەرانم دەکەم و ئەو لاپەڕانەی ژیانم نانووسمەوە."

ئەو لاپەڕانەی ژیانی سەرۆکی  هێزە ئاسمانییەکانی تورکیا کە خۆی لە خوێنەرانی دەشارێتەوە و ڕووی ئەوەی نییە خەڵک و جیهان بیزانن، ئەو کوشتار و قەتڵوعامەیە کە یەکەکەکانی هەوایی تورکیا بە سەر کوردانی دێرسیمیا ن هێناوە.

هەر مووسا عەنتەر لە لاپەرەی ٧٠ی کتێبەکەیدا و لە بەشی باسی ڕاپەڕینی دێرسیمدا، بیرەوەرییەکی خۆی لەگەڵ یەکێک لە ئەفسەرە پلەیەکەکانی سوپای تورک دەگێڕێتەوە کە ڕاستەوخۆ لە سەرکوتی دێرسیمدا ڕۆڵی هەبووە. ئەو ئەفسەرە پلەیەکە ناوی "سەجادەدین" بووە. دوو ڕووداو کە سەجادەدینی ئەفسەری تورک لەمەڕ کوردانی دێرسیمەوە دەیگێڕێتەوە، ڕاستیی ڕووداوەکان زیاتر لەو مێژووانە بەدەستەوە دەدەن کە هەر بە پشتبەستن بە نووسراوەی نووسەرانی دیکە نووسراون:

"لە دێرسیم هەنگاوێکی گەورەی لەناوبردنمان دەست پێکردبوو. لە یەکێک لە ئەشکەوتەکان خێزانێکمان دۆزییەوە. لە باپیرێک و دایک و باوکێک و منداڵیکی چوار پێنج ساڵان پێکهاتبوون. گەورەکانمان کوشت و چکۆلەکەمان هێشتەوە زانیاریی لێ وەدەست بێنین. بەڵام نە تەنیا زانیاریی نەداینێ، بەڵکوو لەکاتی قسەکردن لەگەڵی، فڕۆکەی سەربازی خۆمان بەسەرماندا هات و  ئەو منداڵە خۆی بە عەرز دادا و بە لەتە دارێک کە بەدەستیەوە بوو سیلەی لێ گرت. منیش دەستوورمدا و کوتم: ئەو بیژووەش بکووژن و کوشتیان."

لەو بەشەسدا جودا لەوەی شێوەی دڕندانەی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازانی تورک لەگەڵ  کەسانی سڤیل و ئاسایی و پیر و پەککەوتە دەبینین، لەهەمان کاتدا ڕووبەرووبوونەوەیان لەگەڵ منداڵان دەبینین کە چ بێڕەحمانە لەناویان بردوون و هەڵبەت خاڵی سەرنجڕاکێشتر هەڵوێستی منداڵێکە لەبەرانبەر دوژمنانی مرۆڤایەتیدا کە لە کاتی مردنی دایک و بابیشیدا  سێرە لە فڕۆکەی دوژمن دەگرێ و ئەوەش ڕۆحی شۆڕشێکە کە تا ئیستاش لە ناو کورداندا ماوەتەوە.

ڕووداوی دووەم مەترسیدارترە و وەبیر ڕووداوەکانی پاکتاوی جووەکانی ئەڵمانی نازیمان دەخاتەوە. لە ڕووداوی دووەمدا، ئەفسەر سەجادەدین ئاوا باس دەکا:

