گەورەترین ناوەندی بەرهەمهێنانی ماسی و جوانترین زەویی تۆپی پێ لە گوندێکی کوردستان

چرۆ هەورامی

گوندی دێوەزناو لە داوێنی شاخی شاهۆ، لە ٤٥ كیلۆمیتریی شاری سەوڵاوا سەر بە پارێزگای سنە هەڵكەوتووە. دێوەزناو خاوەن مێژوو و شارستانیەتێكی دێرینە و هەروەها گوندەكانی دەوروبەری بریتین لە: پاڵنگان، دەڵەمەرز و جۆڵانە.

دێوەزناو یەک لەو گوندانەیە كە هەرگیز چۆڵ نەكراوە و هەمووكات ئاوەدان بووە و ژیان لەوێ بەردەوام بووە. ئێستا ١٦٠ ماڵ لە گوندەكە دەژین و بۆ دەرهێنانی بژێوی ژیانیان سەرقاڵی ئاژەڵداری، پیشەی دەستی و لە هەموویان گرینگتر بەخێوكردنی ماسین. ئەم گوندە یەكێ لە گەورەترین بنکەکانی بەخێوكردنی ماسیی هەیە.

گوندی دێوەزناو مێژینەیەكی چەند هەزار ساڵەی هەیە و شوێنی ملمانێی دینی زەردەشتی و میتراییەكان بووە. بە پێی بەڵگە و سەرچاوەكان، دەوترێ دوای پەیدابوونی ئایینی زەردەشتی و سەركەوتنی بەسەر ئایینی میترادا، دێوەزناو حەشارگەی پیاوە ئایینییەكانی میترایی بووە و دواتر بە تێپەڕینی كات ئەم ململانێیە گوازراوەتەوە بۆ نێوان یارسانەكان و ئیسلام. ئەمیشە بووەتە هۆكار کە شەڕ و ناكۆكیی ئایدۆلۆژی و ئایینی دروست بێت و وەک مێژوویەكی ئاڵۆز نوسراوەتەوە.

لەسەر ناوی ئەم گوندە ڕاوبۆچوونی جیازاو هەیە، هەندێكیان وشەی دێوەزناو دەدەنە پاڵ ئیمپراتوریی یۆنانی و لەسەر ئەو باوەڕەدان كە وشەیەكی كۆنی یۆنانییە و بەو شاخ و كێوانە دەوترێ کە كانی و تاڤگەی لێوە دێتە دەرەوە. هەندێكی تریان ئەم بۆچوونە ڕەد دەكەنەوە و دەڵێن لە سەردەمی میتراییەكان ناوی ئەم گوندە "پاوی" بووە و دوای هاتنی زەردەشت  پەناگەی دژبەری زەردەشتییەكان بووە و بۆیە پێیان وتووە "دێو و یەسنا" واتا شوێنی ئەو كەسانەی كە بێ باوەڕن، دواتر بە هۆی گۆڕانكارییەكان ناوەكەی بووەتە دێوەزناو.

دێوەزناو گوندێكی ناسراو و بەناوبانگە، یەكێك لە هۆكارەكانی بەناوبانگیی ئەم گوندە سروشتەكەیەتی. ڕاستە ناتوانین ئینكاری جوانیی سروشتی هەورامان بكەین بە گشتی، بەڵام سروشت و دیمەنی دێوەزناو بێ وێنەیە. گوندەكە لە داوێنی شاخی شاهۆیە و بە لایدا ڕۆخانەی سیروان تێپەڕ ئەبێ. ئەو شاخ و كێوانە كە دەوری دێوەزناویان داوە ناوازەن و لە هەر وەرزێكی ساڵدا جوانییەكی تایبەت بە خۆیان هەیە. شاخەكانی دەوری دێوەزناو بە گژوگیاو و دارگەلێكی جۆراوجۆر وەكوو داری قەزوان (كە هەر لەم دارە بنێشتی كوردی بەرهەم دێنن)، داری ئەرغەوان و داری بەڕوو داپۆشراوە. ئەم درەختانە هەموویان خۆڕسک و سروشتین، بەڵام زۆرتر داری ئەرغەوانی لێیە و یەكێک لە خاسییەكانی ئەم دارە ئەوەیە كە بە ئاسانی ئەچەمێتۆ و ناشكێ و چەندین جۆر كەرەستەی لێ درووست دەكرێ كە ئەم كەرەستانە تایبەتە بە پیشەی دەستیی هەورامان و لە هەمان كاتیشدا داری ئەرغەوان جوانیی گوند و سرووشتەكەی زۆر زیاتر كردووە.