"رۆژێک لە ئۆپەراسیۆنێکی فراواندا بە هەزارەها کوردمان لە ئەشکەوتەکان دەستگیر کرد و هێناماننە خوارێ. لە دەشتاییەک خڕمان کردنەوە و فەرمانی کوشتن درا. فەرماندە کوتی: پێویست ناکا ئەوەندە گوللـە لەکوشتنی ئەوانە بە فیڕۆ بدەن، بەڵکوو بیانبەن و لە ناو ڕووباری "مونزر" بیانخنکێنن. ئێمە ئەوانمان وەپێش خۆماندا و بەش بەش دەمانبردنە سەر پردی مونزر و لەوێش فڕێمان دەدانە ناو قووڵایی ئاوی ڕووبارەکە. ئەوانەی نەشدەهاتن  بە زەبری هێز و لێخوڕینەوە وەپێش خۆمان دەدان و دەمانخستنە ناو ڕووبارەکە. ئیدی کۆمەڵ کۆمەڵ دەمانهێنان و فڕێمان دەدان و دەمانخستنە ناو  ڕووبارەکە. ئەوان خۆیان بەیەکەوە بەستبوو بۆ ئەوەی بە ئاسانی ڕادەستی ئێمە نەبن. بەڵام بێ سوود بوو، چونکە  لە چەند  لقەداری تەڕ، هێندێک شووڵکم دروست کردبوو، بۆیە فەرمانم دا، ئەوانەی ناچنە  سەر پردەکە لێیان بدرێ. لە خوار پردەکەش، لە کەنار ڕووبارەکە، چەند سەربازێکم جێگیر کردبوو بۆ ئەوانەی ڕاستەوخۆ دوای فڕێدانیان ناخنکێن و دەیانەوێت بە مەلە کردن خۆیان ڕزگار بکەن."

لە زۆریەک لە سەرچاوەکانی  شەڕی جیهانیی دووەمدا، باس لە ئاکاری لەو چەشنە کراوە کە سەربازانی ئاڵمانی نازی لەگەڵ نەیارانی خۆیان و بەتایبەت جووەکانیان کردووە و هەر بەو گوتەیە" بۆوەی گوللـە زایە نەبێ" بە شێوەیەکی نائاسایی دەیانکوژن و بە نموونە بە برسی

ڕاگرتن و خنکاندنیان. ئەوەی ئەڕتەشی تورک و بیری فاشیستیی دەوڵەتی تورکیا کردوویەتی، و بەشێکی لەسەر دێرسیم و شۆڕشگێڕانی ئەوشارە و خەڵکی ئاسایی دەوربەری ئەوشارە تاقی کردووەتەوە، تەنیا بەشێک لە پاکتاوی نەتەوەی کوردە بە دەست نەیارانی لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا و لەئاکامیشدا ڕێبەرانی ئەو شۆڕشە و یەک لەوان "سەید ڕەزا" بە دەست دوژمنانی کورد لە سێدارە دران و سەید ڕەزا لە کاتی لەدار دانیشیدا، مێرانە چووە سەر مێزی سێدارە و پاڵی بە سینگی بکووژەکەیەوە نا و خۆی پەتی لە ملی خۆی کرد ولە ڕێی نەتەوەکەیدا شەهید بوو. بەڵام بیری ڕزگاریخوازی و دژە نەیاری سەید ڕەزا تا ئێستاش لە کوردستان هەر لە پەرەستاندندایە.

خوێندنەوەی شۆڕشی دێرسیم لە ڕوانگە و دەلاقەی بیرەوەریی کەسانی بەشداربووی سەرکوتەکە، گرینگیی زیاتر لە ڕادەی هەیە. چون ئەو کەسانە کەسی ئاسایی نەبوون و بەرپرسیارێتیی یاساییان هەبووە. لەباری دەروونییەوە شێوەی هەڵسوکەوتی فەرماندە و ئەفسەرانی تورک لەگەڵ قوربانییە کوردەکانیان، بە ڕادەی هەڵسوکەوتی نازییەکان لەگەڵ جووەکان قێزەون و نامرۆڤانەیە و پێویستی بە لێکۆڵینەوە و لەسەر دووانی زیاتر هەیە و تەنانەت پێویستە ئەو فاکتانە بکرێنە بەڵگە فیلم و بە زمانەکانی دیکەش وەربگێڕدرێن، تا ڕووخساری فاشیستیی دژبەرانی کورد زیاتر  لەوەی تا ئێستا دەرکەوتووە نیشان بدرێ.

 

 

KURDŞOP
934 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!