لە سەرەتای بابەتەكە ئاماژەمان بەوە كرد كە دێوەزناو یەكێك لە گەورەترین ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی ماسیی ناوچەكەی هەیە. خەڵكی دێوەزناو لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە هۆی هەبوونی كەشوهەوایەكی گونجاو و ئاوێكی خاوێن كە هەر لە شاخەكانی هەورامانەوە سەرچاوە دەگرێ، بڕیاریان دا پرۆژەیەكی بەخێوكردنی ماسی دابنێن و بە خۆشحاڵییەوە پرۆژەكەیان سەركەوتوو بووە و تا ئێستایش بەردەوامە و بووەتە داهاتێک بۆ بەشێک لە خەڵكی گوندەكە و ماسییەكانی دێوەزناو بۆ شارەكانی دوور و نزیک هەناردە دەكرێن.

هەرچەندە دەبێ ئاماژە بەوەیش بدەین كە لە گوندەكانی دیكەی هەورامانیش ناوەندی بەرهەمهێنانی ماسی هەیە.

بەخێوكردنی ماسی لە دێوەزناو هی ئەم چەند ساڵانەی دوایی نییە، بەڵكوو هەر لەمێژەوە ئەم پیشەیە هەبووە و لە كاتی پێشتردا كە پێشكەوتن زۆر كەم بووە، خەڵكی دێوەزناو ماسییان لەگەڵ پێداویستییەكانی خۆیان كە لە گوند یان شارێكی دیكەدا هەبووە گۆڕیوەتەوە، بەڵام لەم چەند ساڵانەی دواییدا بە شێوەیەكی پێشكەوتووتر ناوەندی بەرهەمهێنانی ماسییان دروست كردووە و پەرەیان بەم پیشەیە داوە.

گوندی دێوەزناو هەمیشە گەشتیار ڕووی تێ كردووە، پێشتر هەر خەڵكی گوندەكان و شارەكانی دەوربەر وەكوو مەریوان و پاوە و سنە و... دەچوونە ئەم گوندە بەڵام لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە هۆی پێشكەوتنی پەیوەندییەکان، سۆشیاڵ میدیا بووە هۆی ئەوەی گوندە جوان و ناوازەكەی دێوەزناو بناسرێت و ئەمیشە بووە هۆكار نە تەنیا لە شارەكانی تری كوردستانەوە بەڵكوو لە ناوچەكانی تری ئێرانەوە بێن و سەردانی دێوەزناو بكەن و تەنانەت ئێستا گەشتیارە جیهانییەكانیش دەچنە ئەو گوندە.

جیا لە شاخە سەركەشەكان و سروشتەكەی دێوەزناو، شتێكی دیكە كە ئەم گوندەی جوانتر كردووە، دروستكردنی مەیدانێكی فووتباڵە لە قەراخ رۆخانەكە، ئەم مەیدانە بووەتە شوێنی وەرزش و كاتبەسەربردنی منداڵ و لاوی گوندەكە و هەروەها گەشتیاران.

بێ گومان ئەگەر كەسێك یەک جار چووبێتە دێوەزناو و سروشتە خاوێن و دڵڕفێنەکەی دیبێت تامەزرۆی دووبارە بینینەوەی ئەو گوند و سرووشتە بێ وێنەیە دەكاتەوە.

KURDŞOP
569 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!